به‌شی كۆتایی
ئاماده‌كردنى : به‌هره عبدالله حمه‌تۆفیق
چه‌ندین جۆر ڤاكسینیشیان لێدابووم، نازوری سییه‌كان، نازوری گه‌ده، نازوری ڕیخۆڵه ئه‌ستوره، هه‌موو ئه‌وانه‌یان بۆكردم، هه‌روه‌ها قه‌سته‌ره‌ی دڵیشیان بۆكردم.
كێشه‌ی ددانم زۆربوو، سێ ددانیان هه‌ڵكێشام، چوار ددانیان پڕكردمه‌وه بۆئه‌وه‌ی پاش نه‌شته‌رگه‌ری چاندنی سییه‌كان به‌هۆی ددان و پوكه‌كانمه‌وه توشی ئیلتیهابی سییه‌كان نه‌بم و نه‌شته‌رگه‌ریه‌كه شكست نه‌هێنێ و نه‌مرم.
هه‌موو ئه‌و پشكنینانه‌ی ئه‌وان داوایانكردبوو ئه‌نجاممدا، سه‌رئه‌نجام له‌به‌رواری 13/1/2020 ناویان خستمه لیستی ئه‌و نه‌خۆشانه‌وه كه‌ده‌بێت چاندنی سییه‌كانیان بۆبكرێت، به‌ڵام پاشماوه‌یه‌ك چاوه‌ڕوانی تووشی هه‌وكردنی سییه‌كان بوومه‌وه، ناویان له لیسته‌كه‌دا ده‌رهێنام تا چاره‌سه‌ری هه‌وكردنه‌كه‌یان بۆ كردم، جونكه ئه‌بوا له‌و كاته‌دا كه نه‌شته‌رگه‌ریه‌كه‌م بۆده‌كرێت هیچ هه‌وكردنێكم نه‌بێت. پاش چاره‌سه‌ركردنی هه‌وكردنه‌كه دیسانه‌وه ناویان خستمه‌وه لیسته‌كه‌وه.
پزیشكه‌كانم ڕۆژێك له‌گه‌ڵم دانیشتن و باسی نه‌شته‌رگه‌ریه‌كه‌یان بۆكردم، وتیان له‌وانه‌یه چه‌ند مانگێك چاوه‌ڕێ بكه‌ین تا سییه‌كمان ده‌ستده‌كه‌وێت بۆ تۆ، كه له‌گه‌ڵ جه‌سته‌ی تۆدا ته‌بابێت و گونجاوبێت، وتیان ڕه‌نگه چه‌ند ساڵێكیش چاوه‌ڕێ بكه‌ین، وتیان نه‌خۆشمان هه‌یه پاش چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك (سی)یه‌كمان ده‌ستكه‌وتووه بۆی، هه‌شمانه ده‌ساڵه چاوه‌ڕێیه، چه‌ندین كه‌سیش له‌چاوه‌ڕوانیدا كۆچیدواییان كردووه.
پاش هه‌شتاویه‌ك ڕۆژ چاوه‌ڕوانی و له‌سه‌ره‌تای مانگی پیرۆزی ڕه‌مه‌زانداو له‌به‌رواری 3/5/2020 به‌یانیه‌كی زوو له قووڵایی خه‌ودابووم، فه‌رمانبه‌رێكی (ئالتن هایم)ه كه به‌خه‌به‌ری هێنامه‌وه و وتی خێراكه هاتوون به‌شوێنتدا، منیش هێشتا خه‌و به‌ته‌واوی به‌ری نه‌دابووم، وتم كێ هاتووه‌و بۆچی؟ وتی تۆ نه‌شته‌رگه‌ری چاندنی (سی)یه‌كانت نه‌ده‌ویست؟ وتم با، وتی ده‌ی ئه‌مبوڵانس هاتووه به دواتداو هه‌ر ئێستا ئه‌تبه‌ن بۆ ژووری نه‌شته‌رگه‌ری.
كاتژمێر ده‌وروبه‌ری 8ى به‌یانی بوو به‌ئه‌مبوڵانسه‌كه بردمیان بۆ نه‌خۆشخانه، هه‌ر ئه‌وه‌نه فریاكه‌وتم پۆستێكی كورت له ئه‌كاونته‌كه‌ی خۆم له‌فه‌یسبوك بڵاوبكه‌مه‌وه، نووسیم ئه‌مڕۆ نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌م بۆ ده‌كرێت و چاوه‌ڕێی نزای خێرتانم، ته‌نانه‌ت ده‌رفه‌تم نه‌بوو خێزان و منداڵه‌كانیشم ئاگادار بكه‌مه‌وه.
كه گه‌شتینه نه‌خۆشخانه، خێرا ده‌ستیانكرد به‌ئاماده‌كردنم بۆ نه‌شته‌رگه‌ری، ئه‌و (سی)یه‌ی بڕیاربوو بۆم بچێنرێت گه‌یاندبوویانه ژووری عه‌مه‌لیات و چاوه‌ڕێی من بوون، خێرا ئاماده‌یان كردم له‌به‌رده‌م هۆڵی نه‌شته‌رگه‌ری شایه‌تومانم هێنا، چه‌ندێك به‌ته‌مای ئه‌وه‌بووم كه پاش نه‌شته‌رگه‌ریه‌كه‌م به زیندووی بمێنمه‌وه سێ ئه‌وه‌نده باوه‌ڕم وابوو ئه‌مه كۆتا ساته‌كانی ژیانمه‌و چیتر ده‌رفه‌تی ژیانم نابێت، به‌ڵام ئومێدم به‌خوای گه‌وره هه‌ر زۆربوو كه نه‌شته‌رگه‌ریه‌كه‌م سه‌ركه‌وتووبێت و منداڵه‌كانم بێ باوك و بێ ناز نه‌كه‌ون.
كانیۆلام بۆ دانراو ده‌رزیه‌كیان كرده باڵمه‌وه ئیتر نازانم دواتر چیڕوویدا، دیاره بێهۆش كرابووم و برابوومه هۆڵی نه‌شته‌رگه‌ریه‌وه‌و پاش نزیكه‌ی حه‌وت كاتژمێر نه‌شته‌رگه‌ریه‌كه‌میان به‌سه‌ركه‌وتوویی ئه‌نجامدابوو، به‌ڵام به‌هۆش نه‌هاتبوومه‌وه، له‌ده‌ره‌وه‌ی سه‌نته‌ره‌كه‌وه‌ش (هێر یوهانزن) چه‌ند كه‌سێكی تریش زۆر هه‌وڵیاندابوو بێنه ژووره‌وه تا له بارودۆخی ته‌ندروستیم بپرسن و دڵنیاببنه‌وه به‌ڵام نه‌یانهێشتبوو، وتبویان كه‌س بۆی نییه بیبینێت، چونكه به‌رگری له‌شی نه‌ماوه‌و له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی هێرشی میكرۆب و به‌كتریاو ڤایرۆسه‌كاندایه، پاش نزیكه‌ی چوار ڕۆژ بێهۆشی ئه‌وسا به‌هۆش هاتمه‌وه، له‌و چوار ڕۆژه‌دا به‌هاوكاری ئه‌و ئامێره‌ی كه كاری (سی)یه‌كان و دڵ ده‌كات توانی بووم بژیم، كه هۆشمكرده‌وه ئامێری یارمه‌تیدانی هه‌ناسه‌دانیان بۆ دانابووم وپزیشكه‌كان له‌ده‌ورم كۆبوونه‌وه‌و زۆر دڵخۆشبوون، نه‌شته‌رگه‌ریه‌كه‌م زۆر زه‌حمه‌تبوو، له‌بنباڵی ڕاستمه‌وه بۆ بنباڵی چه‌پم به‌ته‌قه‌ڵ ته‌نرابوو، ته‌نها ئه‌و ئێسكه‌ی نێوان هه‌ردوو لای ڕاست و چه‌پی سنگم نه‌شكێنرابوو، نه‌شته‌رگه‌ریه‌كه‌یان به‌شێوه‌ی پانی بۆ ئه‌نجام دابووم و هیچ په‌راسویه‌كیشیان نه‌شكاندبووم، ئازارێكی زۆرم هه‌بوو، عیلاجێكی زۆرم هه‌بوو، هه‌ناسه‌دانم كه‌مێك قورسبوو، به‌ڵام به‌یارمه‌تی ئه‌و ئامێری یارمه‌تیدانی هه‌ناسه‌دانه‌ی بۆیان دانابووم حاڵم باشتربوو پاش دوو ڕۆژ یان زیاتربوو له‌پاش به‌هۆشهاتنه‌وه‌م، به هاوه‌ڵی پزیشكێكی پسپۆڕی چاندنی (سی)یه‌كان و شاره‌زا له‌نه‌خۆشی سییه‌كان به ئه‌مبوڵانسێك گوازرامه‌وه بۆ به‌شی چاودێری وردی نه‌خۆشخانه‌ی شاری (ئێسن)، له‌ڕێگه‌دا پزیشكه‌كه به‌باشی وریایی چاودێری ده‌كردم، زووزوو پشكنینی بۆ ده‌كردم و دڵنیاده‌بوویه‌وه له‌ژماری لێدانی دڵم و ڕێژه‌ی ئۆكسجین له خوێنمدا، پاش كه‌متر له‌كاتژمێرێك گه‌یاندمیانه شوێنی ناوبراو، له‌وێ دایاننام و گه‌ڕانه‌وه.
زۆر تامه‌زرۆبووم، خێزان و منداڵه‌كان و خۆشه‌ویستان به‌گشتی ئاگاداربكه‌مه‌وه، كه نه‌شته‌رگه‌ریه‌كه‌م بۆكراوه‌و سوپاس بۆخوا باشم، به‌ڵام مۆبایله‌كه‌م شه‌حن و باڵانسێكی وه‌های تێدانه‌بوو، شاحینه‌ی مۆبایله‌كه‌شم لانه‌بوو، نه‌مده‌توانی قسه‌بكه‌م، ده‌نگم نوسابوو، گه‌روو و ده‌م و لێوم وشكبوو، هه‌رچۆنێك بوو به‌مۆبایله‌كه‌م په‌یوه‌ندیمكرد به‌چه‌ند برایه‌كه‌وه تا شاحینه‌یه‌كی مۆبایلم بۆبهێنن و باڵانسی تێبكه‌ن بۆم، دواتر په‌یوه‌ندیمكرد به‌خێزانمه‌وه‌و به‌ئه‌وانه‌ی كه‌زۆر پێویستبوو له‌حاڵم ئاگاداربن، له‌وكاته‌دا حاڵم زۆر خراپبوو، چوار سۆنده كرابووه (سی)یه‌كانم، دووان لای ڕاست و دووان لای چه‌پ، سۆنده‌كانیش به‌سترابوونه‌وه به‌ئامێره‌وه، سنگم له‌مسه‌ر بۆ ئه‌وسه‌ر برین و ته‌قه‌ڵبوو، به‌وهۆیه‌وه توانام نه‌بوو هه‌ستمه‌وه، توانای جوڵانه‌وه‌م نه‌بوو، ته‌نانه‌ت هه‌موو شتێكم هه‌ر له‌سه‌ر قه‌ره‌وێره‌كه‌بوو، ئه‌شیعه‌شیان هه‌ر له‌سه‌ر قه‌ره‌وێره‌كه بۆده‌گرتم،
مه‌ترسی كۆرۆنام له‌سه‌ربوو، چونكه ئه‌و كه‌سانه‌ش كه تووشی كۆرۆنا بووبوون له‌هه‌مان به‌شبوون كه منی لێدانرابوو، وه پزیشكه‌كانم هه‌مان پزیشكبوون، ڕاسته له‌گه‌ڵ نه‌خۆشه‌كانی كۆرۆنا له‌یه‌ك قاوش دایان نه‌نابووم، به‌ڵام له‌هه‌مان به‌شبوو، وه دكتۆره‌كانمان یه‌كبوون، زۆر ده‌ترسام توشی كۆرۆنا ببم، دكتۆره‌كانم ده‌یانوت ئه‌گه‌ر توشبیت هیچ ده‌رفه‌تی ڕزگاربوونت نییه‌و ده‌تكوژێت.
ئازاری زۆری جه‌سته‌یی و باری ده‌روونیشم زۆر خراپبوو، به‌رده‌وام خه‌وی ناخۆشم ده‌بینی، شه‌و تابه‌یان ده‌یان خه‌وی ترسناك و ناخۆشم ده‌بینی، خه‌وه‌كان هێنده كاریگه‌ربوون خه‌به‌ریان ده‌كردمه‌وه، كه به‌خه‌به‌ر ده‌هاتمه‌وه هه‌موو گیانم به‌توندی ده‌له‌رزی، به‌شێوه‌یه‌ك قه‌ره‌وێره‌كه‌شم به‌توندی ده‌له‌ریه‌وه، پزیشك و په‌رستاره‌كان به‌زوویی ده‌هاتنه سه‌رم و ئه‌یانوت هێور به‌ره‌وه هیچ نییه، ئه‌وه حاڵی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌یه كه‌ئه‌م نه‌شته‌رگه‌رییه‌یان بۆكراوه، ئه‌م خه‌وبینین و كابوسانه زۆر مه‌ترسی دروست ده‌كه‌ن له‌سه‌ر ئه‌نجامی نه‌شته‌رگه‌ریه‌كه‌ت، هێوركه‌ره‌وه‌و تایبه‌ت به‌كه‌م كردنه‌وه‌ی ئه‌و خه‌وبینینانه‌ی بۆ نووسیم، خه‌وه‌كانم كه‌متر بوونه‌وه، به‌ڵام هه‌تاوه‌كو چه‌ندین هه‌فته هه‌ر به‌رده‌وام بوون، شه‌وان به‌زه‌حمه‌ت خه‌وم لێده‌كه‌وت، حه‌بی خه‌ویان ده‌دامێ تا خه‌وم لێبكه‌وێ و پشووبده‌م، هه‌ر كه‌خه‌ویشم لێده‌كه‌وت ئه‌و خه‌وه زۆر ناخۆشانه‌م ده‌بینی، له‌ڕووی ده‌روونیه‌وه تێكشكاوبووم، پشتم زۆر ئازاری هه‌بوو، هێنده له‌سه‌ر پشت كه‌وتبووم، تكام لێده‌كردن ده‌ستمبگرن و كه‌مێك بمجوڵێنن، ئه‌یانوت نابێت، ئه‌و كونانه‌ی كرابووه سنگم و ئه‌و سۆنده‌و ئامێرانه‌ی له‌سنگم به‌سترابوون له‌جوڵه‌یان خستبووم، سویچ پلاكه‌كه‌ی پشت قه‌ره‌وێره‌كه‌شم لێمه‌وه دووربوو، مۆبایله‌كه‌م بۆ شه‌حن نه‌ده‌كرایه‌وه، تاوه‌كو له‌گه‌ڵ دوو كه‌سی خۆمانه‌دا بدوێم، تاوه‌كو كه‌مێك دروونم ئاسوده‌بێت.
ڕۆژێك پزیشكێكی پسپۆڕی ده‌روونی هاته لام و هه‌ندێك پرسیاری سه‌یری لێده‌كردم، گومانی ئه‌وه‌ی لێده‌كردم كه شێت بووبم!.
لێی ده‌پرسیم: ئه‌زانیت ناوت چییه‌و خه‌ڵكی كوێیت؟ تۆ چی نه‌شته‌رگه‌ریه‌كت بۆ كراوه‌و بۆ له‌م نه‌خۆشخانه‌ی؟ ئه‌مساڵ چی ساڵێكه و…هتد!.
منیش وتم شێت نه‌بووم و وه‌ڵامی هه‌موو پرسیاره‌كانیم دایه‌وه، وتم: هێنده هه‌یه من بێزار و ماندوم ته‌نانه‌ت توانام نییه به‌مۆبایل له‌گه‌ڵ كه‌سوكارو خۆشه‌ویستانم قسه بكه‌م، به‌باشی گوێی بۆگرتم، زۆر هێوری كردمه‌وه‌و شاحینه‌یه‌كی مۆبایل و وایه‌رێكی شاحینه‌ی درێژی بۆهێنام، تا بتوانم مۆبایله‌كه‌م شه‌حن بكه‌مه‌وه.
وه‌حاڵی جه‌سته‌یی و ده‌روونیم ئاسوده‌تر ده‌بوو، هێواش هێواش پێویستیم به ئۆكسجینی ده‌ستكرد نه‌ماو پاش چه‌ند ڕۆژێكیش ئیتر پێویستیشم به‌ئامێری یارمه‌تیدانی هه‌ناسه‌دانه‌كه‌ش نه‌ما بۆ كاتی خه‌وتن، برینه‌كانیشم خه‌ریكبوو به‌ته‌واوی ساڕێژده‌بوون، ته‌قه‌ڵه‌كانی سنگمیان ده‌رهێنا، سۆنده‌كانیش دووانیان لێكردمه‌وه‌و له (سی)یه‌كانم ده‌ریانهێنان، به‌ڵام دووانه‌كه‌ی تریان پاش نزیكه‌ی چوار هه‌فته له‌نه‌شته‌رگه‌ریه‌كه‌م ئه‌وجا ده‌ریانهێنان .
كه‌م كه‌م ده‌ستمكرد به‌هه‌ستانه‌و گه‌ڕان به قاوشه‌كه‌دا به‌هاوكاری پسپۆری چاره‌سه‌ری سروشتی كه‌ڕۆژانه هاوكاری ده‌كردم.
كاتێك كه حاڵم باشتربوو ڕێگه‌یاندا ته‌نها یه‌ك كه‌س و بۆ ماوه‌ی یه‌ك كاتژمێر له هه‌فته‌یه‌كدا سه‌ردانم بكات، ئیتر ئه‌وه‌بوو (هێر میشائیل یوهانزن) سه‌ردانی كردم و كۆمه‌ڵێ شتی تریشم پێویست بوو بۆیهێنام، پاش تێپه‌ڕبوونی چه‌ندین هه‌فته‌ی زۆر سه‌خت و دژوار‌و پڕ مه‌ترسی به‌هه‌رحاڵ گوڕمدایه خۆم و هه‌ستامه‌وه ژیانێكی نوێم ده‌ستپێكرده‌وه‌و بزه كه‌وته‌وه سه‌ر لێوى خێزان و منداڵه‌كانم و دۆست و خۆشه‌ویستانم.
پزیشكه‌كانم وتیان ده‌بێت بتنێرین بۆ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ڕاهێنانه‌وه، تاوه‌كو بكه‌ویته سه‌رپێی خۆت و چالاك ببیته‌وه‌و سێ بۆ چوار هه‌فته له‌و نه‌خۆشخانه‌ی ڕاهێنانه‌وه ده‌بێت بمێنیته‌وه، پاشئه‌وه ده‌بێت بگه‌ڕێیته‌وه بۆ ئێره، نزیكه‌ی دوو هه‌فته لێره بمێنیته‌وه، پاش دڵنیابوون له هه‌موو شتێكت ده‌تنێرینه‌وه بۆ ماڵه‌وه، هه‌فتانه ده‌بێت دووجار سه‌ردانی ئێره‌بكه‌یت، بۆئه‌وه‌ی پشكنینی به‌رده‌وامت بۆ بكه‌ین و له‌ژێرچاودێریماندابیت.
زۆر هه‌وڵماندا پێش نه‌شته‌رگه‌ریه‌كه منداڵه‌كانم بگه‌نه‌لام، تا له‌وكاته هه‌ستیارو سه‌خته‌دا له‌گه‌ڵمدابن و هاوكارمبن؛ به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌وڵه‌كانمان بێئاكامبوون.
ئه‌مویست هیچ نه‌بێت بۆجارێكیترو پێش مردنم به خێزان و منداڵه‌كانم شادببمه‌وه؛ چونكه له 70٪ باوه‌ڕم وابوو به‌رگه‌ی نه‌شته‌رگه‌ریه‌كه ناگرم و بێ نازو بێ كه‌س و به‌ته‌نهایی له‌م غه‌ریبستانه بۆ دواجار سه‌ر ده‌نێمه‌وه‌و ماڵئاوایی له‌هه‌موو شتێك ده‌كه‌م، سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ی ژیانم، هه‌ر سوپاسگوزاری خوای گه‌وره‌م؛ چونكه باوه‌ڕموایه هه‌موو ئه‌و ئازارانه‌ی چه‌شتوومه له‌دونیا، له‌و دونیا ده‌بنه مایه‌ی خۆشحاڵی و حه‌وانه‌وه‌م.
گه‌یه‌نرامه نه‌خۆشخانه‌ی مارتینوس، نه‌خۆشخانه‌یه‌كی گه‌وره‌بوو، له‌و به‌شه‌ی كه تایبه‌ت بوو به‌و نه‌خۆشانه‌ی (سی)یان بۆ چێنراوه ژوورێكی پاك‌و خاوێنیان پێدام، ڕۆژی دواتر هه‌ندێك ڕێنماییان پێدام كه بریتی‌بوو له ڕێنمایی تایبه‌ت به‌و نه‌خۆشانه‌ی چاندنی (سی)یه‌كانیان بۆكراوه، هه‌روه‌ها ڕاهێنانی جه‌سته‌یی بۆ چالاككردنه‌وه‌ی ماسولكه‌كان و بۆ باشتر هه‌ناسه‌دان.
ڕۆژانه‌ش چاودێریان ده‌كردین و چاره‌سه‌ریان پێده‌داین و ناوبه‌ناویش پشكنینی پزیشكیان بۆ ده‌كردین، بۆ خواردنی (سێ) ژه‌مه‌ش چێشتخانه‌یه‌كی تایبه‌ت هه‌بوو.
ڕۆژێك پاشئه‌وه‌ی پشكنینیان بۆكردم، وتیان پێم: ده‌بێت بتبه‌ینه ژوورێكی تایبه‌ته‌وه بۆئه‌وه‌ی به‌په‌له موغه‌زیت بۆ هه‌ڵواسین و چاره‌سه‌ری خێرا وه‌ربگریت، وتم بۆ؟ وتیان گورچیله‌كانت حاڵیان باشنییه‌و ڕێژه‌ی پۆتاسیۆمت زۆر به‌رزه‌و ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری ترسناكی هه‌یه له‌سه‌رت، پاشئه‌وه‌ی حاڵم باشبوو، هێنامیانه‌وه بۆ ژووره‌كه‌ی خۆم.
له‌وماوه‌یه‌دا چه‌ندینجار پشكنینی پزیشكی جیاوازیان بۆ ئه‌نجامدام؛ تاوه‌كو دڵنیابن له‌وه‌ی ئه‌و سییه‌ی بۆم چێنراوه به‌باشی كارده‌كات و كێشه‌ی گه‌وره‌ی بۆ درووستنه‌بووه.
پاش تێپه‌ڕبوونی (۸۰ ڕۆژ ) به‌سه‌ر نه‌شته‌رگه‌ریه‌كه‌م و مانه‌وه‌م له‌نه‌خۆشخانه‌دا، هاتمه ده‌ره‌وه له‌نه‌خۆشخانه‌و به‌ره‌و شوقه‌كه‌م گه‌ڕامه‌وه.
له شوقه‌كه‌مدا ده‌بوایه هه‌موو شت به پاكوخاوێنی ڕابگرم، ده‌بوا خۆم خواردن دروستبكه‌م و جله‌كانم بشۆرم و ئه‌و كارانه زۆر زه‌حمه‌تبوو، به‌ڵام زۆرم له‌خۆمكردو له‌سه‌رخۆ ڕۆژانه هه‌رچۆنێكبوو كاره‌كانم جێبه‌جێ ده‌كرد و هاتوچۆكردنم بۆ ده‌ره‌وه زه‌حمه‌تبوو، بۆ شت كڕین، چونكه نه‌ده‌بوو بچمه ده‌ره‌وه له‌به‌رئه‌وه توشی كۆرۆناو نه‌خۆشیتری گوازراوه نه‌بم، ناچار به‌ئه‌و دوو هاوڕێیه‌م ده‌وت شته‌كانیان بۆده‌هێنام.
بۆ هه‌وڵه‌كانیشم بۆهێنانی خێزان و منداڵه‌كانم بۆ (ئه‌ڵمانیا) خێزانم بڕیاریدا تاقیكردنه‌وه‌ی زمانى ئه‌ڵمانى ئه‌نجامبدات ئیتر، له‌په‌یمانگایه‌ك له‌هه‌ولێر هه‌ستا به ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه‌ی قۆناغی A1، بۆ فێربوونی زمانی ئه‌ڵمانی، سوپاس بۆخوا سه‌ركه‌وتووبوو.
پاش هه‌فته‌یه‌ك خێزانم له‌ڕێگای ڕێكخراوی (IOM) و بڕوانامه‌ی ده‌رچوونیان گه‌یانده‌ده‌ست كونسوڵگه‌ری ئه‌ڵمانیا له‌هه‌ولێر، هه‌موو داواكاریه‌كانی كونسوڵگه‌ری ئه‌ڵمانیامان جێبه‌جێكرد، بۆ پێدانی ڤیزه به‌خێزان و منداڵه‌كانم.
نزیكه‌ی (سێ) مانگه دۆسییه‌ی خێزان و منداڵه‌كانم له فه‌رمانگه‌ی كاروباری بێگانه‌كانه له‌شاری (ئێسن)، ئه‌و فه‌رمانگه‌یه نووسراوێكیان له‌ڕێگای پۆسته‌وه بۆ ناردم، له‌نووسراوه‌كه‌یاندا داوایانكردبوو، بۆ ته‌واوكردنی مامه‌ڵه‌ی پێدانی ڤیزه به خێزان و منداڵه‌كانم، پێویسته (سێ) داواكاریان هه‌یه بۆیان جێبه‌جێبكه‌م:
یه‌كه‌م: شوقه‌یه‌كم گرتبێت به‌كرێ كه جێگای خێزان و منداڵه‌كانمی تێدابێته‌وه و پشتگیری خاوه‌نی شوقه‌كه‌و وێنه‌یه‌ك له گرێبه‌ستی به‌كرێگرتنه‌كه.
دووه‌م: ڕاپۆرته پزیشكییه‌كانم بنێرم بۆیان.
سێیه‌م: پسوڵه‌ی وه‌رگرتنی موچه‌ی (هه‌شت) مانگ له‌مه‌وپێشمیان بۆ بنێرم له‌گه‌ڵ دیاریكردنی سه‌رچاوه‌ی بژێوی خێزان و منداڵه‌كانم له ئه‌ڵمانیا..
داواكاری یه‌كه‌م و دووهه‌م ئاسان بوون، به‌ڵام داواكاری سێیه‌م زۆر زه‌حمه‌تبوو؛ چونكه من له‌به‌رئه‌وه‌ی هیچ كارێكم نییه‌و توانای كاركردنم نییه، هیچ موچه‌یه‌كی وه‌زیفیم نییه له ئه‌ڵمانیا، تا پسوڵه‌ی وه‌رگرتنیان بۆ بنێرم، هه‌رچۆنێكبوو له‌گه‌ڵ (هێر میشائیل یوهانزن) وه‌ڵامی هه‌ر سێ داواكاریه‌كه‌یانمان دایه‌وه؛ به‌ڵام ئه‌و (دوو مانگ) زیاتره چاوه‌ڕێی وه‌ڵامین، هیچ وه‌ڵامێكمان وه‌رنه‌گرتۆته‌وه.
به‌ته‌نها ژیانمده‌كرد، له شوقه‌كه‌مداو ڕۆژانه كاروباری خۆم به‌ڕێده‌كرد، هه‌فته‌ی جارێك، یاخود(ده) ڕۆژ جارێك سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌كه‌م ده‌كرده‌وه، بۆ پشكنینی خوێن و پشكنینه پێویسته‌كانیتر، ئه‌گه‌ر پێویستیش بكات له نه‌خۆشخانه هه‌فته‌یه‌ك یان (دوو بۆ سێ) هه‌فته ده‌مهێڵنه‌وه.
ئیتر ده‌بێت خۆم بگونجێنم له‌گه‌ڵ ئه‌م بارودۆخه نوێیه‌مدا، له‌گه‌ڵ ته‌نهاییدا، له‌گه‌ڵ دابڕان له كۆمه‌ڵگا به‌گشتی و خۆشه‌ویستان به‌تایبه‌تی.
تاكه ڕێگا بۆمانه‌وه‌م (پاش ویستی خوا) خۆ دوورگرتنه له‌خه‌ڵكی و به‌ته‌نها ژیان كردن، گرتنه‌به‌ری سه‌رجه‌م ڕێكاره ته‌ندروستییه‌كان، لانیكه‌م له‌م قۆناغه‌دا .
پاش چه‌ند مانگێك چاوه‌ڕوانیكردنی فه‌رمانگه‌ی كاروباری بێگانه‌كانی شاری ئێسن و كونسوڵگه‌ری ئه‌ڵمانیا له‌هه‌ولێر، ڕۆژێك هه‌واڵیانپێدام كه‌كاره‌كانیان ته‌واوبووه‌و پێویسته خێزان و منداڵه‌كانم سه‌ردانی هه‌ولێر بكه‌ن بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی پاسپۆرته‌كانیان، كه ڤیزای ئه‌ڵمانیایان لێدابوون، ئیتر خێزان و منداڵه‌كانم جارێكی‌تر چوونه‌وه هه‌ولێرو پاسپۆرته‌كانیان وه‌رگرته‌وه، له كونسوڵگه‌ری ئه‌ڵمانیا له هه‌ولێر پێیانوتبوون ده‌توانن له‌ئه‌مڕۆوه سه‌فه‌ربكه‌ن بۆئه‌ڵمانیا.
كه‌مێك خه‌می ئه‌وه‌م هه‌بوو، كه له‌كاتی هاتنیان بۆ ئه‌ڵمانیا له‌ڕێگادا گرفتیان بۆ دروستبێت، له هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكدا بووم، له‌ناكاو كاك ئه‌میری برای مامۆستا عبدالكریم چرۆسانه‌یی هاوڕێم به‌ته‌له‌فون په‌یوه‌ندی پێوه‌كردم و پاش هه‌واڵپرسینم هه‌واڵی ئه‌وه‌یپێدام كه ده‌یه‌وێت سه‌ردانی كوردستان بكاته‌وه‌و ئه‌گه‌ر كارێكم هه‌بێت بۆم جێبه‌جێ بكات، منیش پاش دوعای سه‌لامه‌تی بۆی، وتم یه‌ك داوام هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌تدا خێزان و منداڵه‌كانم له‌گه‌ڵ خۆت بهێنی بۆم، كاك ئه‌میر وتی به‌سه‌رچاو، هه‌ر زۆر به‌خۆشحاڵیه‌وه.
به‌رواری 31.03.2021 خێزان و منداڵه‌كانم به هاوه‌ڵی كاك ئه‌میر گه‌شتنه فڕۆكه‌خانه‌ی دویسلدۆرف له ئه‌ڵمانیا.
ئه‌و ڕۆژه‌ی كه‌بڕیاربوو ئه‌وان بگه‌ن هێر میشایلی هاوڕێم ئۆتۆمبیلێكی به‌كرێ گرتبوو تا بڕۆین به‌دواى خێزانم و منداڵه‌كانداو بیانهێنین بۆ شوقه‌كه‌م، ئه‌وه‌بوو به نزیكبوونه‌وه‌ی گه‌شتنی ئه‌وان ئێمه گه‌شتینه فڕۆكه‌خانه چاوه‌ڕێیانمان ده‌كرد له‌به‌رده‌م فڕۆكه‌خانه‌كه‌دا، هێنده‌ی نه‌خایاند كاك ئه‌میر به هاوه‌ڵی خێزان و منداڵه‌كانم گه‌شتنه لامان.
كه یه‌كتریمان بینی حه‌زمده‌كرد زۆر به‌گه‌رمی و به تامه‌زرۆییه‌وه منداڵه‌كانم له‌ئامێز بگرم و ماچیان بكه‌م، به‌ڵام له‌به‌ر په‌تای كۆرۆناو ڕێنمایی پزیشكه‌كانم نه‌متوانی ماچیان بكه‌م.
له‌دڵی خۆمدا ده‌موت، ئه‌وه‌ی كه به‌خه‌ون ده‌زانرا، بوو به‌ڕاستی، ئه‌مه وه‌ڵامی نزاكانمان بوو، ئه‌مه ویستی خوای گه‌وره بوو كه ده‌فه‌رمووێت: (فان مع العسر یسرا. ان مع العسر یسرا)، پاش سێ ساڵ و چوار مانگ و دوو ڕۆژ چاوه‌ڕوانی پڕوكێنه‌ر، شادبوومه‌وه به خێزان و منداڵه‌كانم، كه وه‌ك خه‌ونێك وابوو بۆ من و بۆ زۆر كه‌سیش، چونكه به‌ربه‌سته‌كانی به‌یه‌ك گه‌شتنه‌وه‌مان زۆر بوون و گه‌لێكیش سه‌خت و دژوار بوون.
ڕه‌وشی ته‌ندروستیم سوپاس بۆ خوای گه‌وره به به‌راورد به بارودۆخی ته‌ندروستی پێشووم زۆر باشم، به‌ڵام كێشه‌ی چاوه‌كانم كه یه‌كێكیان نابینێت و ئه‌وی دیكه‌شیان له %50 ده‌بینێت و پێویسته بۆ هه‌ردووكیان نه‌شته‌رگه‌ری چاندنی قه‌ره‌نییه‌یان بۆ ئه‌نجامبده‌م، به‌داخه‌وه تائێستا بێ چاره‌سه‌ر ماونه‌ته‌وه‌و پزیشكه‌كانم ده‌سته‌وسانن له چاره‌سه‌ر كردنیدا، ئه‌ویش به هۆی ئه‌وه‌ی چاندنی سییه‌كانم بۆ كراوه‌و توانای به‌رگه‌گرتنی سڕكردنی گشتیم نییه‌و ناتوانن چاوه‌كانم نه‌شته‌رگه‌ری بكه‌ن.
ئێستا زیاتر له 14 جۆر ده‌رمانی چاره‌سه‌رم هه‌یه، هه‌روه‌ها به هۆی 36ساڵ به‌كارهێنانی ده‌رمانێكی هێجگار زۆر، به‌ده‌ست كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی ته‌ندروستیی دیكه‌شه‌وه گرفتارم، وه‌ك پوكانه‌وه‌ی ئێسكه‌كانم، كێشه‌ی غوده‌ی ده‌ره‌قی، كێشه‌ی غوده‌ی كه‌زه‌ری، كێشه‌ی گورچیله، كێشه‌ی پێست وه‌ك ئیكزیما …
به‌و شێوه‌یه چیرۆكی چاوه‌ڕوانییه‌كه‌م به ئاكام و به كۆتا‌و به ئه‌نجامگه‌شت.
سوپاس بۆ خوای گه‌وره. دووباره سوپاس بۆ هه‌موو ئه‌و خۆشه‌ویستانه‌ی به‌شیان هه‌بوو له هێنانه‌دی ئه‌م خه‌ونه گه‌وره‌یه‌ی من و خێزان و منداڵه‌كانمدا.
چاره‌سه‌رى به‌رده‌وامه……