شه‌ممه‌ , ته‌مموز 27 2024

توندو تیژی تەکنەلۆژیا (یاساو چارەسەر)

مافناس/ دڵخواز عەبدوڵا
ئەو توندوتیژیانە دەگرێتەوە کە لەسەر بنەمای ڕەگەز لە ڕێگەی تەکنەلۆژیاوە ئەنجام دەدرێت، لەوانە کۆمەڵێک ڕەفتاری وەک: خراپ مامەڵەکردنی سێکسی لە ڕێگەی بەکارهێنانی وێنەی کەسەکە یان شوێنەكەی ” گێچەڵی سێکسی بە ئۆنلاین زۆر شتی تری وەك سوکایەتی پێكردن لە ڕێگەی ئینتەرنێت، بڵاوکردنەوەی وێنەی تایبەت بە بێ ڕەزامەندی خاوەنەکەی لە ڕێگای بەکارهێنانی کۆمپیوتەر یان مۆبایل یان ئینتەرنێت ئەنجام دەدرێت.

دەکرێت ئەو جۆرە توندوتیژیە لە لایەن تاکە کەسێکەوە بێت یان لە لایەن گرووپەکانەوە، کە کچان و ژنان بە بە ئامانج دەگیرێن زۆرێك لە كچان و ژنان ئەمڕۆ لە ڕێگای بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن توشی جۆرەها توندو تیژی دەبنەوە لە هەرێمی كوردستان، كە كە دەبێتە هۆی سەرگەردانی تاك و تێك چوونی شیرازەی خێزان.
بۆ چارەسەری ئەم دیاردەیەو لەپێناو كۆمەڵگەیەكی مەدەنی و سزادانی ئەو كەسانەی بە خراپی مۆبایل و ئینتەرنێت بەكاردەھێنن، لە پێناو پاراستنی ئازادییە كەسییەكان و پاراستنی نھێنییە كەسییەكان و زیان نەگەیاندن بە رەوشت و سیستمی گشتی، یاسایەكمان هەیە بەناوی( یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن ژمارە 6ی ساڵی 2008)
ئەم یاسایە لە 8 مادە پێكهاتووە
لە ماددەی یەكەمی یاسەكەدا هاتووە دەڵێت:
قسەكردنی تەلەفۆنی و پەیوەندییەكانی پۆستەیی و ئەلكترۆنی لە كاروبارە تایبەتیەكانن و، نابێ رێز و حورمەتیان بشكێنرێت.
بۆیە گرنگە تاكەكان هوشیار بن لە بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن و، زانیاری یاسایییان هەبێت لەسەر چۆنیەتی بەكارهێنانی سۆشیاڵ میدیا و، بەتایبەت كاتێك تووشی هەڕەشە دەبنەوە نابێت بێدەنگ بن پێویستە ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی یاسایان بکەنەوە و ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر.

لە ماددەی 2 دا هاتووە كە 11 ڕەفتار لەخۆ دەگرێت باس لەو توندوتیژیانە دەکات کە لەسەر بنەمای ڕەگەز لە ڕێگەی تەکنەلۆژیاوە ئەنجام دەدرێت.

كە ئەمانەن:

  1. هەڕەشە كردن.
  2. تۆمەت هەڵبەستن (قذف).
  3. جنێودان.
  4. بڵاوكردنەوەی هەواڵی هەڵبەستراو كە ترس پەیدا دەكات.
  5. دزەكردن بە گفتوگۆكردنکردن.
  6. بڵاوكردنەوەی وێنەی چەسپاو وجووڵاو.
  7. بڵاوكردنەوەی كورتە نامە (مەسج) كە لەگەڵ ڕەوشتی گشتیدا ناگونجێن.
  8. بەبێ‌ روخسەت و مۆڵەت وێنەگرتن.
  9. كاروبارێكی وا كە شەرەف بریندار بكات.
  10. هاندانی كەسێك بۆ ئەنجامدانی تاوان یان كاری بەدرەوشتی.
  11. بڵاوكردنەوەی زانیاری پەیوەست بە نهێنی ژیانی تایبەت یان خێزانی، كە بەهەر رێگایەك بێت چنگی كەوتبێت هەتا ئەگەر راستیش بن، ئەگەر بەهۆی بڵاوكردنەوەیان و یاخود زیانیان پێ‌ بگەیەنێ‌،
    هەر كەسێك ئەگەر بە خراپی تەلەفۆنی خانەیی (مۆبایل)یا ئامێرێكی پەیوەندیكردنی تەلدار یان بێ‌ تەل، یان ئینتەرنێت، یان پۆستی ئەلكترۆنی بۆ ئەنجامدانی یەكێك لەو ڕەفتارانە بەكاربهێنێت، ئەوا بۆ ماوەیەك بەند دەكرێ‌(حبس) كە لە شەش مانگ كەمتر نەبێت و، لە پێنج ساڵیش زیاتر نەبێت، بە غەرامەیەكیش سزادەدرێ‌ كە لە یەك ملیۆن دینار كەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێ‌ یان بە یەكێك لەو دوو سزایە سزادەدرێت.

پرسیارێك /ئایا بێزارکردن بە ئەنقەست لە ڕێگەی هەر ئامێرێکی پەیوەندیکردن یان بەکارهێنانی ئینتەرنێت بە تاوان ئەژمار دەكرێت؟
وەڵام/ بەڵێ لە مادە سێ دا باس وچارەسەری ئەم حاڵەتە كراوە و دەڵێت: هەر كەسێك بە ئەنقەست تەلەفۆنی خانەیی (مۆبایل)، یان هەر ئامێرێكی پەیوەندی كردنی تەلدارو بێ‌ تەل، یان ئینتەرنێت یان پۆستی ئەلكترۆنی بۆ بێزارکردنی خەڵك، جگە لەو حاڵەتانەی كە لە ماددەی دووەمی ئەم یاسایە داهاتوون. ئەوا بۆ ماوەیەك كە لە سێ‌ مانگ كەمتر نەبێ‌ و لە ساڵێك زیاتر نەبێ‌ بەند دەكرێت(حبس)، بە غەرامەیەكیش كە لە حەوت سەدو پەنجا هەزار دینار كەمتر نەبێ‌ و لە سێ‌ ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێ‌ سزا دەدرێ‌، یاخود بە یەكێك لەو دوو سزایە سزا دەدرێ‌.

پرسیار/ ئەگەر لە ئەنجامی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن وەک لە یاساکەدا دیاری کراوە تاوانێک ئەنجام درا ئەوائەو كەسەی هۆكار بووە بە تاوانبار ئەژمار دەكرێت؟
وەڵام / بەڵێ بە پێی ماددەی 4 ی یاساکە
ئەگەر لە دەرئەنجامی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، وەک لە یاساکەدا دیاری کراوە تاوانێک ئەنجام درا ئەوا ئەو کەسەی کە بۆتە هۆی تاوانەکە وەک هاوبەشی تاوانەکە ئەژمار دەکرێت.

پرسیار/ ئایا ئەگەر کەسی تۆمەتبار سەر بە هێزە چەکدارەکان یان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بێت، یاخود ئەو کەسەی سیفەتە فەرمییەکەی بە کار بێنێت یان ئەگەر زانیاری نهێنی كەسێكی بەکارهێنا لە دەرئەنجامی کارەکەی بە دەستی هێنابوون سزاكەی چیە؟
وەڵام/ بە پێی ماددەی پێنجەم:
ئەگەر ئەو كەسەی تاوانەكە ئەنجام دەدات سەر بە هێزە چەكدارەكان یاخود لە هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ بێت، یاخود ئەوكەسەی سیفەتە فەرمیەكەی بەكاربێنێت، یان ئەوەی ئاگاداری نهێنی كەسەكان یان خێزانی كەسەكان بێ بە حوكمی كارەكەی یاخود پیشەكەی، هەركەسێك ئامێری پەیوەندی كەسێكی تربەكاربێنی بۆ ئەنجامدانی یەكێك لەو تاوانانەی كە لە ماددەكانی (دووەم و سێیەم) دا هاتوون بە (بارێكی توندكراو-مشدد) سزا دەدرێت.
ئایا ئەركی كۆمپانیاكانی مۆبایل و ئینتەرنێت چیە لە یاساكەدا؟

ماددەی شەشەم لە یاساكە، كۆمپانیاكانی مۆبایل و ئینتەرنێت ناچار دەكات، ئەو ھاوبەشانەی سیمكارت یاخود ئینتەرنێتیان هەیەو بەناوی خۆیانەوە نییە، بیكەن بەناوی خۆیانەوە، ھەڵوەشاندنەوەی ئەو ھێڵانە ئەگەر كەسەكە سەردانی كۆمپانیای نەكرد، تۆماركردنی ھەموو ھیڵەكان بە ناوی ھاوبەشەكانەوە. لە كاتی پێویستیشدا ھەموو زانیارییەكانی تایبەت بە بەشداریكردن و بەشداربوو پێشكەش بە دادگا بكرێت هەركاتێك كە داوای بكرێت.
.
سزای كۆمپانیاكانی پەیوەندیكردن:
ھەر كۆمپانیایەك سەرپێچی ماددەی شەشەم بكات، بە پێبژاردنێك سزا دەدرێت كە لە پەنجا ملیۆن دینار كەمتر نەبێت و لە 100 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.

بەداخەوە بڕگەی شەشەمی ئەو یاسایە وەك پێویست جێبەجێ نەكراوە، بازاڕەكان پڕن لە سیمكارتی بێ پێشینە و ھەموو كەسێك دەتوانێت دەستی بگاتە سیمكارتێك یان ھێڵێكی ئینتەرنێت، بۆ ھەر مەبەستێك بیەوێت، بەكاری دەھێنێت، بێ ئەوەی چاودێرییەكی لەسەر بێت و بزانرێت ئەو كەسە كێیە.
زۆربەی كێشەكانیش لە كوردستان بەو ھۆیەوە دروست بوون.

Check Also

زیرەکی دەستکرد و داهاتوو (زمان)

محمد ئاواتبەشی چوارەمتوانراوە زیرەکی دەستکرد نزیک بکرێتەوە لە زیرەکی مرۆڤ.بەڵێ لە خودی دەمارە خانەوە نزیک …