بەیان نوری
ئەم توێژینەوەیە لە لایەن (سلطان مسفر الصاعدی)لە ساڵی 2013 ئەنجامدراوەو لە كۆنگرەی نێودەوڵەتی بۆپێشخستنی توێژینەوە قورئانییەكان پێشكەشكراوە.
ئامانجی توێژینەوەكە:-
ڕونكردنەوە لەسەرواقیعی توێژینەوە قورئانییەكانی بواری پەروەردە، دەرخستنی دیاردەو هۆكارەكانی كەمتەرخەمی و هەڵە لەو توێژینەوانەدا، دەبێت ئەو توێژینەوانە بمانگەیەنێت بە كوێ و پێشنیارچییە بۆ پێشخستنی بوارەكە.
گرنگی توێژینەوەكە:-
1-پیرۆزی قورئان و دروستی هەرچی تیایدا هاتووە بە گشتی.
2-گرنگی زانستی پەروەردە كە تایبەتە بە پەروەردەی مرۆڤایەتی و چاكسازی ئاینی و دنیایی، كە یەكێكە لە ئەركی پێغەمبەران.
3-پێویستیی كۆمەڵگەی ئیسلامی بە مەنهجێكی پەروەردەیی كە هەڵقوڵاوی قورئان و سوننە بێت و، لەسەر بنەمایەكی زانستی داڕێژرابێت.
4-قسەكردنی بێبنەما بە ناوی خوای گەورەوە چ گوناهێكی گەورەیە.
5-زۆری توێژینەوە پەروەردەییەكان كە بابەتی هەمەجۆری تیایە و بە میكانیزمی جیاواز خراونەتە ڕوو.
ئەو هۆكارو هەلانەی لەبەردەستن بۆ خزمەتكردنی قورئانی پیرۆزلە ڕێگەی توێژینەوە پەروەردەییەكانەوە:-
1-عەقیدەی پوختی توێژەران كە لە قورئان و سوونەوە هەڵقوڵاوە.
2-توانای زانستی بەرزی توێژەران، زوربەی ئەو توێژینەوانە لە زانكۆ ئیسلامییەكاندا ئەنجامدراون.
3-بوونی سەنتەری تایبەت بە توێژینەوە قورئانییەكان.
4-بوونی كورسی تایبەت بە لێكۆڵینەوە لە زانستە قورئانییەكان.
5-بوونی مەراجیع و نوسراوی تایبەت بە بواری پەروەردە یی پەیوەست بە قورئان.
6-بوونی بزوتنەوەیەكی نوێگەری لە ناوەندی پەروەردەییدا.
7-بوونی بەرنامەی بەهێز بۆ گەڕان بە شوێن دەقە قورئانییەكان.
واقیعی ئێستای پەروەردە :-
لە واقیعی ئێستای ئەو توێژینەوانەدا ئاماژەی بە هەڵە داوە لە هەڵگۆزین و بەڵگە هێنانەوەدا، لە كەمتەرخەمی بەرامبەر ئایەتەكان لە وێنا ودەربڕیندا ،هەڵە لە ناونیشانی توێژینەوە،دووبارەكردنەوەی ناونیشان بە بێئاگایی.
جگە لە كۆمەڵە تێبینییەك كە ئاماژەی پێدراوە لەسەر ئەو توێژینەوانە.
هۆكاری دروستبوونی هەڵە و كەمتەرخەمی:-
بۆ ئەو هۆكارانە ئاماژەی بە هۆكارە زانستییەكان و هۆكارە مەنهەجییەكان داوە، لە هۆكارە زانستییەكان:-
1-لاوازی بنەچەكردن(تأصیل)ی شەرعی بە تایبەت لە بابەتە قورئانییەكان.
2-قوتابی بەزۆری زانستی پەروەردەی لە مەنهەجی ڕۆژئاواییەوە وەرگرتوە.
3-ڕۆشتن بە ئاڕاستەی پەروەردە دروستكراوەكەی دەستی مرۆڤ.
4-نەبوونی پاڵپشتی بەهێزی مەرجەعی و سەرپەرشتیار و گفتوگۆكەرانی پسپۆری بواری پەروەردەی قورئانی.
لە رووی مەنهەجییەوە:-
1-نەگەڕانەوە بۆ سەرچاوە ئەصلییەكان و مەراجیعە بنچینەییەكانی زانستی قورئان.
2-كەمتەرخەمی و نەزانینی بەڵگە هێنانەوە بە دەقە شەرعییەكان.
3-چاولێكەری مەنهەجی بێ ووردبونەوە و بێ هۆشیاری و گەڕان بە شوێن ڕاستییەكاندا.
4-گرنگی نەدان بە دەرهێنانی دەقە قورئانییەكان لە نامە زانستییەكانەوە.
كۆسپەكانی بەردەم توێژینەوە پەروەردەییەكان:-
1-زۆرێك لە پسپۆرانی بواری پەروەردە شارەزایی شەرعییان نیە.
2-قوتابیان بە زۆری لەسەر مەنهەجی پەروەردەیی رۆژئاوا وانەیان وەرگرتوە و ئەو فەلسەفەیەیان خوێندوە، كە هەندێك جار دژە بە بنەما ئیسلامییەكان.
3-ئاسانكاری لەو توێژینەوانەدا بە بیانوی نەبوونی تایبەتمەندی لە بواری شەرعی، بێئاگا لەوەی ئەو توێژینەوانە هەر لەناو زانكۆكاندا نامێننەوە، بەڵكو بە ئەلكترۆنی دەكەوێتە بەرچاوی چەندین كەس لە چەندین وڵات.
4-نەبوونی پاڵپشتی پسپۆری زانستی قورئان لە كاتی گفتوگۆی نامە زانستییەكاندا.
5-زۆری لێكۆڵینەوەو توێژینەوەكانی كە لەسەر بنەمای مەنهەجی ڕۆژئاوا ئەنجامدراون كە باوەڕیان بە خواو بە كتێبە ئایینیە پیرۆزەكان نیە.
دەرەنجامی توێژینەوەكە:-
1-قورئان نێردراوی خوای گەورەیە بۆ پێغەمبەرمان محمد(درودی خوای لەسەربێت).
2-پەروەردە لە ڕووی دەرونی و كۆمەڵایەتی و ڕەوشت و جەستەوە گرنگی بە مرۆڤ دەدات.
3-زۆرینەی توێژینەوە پەروەرەدەییەكانی پەیوەست بە قورئان لاوازن و هەڵەیان تیایە.
4-زۆرینەی هەڵەكان لە ناونیشانی توێژینەوەو مەنهەجی هەڵگۆزین و بەڵگەهێنانەوەدایە.
5-زۆرینەی ناونیشانەكان سنورداركراونین.
6-لە ڕووی شكڵیەوە زۆرینەی دەقی ئایەتە قورئانییەكان بە خەتی عوسمانی نەنوسراون.
7-زۆرێك لە هەڵەكان لەوەوە سەرچاوەی گرتوە كە لە كتێبە ڕەسەنەكانەوە(أمهات الكتب) وەرنەگیراون.
8-گۆڕانكاری لە زاراوە قورئانییەكاندا و بەكارهێنانی زاراوەی تر.
9-هەڵەكان هەندێكیان زانستییەو هەندێكیان مەنهەجین.
10-لە هۆكارە زانستییەكان پشتبەستن بە مەنهەجی ڕۆژئاوا.
11-پشتنەبەستن بە سەرچاوە ڕەسەنە ئیسلامییەكان.
12-چەند هەلێك لەبەردەمدایە بۆ گرنگی دانی زیاتر بە زانستی قورئان.
13-هەندێك كۆسپ ڕێگرن لەبەردەم خزمەت بە زانستی قورئان لەوانە خوێندنی مەنهەجی ڕۆژئاوایی، نەبوونی ئەهلییەتی شەرعی لای پسپۆرانی پەروەردە.
14-هەندێك ئاستەنگی داهاتوو هەیە لەبەردەم ئەو توێژینەوانەدا لەوانە وەرگرتنی ئاڕاستەی زانستی لە بری شەرعی، تێكەڵبوونی ئاراستە فیكرییەكان و ئیدارییەكان بە توێژینەوەكان.
پێشنیارەكان:-
1-دروستكردنی سەنتەری تایبەت بە توێژینەوە پەروەردەییەكان كە پسپۆرانی بواری زانستە قورئانییەكان و، پەروەردەییەكانی تیابێت.
2-گرنگی دانی قوتابیانی خوێندنی باڵا بە بواری شەرعی وخوێندنی هەندێك لە زانستە شەرعییەكان.
3-بژاردەكردنی ئەو توێژینەوە زانستیانەی كە بڵاودەكرێنەوە.لادانی ئەوانەی كە لە گەڵ شەریعه تی ئیسلامی ناگونجێن.
4-نەهێشتنی چاولێكەری لە هەڵبژاردنی ناونیشان و بابەتی توێژینەوەدا.
5-پاڵپشتیكردنی پسپۆرانی بواری زانستە قورئانییەكان بۆتوێژینەوەكان لە كاتی سەرپەرشتی و گفتوگۆكردندا.
Check Also
کاریگەرییە ئەرینی ونەرێنییەکانی سۆشیال میدیا لەسەردەمی دیجیتاڵیدا
فاطمە عەلیکاریگەری سۆشیال میدیا لەسەر تاک و کۆمەڵگە قووڵ و فرەلایەنە، کاریگەری لەسەر لایەنە جۆراوجۆرەکانی …