پێنجشەممە , ئازار 13 2025

ئەمنیەت چییە ئەو بابەتە پەروەردەییەی کە زۆر کەم باسی لێوە دەکرێت

‎نیداء جبار حەحمە ڕەشید

‎ئەمنیەت ئەو هەستەیە كە هەموو مرۆڤێك پێویستی پێیەتی، بۆ بەڕێکردنی ژیانی بەئاسودەیی، ئەمنیەت شتێك نییە تەنها لەچوارچێوەیەكدابێت و ناوی لێنرابێت، بەڵكو زۆر لق وپۆی لێدەبێتەوە، كەمرۆڤ پێویستی پێیەتی لەسەرەتای لەدایكبونیەوە تا مردن، بەڵام لێرەدا گرنگ ئەوە لەچ قۆناغێك لەژیان مرۆڤ ئەو هەستەی بۆ دروست ببێت، ڕاستە هەندێك ئەمنیەت هەیە بەدەستهێنانی قورسە، وەك ئەو وڵاتانەی شەڕی تێدایەو هاوڵاتیان بەردەوام لە دڵەڕاوكێدان، بەڵام ئەمەی وەك نووسەری بابەتەكە ئەمەوێ قسەی لەسەر بكەم، ئەمنیەتی پەروەردەیی تاكەكانە لەناو خێزان بەتایبەتی وكۆمەڵگە بەگشتی وەك لایەنێكی پەروەردەیی.
‎منداڵ کاتێک لەدایك دەبێت ئەمنترین شوێنی جیهان بۆی باوەشی دایكە، حەز بەوە دەكات خەوو خۆراكی و ئارامی تەنها باوەشی دایكیەتی بەبێ وجودی عەقڵێكی ئاگا، تەنها وەك كوردەواری دەڵێت: بەبۆن دایكی ئەناسێتەوە، چونكە ئەزانێت ئەو شوێنە ئەمینەیە هەموو پێداویستییە جەستەیی و ڕۆحی تیا بەدی دەكرێت، بۆیە ئەمنیەت ئەو هەستەیە كەلەگەڵماندا لەدایك دەبێت.
‎بەڵام لێرەدا خەمێك هەیە كە ڕاستە خۆڕسكانە ئێمە ئەو باوەشە ئەمینە بۆ منداڵە ساواكەمان دەكەینەوە، بەڵام تاكاتێك ئەو باوەشە ئەمینە كەمنداڵەكە ساوایەو هێشتا هەڵەكان دەستی پێ نەكردووە، ئالێرەدا كارەساتەكە دروست دەبێت، ئەمنیەت لەمنداڵەكە وەرئەگریتەوە دایك و باوك و كەسە پلەیەكەكان دەبنە نائەمینترین شوێنی جیهان
‎جائەم نا ئەمنییە زۆر شت دەگرێتەوە وەك
‎ئەمنیت لەقسەو گوفتار
‎ئەمنیت لەهەڵسوكەوت
‎ئەمنیت لەهەڵەكاندا
‎ئەمنیت لەئاستی تواناكان و هتد…..
‎ئەمنیەتی قسەكردن بۆنموونە:زۆرجار منداڵ لەناو خێزاندا ئەوەنە نائەمینە كاتێك قسەیەك دەكات یان گوێی لێناگیرێت یان بەجۆرێك تەریق ئەكرێتەوە، كەوادەكات ئەم هەستە لەگەڵیدا گەورەبێت و ببێتە كەسێك كە هەرگیز نەتوانێت ڕای خۆی دەربڕێت و مافی خۆی بسەنێت، چونكە هەمیشە ئەو ترسە لەدڵیدایەو ئەو هەستی نائەمینیە لەگەڵیدایە، ئەترسێ نەتوانێت قسەكە بگەیەنێت یان گوێی لێنەگیرێت و بەرپەرچی بدرێتەوە
، بۆیە زۆر گرنگە لەپەروەردەی ڕۆڵەكانمان خەیاڵ چنینێك نەكەین كە دوربێت لەواقع ئەو كات تووشی هەڵە دەبیت و چاوەڕوانیمان لە منداڵێكی ٤ساڵان وەها دەبێت كەوەك كەسێكی پێگەیشتوو ڕەفتار بكات و هەر كارێك بكات، كە ئێمە بەدڵمان نەبێت بەهەڵەی دادەنێت و ناهێڵین منداڵ منداڵی خۆی بكات و، تاگەورەبێت چاوەڕوانی زیاتری لێدەكەین، ئەو كات تۆ دەبیتە شوێنێكی نا ئەمین بۆ منداڵەکەت و ‎منداڵەكەت یاخود هەرزەكارەكەت کە وا ئامادەیە كێشەكانی خۆی ڕووبەڕوی هەموو كەس بكاتەوە، داوای یارمەتی لەهەموو كەس بكات جگە لەتۆی خێزان، چونكە تۆ هیچ كات ماڵێكی ئەمین نەبوویت بۆی تا هەست بە ئەمنیەت بكات و بەدڵێكی پڕ متمانەو خۆشەویستی بێت، كێشەكانی بۆ تۆ باس بكات، جا ئێستاو لەم سەردەمەدا كە زۆربەمان بەدەست پەروەردەی منداڵ و هەرزەكارەوە دەناڵێنین و گلەییمان هەیە كە قورسە بۆمان، بالەخۆمان بپرسین چۆن ببینە ماڵێكی ئەمین بۆ ڕۆڵەكانمان و هەستی ئەمنیەتیان پێببەخشین، تاڕۆڵەكانمان بۆ هەڵەیەك كە كردویەتی یان كێشەیەك كە هەیەتی ئامادەنەبێت هەموو دنیا بیزانێت جگە لە خێزانەكەی، كاری خێزان پیشاندانی ڕێگای ڕاست و ئاسودەكردنی ویژدانی خۆیەتی بەوەی كەماڵێكی ئەمنی
،‎بۆ مناڵەكەی دروست كردووەو ڕەفتاری جوانی بەكردەوە پیشانی مناڵەكانی داوە تا نەوە بەنەوە بتوانن كەسێكی ئارام و ئەمن دروست بكەین دوربین لەو وتەیەی كە ئەڵێت ئەگەر كات بۆ ڕۆڵەكەت دابین نەكەیت، خەڵك كاتەكانی بۆ پڕ دەكاتەوە جابەس خوا دەزانێت خەڵك چۆن بۆی پڕ دەكاتەوە، لەكۆتاییدا بەهیوای ئارامی دڵان و ئاسودەیی ڕۆح لەهەموو ماڵ و خێزانێكدا.

Check Also

خانمێک بۆ جوانکردنی ژیان خوڵقاوە

ئا: شادانخاتوو بەیان خانمێکی سەلار، دایکی شەش منداڵی پڕهێزو وزە و چالاک و خەمخۆری کۆمەڵگە، …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *