شه‌ممه‌ , ته‌مموز 27 2024

خانمێک بۆ جوانکردنی ژیان خوڵقاوە

ئا: شادان
خاتوو بەیان خانمێکی سەلار، دایکی شەش منداڵی پڕهێزو وزە و چالاک و خەمخۆری کۆمەڵگە، ئەو بەبێ هاوژین هەر لەسەرەتاکانی تەمەنیدا شانی دایە بەر بەخێوکردن و پەروەردەکردنی خۆیی و منداڵەکانی و تەلەبەکانی ئەڵقە قورئانیەکانی. ئەوەندە وەفادارە هەرگیز چاکەی ئەوانیتر لەیاد ناکات و بەردەوام باسی هاوکارییەکانی دوروبەری دەکات کە پێیانداوە لەو ژیانەیدا… خانمێک دەستی لە قەڵەم بەرنەدا، لە خوێندنی خێراوە دەستی پێکرد، ئەگەرچی ئەویشی لەکاتی خۆیدا بۆ تەواونەکرا، بەڵام هەر بەردەوام بوو تابەدەستهێنانی بڕوانامە..
ئایندەسازی: بەیان لەتیف کێیە؟
بەیان لەتیف ئەحمەد لە ساڵى ١٩٦٥ لە گوندى دارۆغا لە بنەماڵەیەکى خواناس و کوردپەروەر لەدایکبووم، هەر لەمنداڵیەوە پەرستشە ئاینیەکانم جێبەجێ کردووە، بیرمە زۆر بچوک بووم کە باپیرم دەیخستمە باوەشى فێرى نوێژى دەکردم، لە ساڵى ١٩٧٨ گوندى دارۆغامان لە قەرەداغ بەجێهێشت و، لە گەڕەکى سەرشەقامى سلێمانى نیشتەجێبووین، لە ساڵى ١٩٨١ هاوسەرگیرم کردووە پاش بیست ساڵ پێکەوەبوون هاوژینم لە ساڵى ٢٠٠٢ بە ڕووداوى هاتوچۆ کۆچى دواییکرد.
ئایندەسازى: وەک دایکێکى تەنیاباڵ چۆن توانیت زاڵبیت بەسەر ئەو کۆسپانەى هاتنە ڕێت لە پێگەیاندنى منداڵەکانت؟
بەیان لەتیف: لە دواى کۆچى دوایى هاوژینەکەم ژیان ئاسان نەبوو، زۆرشت گۆڕا جگە لەوەى میهرەبانترین کەسى ژیانم لەدەستدا، هەر لە یەکەم رۆژى پرسەکەوە بەر زۆر قسەو ڕەفتار کەوتم کە ئازاریان دام، ئەزانین ئێمە لەکۆمەڵگایەکدا دەژین کە ژنێک لە تەمەنێکى گەنجیدا هاوژینەکەى لەدەستبدات بەدڵنیاییەوە ئەبێت ئاگادارى زۆر شت بێت هەر لە قسە و ڕەفتارەکانى تا جلوبەرگ و ….هتد، بۆیە ئەو جۆرە ژیانە ئاسان نەبوو زۆریش قورس بوو خاوەنى شەش منداڵ و داهاتێکى وادیاریکراوت نەبێت، دوای مەرگى ئازیزانت خۆت ون ئەکەیت، کاتت پێویستە تا ئاگادارى خۆت بیت، تەنانەت پاش ماوەیەکى زۆر لە دواى کۆچى دوایى هاوژینەکەم ئینجا بیرم کەوتەوە کە من دەرمانم هەیە پێویستە بیانخۆم.
ژیانى دواى هاوژینەکەم قورسبوو، چونکە تەنها بەرپرسیارێتى نەبوو کە هەم ڕۆڵى باوک و دایکیش ببینم، بەڵکو بێبەشبووم لە سۆز و میهرەبانى باشترین کەسی ناو ژیانم، کە زۆربەى کات وەک نمونەى دووهاوژینى خۆشەویست و پڕ ژیان باسیان دەکردین، بەڵام هەموو ئەوانە بەباوەڕبوون بە خودا ئاسان بوو لەسەرم، ئیمانەکەم زۆر ڕێگاى بۆ ڕوناک کردمەوە زۆرشتى لەسەر ئاسان کردم بۆیە وازم نەهێنا و بەردەوام بووم لەسەر کارەکانم لەگەڵ پەروەردەکردن و بەخێوکردنى منداڵەکانم زۆربەى کاتەکان قورئانم دەخوێند ئەوەش ئارامى بوو بۆ من.

ئایندەسازى: سوپاس بۆخوا هەریەک لە منداڵەکانت بە پلەى باش خوێندنیان تەواوکردووە و جێدەستیان دیارە لە کۆمەلگادا، بنەماى پەروەردەى تۆ چیبووە بۆیان؟
بەیان لەتیف: هەمیشە یەکەم کار و خەمى ژیانم منداڵەکانم بووە چۆن بەخێویان بکەم و هاوکات جوانترین پەروەردەیان بکەم، وەک دایکێک هەمیشە لەگەڵیان بووم هەرگیز بۆ یەک شەویش بەجێم نەهێشتون، هەمیشە هاوکارو هاندەریان بووم بۆ ئەوەى بەردەوام بن لەسەر کارەکانیان و ئامانجەکانیان بەدیبهێنن، پێکەوە گفتوگۆمان کردووە و ئاگادارى وردەکارییەکانیان بووم، چۆن ئەوان گوێیان لە من گرتووە زۆرجاریش من پرسم پێکردون، هەر لە منداڵییەوە متمانەى تەواوەتیم پێبەخشیون، ئەوانیش هەمیشە بەباشى ئەو متمانەیەیان بەکارهێناوە، بۆنمونە کچاکەنم دەنارد بۆ فێربوونى میوزیک ئەو کاتەش موبایل نەبوو، بەڵام سوپاس بۆ خوا دووربوون لە کێشەو گرفت، بەردەوام هاوکاریم کردوون و هانم داون تا بەردەوام بن لەسەر کارەکانیان، ئەوەى دڵخۆشم پێى هەمیشە هاوڕێکانى منداڵەکانمم ناسیوە دەهاتنە ماڵەوە و زۆربەى کات بە خێزانیش تێکەڵ دەبوین، کە ئەوە زۆر بەگرنگ دەزانم .
بە هەموو توانامەوە هەوڵمدا تا خوێندن تەواو بکەن سوپاس بۆ خوا خۆیان ئەهلى زانست بوون و ئەوپەڕى هەوڵى خۆیانداوە تا گەیشتون بەو ئاستەى ئێستایان، سۆزان کچە گەورەکەم پارێزەرەو سروە مامۆستایە و ڤیانى کچم بانک و دارایى تەواکردوە و کاکە هیوا ئایتى تەواوکردوە و کاکە محمدیش کارگێرى تەواوکردووە و ساوێنیش ئێستا پزیشکى گشتییە، هەریەکەیان تایبەتمەندى و قورسایی خۆیان هەیە لە ژیانمدا و خوابییان پارێزێت، سوپاس بۆ خوا هەموویان جێگەى شانازین بۆ دنیاو قیامەتیش، چونکە خۆم ئەزانم کار و کردەوەکانیان چەند جوان و ڕاستگۆیانە و دڵسۆزانە و بەرپرسیارانەیە، تا ماوم قوربانى خوا گیان دەبم کە نزاکانمى قبوڵکردووە و یارمەتیدەرم بووە ئەوان و هاوسەرەکانیان هەمیشە لەگەڵم بوون قوربانیان بم..
ئایندەسازى: قسەو کاریگەرییەکانى دەوروبەرت چۆن وەلانا بۆ سەرکەوتن لە پێگەیاندنى منداڵەکانت؟ کێ هاوکار و ئاسانکارت بووە؟
بەیان لەتیف: خۆى ناتوانیت بەتەواوەتى هەموو شتێک پشتگوێ بخەیت و قسەى خەڵکى وەلابنێیت، چونکە دواجار لەم کۆمەڵگایەدا دەژی و ڕووبەڕووى زەحمەتى زۆر بوومەتەوە و زۆر قسەى ناخۆشیشم پێ وتراوە، بەڵام نەوەستاوم و بەردەوام بووم لە ژیان جگەلە بەرپرسیارێتى منداڵەکانم هاوکات دەرس و دەوریشم هەبووە، بۆیە زۆربەى کات شەوان ئیشى ماڵم ئەکرد بۆئەوەى بەڕۆژدا بتوانم کارەکانم جێبەجێ بکەم بۆیە لەسەرەتاوە زۆرقورس تێپەرى، چونکە منداڵەکانم ووردبوون، بەلام سوپاس بۆخوا کە خۆیان گەورە بوون، بوون بە باشتترین هاوکارم خوا بیانپارێزێت.
سوپاس بۆ خوا خەڵکانى زۆرباش لەدەورم بوون بەتایبەت مامى منداڵەکانم هەمیشە لەگەڵمدابوون و، هاوکارم بوون و هەروەها دایکم و خوشک و براکانم و ڕابیتە و خەندەى نازدارانیش خواى گەورە خۆى خێر بێنتەڕێیان و پارێزراوبن.
ئایندەسازى: ماوەى چەند ساڵە لەناو یەکگرتووى خوشکاندا کاردەکەیت و چى بە تۆ بەخشیووەو تۆ چیت پێ بەخشین؟
بەیان لەتیف: لە ساڵى ١٩٨٦ زۆرحەزم لە خوێندنى قورئان بوو، کە شووبراکەم بەرهەم دەهاتەوە سورەتى (عم)ى دەخوێند بە منیشى ئەوت تا نیوەیم خوێند و دواتر حیزبی بەعس قەدەغەى کرد، ئیتر دواى ساڵی 1991 دەستم پێکردەوە، یەکەم وانەى قورئانیم لەلاى خوشکى خۆم (دادە حەسیبە) خوێند، هێشتا نەمئەزانى کە یەکگرتووى خوشکانە هەتا ڕاگەیاندنى لە ١٩٩٤ کە لەناو ئەواندا خۆم بینیەوە لەوکاتەوە تا ئێستا بەردەوامم، لەگەڵ ئەوەى کات و تەمەنم بەخشیووە بەو ڕێکخراوە هاوکات هۆکاربوون بۆ ئەوەى شەرمم بشکێت لە ناو کۆمەلگەدا، تا بتوانم پەیامەکانم بگەیەنم لە شوێنە جیاوازەکاندا، هەروەها کارکردنەکانم هێزى پێبەخشیم تا بەباوەڕ بەخۆبوونەوە زاڵبم بەسەر هەموو کۆسپەکانى ژیانم، هەڵگرتنى بەرپرسیارێتى جیاواز لە هەموو کایەکاندا و کارکردنم لە بوارى کۆمەڵایەتى و پەروەردە و قوتابخانەکاندا،
هەروەها کارکردن لە بوارى سیاسیشدا کەبۆ من لە سەرەتادا زۆرقورس بوو.


جگەلەوەى ئەزمونى هاتنەدەرەوە لە ماڵ بۆمن پڕ وانە و کار و چالاکى و هێزبوو، کارى زۆر و جیاوازم ئەنجامداوە و بەرپرسى (مدارس مسجید) بووم لە عەربەت کە نزیکەى ٣٦٠ منداڵبوون، لەگەڵ کۆمەڵێک خوشکى بەڕێز و ئازیزدا پێکەوە کارمان دەکرد و هەفتانە وانەى ئاینى و پەروەردەیمان پێدەوتنەوە و، گەشت و ئاهەنگ و بۆنەى جیاوازیشمان بۆ سازدەدان بەهاوکارى مادى چەند کەسێکى بەرێز، ماڵەکەمان هەمیشە شوێنى کۆبوونەوەى زنجیرە قورئانیەکان بووە هاوکات هەر ئەو کاتانە قورئانى پیرۆزم پێنج جوزء لەبەرکردبوو، بەرەکەتى هەموو ئەوکارانەى کە ئەنجامم دەدا بە ڕوونى بەسەر ژیانمەوە دیاربوو, دووریش نەبووین لە ئازار و ڕیگریکردن و کۆسپ و تەگەرە، ڕووبەڕووى زۆر زەحمەتى بووینەتەوە هەتا هاوسەرى خوالێخۆشبووم و شوبراکانم زیندانى کراون.
یەکێک لەو شتانەى کە خۆشحاڵم دەکات بینینەوەى بەرهەمەکانمانە لە دواى کار و هەوڵێکى زۆر بۆ پەروەردەکردنى نەوەیەک کە ئێستا ئەوانیش شانبەشانى ئێمە خزمەتى کۆمەڵگە دەکەن.
ئایندەسازى: دواى چەندین ساڵ ماندوبوون توانیت خوێندن تەواو بکەیت باسى ئەو فۆناغە و هەنگاوەکانمان بۆ بکەیت ؟
بەیان لەتیف: لە ڕابردوودا مەحلومیم خوێندبوو لە ساڵى ١٩٨٠-١٩٨٢بەڵام هاوسەرگیرم کرد و وازمهێنا
بە چەندین ڕێگاى جیاواز هەوڵى فێربوونى زمان و، دەستکەوتنى زانیارى نوێم دەدا و بەردەوام دەمخوێندەوە و جگەلە وتنەوەى وانە بە منداڵەکان و ئەو کۆبونەوانەى هەمبوو زۆریان فێرکردم و، بەڵام هەرگیز وازم نەئەهێنا و هەوڵى زیاترم دەدا بۆ فێربونى بابەتى زیاتر هەتا ساڵى ٢٠٠٩ زانستە شەرعییەکان کرایەوە سەرەتا زۆر خۆشحاڵبوم، بەڵام دواتر وردە وردە وانەکان قورسبوون منیش عەرەبیم نەئەزانى زۆر قورس بوو بۆم، بەڵام چونکە هەم باوەڕم پێى هەبوو هەمیش حەزملێیبوو بەسەر هەموو کۆسپەکاندا زاڵبووم توانیم هەر شەش ساڵەکە بەسەرکەوتویی تەواوبکەم، لە قوتابخانەى خەدیجەى ئەهلى ئەوەش ئەزمونێکى گرنگ بوو بۆ من جگە لە نەخۆشى و ئەرک و بەرپرسیارێتیەکانم، کە منداڵەکانیشم بەردەوامبون لە هەوڵ و خوێندن و کارەکانیانن ئەوەش بۆ من گرنگ بوو هاوکات خۆشم توانیوم ئەو بڕوانامەیە بەدەست بهێنم.


ڕاستە هەندێک دەیانووت بەو تەمەنەوە بۆ ئەخوێنیت، بەڵام من بەردەوام بوم تا تەواوم کرد و هەرگیز لەبەر کۆششکردنم هیچ ئەرک و میواندارییەکى ماڵم فەرامۆش نەکردوە و، تەنانەت کە دەچووم بۆ میوانیش لەکاتى پیویست کتێبەکانم لەگەڵ خۆم دەبرد، بۆیە زۆرگرنگە ئینسان بەپشت بەستن بەخوداو و بە باوەڕەوە لە قۆناغێکدا نەوەستێت و سەرەڕاى ئازار و زەحمەتیەکانى ژیان بەردەوام هەوڵبدات و هەم فێربێت و هەمیش ببەخشێت لەوەى کە هەیەتى، ئیتر مادەیە یان زانست و زانیارییە یان لەڕێگەى هەر وتەو کردارێکى چاکەوە بێت و، خۆى تەسلیمى خەم و نەخۆشى و ئازارەکانى نەکات.
سوپاسى هەرکەسێک ئەکەم کە بە وشەیەک هاوکارم بووە لەو ئەزمونەى ژیانم خواى گەورە بەخێربۆیان بنوسێت و عەقیبەتى ئێمە و هەموانیش پرخێربێت .

Check Also

خوازبێنی‌ (چیرۆكی واقعی)

وه‌رگێڕانی: كه‌تان خادیمیئه‌و باوكی نه‌بوو، له‌گه‌ڵ دایكی و خوشك و براكانیدا ئه‌ژیا، ڕه‌وشت به‌رز و …