سێ شه‌ممه‌ , تشرینی دووه‌م 5 2024

هەنار، کیژێکی کاکەییەو یەکەم خانمە فۆتۆگرافەرە لە هەڵەبجە

ئا:ڕۆشنا صاڵح
هەنار كیژێكی شاری هەڵەبجەی شەهیدە
بە میهرەبانی و ڕوخۆشییەكەی ئارامی دەبەخشێ بەكەسانی دەوروبەری، پیشەی مامۆستای زمانی ئینگلیزییە و خولیای كاری فۆتۆگرافەریە .

لەزۆرێك لە بۆنە و كەرنەڤاڵ و فیستیڤاڵەكانی شاری هەڵەبجەدا ئامادەیی هەیە و بەسەلیقە و وێنە تایبەتەكانی گۆشەجیاوازەكانی بۆنەكان و، جوانیەكانی شار نیشانی بینەر دەدات، ساتە مێژوویەكان تۆمار دەكات و هەر لەیەك وێنەدا ٢٥٠ وشەی نەوترا و بۆ تەماشاكەرانی بەیان دەكات،
سەرەتا بە موبایل دەستی بە وێنەگرتن کردوە ساڵی ٢٠١٧ وێنەی سروشتی گرتووە پاشان حەز و خولیای خۆی و كۆمەڵایەتی بوونی هۆكارێك بووە بۆ زیاتر بەرەو پێشچوونی خولیای فۆتۆگرافەری،
لەلایەكی دی كەمی و نەبوونی فۆتۆگرافی کچ لە ھەڵەبجە وای كردووە پەرە بەكارەكەی بدات و، ببێت بە ئەندامی كۆمەڵەی وێنەگران لقی هەڵەبجەی شەهید و بەڕەسمی وەك فۆتۆگرافەر دەست بەكاری وێنەگرتن بكات لە ساڵی ٢٠٢٠.

(لەم شارەدا هەمیشە ژنان بەشكۆ و پێشەنگن)
لەهەڵەبجە كۆمەڵێك فۆتۆگرافەری بەتوانا و خاوەن سەلیقە هەن بە هەماهەنگیان كاری یەكتریان ئاسانكردووە، ئەو دیاردەكۆمەڵایەتییە جوانەی بووە بەبەشێك لە كلتوری هەڵەبجە و هەڵەبجەییەكانی هاوكاری و بەدەمەوەبوونی یەكدی و پێكەوەژیانیانە بەئاشتی لەگەڵ ئاینزاكانی دیكە.
مێژوویەكی دوور و درێژی لە هەڵەبجەدا هەیە و شارەزایانی مێژوو بۆ سەرەتای دروستكردنی شاری هەڵەبجە و بونیادنانی یەكەم گەرەك بەناوی پیر محمەد كە مسوڵمان بوون دانیشتوانەكەی و، دووەم گەڕەك گەرەكی جولەكەكانە، كە جولەكەكان تیایدا نیشتەجێ بوون دوای ڕاگواستنی گوندەكانیش دانیشتوانی گوندی هاوار كە كاكەیین هاتونەتە شار و لە گەڕەكێكی شاری هەڵەبجەدا نیشتەجێین و، بەتەبایی و شادی پێكەوە دەژین هەنار دانیشتووی ئەم گەرەكەیە.

میواندۆستی و خانەدانی هەڵەبجە وای كردووە هەركەس بێتە ناوی ،بەماڵی خۆی بزانێت و هەست بەغەریبی نەكات جیاواز لەشارەكانی تر هەڵەبجە لەم نزیكانە و هۆتێل و چێشتخانەی گەورەی تیادا بونیاد نەنرا ئەوەندە خەڵكەكەی میواندۆست بوون، ڕێگەیان نەدەدا هیچ میوانێك هەست بەغەریبی بكا و ماڵەكانی خۆیان پڕ موحیبەترین میوانخانەو خۆشترین چێشتخانەن.

(هەنار هاوڕێی سروشتی هەڵەبجە)

لە بەر ئەوەی لە ھەڵەبجە دەژی وخاوەن سروشتێکی جوانە لە ھەر چوار وەرزەی ساڵ ھەتا ئێستاش وێنەی سروشت دەگرێ و چێژێکی تایبەتی ھەیە و ئارامی پێ دەبەخشێت،
هاوكات بۆ بۆنەی خێزانیەكانی وەك هاوسەرگیری و خەنەبەندان ساڵڕۆژی لەدایك بوون بانگهێشت دەكرێت و وەك وێنەگرێكی بەتوانا و خاوەن سەلیقەی جوانی تایبەتی خۆی بەمتمانەوە كاری وێنەگرتنی بۆنە تایبەتەكانیانی پێدەسپێرن، تا ئێستا خاوەنی ٢ پێشەنگای تایبەتی خۆیەتی و بەشداری لە ٢١ پێشەنگای هاوبەشكردووە .

پاش ئەوەی هەڵەبجە بوو بەپارێزگاو و بەڕێوبەرایەتی‌‎ گشتی گەشت و گوزاری لە هەڵەبجە كرایەوە بەڕێوەبەرو لەگەڵ كارمەندانی بەڕێوبەرایەتی سەرقاڵی ئامادەكردنی یەکەم ڕێبەری گەشتیاری تایبەت بە پارێزگاری هەڵەبجە بوون ، هەنار لەگەڵ هاوڕێ فۆتۆگرافەرەكانی هاوكاریانبوون هەر بۆیە
لەپای خزمەتەکانیان بەناوچەکەو پێدانی وێنەی شوێنە گەشتوگوزارییەکان بۆ دروستکردنی ڕێبەریەكە
لە مەراسیمێکدا سوپاس و پێزانینان پێبەخشرا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەوە .

هەنار خانمی تاقانەی ناو مەڕاسیمەكەبوو كە تابلۆی سوپاس و پێزانینی پێ بەخشرا.
لە ئێستادا لە ڕێی پەیجەكەیەوە كاری مشتەریەكانی وەردەگرێت لە پلانیایەتی لە ئایندەدا دوكانێكی تایبەت بەخۆی هەبێ و كارەكانی تیادا بكات.

شایەنی باسە كاركردنی خانمان لەهەڵەبجە مێژوویەكی دوور و درێژی هەیە (مێجەر سۆنی) مێژوو نوسی ئینگلیز لە كتێبەكەیدا ئاماژەی بە خانەدانی و دەست ڕۆشتووی و ئازایەتی و ئازادی ژنانی هەڵەبجە كردووە، كاتێك سەردانی شاری هەڵەبجەی كردووە و (عادیلە خانی) قائیم قامی ئەو كاتی شار پێشوازی لێكردووە و ، ئەمەو لە ئێستادا بەشێكی زۆری خانمانی هەڵەبجە خاوەن كاری سەربەخۆ و براندی تایبەتن، لە ناو دامەزراوە حكومیەكاندا بەڕێوەبەرن لەناو سیاسەت و دەزگا حیزبیەكانیشدا ڕۆڵی بەرچاویان هەیە.

Check Also

خانمێک بۆ جوانکردنی ژیان خوڵقاوە

ئا: شادانخاتوو بەیان خانمێکی سەلار، دایکی شەش منداڵی پڕهێزو وزە و چالاک و خەمخۆری کۆمەڵگە، …