هه‌ینی , ئازار 29 2024
family, holidays and people concept - mother and happy little daughter playing with toy or gift box at home

گەشەی زهنی، لە یەکەم ڕۆژی منداڵی ساوا تا سێ ساڵی 

و: شانۆ عارف

لە زنجیرەی ڕابردوودا باسی ئەوەمان کرد کە دەمانەوێت گەشتێک بکەین بەناو جیهانی ورد و سەیرو پاکی منداڵدا، ئێستا باس لە یەکەم ڕۆژی لە ناو دنیادا تا تەمەنی سێ ساڵی دەكەین، سەرەتاش بەگەشەی زهنی دەست پێدەکەین:

-یەکەم ڕۆژی منداڵ لە ژیان

    منداڵە ساواکەتان هەر لەسەرەتاوە دەستدەکات بە تێگەشتن لە شتەکان، ڕۆژی یەکەم گوێی گرتووەو هۆشیارە، ڕۆژی سێهەم کە لە گەڵی قسە دەکەیت پەرچەکردار نیشاندەدات و نیگاکانی بە ئەنقەستە، ڕۆژی نۆهەم چاوەکانی بەرەو دەنگەکە دەگێڕێت، بەڵام لە ڕۆژی چواردەهەمدا دایکی خۆی دەناسێتەوە، لە ڕۆژی هەژدەهەمدا دەنگ دەردەهێنت و سەری بە ئاڕاستەی دەنگەکە دەسوڕێنێت، ڕۆژی بیست و چوارەم ئەو خاوەنی کومەڵێ دەنگی خۆیەتی، کاتێک دایکی قسەی لەگەڵ دەکات شێوەی دەمی خۆی دەگۆڕێت.

چۆن دەتوانی هاوکاری ساواکەت بکەیت؟

      بەتەواوی جوڵەو دەنگەکانی منداڵەکەت هەڵوێست وەرگرەو ڕێگە بدە دەمتان ببینێت، سەرو ڕوخساری خۆتان بە بیانوی سەلامکردن لێی زیاد بجوڵێنە.

منداڵی ساوا تا 20 تا25 سانتیمەتر بە ڕونی شت دەبینێت، لەبەرامبەردا کەلوپەلی ڕەنگی یان پەنجەتان لەو ماوەیەدا نیشان بدەن.

چۆن هەستەکانی دەجوڵێنیت؟

قسە لەگەڵ منداڵەکەت بکەو ئاوازی بۆ بخوێنە ئەو لە نزیکی خۆتەوە دابنێ و بیجوڵێنە، کەلوپەلەکان لە نزیکەوە نیشانی بدەو بابیبینێت.

-منداڵ لە قۆناغی ٤ هەفتەیدا واتا مانگێک

منداڵەکەتان لە چوار هەفتەییدا جوڵەکانی قسەکردن دەناسێتەوە، دەمی دەکاتەوەو دادەخاتەوە، ئەو ڕەفتاری بە ئاوازی دەنگت دەجوڵێنێت، ئەگەر بەئارامی قسەی لەگەڵ بکەیت بێدەنگ دەبێت، بەلام ئەگەر بە دەنگی بەرز قسەی لەگەڵ بکەیت هەراسان دەبێت.

چۆن دەتوانی یارمەتی منداڵە چوار هەفتەییەکەت بدەیت؟

*    پەیوەندی لەگەڵدا ببەستە بە ئاوازێکی سازگار قسەی لەگەڵدا بکە.

*لای لایەی بۆ بکەو زۆر بۆی بخەندە.

* پەیوەندی جەستەی لەگەڵدا ببەستەو دەستی لیبدەو هەڵیگرەو بیکەرە باوەشت و ڕایژەنە.

-منداڵ لە قۆناغی شەش هەفتەییدا واتا چلەی چوبێت

کاتێک قسەی لەگەڵ دەکەی زەردەخەنەی کورتتان بۆ دەکات، دەنگی کورت کە لەناو گەرویدایە دەردەبڕێت بۆتان.

چۆن دەتوانی یارمەتی بدەیت؟

*منداڵەکە لە نزیکەوە بەرەو ڕووی خۆتان نزیک ڕابگرن و چاوتان لەسەری ڕاگرن.

*    پەنجەکانت یان شەقشەقە لە نزیک دەموو چاویەوە پیشانی بدەن تا سەرنجی ڕاکێشن.

-منداڵ لە قۆناغی هەشت هەفتەی تەمەنیدا واتا دوو مانگی:

ئیستا منداڵەکەتان بە ئاسانی و دووبارە زەردەخەنە دەکات، ئەو بە سەیرکردنی ئەولایەی کە دەنگەکەی لێوە دێت یان جوڵەکەی لێوە دێت، ئاگاداربوونی خۆی نیشان دەدات، بەشتە جۆربەجۆرەکان سەرسامە وەک ئەوەی بیەوێت بەچاو بیان گرێت.

چۆن دەتوانیت هاوکاری بکەیت لەم قۆناغەدا کە دوومانگە؟

*    چواردەوری دۆشەکەکەی بە سەرین و شتی ڕەنگاو ڕەنگ بگرە باسەرنجی بڕوات بۆیان.

*شەقشەقەو ئاوێنەو شتی یاری نەرم و بچوک بکە بە جۆلانە یان بێشکەکەیەوە.

*    شعری منداڵانەی بۆ بخوێنە.

*    دەستەکانی خۆی نیشانبدە.

*    سەرینێک بخە پشتیەوە وەک نیوە دانیشتویەک کە ڕاکشاوە تا بتوانێت چواردەورەکەی خۆی ببینێت و، میکانۆو شتی ڕوناک و درەوشاوەی لەلا دابنێ.

-منداڵ لە قۆناغی ۱۲ هەفتەی تەمەنیدا، واتا  سێ مانگی

منداڵەکەتان دەستی کردووە بە درک کردن بەجەستەی خۆی، سەیری پەنجەکانی خۆی دەکات، بە خۆ ویستی دەیانجوڵێنێت، کاتێک قسەی لەگەڵ دەکەیت کاردانەوەی وەک سەرجوڵان زەردەخەنە، پەنجە جوڵان، دەنگ دەرهێنان، گروگاڵکردن، خۆشحاڵی خۆی نیشاندەدات و جەستەی خۆی دەخرۆشێنێت.

چۆن دەتوانی یارمەتی منداڵە کەت بدەیت؟

*بەتەواوی ڕەفتارەکانی ساواکەت وەڵام بدەرەوەو نمایشی بۆ بکە.

*شعری منداڵانەی بە دەنگ و نمایشەوە بۆ بڵێ.

*    یاری جەستەی وەک نوشتانەوەی ئەژنۆو دەست گرتن و بڵاوکردنەوەی پەلەکان و هەڵپەڕاندنی پێبکە.

*یاری بچوک و نەرم بدە بەدەستیەوە تا بتوڵنێت بیانگرێت.

*    دەستی خۆتی نیشانبدە، تەواوی جوڵەو دەنگی منداڵەکەت وەلام بدەرەوە بەخۆشحاڵیەوە پیشانی بدە.

-منداڵ لە قۆناغێ ۱٦ هەفتەی تەمەنیدا، واتا چوارمانگی

حەپەساوی منداڵەکەتان ڕون و دیارە، ئەو بەیاری تازە، شوێنی تازە، کەسی تازەو هەستی تازە، پەیپێدەبات. هەروەها شت و شوێن دەناسێتەوە کارە هەمیشەییەکان دەرکدەکات. ئەو بەبینینی سنگی دایکی، یان بتڵی شیر دڵخۆش دەبێت، کەمکەم خۆشە دەبێت و سەیری چوار دەورەکەی دەکات.

چۆن دەتوانی یارمەتی بدەیت؟

*    خۆشەبوونی و ڕوخۆشی بۆ ئەو سەرگەرمیە، زەردەخەنەو یاری تیایدا بەهێز بکەن.

*    لەیاریەکانیەوە شت فێردەبێت، بۆیە باشترە ڕەنگ و جۆرو شێوەی جۆراوجۆربن و دەنگیشیان لەگەڵدا بیت.

*    سود وەرگرە لە حەپەسانەکەی ئەویش بەوەی هەرشتێک دەبینێت قسەی لەسەر بکە لەگەڵی.

-منداڵ لە قۆناغی ۲۰ هەفتەییدا واتا ٥مانگی

منداڵەکەتان حەز بە یاریکردن دەکات، بەتایبەت یاری ئاو لە حەمامدا، هەروەها کاتی زۆرتر بەسەردەبات بۆ ناسینی شتەکانی چواردەوری، ئەو لەبەرانبەر ئاوێنە زەردەخەنە نیشان دەدات بە خۆی، سەری بەئاڕاستەی دەنگ دەجوڵێنێت، دەست و قاچی بۆ ڕاکێشانی سەرنج ڕادەوەشێنێت، ناز و نیازی شوشە شیرەکەی خۆی دەکات.

چۆن دەتوانی یارمەتی بدەیت؟

* ئێوە مەڵبەندی هاوکاری و ئاسایشی منداڵەکەتانن، بۆ ئەوەی بە منداڵەکەتان بڵێیت سەرنجی منت ڕاکێشاوە، کاتیک کە دەست و پێی دەجوڵێنێت ئێوەش وەڵامی بدەنەوەو بە زەردەخەنە یان پەیوەندی چاوەکان، یان دەستگرتن یان هەڵپەڕاندن یان ئاواز خوێندن یان بە باوەشگرتن وەڵامی بدەنەوە.

* کەسانی غەریبەی پێبناسێنە.

* تا دەتوانی بەناوی خۆیەوە بانگی بکە.

* تا دەتوانی یاری لەگەڵ بکەو چاوشارکێی لەگەڵ بکە.

* تا دەتوانی بۆی پێبکەنە.

-منداڵ لە قۆناغی ۲٤ هەفتەییدا واتا شەش مانگی

ساواکەتان بەدەنگە جیاوازەکان تێبینی دەکات، کاتێک گوێی لەدەنگی پێی کەسێک دەبێت هەیەجان دەیگرێت، دەستانی بەرز دەکاتەوە تا هەڵی بگرن، ئەو بە بینینی خۆی لەبەر ئاوێنە دەکەوێتە قسەکردن و پێ دەکەنێت، کەم کەمە لەکەسە

نەناسراوەکان شەرم دەکات، دەشگونجێ بترسێت، خۆشی دێت لەهەندێ خواردن و ڕقی لە هەندێک دەبێتەوە.

چۆن دەتوانی هاوکاری بکەیت؟

*یاری خۆشاردنەوەی لەگەڵ بکە، هەروەها یاریەکانی لێوەرگرەو بیدەرەوە.

*بەردەوام بەناوی خۆی بانگی بکە.

* کاتێک منداڵەکەت داوات دەکات، کارێک بکە کە بزانێت بۆلای ئەڕۆیت و بەدەمیەوە دێییت.

-منداڵ لە قۆناغی ۲٨ هەفتەی تەمەنیدا، واتا حەوت مانگی

منداڵ دەست دەکات بە گروگاڵ و دەنگ دەردەبرێت کە شایەنی تێگەشتنە، ناوی خۆی دەناسێتەوەو دەست درێژ دەکات تا لە باوەشی بکەیت، سەربەخۆی خۆی وەک ئەوەی هەوڵدەدات خۆی نانبخوات نیشاندەدات، دەستدەکات بەلاسایی کردنەوەی ئەوکارانەی کە دەیبینێت.

چۆن دەتوانی هاوکاری بکەیت؟

* خۆی نیشانبدە لە ئاوێنەداو بانگی ناوەکەی بکە تا وێنای خۆی بکات، “ئەوە محمدە، ئەوە تۆیت”.

* ئەو دەنگانەی کە دەری دەبرێ وەک ” با، دا، نا ،م، ک” لەدوایەوە بڵێرەوه.

* ئەو خواردنانەی کە دەتوانێ بیخوات بە پەنجە، هانیبدە لەسەری.

-منداڵ لە قۆناغی ۳۲ هەفتەییدا، واتا هەشت مانگیدا

 منداڵەکەتان هەستی بە مانای هەنێ وشە کردووە، دەزانێ ” نە” یانی چی، نیشانەکانی ئیرادەو بریاردان دەنوێنێت وەک ئەوەی کاتێک یاریەکی لەدەست دەپەڕێت دەڕوات دەیهێنێتەوە، حەزی زۆری لە یاریەو قوڵتر تەرکیز دەکاتە سەرییان و ئەویاریانەی کە هەڵیداون بەدوایاندا دەگەڕێت.

چۆن دەتوانیت هاوکاری بکەیت؟

* زۆر یاری لەگەڵ بکەو قاپێ ئاوی بدەرێ با پریکات و خاڵی کاتەوە.

* یاریەکانی کەمێک دوور دانێ باهەرکات ویستی بڕوت هەڵییان بژێرێت.

* هەندێ یاری کە بە جەستە دەکرێت بدەرێ وەک تۆپ.

* بهێڵە خۆی نانبخوات با هەستی سەربەخۆیی بەهێزبێت.

*هەندێ لە کەلوپەلەکانی ماڵ و ئەو یاریانەی کە بە ئاودەکرێن بخەرە بەردەستی بەتایبەت کاتێک دەیبەیتە گەرماو.

-منداڵ لە قۆناغی ۳٦ هەفتەییدا واتا نۆ مانگی

منداڵەکەتان یاری و ئاوازەکان دەناسێتەوە لە کاتی خۆیدا پێدەکەنێت، دەتوانێت جوڵەکان پێشبینی بکات، کاتێک ناوی دەهێنیت سەر دەسوڕێنێت دەستەکانی درێژدەکات تا بۆی بشۆیت، بەڵام خۆشی نایە لە لفکەی گەرماو.

چۆن دەتوانی هوکاری بکەیت؟

* کارەکانی ڕۆژانەی بۆجێبهێڵە با تێبگات ژیانی ڕۆژانەی بەو شێوەیەیە. بۆ نمونە کاتی نانخواردن دەڵێین “کاتی نانخواردنە، ئێستا دایە سوپێکی خۆشت دەداتێ، تۆش بە عاقڵی دانیشە باشە، وەی چەند خۆشە، ئمممم”.

*یاریە دەنگدارەکانی بدەرێ. هەروەها ڕێگە بدە بە کەلوپەلی چێشتخانە کە مەترسی نیە یاری بکات.

* کارەکانی ڕۆژانەی بۆ ڕونبکەرەوە بە زمان وەک کاتی نانخواردن و حەمام و دایبی گۆڕین و خەوتن.

-منداڵ لە قۆناغی ٤۰ هەفتەییدا واتا ۱۰ مانگی

   منداڵەکەتان لە حاڵەتی ئاشنابونە بەشتەکانی ڕۆژانە وەک بای بای کردن، گۆرەوی لەپێکردن بە حسابی خۆی، دەزانێت بوکەشوشە چیەو نازی دەداتێ، حەزی لە گۆرانیە، بەدوای یاریەکانیدا دەگەڕێت لە کوچەو کەنار، ئەگەر بڵێی بابە کوانێ بەدوایدا دەگەڕێت.

چۆن دەتوانی هاوکاری بکەیت؟

*ئەو یاریانەی کە دەنگیان هەیە یان موسیقادارن بیخەبەردەستی.

* بوکەشوشەیەکی وەک منداڵی ساوا بدەرێ لەبەرچاوی جلەکانی بگۆڕە.

* خستنە ناو و دەرهێنانی یاریەکانی لەناو سەتڵ و عەلاگە نیشان بدە، بۆ بەهێزی یادگەی بەسودە.

* کەم کەمە کتێبی منداڵانەی جوانی ڕەنگاوڕەنگ لەبەردەمیدا بخوێنە بەتایبەت کاتی خەو.

-منداڵ لە قۆناغی ٤٤ هەفتەییدا واتا ۱۱مانگی

   منداڵەکەتان دەتوانێ یەک وشەی جێی تێگەشتن بڵێت، ئەو دەتوانێ هەندێ شتان لە کتێبەکان پێنیشان بدات بەڵام بە ماوەیەکی کەم دەتوانێ تەرکیزی بخاتە سەر. ئەو هەمیشە یارییەکانی دەردەهێنێت و بڵاوییان دەکاتەوەو بەشوێنیاندا دەگەڕێت. وردە وردە ناوەوەو دەرەوەی عەرەبانەکەی تێدەکات.

چۆن دەتوانی هاوکاری بکەیت؟

* کتیب گۆڤاری منداڵانەی جیاوازی بۆبخوێنەوە.

* هەڵبدە یەک چیرۆکی سادەی بۆ بخوێنەوە بۆ هاوسەنگی تەرکیزی.

* فێری چەپڵەی بکە.

* میکانۆکانی بۆ بخەسەریەک و هەموویان بخەو بەزمانیش بۆی ڕونبکەرەوە.

* شێوەو ڕەنگە جۆربەجۆرەکانی پیشانبدەو ناویان بهێنە، دەتوانی لە گۆڤارێکدا دەریبهێنی و بیبریت.

-منداڵ لە قۆناغی ٤٨ هەفتەییدا، واتا ۱۲ مانگی

منداڵەکەتان زۆر حەزی لە کتیبەو حەزدەکات شتەجۆربەجۆرەکانی ناو کتیبەکە ببینێت، ناوی خۆی دووبارە دەکاتەوەو حەزی لە گاڵتەیەو هەمیشە ئامادەی پێکەنینە بۆ ئەوەی ئێوە پێبکەنن. دەزانێت سەری خۆی بجوڵێنێت بڵێت نانا.

چۆن دەتوانی هاوکاری بکەیت؟

* ناوی بەشەکانی جەستەو شوێنەکانیان بڵێ بەمنداڵەکەت دووبارەی بکەرەو، هەوڵبدە کارێک بکەیت لاسایت بکاتەوەو هەمیشە هانیبدە بەچەپلەو ئافەرین.

* چیرۆکی بۆبگیڕەوە کە تیایدا باسی کارەکانی ڕۆژانەی ئەوی تیادا ڕونکەیتەوە، وەک شیرخواردن خەوتن گەرماو…هتد.

* هاوکاری بکە لاسایت بکاتەوە. پەنجەی بخەرە سەر لوتت بڵێ ئەمە لوتی دایەیە.

–     منداڵ دوای یەکساڵی

منداڵەکەتان ماچکردن دەزانێت و دەزانێت کۆمەڵە هەستێک لە خۆیدا نمایشبکات، دەتوانێت بوکەکەی یان تۆپەکەی بەرزبکاتەوە، بیدات بە ئێوە، ئەو دوسێ وشە بە ماناوە دەزانێت، دەتوانێ شتێک لە کتێب بدۆزێتەوەو نیشانتان بدات، ئەو دەست دەکات بە پرسیارە سادەکانی.

چۆن دەتوانی هاوکاری بکەیت؟

* بۆ بەهێزکردنی خەیاڵ و یادگەو زهنی چیرۆکی سادەی بۆ بگێڕەوە، بەتایبەت چیرۆکی ئاژەڵان و بێچوەکانیان لەگەڵ دەنگەجۆراوجۆرەکان لەزەت بەخشە.

* هانیبدە کاتێک خۆشەویستی دەکات لەگەڵ یاریەکانی، یان کاتێک ماچی دایکی دەکات یان باوەش دەکات بەباوکیدا.

* کارەکانی خۆی هاوڕا بەنیشاندان ڕونبکەرەوە، وەک پێڵاو لە پێکردن و گۆرەوی داکەندن.

-منداڵ لە قۆناغی ۱٥ مانگی تەمەنیدا واتا ساڵێک سێ مانگ

منداڵە نۆ پێچکەکەتان هەنێ لە ئەندامەکانی جەستەی و هەندێ لە

  شتەکانی کتیبەکان دەناسێتەوە، دەتوانێت دەنگی هەندێ لە ئاژەڵەکان دەربهێنێت، گەر ویستی بێت دەتوانێ جلەکانی داکەنێت، شتەسادەکان هەڵدەگرێت و بۆتانی دێنێت، بە دەنگی میاو میاو کاردانەوەی دەبێت چی لە پشیلەی ڕاستی یان دەنگی مرۆڤ.

چۆن دەتوانی هاوکاری بکەیت ؟

* هاوکاری بکە لەکاری بچوک و سادەیی ڕۆژانە کە فێربێت وەک خستنە شوێنی خۆی یاریەکان.

*هاوکاری بکە قسە بکات.

* خاوەندارێتی فێربکە وەک ” ئەو تۆپە هی تۆیە، ئەو تۆپەییان هی براكەتە”.

* یارمەتیبدە هاوکاریت بکات وەک سۆندە گرتن و قاپ هێنان…هتد.

-منداڵ لە قۆناغی ۱٨ مانگیدا واتا ساڵێک و شەش مانگیدا

   منداڵەکەتان چەند دانە شێوە لێک جیادەکاتەوە لەسەر ڕووی گۆڤار ئەکەر ناویان بهێنی نیشانت دەدات، لەوانەیە بتوانێت هەندێ یاری سادە ئەنجامبدات و هەوڵدەدات کارەکانتان لاسایی بکاتەوە، یادگەی باشتر دەبێت، بۆنمونە “بڕۆ بوکە ورچەکەتم بۆ بێنە”.

چۆن دەتوانی هاوکاری بکەیت؟

* گەشەی زمانی پەیوەندی هەیە بە یادگەو درکی ئەوەوە، ئەویش دەبێت هانبدرێت لە ڕێگەی دووبارە کردنەوەو هاندانەوە.

*ئەو بە ڕاناوە کەسیەکان ئاشنا بکە وەک “دەستم بگرە، دەستتم بدەرێ”.

*شێوە سادەکانی فێر بکە وەک ” سۆفیا یەک سێوی خڕی هەیە”.

-منداڵ لە قۆناغی ۲۱ مانگیدا واتا ساڵێک و نۆ مانگ

منداڵەکەتان دەتوانێت خواردن و خواردنەوەو یاری و چون بۆ سەرئاوو ئەمشتانە بزانێت، وردە وردە یاری قورستریش فێردەبێت وەک شانە کردنی قژ.

چۆن دەتوانی هاوکاری بکەیت؟

* تایبەتیەکانی هەمووشتێکی بۆ باسبکە، وەک باڵندەکان دەفڕن، ئۆتۆمبێلەکان تایەیان هەیە بە شەقامدا دەڕۆن، تۆپ خڕە…هتد.

*ڕەنگی تەواوی شتەکان بڵێ.

* شتە دژەکان ئاشنای بکە سارد گەرم، خۆش ناخۆش.

* فێری ژماردنی بکە سەرەتا بە پەنجەکانی خۆی.

* سیفاتی شتەکانی فێربکە، کاتێک شتێکی دەدەیتێ پێی بڵێ زبرە یان لوس، ڕەنکی چۆنە و ئادەی دەنگەکەی بڵێرەوە.

_مندڵ لەقۆنافی دووساڵی تەمەنیدا

  گەنجینەی ناو و ڕەنگی شتەکان لە مێشکی منداڵەکەتاندا بە خێرای زیاد دەکات، دەتوانێ تایبەتمەندیەکانی شتەکان ڕونکاتەوە و بیانناسێنێت و هەندێ کاری ئاڵۆزبکات و بەبێ وەستان قسەبکات و بشپرسێت.

چۆن دەتوانی هاوکاری بکەیت؟

* نیشانیبدە چۆن سود لە هەنێ شت وەردەگیرێت وەک چەکوش و دەرنەفیز.

* بەمنداڵانی تری بناسێنە، بەڵام ناچاری مەکە یارییان لەگەڵ بکات.

*قەڵەم و بۆیەی بدەرێ وێنە بکێشێت.

* چیرۆکی درێژ ترو خەیاڵاوی تری بۆ بخوێنەرەوە.

* پەیوەندی لەگەڵ ئاوازو گۆرانی منداڵانە بۆ دروست بکە.

* میکانۆ و سندوق و پازڵ بخەبەردەستی تا هۆشی گەشە بسێنێت.

_منداڵ لەقۆناغی دووساڵ و نیویدا

منداڵەکەتان تەواوکاری فێربووە لە زانینی شتەکاندا وەک، ئەسپ دەمێکی درێژی هەیە، دەتوانی دوو تا سێ شعر بڵێت، ڕەنکی زۆرتر فێربووەو چەند ژمارە دەزانێت و دەتوانێ تا سێ بژمێرێت، دەستی کردووە بە بۆچی وتن و دەتوانێت بڵێ ناخۆم، ناتوانم ، نایکەم بڵێت.

چۆن دەتوانیت هاوکاری بکەیت؟

* هاوکاری بکە یاریەکانی بژمێرێت، وەک ژماردنی تۆپەکانی، یان کراسەکانی، یان کێکەکانی.

* زیاتر ئاشنای وردەکاریەکانی بکە

* ڕوداوەکانی بۆ باسبکە بۆ بەهیزبونی یادگەی.

-منداڵ لەقۆناغی سێ ساڵیدا

منداڵەکەتان بێ وەستان دەپرسێت، کێ؟ چۆن؟ چی؟ کەی؟ لەکوێ؟ دەتوانێت تا دە بژمێرێت، بە میکانۆکانی شتی ئاڵۆز دروست بکات. دەتوانێت جلی بوکەکەی بگۆڕێت و یاری کە لە ژیانی ڕاستیدا هەیە حەز لێدەکات وەک مامۆستایان و دکتۆرەکان…هتد. یادگەیەکی باشی هەیەو شتی ڕابردووی لە بیرەو ئاگاداری ڕەگەزەکەیەتی.

چۆن دەتوانیت هاوکاری بکەیت؟

*ئەوکارانەی پەیوەندی بە یادگەوە هەیە بیری بێنەوە، بۆنموونه  ئەو ڕۆژە ڕۆیشتین بۆ پارک بیرتە؟.

*ئەوکارانەی تیایدا کێشەی هەیە پێی بڵێ کەدەتوانم هاوکاریت بکەم و ئەنجام دانەکەی فێربکە.

*چیرۆکی بۆ باسبکە کە پاڵەوانەکە ئەو بێت.

*وێنای بۆ خۆی بەهێز بکە، لەڕێگەی هەوڵدان بۆ سەربەخۆبون و بریاردان و کارەکانیەوە، هەندێجار داوای لێبکە خۆی خۆی بگۆڕێت و نانی خۆی بخوات.

سەرچاوە:

 کتێبی “همە کودکان تیز هوشن اگر” لە نوسینی د.میریام استاپرد. چاپی چواردەهەم

Check Also

فرمێسكه‌كانى ڕۆمانه‌كه‌ى (مامۆستا كامیل)

به‌شی دووه‌مئاماده‌كردنى : به‌هره‌ عبدالله حمه‌تۆفیقڕِۆژی چواره‌م كاكه‌م له‌ئۆردوگای (سه‌راب فه‌ش)ی نزیك شاری (كه‌نگاوه‌ر)ی سه‌ر …

2 کۆمێنت

  1. What’s up it’s me, I am also visiting this web page daily, this web
    site is really fastidious and the visitors are actually sharing
    nice thoughts.

    Feel free to visit my web blog … vpn coupon 2024

  2. Link exchange is nothing else except it is only placing the other
    person’s weblog link on your page at proper place and other person will also do same in support of
    you.

    Review my homepage … vpn 2024

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *