یەکشەممە , كانونی یه‌كه‌م 22 2024

(چیرۆكی واقعی)‌ کات نه‌بوو بۆ لێبوردن

وەرگێڕانی: کەتان خادیمی

له‌ یه‌كێك له‌ خوله‌كاندا كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌ی هاوسه‌ران به‌یه‌كه‌وه‌، ڕاهێنه‌ره‌كه‌ پرسیارێكی له‌ ئاماده‌بووان كرد ئه‌گه‌ر هاوسه‌ره‌كه‌ت زویر بێت چۆن ئاشتی ئه‌كه‌یته‌وه‌؟ ئاماده‌بووان هه‌ریه‌كه‌و وه‌ڵامێكی دایه‌وه‌.
یه‌كێكیان وتی: من پێیئه‌ڵێم هه‌رچی تۆ ئه‌یڵێیت ڕاسته‌و ته‌واوه‌ من هه‌ڵه‌م، ئه‌ویش خێرا ئاشت ئه‌بێته‌وه‌.
یه‌كێكی دی وتی: من ئه‌ڵێم بیری ڕۆژه‌ خۆشه‌كانمان بكه‌وه‌ بۆ زویریت ژنه‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌م من بێ تۆ ناژیم.. یه‌كێكی دی وتی: گۆرانیه‌كی بۆ ئه‌ڵێم له‌وانه‌ی رۆژانی زوومان، ئه‌چمه‌ به‌رده‌رگای شوێنی كاره‌كه‌ی و چه‌پكێك گوڵ ئه‌گرم به‌ده‌ستمه‌وه‌و پێشكه‌شی ئه‌كه‌م و له‌ده‌ره‌وه‌ میوانداری ئه‌كه‌م و به‌ یه‌كه‌وه‌ ژه‌مێك نان ئه‌خۆین.
پیاوێكی تر به‌زه‌رده‌خه‌نه‌وه‌ وتی: من وه‌ك گه‌نجه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ ئه‌كه‌م. ئه‌چمه‌ به‌رده‌می گۆرانی عیشق و خۆشه‌ویستی بۆ ئه‌ڵێم و وێنه‌ی ئه‌گرم و له‌ فه‌یسبوك بڵاوی ئه‌كه‌مه‌وه‌، خه‌ڵكیش لایك و كۆمێنتی بۆ ئه‌نووسێت، ئه‌ویش شاد ئه‌بێت و ئاشت ئه‌بێته‌وه‌…ڕاستی و درووستی ئه‌وه‌ی ئه‌م پیاوانه‌ وتیان نازانم چه‌ند ڕاستی بوو چه‌ندیشی پێچه‌وانه‌كه‌ی.
سه‌ره‌ گه‌شته‌ سه‌ر پیاوێك وه‌ره‌قه‌كه‌ی به‌ سپێتی دا به‌ده‌ست ڕاهێنه‌ره‌كه‌وه‌، وتی: بۆ هیچت نه‌نووسیوه‌؟ تۆ ناته‌وێت ژنه‌كه‌ت ئاشت بكه‌یته‌وه‌ كه‌ زویر ئه‌بێت؟ هه‌مووان چاویان تێبڕیبوو سه‌رنجیان خسته‌ سه‌ری خه‌میان بوو وه‌ك سرووشتی پیاوه‌كان بڵێت : هه‌ڵه‌ی كردوه‌و سه‌ری دای له‌به‌رد بۆ ئاشتی بكه‌مه‌وه‌ چیم كردووه‌؟! به‌ڵام ئه‌و وه‌ڵامێكی دیكه‌ی دایه‌وه‌ وتی:

من ژنه‌كه‌مم زۆر زۆر خۆش ئه‌ویست، له‌ته‌مه‌نما نه‌متوانیوه‌ ئاشتی بكه‌مه‌وه‌ و له‌ گه‌ڵی رێك بكه‌وم، ئه‌و ژنه‌م به‌ خۆشه‌ویستی ماره‌كرد، خه‌ونم به‌وه‌وه‌ ئه‌بینی ڕازیبێت به‌من، كاتێك كه‌مێك هیوای پێ به‌خشیم زۆر دڵخۆشبووم، هه‌ربۆیه‌ به‌ په‌له‌ ڕۆژی خوازبێنی و شه‌كراو خواردنه‌وه‌مان دیاریكرد.
له‌ ئاهه‌نگه‌كه‌دا وامئه‌زانی هه‌موو دنیا موڵكی منه‌، ئاماده‌بووان ئیره‌ییان پێئه‌بردم بۆ ئه‌و هه‌موو خۆشه‌ویستیه‌ی هه‌یبوو بۆم، منیش به‌ جوانترین ژنی سه‌ر زه‌ویم دائه‌نا.
ئه‌ویش به‌هه‌مان چاو سه‌یری منی ئه‌كرد، به‌باشترین هاوسه‌ر منی ئه‌ژمار ئه‌كرد.
پاش چه‌ند مانگێك كێشه‌و گرفت له‌ نێوانماندا درووستبوو. تووڕه‌ ئه‌بووین و شه‌ڕمان ئه‌بوو. تاڕاده‌یه‌كی زۆر ئه‌و سه‌بری ئه‌گرت و بێده‌نگ ئه‌بوو. كێشه‌كانی تێئه‌په‌ڕاند. به‌ڵام من زۆر ڕقاوی بووم فه‌رامۆشم ئه‌كرد به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك، بۆ نموونه‌ نه‌خۆش ئه‌كه‌وت هه‌واڵیم نه‌ئه‌پرسی، ئه‌وه‌ی حه‌زیلێبوایه‌و پێویستی بووایه‌و دڵی پێیخۆش بووایه‌ جێبه‌جێم نه‌ئه‌كرد. هه‌ر له‌خۆوه‌ شه‌ڕم پێئه‌فرۆشت ئه‌وه‌ی ئه‌و بیوتایه‌ من پێچه‌وانه‌كه‌یم ئه‌كرد، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك دڵیم خۆش نه‌ئه‌كرد. ئه‌ویش ورده‌ ورده‌ هه‌ڵسوكه‌وتی به‌رامبه‌رم ئه‌گۆڕا. چونكه‌ هه‌ستی به‌ ئه‌مان نه‌ئه‌كرد تووڕه‌ ئه‌بوو زیاتر خۆی سه‌رقاڵی كاره‌كه‌ی ئه‌كرد تا ئه‌و بۆشایه‌ی هه‌یبوو له‌ ده‌ره‌وه‌ پڕی بكاته‌وه‌.
رۆژێك پێیوتم :چاوت من نابینێت، به‌ چه‌ند قسه‌یه‌ك خۆم په‌ڕانده‌وه‌ …تا ده‌هات په‌یوه‌ندیمان به‌ره‌و خراپتر ئه‌ڕۆشت. ئیتر ئه‌و هیچی خۆی لای من باس نه‌ئه‌كرد، قسه‌یه‌كمان نه‌بوو بۆ یه‌كتری بكه‌ین، ته‌نها بابه‌تێك كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ مناڵه‌كانمانه‌وه‌ هه‌بوایه‌، ئه‌مه‌ش جۆرێكه‌ له‌ داڕمانی خێزان، دوو كه‌س له‌ ماڵێكدا هه‌ریه‌كه‌و بۆ خۆی بژی. نه‌ قسه‌یه‌كی خۆش نه‌ خۆشه‌ویستیه‌ك نه‌ به‌زه‌ییه‌ك نه‌ ده‌ربڕینی هه‌ستێك. نه‌ماندوو نه‌بوون له‌ یه‌كتر … ژن ماندوه‌و پیاو خێسه‌ی لێئه‌كات دڵنیام دڵی پڕبوو له‌ قسه‌ ئاخر ژن ناتوانێت ئاوا بژی…
به‌یانیه‌ك له‌خه‌و هه‌ستام ئه‌و ببوه‌ جه‌سته‌یه‌كی ساردوو سڕ و گیانی ده‌رچووبوو.
ئه‌و له‌گه‌ڵ مندا ئه‌ژیا هه‌ستی به‌ من نه‌ئه‌كرد، ئه‌و حه‌زیئه‌كرد كاره‌كانی من بیانبینم … دڵنیام له‌ حه‌سره‌تا مرد. ئه‌و زۆر هه‌وڵیئه‌دا هه‌ندێك له‌ هه‌ڵسوكه‌وته‌كانم بگۆڕێت، به‌ڵام گوێم بۆ نه‌گرت.
سه‌یر بوو رۆژانی پرسه‌كه‌ی هاوڕێكانی و ناسراوانی ئه‌هاتن وه‌سفیان ئه‌كرد كه‌ چه‌ند ژنێكی میهره‌بان و باشبوو، نیعمه‌تێكی گه‌وره‌ی خوا بوو، به‌ڵام من هه‌ستم پێنه‌ئه‌كرد.
من تێكمشكاند وه‌ك مرۆڤ وه‌ك هاوسه‌ر وه‌ك خۆشه‌ویست بێهیوامكرد. ئه‌زانن بۆچی ئه‌مڕۆ هاتووم بۆ ئه‌م خوله‌، ته‌نها له‌به‌ریه‌ك شت، ئه‌و هه‌میشه‌ داوای لێئه‌كردم و فشاری ئه‌خسته‌ سه‌رم بچین بۆ ئه‌م جۆره‌ خولانه‌ تا خۆش بژین و له‌ یه‌ك تێبگه‌ین، ئێستا خۆزگه‌ ئه‌خوازم جارێكی تر ژیان دووباره‌ بێته‌وه‌و بیناسمه‌وه‌ سه‌ر له‌نوێ به‌ ئه‌قڵێكی دیكه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌م و داوای لێبووردنی لێبكه‌م.
ئه‌وانه‌ی له‌ خوله‌كه‌ بوون به‌ وته‌كانی ئه‌م پیاوه‌ ژن مردووه‌ هه‌ندێكیان ئه‌گریان، چونكه‌ كه‌س به‌ته‌مای ئه‌وه‌ نیه‌ به‌رامبه‌ره‌كه‌ی بمرێت و به‌ دڵشكاوی به‌ جێتبێڵێت.
ئه‌و هاوسه‌رانه‌ی ژنه‌كانیان له‌دڵیاندایه‌و خۆشیان ئه‌وێن عه‌یب نیه‌ به‌ زمان بۆیان ده‌رببڕن.

  • ئه‌م چیرۆكه‌ له‌( د.هاله‌ سه‌میر)ه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌

Check Also

خانمێک بۆ جوانکردنی ژیان خوڵقاوە

ئا: شادانخاتوو بەیان خانمێکی سەلار، دایکی شەش منداڵی پڕهێزو وزە و چالاک و خەمخۆری کۆمەڵگە، …