شەممە , كانونی یه‌كه‌م 14 2024

گەشەی دەست و پەنجەی منداڵ لەیەکەم ڕۆژەوە تا چوار ساڵی

و:شانۆ عارف

منداڵی ساوا هەر لەسەرەتاوە چەند کاردانەوەیەکی خۆنەویستی هەیە، بۆ بەدەستهێنانی تواناو لێهاتویەکانی پەنجەی، سەرەتا دەبێت ئەم کاردانەوانە لە ناو ببرێن. کاردانەوەی دەست نوقاندنی منداڵ، کە ئەوەندە بەهێزە دەتوانێت کێشی خۆی هەڵگرێت. ئەم کاردانەوەیە دەبێت نەمێنێت تا منداڵەکە بتوانێت خوی ئاسایی شت بگرێت بەدەست.

یەکێکی ترلە کاردانەوەکان ڕاچڵەکینە کە هەموو ساوایەک بەهرەمەندە لێی، کاتێک دەستەکانی دەکاتەوە بەرەو دەرەوە وەک ئەستێرە، ئەم کاردانەوەیە پێویستە نەمێنێت تا منداڵ فێری گرتنی قەڵەم ببێت.

منداڵە بچوکەکەتان سود لەدەمی خۆی وەردەگرێت وەك ئەندامێکی سەرەکی بەرکەوتن، پاشان پەنجەکانی شوێنی ئەو دەگرنەوە، لەماوەی ساڵی یەکەمدا ئەو چنگ هاوێشتنەکانی خۆی چاکدەکات بەجۆرێک لەبری ئەوەی میکانۆکانی بە لەپی دەست بگرێت بە پەنجەکانی ڕایدەگرێت. ئەم تایبەتمەندیەیە کە ئێمە لە ئاژەڵانی تر جیادەکاتەوە، هیچ ئاژەڵێکی تر ئەم تایبەتمەندیەی نیە.

 پێشکەوتنێکی تر کە منداڵ بەخۆیەوە دەبینێت، ئازادکردنی ئەندامەکانیەتی و ئەندامەکانی ڕەهاو بەڕەڵا دەکات. لەهەمانكاتدا منداڵ دەتوانێت ئەندامەکانی توندو ڕاگیربکات ئەم دوو حاڵەتە دژ یەکە هەماهەنگ و هاوساز دەبن پێکەوە.

*دەستکاریکردنی منداڵ لە ئەندامی زاوزێی خۆی

منداڵان بەگشتی لەکۆتای ساڵی یەکەمی هەست بەبونی ئەندامی زاوزێی دەکات، بەڵام بەبێ بونی هەستکردن بە چێژ، بەڵام لەکۆتایدا كاتێك سوكە دەستپەڕێك دەكات هەست بە چێژەکەی دەکات، زۆر بەی منداڵان ئەم کارەدەکەن لەگەڵ ئەوەشدا کارێکی سروشتییە، نابێتە هۆی کوێربوون یان شتبوون یان هاوڕەگەزباز بوون، وەک ئەوەی لەناو خەڵکدا هەیە، هیچ دەلیلیکی نیە کە ئەم کارە سەرکۆنە یان ڕێگری لێبکرێت.

چونکە ئەم کارە دەبێتە هۆی هەست بەگوناح و شاردنەوەی، ئەگەر ئەم کارەشی کرد باشترین شت ئەوەیە کە هەستەکەی ببڕیت و لەو خەیاڵە دەری بهێنیت، بەشتێکەوە سەرقاڵی بکەیت، نەک سەرزەنشتی و ناڕەحەت کردن. (هەرچەند کۆمەڵگای ئێمە موسڵمانەو پێویستە زانایانی ئیسلامی ڕایی خۆیان هەبێت لەسەر ئەم بابەتە).

منداڵ و یاری میکانو:

منداڵەکەتان پێش ۱٨ مانگی  واتا ساڵێک و شەش مانگ، ناتوانێت سێ یان چوار میکانۆ بخاتە سەریەک،  بەڵکو لەماوەی دوو تا دووساڵ و نیو دەتوانێت، میکانۆ یان چوارگۆشەی یاری، چوارتا هەشت دانە بخاتە سەریەک. بەڵام لەتەمەنی سێ ساڵیدا منداڵ دەتوانێت بورج دروستبکات بە نۆ یان دە چوارگۆشەی میکانۆ.

میکانۆی خانوو دروستکردن:

لە هەموو تەمەنەکانی منداڵدا زۆر بەچێژەو بەهایە، دەتوانیت سودی لیببینیت بۆ گەشەی منداڵەکەت.

دروستکردنی شەمەنەفەر بە میکانۆ:  لەماوەی دووساڵ و نیویدا دەتوانیت منداڵەکەت فێربکەیت دروستیبکات.

پرد دروستکردن: منداڵەکەتان پێش سێ ساڵ و نیو توانای دروستکردنی پردی نیە.

دروستکردنی دەرگا بۆ بۆرج: منداڵ تا چوارساڵ و نیوی پێویستە فێری دروستکردنی خانوی ئاڵۆزتر ببێت و دەتوانیت فێری دروستکردنی دەرگای بکەیت بۆ خانوەکەی کە دروستی کردووە.

گەشەی پەنجە و دەستی منداڵ لە یەکەم ڕۆژەوە:

منداڵەکەتان زۆربەی کاتەکان دەستی توند نوقاندووە،  پەنجەتان زۆر توند دەگرێت، بەڵام کاتێک گوێی لەدەنگێگی بڵند دەبێت یان دەترسێت یان جوڵەیەکی توندی لێدەکەیت، ڕادەچڵەکێت و پەنجەو دەستی دەکاتەوە.

چۆن دەتوانیت هاوکاری بکەیت؟

منداڵەکەتان بۆ ئەوەی  شتێک بەویستی خۆی بگرێت دەبێت سەرەتا چنگ نوقاندن لەدەست بدات، دەبێت پەنجەی خۆتی بدەیتێ تا ببینی تاچەند دەتوانێت پەنجەت ڕاکێشێت. دەبێت فێری ئەمەی بکەیت کە پەنجەت ڕاکێشێت، تا وردە وردە لە چەند هەفتەی سەرەتادا دەست نوقاندنەکانی لاواز دەبێت.

گەشەی پەنجەو دەستی منداڵ لە تەمەنی چوار هەفتەیدا واتا یەک مانگی:

ئێستا دەست نوقاندنی منداڵەکەتان لە حاڵەتی نەماندایە، هەرچەند دەستەکانی خۆی توند دەنوقێنێت.

*چۆن دەتوانیت هاوکاری بکەیت:

بۆ هاندانی شلکردنی دەست و پەنجەی یاری لەگەڵ بکە، بۆئەوەی پەنجەکانی یەکە یەکە بکاتەوە، وەک یاری (بەمە دەڵێن توتە، برای توتە، دۆشاو مژە، ئەسپێ کوژە، پەنجە مژە). هەمانکار بە پەنجەی قاچی بکە.

گەشەی دەست و پەنجەی منداڵ لە تەمەنی شەش هەفتەییدا:

بەنزیکەی لە ئێستادا دەست نوقاندنەکەی نەماوە، زۆربەی کاتەکەی دەستی کراوەیە.

*چۆن دەتوانیت هاوکاری بکەیت؟

کارێک بکە منداڵەکەتان هەست بەبونی دەست و پەنجەی بکات، دیسان بە پەنجەکانی جیاکەرەوەو بڵێ بەمە دەڵێن توتەو …هتد. شتی نەرمو لوس و زبر بدە بەدەست و پەنجەیەوەو مەساجی دەستی بکە.

*گەشەی دەست و پەنجەی منداڵ لە تەمەنی هەشت هەفتەیدا واتا دوو مانگیدا:

دەستی منداڵەکەتان هەرچەند ئاسانتر بکرێتەوە زیاتر ئاگایی پەیدا دەکات دەربارەی پەنجەو دەستی.

چۆن دەتوانیت هاوکاری بکەیت؟

*بەسود بینین لەجوڵە ڕاستەوخۆکانی شتەکانی دەوروبەرو یاریەکانی ئاگای ئەو دەربارەی دەست و پەنجەی پەیدا بکە.  ” یاریە ڕەق و نەرم و لوسەکان”

*کاتێک شت دەخەیتە ناو دەستیەوە بەهەموو لاکانیدا بهێنە، هەرچەند منداڵی ساوا بەناولەپی دەست شت دەگرێت و پەنجەکانی ڕاستەوڕاست دێنێتە خوارەوە.

*ڕێگەی بدە هەستی بەرکەوتنی بەکاربێنێت، بە ئاو و گەرمی و شلی و بۆدرەو گەرمی پێستی مرۆڤ …هتد.

گەشەی دەست و پەنجەی منداڵ لە  سێ مانگیدا:

منداڵەکەتان دەستەکانی کراوەتەوەو لێیان ڕادەمێنێت، ئەگەر شەق شەقە بخەیتە دەستیەوە دەیگرێت و چەند دەقە لێیان ڕادەمێنێت .

 چۆن دەتوانیت هاوکاری بکەیت؟

*بۆ بەهێزکردنی پەنجەکانی شەق شەقەی بدەرێ بیگرێت.

*کاتێک لەسەر پشت خەوتوە دەتوانێت پەنجەکانی ببینێت، تۆ وەرە یاری بکە لەگەڵ پەنجەکانی، دەتوانی گۆرانی دادی فینگەری بۆ بڵێیت.

*دەتونی شتانێکی بۆ دابنێیت کە ئەو بیان بینێت تا بتوانێت دەستیان بۆ درێژ بکات، فرفرۆکەوشەقشەقە بە جۆلانەکەیەوە یان سەرسەریەوە هەڵبواسە تا بتوانێت دەستیان بۆ درێژ بکات.

*کارێک بکە هەستە جۆربەجۆرەکانی ئەزمون بکات کاتی گەرماو کردن دەستی بخە بەر ئاوەکە، شتی جۆراو جۆری بخەناو دەستی.

گەشەی دەست و پەنجەی منداڵ لە چوارمانگیدا

منداڵەکەتان هەنگاو بەهەنگاو کۆنتڕۆڵی دەست و قاچی دەگرێتە دەست، دەست و پێکانی دەدات بەیەکداو قاچ دەخاتە سەر قاچ بە ڕاکشانەوە،  دەست و قاچی لە دۆشەک و سەرینەکەی گیر دەکات، دەتووانێ شەق شەقە لێبدات، بەڵام ناتوانێت لە زەوی هەڵیگرێتەوە، جل و پەتۆکەی دەخاتە سەرچاوی بەناوی یاری کردنەوە.

چۆن دەتوانیت هاوکاری بکەیت؟

*کاتێک ڕاتکێشاوە شتی سەرنج ڕاکێشی لەبەر دەم دانێ با دەستیان بۆ درێژ بکات.

*کاتێک دەستی درێژ کرد بۆ شتێک یارمەتی بدە ئەو شتە بگرێت با هەست بەسەرکەوتن بکات، لەوکاتەدا بۆی پێبکەنە ئەویش پێدەکەنێت، ” هەندێک کەس شتەکەی لێدور دەکەنەوە بۆ ئەوەی زیاتر هەوڵ بدات، بەڵام ئەمە هەڵەیەو هەست بە شکست دەکات.”

*چەپڵە بەدەستەکانی لێبدە دڵی پێی خۆش دەبێت و هان دەدرێت.

گەشەی دەست و پەنجەی منداڵ لە پێنج مانگیدا

منداڵەکەتان پەنجەی قاچی دۆزیوەتەوەو دەتوانێت پەنجە بخاتە دەمیەوە، لە کاتێکدا ئەو هەموو شتێک دەخاتە دەمیەوەو بەدەم هەست بە چۆنێتی شتەکان دەکات. ئەو بۆ شتە گەورەکان هەردوو دەستی درێژ دەکات، شتەکان بەناو لەپی دەست و لەلای پەنجە بچوکیەوە دەگرێت، منداڵەکەتان هەرچیەکی لەدەور بێت دەستی بۆ درێژ دەکات، حەزی لە پەرت کردنی کلێنس و کاغەزە.

چۆن دەتوانی هاوکاری بکەیت؟

*بۆ هاندانی منداڵەکەت کە پەنجەکانی ئازاد بکات یاری بەمە ئەڵێن توتە، …لەگەڵ بکە.

•     ڕێگەی لێمەگرە کاتێک پەنجەی قاچی دەخاتە دەمیەوە، بگرە یارمەتی بدە هەست بە پەنجەکانی قاچی بکات و یاری بەسەری پەنجەکانی بکە، چونکە سەری پەنجە هەستیار ترین شوێنی جەستەیەتی.

•     کلێنسی بدەرێ تا یاری پێ بکات  پارچە پارچەی بکات.

•     گرتن و پێدانی فێربکە، کاتی شیر خواردن دەست بۆ مەمە شیرەکەی دەبات، فێری بکە بتڵی شیرەکەی بگرێت و پاش تەواوبونی بتداتەوە.

گەشەی دەست و پەنجەی مداڵ لە شەش مانگیدا:

جوڵەکانی منداڵەکەت تەواوترو جوانتر بووە، فێری ئەوە بووە شتێک لەم دەستەوە بدات بەدەستەکەی تری، گەر شتێکی بەدەستەوە بوو هەڵی دەدات تا شتێکی تر هەڵگرێت. ئەو دەتوانێت بتڵی شیرەکەی ڕاگرێت.

چۆن دەتوانی هاوکاری بکەیت؟

•     بۆ بەهێزکردنی پەنجەکانی خۆراکی جۆراو جۆری لەبەر دانی تا بتوانێت بە پەنجەی بیخوات، وەک سەمون و نان.

•     بۆئەوەی فێر بێت خۆی خواردن بخوات و وردە وردە فێری کەوچک گرتنی بکە.

•     فێری بکە چۆن شت لەم دەستەوە دەدەیت بەو دەستەی تر.

•     فێری خۆراکیە دەستیەکانی بکە، وەک ، نان و بسکیت و پەنیر کەخۆی هەڵیبگرێت بەبێ یارمەتی گەورەکان.

گەشەی دەست و پەنجەی منداڵ لە حەوتەم مانگی تەمەنیدا:

منداڵەکەتان شتەکان باشتر دەگرێت و بۆ دەست گەشتنی شتەکان پەنجە درێژ دەکات ، ئەو ئێستا دەتوانێت شتەکان  دەست بەدەست بکات. کاتێک دەیەوێت شتێک هەڵگرێت، ئەو شتەی کەلەدەستەکەی تریدایە دەهێڵێتەوەو ئەوەی تریش هەڵدەگرێت. یاریەکانی لەسەر مێز دادەنێت، بەوریای زۆرترەوە بەکەوچک شت دەخوات، دەتوانێت خۆراکی دەستی وەک نان و بسکیت بەتەنها بخوات.

چۆن دەتوانی هاوکاری بکەیت؟

•     قاپە چێشتەکەی بخە بەردەمی با بەتەنها نان بخوات و سەربەخۆ بێت و بەپەنجەکانی نان بخوات.

•     خۆراکەکەی بۆ پارچە پارچە ی بچوک بکە بۆ ئەو ئاسانترە هەڵگرتنی.

•     هاوکاری منداڵەکەت بکە بە سروشتی خۆی پێشڕەوی بکات بە هەر جۆرێک دڵی پێی خۆشە نان بخوات.

گەشەی دەست و پەنجەی منداڵ لە هەشت مانگی تەمەنیدا:

منداڵەکەتان لە دەنگی بەیەکدادانی شتەکانی دەستی لەزەت دەبات، جوڵەکانی وردتر بووە دەتوانێت کاغەز پارچە پارچە بکات،  دەتوانێت شتەکان توند لەدەستیا بهێڵێتەوە.

چن دەتوانی هاوکاری منداڵەکەت بکەیت؟

•     لێگەڕێ منداڵەکەت دەنگ و هەرا بنێتەوە بەکەوچک و قابلەمەو بەیەکا کێشانی یاریەکانی.

•     یاری میکانۆی لەگەڵ بکە بتوانێت دو چوارگۆشە بخاتە سەریەک، دەشتوانێت ئەم کارە بکات.

•     کەلوپەلی ستیل و دارو فافۆن و تەپڵ بخە بەردەستی یاریان پێ بکات.

گەشەی دەست و پەنجەی منداڵ لە نۆهەم مانکی تەمەنیدا:

جوڵەی منداڵەکەت وردتربوەو کەمتر شتەکان دەبات بۆناو دەمی، کەم کەم دەتوانێت بە پەنجەی ئیشارەت ئاماژە بکات، دەتوانێت بنوشتێتەوە بۆ پێشەوەو شتە جیاوازەکان بەقەبارەی جیاواز هەڵبگرێتەوە، دەتوانێت دوو چوارگۆشە بەیەکەوە بگرێت، هەوڵی بەراوردکردنی شتەکان دەدات، هەوڵ دەدات شتە بچوکەکان بە پەنجە هەڵبگرێتەوە.

چۆن دەتوانیت هاوکاری بکەیت؟

•     بەخستنە سەر چوارگۆشەکان و لەپاڵ یەک دانانیان پشانی منداڵەکەت دەدەیت کە ئەندازەو قەبارەی ئەوان وەک یەک وایە.

•     یاری ئاماژەو هێماکانی لەگەڵ بکە، وەک ئەوەی میکانۆ لەیەک چوەکان لەلایەک و ڕەنگە جیاکان لەلایەک.

•     ئەو خۆراکانەی بۆ دروستبکە کە کوتە کوتی بچوکەو منداڵەکەت دەتوانێت بە پەنجە هەڵی بگرێت.

گەشەی دەست و پەنجەی منداڵ لە دەهەم مانگی تەمەنیدا:

منداڵەکەتان دەتوانێت شتە بچوکەکان بە پەنجەی دۆشاو مژەو ئەسپێ کوژە هەڵبگرێتەوە لە زەوی، کە نیشانەی گەورە بونیەتی، پەنجەی شایەتمانی بەڕەو ڕووی شتەکان درێژ دەکات، دەتوانێت بەئەنقەست شتەکان بەربدات، دەتوانێت بورجی دوو چوارگۆشەیی دروستبکات، چالاکانە دەنگەدەنگ لە یاریەکانی هەڵدەستێنێت و لێیان وورد دەبێتەوە، لە دەنگی مۆسیقاو زەنگۆڵەکان دەکۆڵێتەوە.

چۆن دەتوانی هاوکاری بکەیت؟

•     فێری فڕێدان و هەڵدانی تۆپی بکە، داینیشێنە تۆپ هەڵدەرە  بەردەمی با فێربێت بۆت هەڵبداتەوە.

•     پیشانی بدە چۆن شتی بچوک دەخەیتە ناو سەتڵی گەورەوە، یان کاتێک شتەکانی ناوی هەڵدەڕژیت، بەچاولێکردنی تۆ خۆی لاپەسەند دەبێت.

گەشەی دەست و پەنجەی منداڵ لە یانزەهەم مانگی تەمەنیدا:

منداڵەکەتان بەئاسانی دەتوانێت شتەکان ڕەها بکات و کاتێکی زۆرتر خۆی سەرقاڵ بکات بە خستنە ناو قاپ و سەتڵ هەروەها دەرهێنانەوەیان. گەر شتێکی لەبەردەمیا بوو دەتوانێت هەڵیگرێت و بیدات بە ئێوەو بەرەو ئێوە دەست ڕاکێشێت، حەزدەکات چەپڵە لێبدات.

چۆن دەتوانی هاکاری بکەیت؟

•     بەردانی شتەکان جوڵەیەکە کە کۆنتڕۆڵ کردنی بۆ میشکی منداڵ دژوارە، بۆیە پێویستی بە ڕاهێنان هەیە. کەمێک زیاد فێری بکە شتەکان بخاتە ناو شتی ترەوەو دوبارە دەریان بێنێتەوە، ئەویش بەخستنە بەردەستی سەبەتەو قوتو میکانۆو کەلوپەلی چێشتخانە.

•     فێری یاری کردنی وەرگرتن و دانەوەی شتەکانی بکە لەنێوان خوت و ئەودا.

گەشەی دەست و پەنجەی منداڵ لە دوانزەهەم مانگی تەمەنیدا تا یەک ساڵی

لەم تەمەنەدا منداڵ دەتوانێت بە ویستی خۆی شتەکان هەڵبدات، ئەو ئیتر هەموو شتەکان ناخاتە دەمیەوە، هەروەها هەوڵ دەدات دو چوارگۆشە بەیەک دەست بگیرێت.

چۆن دەتوانیت هاوکاری بکەیت؟

•     بۆ ئەوەی دوو چوارگۆشە لەدەستیدا ڕابگرێت، دوو چوارگۆشە بخە ناو دەستی بزانە تاچەند دەتوانێت ڕاگیری بکات.

•     هانی بدە خۆراکی زۆرتر بە کەوچک بخوات.

گەشەی دەست و پەنجەی منداڵ لە یەک ساڵی تا سیانزە مانگی:

منداڵەکەتان هەرچەند خۆراک بەتەنها بخوات کەمتر دەیڕێژێت،  دەتوانێت دەستی وەرچەرخێنێت تا بتوانێت خۆراکەکەی بخاتە ناو دەمی، ئەو لە هەڵدانی شتەکان لەزەت دەبات، دەتوانێت قەڵەم بەدەستەوە بگرێت، خەت بکێشێت. دەتوانێت دوو چوارگۆشە بەیەک دەست هەڵگرێت، دەتوانێت بورجی دوو چوارگۆشەیی دروستبکات.

چۆن دەتوانیت هاوکاری بکەیت؟

•     بۆئەوەی توشی سەریەشەی چێشت ڕشتن نەبی تەنها چێشتە کەم شلەکان لەبەردەمی دانێ بەتەنها خۆی بیخوات، بۆ شلە پێویست دەکات تۆ یارمەتی بدەیت.

•     قەڵەمی ڕەنگاو ڕەنگ و کاغەز لەبەر دەمی دانێ، تا بتوانێت هێڵ بکێشێت، دەتوانی کاغەزەکە لەپاش ئەو هەڵبواسی بە دیوارەکەوە کە بیبینێت.

•     ئەگەر چێشتی توند وەک برنج و ساوەرو نۆک ئەم شتانەی کە شلە نین لەبەردەمی دانێی خۆی بیخوات، زۆرتر متمانەی بەخۆی دەبێت نان بخوات.

گەشەی دەست و پەنجەی منداڵ لە پانزە مانگیدا:

منداڵەکەتان دەتوانێت کوپ یان پەرداخێک هەڵگرێت و نەیشکێنێت و لێی بخواتەوە، بەبێ ئەوەی زۆر لێی بڕژێت لەسەر زەوی دایبنێت، دەتوانێت بەکەوچک شت بخوات بەبێ ئەوەی شت زۆر بڕژێت، دەتوانێت بورج دروستکات بەسێ چوارگۆشە،  هەوڵ دەدات پەڕەی کتێبەکان هەڵبداتەوە، هەندێ لە جلەکان لەبەر دەکات.

چۆن دەتوانی هاوکاری بکەیت؟

•     ڕاهێنانی زۆری پێ بکە لەدروستکردنی بورجدا.

•     کتیبی گەورەی پێ بدە فێری بکە چۆن پەڕەکانی هەڵبداتەوە.

•     کاتێک هەوڵ دەدات جلەکانی لەبەر بکات ئارامت هەبێ پەلەی لێ مەکە لەکاتی پۆشینی کڵاو گۆرەوی پێڵاو.

•     لەگەڵ ئەودا تەپڵ لێبدە، پیانۆ بژەنە.

گەشەی دەست و پەنجەی منداڵ لە تەمەنی ساڵێک و شەش مانگیدا:

لەگەڵ چەندەها جوڵەی جوانتری منداڵەکەتان ئێستا دەتوانێت پەڕەی کتێب هەڵبداتەوە، هەرچەند پەڕەیەک و دوان و سیان بەیەکەوە هەڵدەداتەوە، حەزی زۆر لە قۆپچەو دوگمەو ئەم جۆرە شتانەیە، دەتوانێت سەربەخۆ خۆراک بخوات، شلەمەنی لەکوپدا دەخواتەوە، بەبێ ئەوەی بیڕێژێت، هێشتا هەر لەزەت لە وێنەکێشان دەبینێت.

چۆن دەتوانیت هاوکار بکەیت؟

•     کۆنتڕۆڵکردنی جوڵە بۆ شتە پێچدارەکان سەختە بۆ ماسولکەو مێشکی بۆیە ڕاهێنانی زۆری پێ بکە وەک ئەو دوگمانەی بە هێز کاردەکەن، یان قۆپچەو …هتد.

•     قەڵەم بۆیەو پاستیل و کاغەز لەبەر دەمیدا دابنێ.

•     کاری دەستی لەبەردەم دانێ وەک سوڕانەوە، داخستن کردنەوە، ژمارەگرتن، یاری فکری .

گەشەی دەست و پەنجەی منداڵ لە تەمەنی دوساڵیدا:

•     لەم تەمەنەدا منداڵەکەتان دەتوانێت پەڕەی کتێب یەکە یەکە هەڵبداتەوە، دەتوانێت گۆرەوی و پێڵاو دەست کێش لە دەست بکات، دەتوانێت دەسکی دەرگا بکاتەوە، دەتوانێت قۆپچە بکاتەوەو دایخات، وێنەی ڕونتر بکێشێت، بورجی چوار چوارگۆشەیی درووست بکات.

چۆن دەتوانی هاوکاری بکەیت؟

•     خۆگۆڕینی منداڵ جوڵەگەلێکی پێشکەوتنە بۆ منداڵ، ڕێگە بدە خۆی جلەکان هەڵبژێرێت و خۆشی لەبەری بکات، بەتایبەتی ئەگەر دوگمەو قۆپچەی هەبوو بەفشار دابخرێن، بەڵام بۆ پانتۆڵ باشترە قۆپچەو زنجیری نەبێت و لاستیک بێت.ئەو یاریانەی بۆ فەراهەم بکە کە دووجوتە لەیەک دەچن لە ئەندازەو ڕەنگدا، وەک میکانۆ. ئەگەر ڕێگەی بدەی خۆی خۆی بگۆڕێت، دەبینی هانی دەدەیت لەسەر گەشەی باشتری پەنجەی.

گەشەی دەست و پەنجەی منداڵ لە دووساڵ و نیویدا:

منداڵەکەتان دەتوانێت بە میکانۆکانی تەزبیح دروستبکات و بیان کاتە پەتەوەو پەتەکەشیان لەکۆتایدا گرێ بدات، منداڵەکەتان دەتوانێت پانتۆڵ و فانیلەو کراسەکەی لەبەر بکات و، وێنەکانی عەقڵانی تر دەبن، هەروەها دەتوانێت بورجی هەشت چوارگۆشەیی دروستبکات.

چۆن دەتوانیت هاوکاری بکەیت؟

•     هانی منداڵەکەتان بدە بە میکانۆی قورستر بورج دروستبکات نەک تەنها بە چوارگۆشە.

•     سێ پایەیەی وێنەکێشانی بۆ بکڕە لەگەڵ کۆمەڵێ بۆیەی جوان و کاغەز با بتوانێت خۆشتر وێنە بکێشێت و وێنەکانی هەڵبواسە.

گەشەی دەست و پەنجەی منداڵ لەتەمەنی سێ ساڵیدا:

ئێستا منداڵەکەتان وێنەی عەقڵای تر دەکێشێت و دەتوانێت تەواوی جلەکانی لەبەر بکات و داکەنێت، بورجی نۆ چوارگۆشەی دروستکات، هەروەها دەتوانێت سود ببینێت لە مقەست و بەکاری بهێنێت، کە ئەمە جوڵەیەکە دەری دەخات کە هەماهەنگی هەیە لە نێوان مێشکی و ماسولکەیدا، کە زۆر گرنگە.

چۆن دەتوانی هوکاری بکەیت؟

•     کارگەلێک بە منداڵەکەت بدە کە توانای گۆڕانکاری تیا هەبێت.

•     شێوەی جۆراو جۆری بدەرێ پێی بڵێ کە ڕەنگیان بکات و لە هێڵەکانی وێنەکە نەیاتە دەرەوە.

•     مۆدێل و کاری دەستی سادەی فیربکە پێکەوە شت دروستبکەن. هەر لەیاری قوڕ و مورو، کاری کاغەز.

*یاریکردن و دروستکردنی بوکە دارینەو سەیارە دروستکردنی فیر بکە.

•     پێی بڵێ هاوکاریت بکات لەکاری ناوماڵدا کە پێویستی بە جوڵەی پەنجەکانە وەک سفرە کۆکردنەوەو قاپ دانان.

گەشەی دەست و پەنجەی منداڵ لە چوار ساڵی تەمەنیدا:

منداڵەکەتان دەتوانێت وەک ئەوەی فێرت کردوەو بە سەیرکردنی ئەو بازنەیە بکێشێت کە تۆش کێشاوتە، هەروەها  دەتوانێت دوو ڕاستەهێڵی هاوتەریب بکێشێت، هەرچەند کەموکورتی تیایە، جوڵەکانی جوانترو باشتر دەبن وەک سفرە ڕاخسن و دەست و دەموچاوشتن و ڕێکخستنی جێگا خەوەکەی و جلەکانی تا ڕادەیەکی زۆر پێش کەوتووە.

چۆن دەتوانیت هاوکاری بکەیت؟

•     وێنەیەکی سادە بکێشە  پاشان بە منداڵەکەت بڵێ بە جوانی پارچە پارچەیان کات و وەک خۆی پێکەوەیان بلکێنێت، وەک پازل.

•     بەڕێکەوتنی هەردوولاتان مەتەڵ و پازلی سادە دروستبکەن، دەشتوانی لە بازاڕ پازلی بۆ بکریت تابتوانێت پارچەیان بکات و پێکەوەیان بلکێنێت.

•     ناوی منداڵەکەتان لەسەر کارتۆنێک بنوسن و پێی بڵێ  کە بینوسێتەوە ئەگەر تاقەتی هەبوو، ئەم کارە ئامادە سازیە بۆ گرتنی قەڵەم.

•     مرۆڤێکی نیوە ناچڵ دروست بکەو بە منداڵەکەت بڵێ تەواوی بکات.

Check Also

خانمێک بۆ جوانکردنی ژیان خوڵقاوە

ئا: شادانخاتوو بەیان خانمێکی سەلار، دایکی شەش منداڵی پڕهێزو وزە و چالاک و خەمخۆری کۆمەڵگە، …

یەک کۆمێنت

  1. Think fast, play smart—win big in the online gaming arena. Hawkplay

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *