هه‌ینی , كانونی یه‌كه‌م 27 2024

ڕەیحانەكەی پێغەمبەر

محێدین شێخ محەمەد

گوڵە بۆنخۆشەكەی پێغەمبەرو پارێزەری نهێنیەكانی، ڕۆژێك لەتەنیشتی باوكییەوە دانیشتبوو، بە هێواشی هەواڵێكی پێدا، ئەویش بەو هەواڵە گریاو پاشان پێكەنی بەزەردەخەنەوە، دایكی باوەڕداران “خاتوو عایشە” پرسیاری لێكرد دەربارەی هەواڵەكە، “فاگمه” خاتوون لەوەڵامدا وتی: “ئەوە نهێنی پێغەمبەرە نابێت بوترێت”، كاتێك پێغەمبەر وەفاتی كرد، دایكە عائیشە پرسیارەكەی ئاڕاستە كردەوە، كچە دڵسۆزەكەی وەڵامی دایەوەو، وتی باوكم واتا پێغەمبەر(د.خ) پێیوتم كە جوبرەئیل ساڵی یەكجار دەوری هەموو قورئانی بۆ دەكردمەوە، بەڵام ئەمساڵا دووجار قورئانی بۆ خوێندمەوە، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە كە مردنم نزیكە، بۆیە منیش گریام، لەدوای ئەوە فەرمووی ئەی “فاگمه” تۆ یەكەم كەسی لە خانەوادەكەم كە پێم بگەیت، منیش بەو هەواڵە دڵخۆشبووم بۆیە پێكەنیم (متفق علیە).

 گوڵە بۆنخۆشەكەی پێغەمبەر، كچی پێغەمبەرەو دایكی باوەڕداران عائیشە دەربارەی فەرموویەتی: “هیچ كەسم نەدیوە كە ڕەوشت و كرداری لەپێغەمبەر بچێ، چی لە گوفتارو چی لەڕۆیشتن و هەڵسوكەوتیدا بێجگە لە فاگمه” (الترمذي)

پێغەمبەر (د.خ)، هەواڵی داوە كە فاگمه یەكێكە لە گەورە ئافرەتانی بەهەشت، (الترمذي والحاكم)،  هەر لەو بارەیەوە فەرمویەتی: “یەكێكە لەو چوار ئافرەتە هەرە باشەی ئافرەتانی جیهان، كە بریتین لە (مەریەم كچی عیمران، ئاسیای هاوسەری فیرعەون، خەدیجەی كچی خوەیلد، فاتیمەی كچی محمد (د.خ))” أبن الحجر لە كتێبی (الاصحابة) هێناویەتی كە پێغەمبەر(د.خ) فەرموویەتی: ““فاتیمە” ئەوەی تۆ ئازار بدات ئازارم ئەدا، ئەوەی تو دڵخۆش و شادومان دەكا دڵخۆش و شادومانم دەكات”.-متفق علیە- ئەم ڕێزدارە ناونرا بە “فاتیمە”، چونكە خوای میهرەبان پاراستویەتی لەتاوان و لە ئاگری جەهەنەم، نازناوی “الزهرە- گوڵی بۆندار” چونكە باوكی بەڕێزی زۆری خۆشئەویست و بایەخی زۆر پێئەدا، هەر ئەم خاوەن وەچەو مناڵا بوو، كە منداڵی بۆ ماوەتەوە لە بنەماڵەی پێغەمبەر، هەركات باوكی بچوایە بۆ لای، لەبەری هەڵئەساو دەستی ماچ دەكرد، لەجێگاكەی “فاتیمە”ی خۆشەویستی دادەنیشت، هەر كات “فاتیمە” بچوایە بۆ خزمەتی باوكی لەبەری هەڵئەستاو دەستی دەگرت و دایئەنیشاند لەتەنیشتی خۆیدا، بەگەرمی پێشوازی لێدەكردو دڵخۆش دەبوو بەبینینی. هەر كات باوكی لەسەفەر یان لە جەنگ بگەڕایەتەوە دەچوو بۆ مزگەوت نوێژی دەكرد، پاشان سەردانی “فاتیمە”ی دەكرد دوای ئەو سەردانی هاوسەرەكانی دەكرد.

 ڕەیحانەی پێغەمبەر پێش پێنج ساڵا لەهاتنی وهحی لەدایكبوو، لەوكاتەی كە بینای كەعبەیان نۆژەن دەكردەوە، ئەم خانمە نەشمیلانە هەر لەسەردەمی منداڵیەوە ڕووداو كارەساتی زۆر گران و سەختی هەمە جۆرەی بینیوە، بەرەنگاری بۆتەوە، جارێكیان پێغەمبەر لەناو كەعبەدا نوێژی دەكرد هەندێ لەنەفامەكانی قوڕەیش دانیشتبوون لەناویاندا (عەقبە)، بەفەرمانی ئەو كۆمەڵە، (سیخوڕ) واتا سەرپێی ووشترێك دانرابوو، لەوكاتەی پێغەمبەر چووە سجدە كردی بەسەریدا، بەڵام پێغەمبەر سەری هەڵنەبڕی لە سوجدەكە تا كچە جگەرگۆشە چاونەترس و پاڵەوانەكەی هات وسیخوڕو پاشەڕۆی لەسەری بەڕێزی لابردو بۆی پاككردەوە، چەند وشەیەك كە شایستەی ئەو ناپاكانە بوون پێیووتن، بەوێنەی ئەم كارە قێزەونە دایكی جەمیل هاوسەری ئەبو لەهەبی ناپاك، دڕكی دەهاورد لەسەر ڕێگای سەروەرمان دایئەنا بەمەستی ئازاردانی، “فاتیمە”ی دڵسۆز زۆر بەئارامی لێبوردەوە ڕێگاكەی پاك دەكردەوەو پاشەڕۆكەی فڕێئەدا، تا باوكی نازداری توشی ئازار نەبێ.

 كاتێ قوڕەیشە بێ باوەڕەكان گەمارۆیان خستە سەر هەموو موسڵمانان لە “نەوەی هاشم” دەریانكردن بۆ شیوی “ئەبی تاڵیب”، ئەو ماوەیە سەختی و برسێتی ژیان ئاڕاستەیان بوو، سەرەڕای ئەم هەموو پەژارەیە و سەختی گوزەران، دایكی بەڕێزیشی لەو كاتە پڕ ئەندێشە كۆچی دواییكرد، بەهەمیشەی دوای كۆچی دایكی بیری یادەوەری و دڵسۆزی ئەركەكانی ئەكردەوە، غەم و پەژارە دایئەگرێ لەتاو تەنیایی و دوركەوتنەوە لەدایكی.

كاتێ پێغەمبەرو موسڵمانەكان كۆچیان كرد بۆ مەدینە، تەمەنی ڕەیحانە هەژدە ساڵابوو، هاوكات “ئوم كەلسوم”ی خوشكی لەگەڵا بوو، لەساڵی یەكی كۆچی بوو، جێگیربوو لەمەدینە، زۆر لە هاوەڵان لەناویاندا “ئەبوبەكرو عومەر” داخوازیانكرد لەپێغەمبەر بەمەبەستی هاوسەرگیری لەگەڵا “فاتیمە”دا، بەڵام پێغەمبەر داوای لێبوردنی لێدەكردن و وەڵامی ئەدانەوە زۆر بەنەرمی و جوانی، لەدوای ئەوان “عەلی كوڕی ئەبی تاڵیب” كە ئامۆزای بوو داخوازی كرد، پێغەمبەر بڕیاریدا لێی مارە بكات، لەسەر چوارسەدو حەفتا درهەم، بەڵام لەڕاستیدا مارەیەكەی لەسەر زێڕێكی كۆن كە نرخەكەی چوار درهەم بوو، لەجەنگی بەدر پێغەمبەر بەخشیبوی بە عەلی، “عوسمانی كوڕی عەفان” بەو نرخە لێی كڕی بەپارەكەی جیازی بوكێنی بۆ ئەم خانمە نازدارە كڕدرا، پێغەمبەر ڕاخەرێك كە لەپێستی مەڕ بە توكەكەیەوە خۆشكرابوو، لەگەڵا پشتییەك كە ناوەكەی لە گەڵاو هاڕڕاوەی داری خورما دروستكرابوو، لەگەڵا دەستاڕێك بۆ هاڕینی گەنم بۆ نانكردن، لەگەڵا ئەم ماڵە سادەدا ژورێكی بچوكی تاریك، ئەمە هەمووی جیازی كچە نازدارەكەی پێغەمبەر بوو، لەكاتی ئاهەنگی گواستنەوەیدا پێغەمبەر خورمای دەرخواردی ئامادەبوواندا، بۆشەوی زاوایەتی-شهر العسل-حەزرەتی عەلی و هاوسەری ژورێكی پەیدا كرد بۆ ئەوەی بوكێ خاتونی تێدا بگوێزێتەوە.

 وەك وتمان هەندێك پێویستی سادەی تێكردو دوای نوێژی عیشا پێغەمبەر ڕوویكردە ماڵە تازەكەی كچەكەی، داوای ئاوی كرد دەستنوێژی پێ بگرێت، لەدوایدا نزای بۆ كردن و فەرمووی ئەی خوایە خەیرو بەرەكەت بخەیتە ناو ماڵەكەیان هی خۆشیان و نەوەكانیشیان، هەردوو هاوسەر بوك و زاواش بەو ئاوە دەستنوێژیان گرت.-أبن مسعود-

لەدوای ساڵێك لە هاوسەرگیری بەدڵێكی پڕ باوەڕو خۆشگوزەران خوای میهرەبان كوڕێكی پێ بەخشین، پێغەمبەر زۆری پێخۆشبوو، بانگیدا بەگوێیدا و ناوینا “حەسەن”، دوو مەڕی بۆ كردە گوێزەبانەو دەرخواردی هەژارانیدا، سەری تاشی و بەوەزنی قژەكەی ئاڵتونی بەخشیە كەم دەرامەتان، لەساڵی دووەمیشدا كوڕێكی تریان بوو، هەمان شتی بۆ ئەمیش كردو ناوی نا”حسین” دوو كچی چاو گەشیان بوو بەناوەكانی” زەینەب و أم كەلسوم” بەهاوناوی پورەكانیان.

نزیكترین و خۆشەویسترین كەس لە پێغەمبەرەوە، حەزرەتی عەلی و “فاتیمە”و حەسەن و حسین بوون، ئەگێڕنەوە كاتێ ئایەتی: (فقل تعالوا ندع ابناءنا وابناءكم ونساءنا ونساءكم وانفسنا وانفسكم ثم نبتهل فنجعل لعنة الله على الكاذبين)، (ال عمران.61)

پێغەمبەر بانگی “فاتیمە و عەلی و حەسەن و حسێن”ی كرد، فەرموی ئەی خوایە ئەمانە خانەوادەی منن بەڵاو تاوان و پیسی و خراپەیان لەسەر لادەو پاكیان بكەرەوە بەجوانترین و پاكترین. (الترمذي)

فاتیمە لەكاری ناوماڵا و خزمەتكردنی منداڵا و هاوسەرو میوان زۆر ماندوودەبوو، بەشێوەیەك كاریكردبووە سەر ئەندامانی لەشی و زۆر لاوازی كردبوو، لەگەڵا كاریگەری ئەو ئابڵوقە ئابوریەی كە پێشتر خرابووە سەر موسڵمانان لە” شیوی ئەبوتاڵیب”، هەم ئەركی ئاوهینان و هەویر شێلان و هاڕینی گەنم و جۆو بۆ ئەوەی بیكات بەنان، ئەمانە هەمووی شەكەتی كردبوون بەشێوەیەك ناولەپەكانی هەموو قڵیشابوون، بریندارببون بەهۆی گرتنی دەسكی دەستاڕەكەوە لەكاتی دەستاڕكردن، ناو دەستەكانی خوێنی لێدەهات، و ئەوەندە بە كونە ئاوی هێنابوو پشتی لاوازو بێهێز ببوو، لەكاتی پاكردنەوەی ناو ماڵا ئەمەندە تۆزاوی ئەبوو ڕەنگی دەم و چاوو جلەكانی ئەگۆڕا، لەكاتی دروستكردنی خواردەمەنی بە ئاگر و دەكەڵ ئەوەندە ڕەش دەبوو سیمای دەم و چاوی دەگۆڕا، ئەمانە هەمووی هۆكاربوون بۆ لاوازی، لەگەڵا ئەمانەشدا بەشداری هاوسەرەكەی دەكرد لەماندووبوون و هەژاری و نەداری.

 ڕۆژێكیان هەردوو هاوسەر بڕیاریاندا كە داوا بكەن لەپێغەمبەر بۆ ئەوەی كە ئیشكەرێكیان بداتێ، تا كەمێ‌ یارمەتی “فاتیمە” بداو ئەوەندە ماندووشەكەت نەبێ، هیچیان ڕوویان نەدەهات عەرزی پێغەمبەری بكەن، لەئەنجامدا “فاتیمە” ناچار بوو ڕوو لەباوكی بنێت، عەرزی كرد باوكە گیان، بەڵكو ئیشكەرێكم بدەیتێ تا یارمەتیمبدا، بەڕاستی زۆر ماندووم لەو كاتەشدا سێ كەنیزەك ئامادەبوون، بەڵام پێغەمبەر وەڵامی نەدایەوە، پاشان هەردوو پێكەوە گەڕانەوە بۆ ماڵەوە لەدوای ئەوان پێغەمبەر چوو بۆ لایان، بەنەرمی و بەدڵسۆزی پێی فەرموون ئایا شتێكتان پێ بڵێم كە زۆر لە خزمەتكارو كەنیزەك باشترە، وتیان بەڵێ، فەرمووی: “سی و سێ جار- سبحان الله و سی و سێ جار الحمد الله و سی و سێ جار الله أكبر، جاری ئاخیر كە سەد جار دەكات بڵێن لا إلە إلا الله وحدە لا شریك لە لە الملك ولە الحمد وهو علی كل شيء القدیر بلێن لەدوای هەموو نوێژە فەرزەكان كە زۆر باشترو پاكترة لەخزمەتكار –البخاری-

“فاتیمە” دەڵێ لەدوای ئەو كاتەوە تا مردن تەركم نەكرد.

خاتوونی گوڵە ڕەیحانە لەدوای وەفاتی باوكی بەساڵێك كۆچی دواییكرد، ڕۆحی پاكی گەڕایەوە بۆ لای بارەگای خوای میهرەبان، هەواڵەكەی پێغەمبەر هاتەدی یەكەم كەسبوو لەبنەماڵەكەی كە ڕۆحی پاكی گەیشتە خزمەتی باوكی عەزیزی، لاشە پیرۆزەكەی لە”بەقیع” ئەسپاردەی خاككرا، ڕۆژی سێشەممەی مانگی ڕەمەزان، لەتەمەنی بیست و هەشت ساڵیدا.

Check Also

ئالودەبوون بەئینتەرنێت کاریگەری لەسەر گەنجان هۆکارو چارەسەر

‎لاولاو حسێن‎لەدونیای ئەمڕۆدا یەکێک لە کێشەباوەکان کەلەنێو کۆمەڵگە بەگشتی و لەنێو گەنجان بەتایبەتی سەری هەڵداوە …

یەک کۆمێنت

  1. Play more, win more—become a gaming legend! Hawkplay

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *