هه‌ینی , ئازار 14 2025

کەمی ڕێژەی کتێبی ژن لە کتێبخانەی کوردیدا

گڵپە خالید محەمەد

یەکێك لە گەورەترین داهێنانەکانی مرۆڤ بریتی بووە لە دۆزینەوەی نووسین، مێژووی نووسراوی مرۆڤ لەو ساتەوە دەستی پێکرد کە توانرا نووسین بدۆزێتەوە و، بووە ئەو پردەی کە مرۆڤ بەهۆیەوە وزە جەستەیی و مەعنەوییەکانی خۆی گواستۆتەوە نێو خەزێنەی بیر و هۆش و تەماشای ئەویترەوە، هەڵبەتە نووسین کەوتۆتە نێو زمان و هەرشتێکیش بکەوێتە نێو زمانەوە دەکەوێتە نێو فرە مانایی و فرە لێکدانەوە، بەگوێرەی شوێن و کات و ئاستەکانی ڕۆشنبیریی ئەویترەوە پێناسە و نهێنیەکانی خۆی ئاشکرا دەکات، بەشێك لە هانا بردنی مرۆڤ بەگشتی و ئافرەتان بەتایبەتی بۆ نووسین بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە تا سەرجەمی خەون و خەیاڵ و خۆزگە و مافەکانی نمایش بکات، لە لایەكی ترەوە بیانپارێزێت، لە قۆناغی مەعنەوی(کە دەروونی خۆیەتی) بیگوێزێتەوە بۆ قۆناغێکی ماددی (کە نووسینە) و، بکەوێتە نێو مێژووەوە و ڕەوڕەوەی خۆی بگرێتە بەر، لەلایەکیتریش بۆ ئەوەی بتوانێ لە کاتی هێرش و پەلەمار بۆ هێنانی ئەویترەوە ( کە داوای ئاشکراکردنی مانای حەقیقەتی لێ دەکات)، خۆی بپارێزێ و لە سەنگەری دژە مانادا ڕەمزەکان بکاتە قەڵغانی خۆی.

نووسەربوونیش، یەکێکە لە ئەرکە قورسەکانی مرۆڤ، ” عەتا محەمەد” دەڵێت:” گەورەترین بڕیار بۆ نووسەر، بڕیاری دانیشتنە لەبەردەم مێزی نووسیندا”. نووسەربوون پێش هەمووشتێك بەهرەیە، لەهەندێك کەسدا هەیە و لەهەندێکی تردا نییە، سەرەتا پێویستە پەی پێ ببردرێت و بدۆزرێتەوە، ئەم بەهرەیە پێویستی بە پەروەردەکردن و پاڵفتەکردن و گەشەپێدانە، چونکە بەهرە بوون بەتەنها بەس نییە، بەڵکو نووسەر بوون پێویستی بە هەوڵدان و خۆپێگەیاندن هەیە، دوای پەیبردن هەندێك کەس بۆیان دەگونجێت پەرە بەو بەهرەیە بدەن و ببن بە نووسەرێك خاوەن دەنگ و قورسایی بێت، یەكێكیتر بۆی ناگونجێت پەرە بە بەهرەکەی بدات، لە ئەنجامدا دەبێت بە کۆلکە نووسەر!، نووسەر بۆ ئەوەی پەیامەکەی کاریگەر و زیندوو بێت، پێویستە زانیاری زیاد بکات و هزری فراوان بێت، خودان دیدگا و دونیا بینینی جیاوازبێت.

ئەم نووسینە دەیەوێت تیشك بخاتە سەر پرسێکی گرنگی ئافرەتان ئەویش “کەمی ڕێژەیی کتێبی ژنان لە کتێبخانەی کوردیدا”، كە ڕەگێکی قوڵی مێژوویی و کلتوری هەیە و، بەندە بەچەندین هۆکاری گرێدراو پەیوەست بە یەکەوە کە هەندێکیان خوودیی و هەندێکیان بابەتین

یەكەم:هۆكارەخودییەكان

ئەو هۆكارانەن كە پەیوەستە بەخودی ئافرەتان خۆیانەوە، گەر ئیرادە هەبێت دەتوانن زاڵبن بە سەریداو تێی بپەڕێنن، ئەگەرچی زۆرێك لەم هۆكارانە كاریگەری و جیێكەوتەی چەندین فاكتەرە. لە گرنگترین ئەو هۆكارانە:

:- متمانە بە خۆنەبوون1

ئافرەتان بەهۆی ئەو بارودۆخە نادادی و ئالۆزەی بە درێژایی مێژوویەکی دوور و سەردەمانێکی زۆر ڕووبەڕوویان بۆتەوە، کە وەك مرۆڤێکی خاوەن توانا و لێهاتوو وێنا نەکراوە دوور خراوەتەوە لە ناوەندە کاریگەر و هەستیارەکانی بەڕێوبردنی کۆمەڵگە، ئەمە بۆتە کلتور و ڕۆشنبیری لای سەرجەم تاکەکانی

کۆمەڵگە بە ئافرەتان خۆشیانەوە، جێکەوتەی ئەمەش لەدەستدانی متمانەیە بە خۆیان و هاوڕەگەزەکانیان. ئەم متمانە بە خۆنەبوونە هۆکارێك بووە بۆ ئەوەی ئافرەتان دووربکەونەوە لەنووسین و هەوڵی نووسەر بوون و کتێب بڵاوکردنەوە!، نەبوونی “متمانە” وایکردووە ئافرەتان بەڕێژەیەکی زۆر کەم گرنگی و بایەخ بەو کتێبانە بدەن کە ئافرەت نووسیویەتی و بڵاوی کردۆتەوە!، ئەمەش دەلالەت و بەڵگەیە بۆ ئەوەی کە هێشتا ئافرەتان باوەڕیان بەتوانست و لێهاتووی نووسەری ئافرەت نیە.

 ئافرەتان لە متمانە بەخۆنەبوونیانەوە سەیری ئافرەتانیتر دەکەن، بۆیە متمانە بەخۆبوون هەنگاوی سەرەکییە بۆ متمانەبوون بە کەسانی دی، تا ئافرەتان ئەو متمانەیە نەگێڕنەوە بۆ خۆیان پشگیری و هاوکاری یەکترنەبن ناتوانن متمانەی کۆمەڵگە بۆ خۆیان بگێڕنەوە کە ببێتە هۆی پشگیری و پاڵپشتیەك بۆ بڵاوکردنەوەی کتێبەکانیان.

٢- کەمی حەز و وویست بۆ گەیشتن بە نووسەری خاوەن دەنگ و قورسایی:

ویست و حەزەکانی هەر مرۆڤێك لەڕێگەی ئەزموونی کۆمەڵایەتیەوە دروست دەبێت، لەڕێگەی کاریگەری خێزان و گروپەکانی تێڕامان و قوتابخانە و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و دەزگا جۆربەجۆرەکانی کۆمەڵگەوە.

سەرجەم ئەو فاکتەرانەی کەدەبنە هۆی دروستبوونی حەز و ویست کەمترین هاندەر و پاڵپشتە لای ئافرەت لەو بڕوایەدام نووسەربوون جۆرێک لە ململانێ و کێبڕکێیە، بۆیە یەکێك لە بەرپرسیاریەتی نووسەربوون مامەڵەکردنە لەگەڵ کێبڕکێ و ململانێکاندا، ئافرەتان لەو ڕووەوە ئەزموونیان کەمترە و حەزیان لە دنیای ئاسایی و دوور لە ئالۆزی و کێبڕکێ و ململانێیە، چەندین نوسەر هەبوونە و هەن بەهۆی بڵاوکردنەوەی کتێبەکانیان ڕووبەڕووی ململانێیەکی تووند بوونەتەوە، هەر بۆیە لەگەڵ بوونی زۆرێك لە ئافرەتی بەتوانا، بەڵام بوونی ململانێ و کێبڕکێ وایکردووە لەگەڵ حەز و وویستی ئافرەتان یەکنەگرێتەو.هەروەها ترسی ئافرەتان لە شکست کە لەچەندین هۆکاری بابەتییەوە سەرچاوەی گرتووە، حەز و وویستی ئافرەتان بۆ گەیشتن بە نووسەر کەم دەکاتەوە، کە دیارە ئەمانە هەمووی (حاجزی) دەروونین ئافرەتان بۆ خۆیان دروستکردووە.

3- سەرقاڵبوونی ئافرەتان بە بوارە تایبەتی و کۆمەڵایەتیەکانەوە:

هەموو مرۆڤێك دوو ڕۆل دەگێڕیت لە ژیاندا بوارێکی تایبەت بە ژیانی خێزانی و تایبەتمەندی کۆمەڵایەتی، بوارێکی گشتی لە کۆمەڵگەدا لە بوارە جۆربەجۆرەکاندا.

گەر سەرنج بدەینە ڕۆلی ئافرەت لە زۆربەی کۆمەڵگەکاندا کەمتر کاریگەریان هەیە لە بوارە گشتیەکاندا، ئەم ڕەگەزە زیاتر بە قەوارەی ماڵەوە پابەندە تا قەوارەی کۆمەڵگە، زۆرترینی پلەوپایەکانی لە چوارچێوەی خێزان و بەڕێوەبردنی ماڵ و بە خێوکردنی منداڵ دەرناچێت بەرەو ڕووی کۆمەڵ بەگشتی، بەتایبەتی لە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتیەکاندا، ئەگەرچی ئەم بوارە گرنگی خۆی هەیە و بەشێکە لە وویست و خولیای ئافرەتان، بەڵام تەنها وویست و توانستیان نییە، بەڵکو چەندین خولیا و توانستی تریان هەیە بیخەنەگەڕ لەبوارە گشتیەکاندا. سەرقاڵبوونی ئافرەتان بە بوارە تایبەتمەندەکانەوە و نەبوونی هاوکاری و پشگیری و کار ئاسانی بۆ کارکردنیان و هاوسەنگنەکردنی خۆیان لەو بوارەدا، وایکردووە ڕۆلیان لە بواری نووسین لاواز بێت وەك كایەكی گشتی، و کەمتر کتێبی ئافرەتان ببینرێت، چونکە ئەم بوارە پێویستی بە کات و دەرفەت و چەندین توانست و تایبەتمەندی جۆراوجۆر هەیە. ئافرەتان هێندە کات و دەرفەتیان بۆ نەماوەتەوە بۆ وە دەستهێنانی توانست و خۆ ڕۆشنبیکردن و خۆپێگەیاندن.

بۆیە گەر ئافرەتان ئیرادەیەکی بەهێز و توانایەکی زۆر نەخەنەگەڕ ناتوانن بگەنە ئەو ئاستە، ئەمەش هۆکارێك بووە بۆ کەم بوونی ژمارەی نووسەری ئافرەت کە بتوانن هەموو ئەم ڕێگرییانەیان تێپەڕێنن و کتێب بڵاوبکەنەوە.

دووەم:هۆکارە بابەتیەکان

ئەو هۆکارانەن کە ئافرەتان ڕووبەڕووی دەبنەوە لەکاتێکدا لە توانا و دەسەڵاتی خۆیاندا نییە و زاڵبوون بەسەریدا بە ئاسانی ڕوونادات و، پەیوەستە بە دۆخە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و کلتوری و فەرهەنگیەی کۆمەڵگە پێیگەیشتووە.

لەگرنگترین هۆکارەکان:

١-ناجێگیری باری سیاسی و ئەمنی لە قۆناغە جیاوازەکاندا:

به‌ سه‌رنجدان له‌ میژووی سیاسی و عه‌سكری ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی و هه‌رێمی كوردستان به‌ تایبه‌تی، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ هه‌ر له‌ كۆنه‌وه‌ ڕێڕه‌وی ژیان و بارودۆخی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ به‌ وێستگه‌ی جیاواز و ناجیگریدا تێپه‌ڕیوه‌، ئه‌مه‌ش چه‌ندین ده‌رهاوێشته‌ی نه‌رینی به‌جێهێشتووه‌ له‌سه‌ر تاكه‌كان، هه‌روه‌ها بۆتە هۆی ئه‌وه‌ی زه‌مینه‌یه‌كی له‌بار نه‌ره‌خسێت بۆ ئافره‌تان تاوه‌كو بتوانن ده‌ستیان به‌ سه‌رچاوه‌ مه‌عریفیەكان بگات و ئه‌ستێره‌ی توانای خۆیان له‌ نێو كۆمه‌ڵگادا بدره‌وشێننه‌وه‌، چونكە هه‌میشه‌ له‌ جه‌نگ و باره‌ ئه‌منی نا جێگیره‌كاندا ئافره‌تان قوربانی یه‌كه‌م بوونه‌، به‌ جۆرێ نه‌ك نه‌یانتوانیوه‌ ڕۆلی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان له‌ كۆمه‌ڵگەدا بگێڕن، به‌ڵكو ڕۆل و وجودیشیان هه‌میشه‌ قه‌تیسكراو و مه‌حكوم بووه‌ به‌ فاكته‌ره‌كانی ده‌ورووبه‌ری، به‌و پێیەی هەموو ڕێگا تراژیدییەکان چوونەتەوە سەر ئافرەت، چونکە ئافرەت هەم هاوسەر و هەم خوشك و دایک….هتد بووە، بۆیە هەر پیاوێك کە بۆتە قوربانی شەڕەکان، ئافرەت باجی داوە هەروەها شیرازەی خێزانی لێكدەترازێی و ئاڕاستەی بیرکردنەوەی دەگۆڕێت و، ده‌بنه‌ قوربانی جه‌نگ، ئەمەش ڕێگر بووە بۆ پەرەدان بە تواناو لێهاتوویان و دەرکەووتن لە مەیدانی فیکر و مه‌عریفه‌دا.

٢- ڕێژەی نەخوێندەواری لەنێو ئافرەتاندا:

خوێندن هۆکارێکی سەرەکیە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاری و ڕۆشنبیری ئافرەتان و بەرزکردنەوەی ئاستی بەشداریکردنیان لە سەرجەم بوارە کانی ژیاندا. هەروەك ئاشکرایە نووسەربوون پێویستی بە کۆمەڵێك توانست و لێهاتوویی هەیە کە سەرەکترینیان ئاستی بەرزی خوێندنە تا مرۆڤ هۆشیاری و ڕۆشنبیری خۆی برەو پێ بدات و شارەزایی بەدەست بهێنێت.

بەر لە ڕاپەرینی ساڵی ١٩٩١ ڕێژەی نەخوێندەواری ئافرەتان لە ئاستێکی بەرزدابوو، خوێندنی ئەو کاتی خەڵک زیاتر لە مزگەوتەکان دابوو ئەمیش بۆ پیاوان بوو، خوێندن بۆ ئافرەتان عەیب و نەنگی بوو!، بۆیه‌ كه‌می ریژەیی کتێبی ئافرەتان‌ تا ڕاده‌یه‌كی زۆر ده‌رهاویشته‌ی زۆری ڕێژه‌ی نه‌خوینده‌واریه‌ له‌ ئافره‌تاندا له‌ سالانی پێشوودا. لەهەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا ئامارێکی ڕەسمی نییە بۆ زانینی ڕێژەی نەخوێندەواری ئافرەتان، بەڵام ئامارەكان لەسەر ئاستی جیهان بەم شیێوازە ئاماژە بە ئاستی خوێندنی ئافرەتان دەدەن2/3ی نەخوێندەوارانی جیهان ئافرەتانن، لە كۆی گشتی 130ملیۆن منداڵ كە ناچن بۆ قوتابخانە2/3یان كچن، تا ئێستا زۆرێك لە كچان قوتابخانە جێ دەهێڵن پێش ئەوەی دواناوەندی یاخود كۆلێژ تەواو بكەن. (١)

3- کۆمەڵگەی ناتەندروست:

 کۆمەڵگەی ناتەندروست مەبەست لەو کۆمەڵگەیانەیە کە داب و نەریت وەك یاسایەکی تەوقدەر دەست و بیر و ئەندێشەی تاکەکانی گرتووەو، بێ گوێدانە ویست و ئارەزووی تاکەکان، ماف و ئازادیەکانی وەك خەڵاتێکی بەردین لە سەردەم و کلتوورە کۆنەکاندا بەدەست گرتووە و، تاک تاک بەسەر مرۆڤەکانی ئەو کۆمەڵگەیە دەیبەخشێ جا دروست بێت یان نادروست، لەگەڵ بەرژەوەندی تاکەکان بگونجێ یان نەگونجێ، عەقلێکەو لەنەستی کۆمەڵگەدا جێگیرە دواجار بەتەنیا ئەوە کۆمەڵ بەرەو ئایندە ئاڕاستە دەکات. کۆمەڵگەی ناتەندروست خۆی داوەتە بەر شاڵاو و گەردەلوولی دابونەریت. لە کۆمەڵگەی ناتەندروستدا، پیاو بەشی شێری بەرکەوتووە و هەرچی هێز و توانای ناخەکی و جەستەییە بۆ ئەو دەگێڕدڕێتەوە، بە تەنیا ئەو دەتوانێ دونیا بگۆڕێ و حاڵەتەکان ئاوەژووبکات، بەتەنیا ئەو دەتوانێ سەرپەرشتی کۆمەڵگە بکات و ژیان ئاسوودە بکات، بەتەنیا ڕەوڕەوەی مێژوو دەهاوژێ و سەروەریەکان تۆمار دەکات، ئافرەت لەو کۆمەڵگەیانەدا لە پلەی پەراوێزدایە، ناچارکراوە پیاو بناسێ و خزمەتی بکات، منداڵ بناسێ و بەرهەمی بهێنێ و بەخێوی بکات، کێڵگەی کۆمەڵ و ژیان بناسێ و تۆوی ڕەنجی تێدا بچێنی، بە کورتی هەموو شتێك بناسێ و بۆی بتوێتەوە تەنیا خۆی نا!، ئافرەت لە کۆمەڵگەی ناتەندروستدا هەمیشە پاشکۆی پیاوە و ناتوانێ دەستی هەبێ لە ڕووداوەکان و ڕۆلی هەبێت لە گۆڕانکاریەکان، پیاو بوونەوەرێکی عاقڵمەندی کارایە و ئافرەت کائینێکی سێکسانی و چێژ بەخش، پیاو لەو کۆمەڵگەیانەدا بەچاوێکی بەرژەوەندی ڕوانیویەتە ئافرەت و ئافرەتیش هەمیشە وەك کۆیلەیەك لە بوونی خۆی ڕاماوە، زۆرینەی ستایش و وەسف و پێداهەڵگورتنێکی ئافرەت کە کراوە لەلایەن پیاوەوە بۆ دەستەبەرکردنی ئارەزووەکانی پیاو خۆی بووە، هەڵەی ئافرەتیش لەم ململانێیەدا ئەوە بووە کە بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگبوونی خۆی لەگەڵ پیاودا و بۆ هاوئاستبوونی کاریگەرییان لەنێو کۆمەڵگەو مرۆڤایەتی و ژیاندا لەجیاتی ئەوەی پشت بە سۆز و بەخشندەیی و بەهرە ناخەکی و عەقلیەوە ببەستێت بۆ جوان کردنی ژیان و مرۆڤایەتی، هاتووە سەرجەم بەهرە ناخەکی و سروشتی و ئاوەزییەکانی فەرامۆشکردووە و بەمەش تا هاتووە لە ناخ و سروشتی خۆی دوورکەوتۆتەوەو، بەدەستی خۆی خۆی کردۆتە کەلووپەلێکی چێژ بەخشی کاتی بەدەستی پیاوەوە، لەجیاتی ئەوەی ئەو دیدە بسڕێتەوە کە پیاو ئافرەت بە بوونەوەرێکی جەستانی دەبینێ و گرنگیەکی زۆر بە تواناو بەهرەو وزە ناوەکیەکانی نادات و سەرجەمی سەروەریەکان بۆ خۆی دەگەڕێنێتەوە؛ هاتووە پشتی ئەو دیدو پڕۆگرامەی گرتووە تا هاتووە بایەخی بەجەستەی خۆیداوە و سەرنجی پیاوی بۆ خۆی ڕاکێشاوە، بەمەش ئەگەرچی توانیویەتی غەریزە بزێویەکانی پیاو تا ئاستێکی زۆر موحتاج بکات بەخۆی، بەڵام هەرگیز نەیتوانیوە سنووری پیاو بباتەوە شوێنی خۆی و وای لێ بکات لەهەموو کارووبارەکانی ژیان و لەهەموو لق و پۆپەکانی مرۆڤایەتیدا حسابی بۆ بکات و وەك مرۆڤێکی کاریگەر و کاراو گۆڕانکار سەیری بکات، یان وەك بوونەوەرێکی پێویستی ژیان لێ بڕوانێت، بۆیە دەبینیین ژمارەی ئافرەتان لەو شوێنانەی جوانییە جەستەییەکانیان تێدا دەردەکەوێ هێجگار زۆرەو لەسەرجەم ئەو شوێنانەش کە توانا هزرییەکان و وزە ناخەکی و دەروونییەکانیان باڵا دەستن ژمارەیان هێجگار کەمە و، کاریگەرییان لە بوارەکان کەمە، کەمترین دۆزەرەوەی بیردۆزی هزری و دەروونییەکانن، لەبواری ڕۆشنبیریشدا هەنگاویان هێجگار کەم و کورتەو لە نووسین و ئەدەب و هونەریشدا داهێنەرانیان هێچگار کەمن، چون ئەوان زۆرترین کاتیان بۆ هونەری کۆکردنەوەی چێژ تێپەڕکردووە و گرنگترین هەوڵ و بیرکردنەوەیان بۆ سەرنج ڕاکێشکردنی جوانییە جەستەییەکانیان تەرخانکردووە، لەجیاتی ئەوەی سۆز و هاوسەنگی عەقڵ ڕاگرن!، چەواشە بوونی ئافرەتیش وەك باسکرا لەو دەمەدا ئەوە بووە کە هەستی کردووە پیاو تەنیا بەجوانییە ڕووکەشەکانی ئافرەت و ئەندامە سەرنجڕاکێشەکانی سەراسیمە و تامەزرۆیە و، گرنگی بە هزر و تواناو لێهاتوو گەوهەرە دەروونیەکانی نادات، ناچار ئەویش هاتووە بەو جوانییە ڕووکەش و جەستەییانەی خۆی هەڵداوە و پێی نازیوەو ئەمەش تا ئاستێکی زۆر وزەی بوون و سروشت و ماهیەتی ڕاستەقینەی ئەوی بەزایەداوە!

٤- وێنای نه‌رینی ئافره‌ت له‌ په‌روه‌رده‌ی كۆمه‌ڵگادا: زمان بەرهەمهێنەری کۆمەلێك سیمبۆلە و لە مێشکی ئێمەدا ڕۆژانە وێناکردن دروست دەکات بەرامبەر بە دیاردەکان و کەسەکان و شتەکان، هەموو ئەمانە کار و کاردانەوەی دەروونیان هەیە چوارچێوەی بیرکردنەوەی مرۆڤ دیاری دەکەن، لە فەرهەنگی زمانەوانیی کوردیدا، کۆمەڵێك دەستەواژە و ووشە و دەربڕین تایبەت کراوە بە ئافرەتان، کە هەموویان دەلالەتێکن بۆ کەم بایەخکردنی ئافرەت وەك بوونەوەرێك، بوونەوەرێك هەر لە مندالیەوە سەرکووت بکرێت و پێی بوترێت تەمبەڵ و تەوەزەل، مەحاڵە پێچەوانەی ئەوەی لێ دەربچێت، گەر لەمندالیەوە پێ بوترێت ئازاو بەتوانا، مەحالە غەیری ئەوەی لێ دەربچێت، کاتێ ئافرەتیش هەر لە منداڵیەوە پێی بگوترێت زەعیفە، ناسک، عەورەت..تاد، ئیدی چۆن ئەو وێنایە لە مێشکی ناچەسپێت!، سیمبولەکانی زمان لەدروستکردنی کلتوورێك کە تەمەنی هەزاران ساڵە کاری بۆ کردووە و چەسپاندویەتی، بەردەوام دووبارە بوونەوەی کۆمەڵێك دەستەواژەو ڕەمز مێشکی مرۆڤ دەشواتەوە کاتێ کە ژن وەك ڕەمزی زەعیف هەزاران جار دووبارە دەبێتەوە، ئیتر وەك نۆڕم و ئاسایی ئافرەت خۆشی بەکاری دەبات و وای دەبینێ!، لەسمبولەکانی زماندا دایک و خوشکەکان شەڕەفن!، سەیرکردنی جەستەی ئافرەت بە شەڕەفی پیاو و شەڕەفی بنەماڵە وایکرد بایەخی سروشتی خۆی بدۆڕێنێت، بۆیەش دەبینین ڕێژەی کارکردنی ئافرەتان لە مەیدانی فیکردا زۆر کەمە!، ئەو ئافرەتانەی متمانەیان بە توانای خۆیان هەبووە و قەلەم بەدەست بوونە ڕێژەیەکی هێجگار کەم بوونە کاریگەری ئەم هۆکارانە و دەیان هۆکاریتریش وایکرد ئافرەتان بەکەم سەیری تواناو لێهاتووی خۆیان بکەن و، لە مەیدانی فیکردا دوور بکەونەوە و ژینگەیەکی لە باری بۆ نەگونجێت تاوەکو بێتە نووسەرێکی بەتوانا و لێهاتوو سەرەنجام کتێب بڵاوبکاتەوە.

٥- ته‌فسیره‌ هه‌ڵە‌كانی ئاین:

 بۆ پاڵپشتی ئەو بیر و نەریت و ڕاو بۆچوون و بەها و چەمکە باوەکانی نێو کۆمەڵگە، کە دەبوونە هۆی چەوساندنەوەی ئافرەت پشتیان به‌ ئاین بەست، پیاویان کردە گەورەو سەردارو فەرماندەر ئافرەتیشیان کردە کۆیلە و پایەنزم و ژێرفەرمانی نادروستانەی نامرۆڤانە، کار گەیشتە ئەوەی بە نێوی ئاینەوە وەك بوونەورێکی شووم و نەگبەت و مایەی شەرمەزاری سەری ئافرەت بکرێت!، دوژمنایەتییەکی فیکریی و دەروونیی توندیان لەگەڵ بەرپا کرد!، بەنێوی دینەوە ڕێز و پلە و پایە و شکۆی ئافرەتیان شکاند!، هەڵبەتە ئاین وه‌ك هێزێك كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی هه‌یه‌ له‌سه‌ر مه‌عریفه‌ و باکگراوندی مرۆڤ بۆیه‌ ئاسان بووه‌ تاوەکو له‌ ڕێگای ئاینەوە‌ شه‌رعیه‌ت بدرێت به‌ كۆمه‌ڵێ تێگه‌یشتنی نادروست به‌ مه‌به‌ستی قه‌تیس كردنی ڕۆلی ئافره‌ت له‌ نێو كۆمه‌ڵگا و ناشرین كردنی وێنەی ئافره‌ت.

ئه‌م هۆكارانه‌ وایکردوه‌ ئافرەتان لەڕووی مەعریفەتەوە زۆر پاش بکەون، تەنانەت بووەته‌ هۆی ئەوەی له‌ گۆره‌پانه‌ جیاوازه‌كاندا ده‌رنه‌كه‌ون!، ئەمەش هۆكاری سەرەکی بووه‌ کە ئافرەتان نەتوانن هەنگاوی پەرەسەندنی توانستی بیرکردنەوەی عەقڵیان بەرەو پێشەوە ببەن و دەست بەقەلەمەوە بگرن و پەیامەکانیان لەڕێگەی نووسین و کتێبەوە بگەینین، بۆیە دەبینین ڕێژەیی کتێبی ژنان لە کتێبخانەی کوردیەکاندا کەم بووە.

سەرچاوەکان:

 (IRI)١- ملیسا بانیك، رێکخراوی

ڕەبیع جابر”، “نووسین و بێدەنگی”، وەرگێڕانی، “شوان ئەحمد””٢-

٣- گۆڤاری شیکار، ژمارە ١١، ١٢-ی پاییز و زستانی ٢٠١٥

٤- مەهاباد قەرەداغی، لەفێمینیزمەوە تا هیومانیزم

٥- عبدولقەهاری شێخ، ئافرەت وەك دەقێکی شیعریی

٦- بەهار عبد الرحمان-کەمی بەشداری ئافرەتان لە ناوەندەکانی بڕیاردان

Check Also

پۆشینی جلوبەرگی کوردی بۆتە نەریت لای گەنجان

دیمانە.خەرمان عبدالکریمئایندەسازی: خاتوو ئەڤین کێیە؟من ناوم ئەڤین سەڵاح محمد امین،کاری بزنس لەبواری ریکلام دەکەم، خێزاندارم …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *