دووشەممە , كانونی یه‌كه‌م 23 2024

شێنێ جەبار، کچه کوردە باڵاپۆشە ڕەسەنەکەی نیو سۆشیال میدیا

دەتوانم جلی زۆرینەی ناوچەكان بە حیجابەوە لەبەربكەم و بیانناسێنم
ئا:شادان
ئایندەسازی:شێنێ جەبار بۆچی لەڕێی سۆشیال میدیاوە جیاوازترو تایبەتتر دەرکەوت و لەوانیتر نەچوو؟

لەڕاستیدا سەرەتا پەیجەكەم ئاسایی بوو وەك پەیجی كەسانی تر بەڵام كاتێك بڕیارمدا بابەتی پەیجەكەم یەكلابكەمەوە بۆ جلی كوردی، ئەوكاتەبوو كە دڵنیابووم ئەو بابەت و زانیاریانەی لای من هەیە دەربارەی جلی ڕەسەنی كوردی لە هیچ پەیجێكی تردا نیە، بۆیە هەبوونی پەیجێكی لەم شێوەیەم بە ئەركی خۆم زانی و، وەك بەرپرسیارێتیەكی نیشتیمانی ئەم ئەركەم لە ئەستۆ گرتووە. هەر ئەم بابەتە فەرامۆشكراوەش بووە هۆی ئەوەی جیاواز بم.

ئایندەسازی:بۆچی دەتەوێت ڕەسەنایەتی جلی کوردی زیندووبکەیتەوە؟

دەمبینی نەوەی نوێی كوردەكان (لە باشوری كوردستان) نازانن ڕەسەنیەت و ئەسڵی ئەم جلانە لەكوێوە هاتووە و، لە كۆندا چۆن بووە، یەكەم هەنگاوم ناساندنی شێوە كۆن و ڕەسەنەكەی جلی كوردی بوو، لەبەرئەوەی بە درێژایی چەندین ساڵ گۆڕانكاری زۆرم بینی لە جلی كوردیدا و، زۆر ئازاری دەدام كاتێك دەمبینی هەركەسە و لایەكی لێ ئەكاتەوە و، خەریكە جلەكە ڕەسەنیەتی خۆی لەدەست دەدات، ئەمە وای لێكردم هەوڵ بدەم بۆ پاراستنی شێوە كلتوریەكە و ڕەسەنەكەی جلی كوردی.

ئایندەسازی: هەستتکردووە کاریگەرت هەبووە لەسەر خەڵکی ؟ئەو ئامانجەی هەبووە پێکاویە

سوپاس بۆ خوا بەڵێ، زۆریش، ئێستا دەبینین هەموو خانمەكان كاتێك بۆنەیەكیان هەیە كەوا بەبێ هێلەك لەبەرناكەن و هەموو كەس كەوا و هێلەك پێكەوە لەبەردەكەن، ئەمە مۆدێلی پێش ساڵانی هەشتاكان بوو كە من بۆ یەكەمینجار لە ساڵی ٢٠١٩ خۆم لەبەرم كرد و لە ٢٠٢٠ ڤیدیۆیەكی فێركاریم لەسەر بڵاوكردەوە و، باسم لێوەكرد و نیشانمدا كە چەند جوانن پێكەوە،

هەرچەند ئەوكاتە ١٢ هەزار فۆڵۆوەرم هەبوو كەچی كاریگەری ڤیدیۆكە بەشێوەیەك بوو كە لە ماوەیەكی كورتدا چەندین كەسی دیاری نێو تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان دووبارەیان كردەوە و هەر ئەوەش وایكرد لە ماوەی دوو ساڵدا ببێت بە مۆدێكی باو،

كارەكانی ئێستاشم بەهەمان شێوەیە

خۆشحاڵم. كە زۆركەس پەیجەكەی من وەك سەرچاوەیەكی مێژوویی دەبینن بۆ ئاشنابوون بە جلوبەرگی ڕەسەنی كوردی.

ئایندەسازی:باڵاپۆشیت ڕێگرنەبووە لەبەر کارەکەت؟
حەزت لە دیزانێک یان پۆشاکێک کردووەو باڵاپۆشیەکەت ڕێی پێنەدابی بیکەیت؟

هەندێكجاری كەم بەڵێ، هەندێك جۆری جلی كوردیمان هەیە قۆڵەكەی كراوەیە و بۆ من كە باڵاپۆشم لەبەركردنی ئاسان نیە، جلوبەرگی یەزیدیەكان كە بە نەتەوە كوردن جۆرێكە لە جلی كوردی من ئەگەر بمەوێت جلی ئەوان نیشانبدەم چۆن دەتوانم بە لەچكەوە جلی ئاینێكی تر نیشانبدەم،
بەڵام بەشێوەیەكی گشتی دەتوانم جلی زۆرینەی ناوچەكان بە حیجابەوە لەبەربكەم و بیانناسێنم،
چونكە جلی كوردی هەر خۆی جلێكی پۆشتەیە،
یەكێك لەو كۆمێنتانەی زۆرجار بۆم. دێت ئەوەیە خانمە باڵاپۆشەكان. دەڵێن تا ئێستا نەمانزانیوە چۆن لەچك بكەین لەگەڵ جلی كوردی تەنانەت هەیە دەڵێت هەر جلی كوردی لەبەرناكەم لەبەر كێشەی لەچك، بەڵام من هەم بە شێوازی لەچكەكان ئەو گرفتەم بۆ چارەسەر كردوون، هەم بە كڵاوەكانم.
ئایندەسازی: کەوایە دەكرێت باسێك لەو كڵاوانە بكەیت كە لە ئێستادا لای تۆ بەردەستن؟
بەڵێ، دەبینین چەندین كەس بە شێوەی جیاواز و بە سەلیقەی خۆیان كڵاوی كوردی دروست دەكەن و دەیفرۆشن، ئەمە لە دڵسۆزیانە بۆ كلتوری جلی كوردی، بەڵام من بیرم لەوە كردەوە ئەم كڵاوانە هیچ كوردی نین و ئێمە چۆن. جلێكی دیاریكراوی مێژوویی كلتوریمان هەیە كڵاوی كلتوریی تایبەت بە ناوچە جیاوازەكانیشمان هەیە، لەبەرئەوەی خشڵ و پارچەی كڵاوە كۆنەكان زۆر كەمن لە بازاڕدا و نرخیان زۆر بەرزە هەموو كەس ناتوانێك كڵاوێكی ڕەسەنی كوردی هەبێت، بۆیە بڕیارمدا خۆم هەستم بە دروستكردنی كڵاوی كوردی لەسەر شێوە ڕەسەنەكەی جاران و دابینكردنی هەموو پارچەكانی كڵاوێكی ڕەسەن
كڵاوەكان بە دەستی خۆم دروستی دەكەم و، دەسماڵ و چەفتەكانیش لەژێر چاودێری خۆمدا بەشێوەی ڕەسەن. دەدورین و بەردەستن بۆ فرۆشتن لە پەیجەكەمدا.

Check Also

داهاتووی کاری ئۆنلاین لە کوردستان و جیهان

ڕەنگین عبدالکریم کافرۆشیلەگەڵ پێشکەوتنی مرۆڤایەتی و زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی جیهان، هاوکات لەگەڵ باڵادەست بوونی سیستەمی …