هه‌ینی , نیسان 19 2024

پەنجەمۆری جوانى

هەڵەگریی ناو دێڕەكان خولیایەك بوو، ئێستا پیشەیەكی خۆشەویستە

دیمانە : شادان طالب

ئایندەسازی: باخان ئەحمەد کێیە؟

باخان: من باخان، لە ساڵی ۱۹۹۱ لە كاتی كۆڕەوە مەزنەكەی گەلی كورد لە سنووری نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەدایك بووم و لە شاری سلێمانی دەژیم. كۆلێژی زمان/بەشی كوردیی زانكۆی سلێمانیم تەواو كردووە.

ئایندەسازی: چۆن بوو كاری هەڵەگریت هەڵبژارد وەك پیشە، یان وەك خولیا؟

باخان: سەرەتا وەك خولیایەك بوو. لە منداڵییەوە دەخوێنمەوە، دواتر موتابەعەم كرد بۆ كتێبی ئێمە دەبێت جیاوازتر بێت لە كتێبی زمانی تر، چونكە كتێبی ئینگلیزیم دەخوێندەوە. ئەگەر یەكێك کار لەسەر یەك زمان بكات و ئەو زمانەش ڕێك نەخرابێت، پێم وا نییە بزانێت زمانی ڕێكخراو چییە، بۆیە كاتێك كتێبم ئەخوێندەوە، ئەمبینی چەند بێ هەڵەی تایپ و بێ كێشەیە و خاڵبەندیی دیاریكراوە، ئەی بۆ ئەوە لە کتێبی كوردیدا نییە! ئەمە وای كرد كتێبی هەڵەگریکراو و هەڵەگرینەكراو جیا بكەمەوە. سەرەتا وەك حەز بە هۆی خوێندنەوەوە بەدویدا ڕۆیشتم، بەڵام دواتر كە بەدوایدا ڕۆشتم و چوومە بوارەكەوە؛ خزمەتێكی باشمان كرد و كاتێكی باشی برد. دواتر پێم باش بوو وەك پیشە بیناسێنم كە لە دونیاشدا ئەمە پیشەیە و قۆناغەكانیم لە خۆمدا ئەزموون كرد. ئێستا هەم خولیایە، هەم پیشە.

ئایندەسازی: بۆچی بێ قاڵەقاڵ و هاتوهاواری ناو سۆشیالمیدیا ئەم كارە دەكەن؟ دەتانەوێت چی بگەیەنن؟

باخان: ئەگەر شتانێكیش باس بكەم تەنها بۆ دەركەوتنی پیشەكەیە و شێوازی پیشەكە دەردەخەم، ئەگینا پێویستی نەدەكرد ئەوەش بڵێم. ئەمە بۆ كورد نوێ بوو، کاری هەڵەگری ڕێكخراو نەبووە و زیاتر بە حەزی کەسی دەکرا، بەڵام ئێمە شێوازی کاری خۆمان هەیە كە لە چەند خاڵێكدا خۆی دەبینێتەوە و ئەوە نیشانی كەسی بەرانبەر دەدەین و بەردەوام لە پەیوەندیدا دەبین تا كارەكەی تەواو دەبێت.

ئایندەسازی: بە گرووپ كار دەكەن یان بە تاكەكەسی؟

باخان: بەڵێ، بە شێوەی گرووپ كار دەكەین، چونكە ئەم شێوازی کاری ئێمە وا دەخوازێت بە شێوەی گرووپ بێت. لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨دا لەژێر ناوی “گرووپی ماهان”دا كۆ بووینەوە و بەردەوامین لە خزمەتەكردن.

ئایندەسازی: تا چەند پێویستە هەڵەگری كاری جددیی لەسەر بكرێت؟

باخان: دەبێت كاری جددیی لەسەر بكرێ. هەوڵی كورد تا ئێستە بۆ هێشتنەوەی زمانەكەی بووە، بەڵام لەمەودوا پێویستە كار لەم لایەنە بكرێ. سوپاس بۆ خوا لە باشوور زمانی فەرمی كوردییە، بۆیە پێویستە ئیتر كار لەسەر هەڵەگری بكرێ تاكوو هەموو نووسراو و كتێبێك یەكدەست بێ لە ڕووی دروستنووسی و ڕێنووس و خاڵبەندی.

ئایندەسازی: پێشوازیی نووسەران و ڕۆشنبیران بۆ كاری ئێوە چۆنە؟

باخان: سوپاس بۆ خوا پێشوازییەكی باش لە کارەکەمان دەکەن، چونكە زۆر لەسەری دەوەستین و ئامانجمان هەر لایەنی ماددی نییە، هەر چەندە نووسەر و وەرگێڕ حەز دەكەن زوو بەرهەمەکەیان ببینن لەلای خوێنەر، بەڵام ئێمە لە هەوڵی ئەوەداین وایان لێ بکەین پشوودرێژ بن تاكوو کارێکی جوان و جددییان بۆ بكەین.

ئایندەسازی: زیاتر سوودتان لە كام فەرهەنگی كوردی بینیوە؟

باخان: لە زۆربەی فەرهەنگەكان سوود دەبینین، بەڵام لە هەموویان زیاتر “هەنبانەبۆرینە”ی مامۆستا هەژار موكریانییە كە فەرهەنگێكی دەوڵەمەندە.

ئایندەسازی: ڕووی داوە لە كاتی سەردانتان بۆ لای پسپۆڕانی زمانی كوردی، بۆچوونەکانتان لەسەر وشەیەك یان بابەتێك یەك نەبێت؟

باخان: بەڵێ ڕووی داوە، چونكە ساڵانێكە كار لەسەر زمانی كوردی دەكەین و بەبەردەوامی ڕای پسپۆڕان وەردەگرین، بەڵام لەسەر دوو بنەما كار دەكەین، زانستیبوون و كۆڕایی لەسەر كامەیانە.

ئایندەسازی: وەك ئاگادار بن هیچ هەوڵێك هەیە بۆ دروستكردنی زمانێكی ستاندارد؟

باخان: ئێمە زمانی ستانداردمان هەیە، بەڵام دەوڵەتێكی سەربەخۆمان نییە هەر چوار پارچە لەخۆ بگرێت و بڕیار لە پایتەخت دەربچێت كە بڵێ ئەمە زمانی ستانداردی ئەم وڵاتەیە، بۆیە هەمیشە ئەڵێین زمانی ستانداردمان نییە. گەرنا لە باشوور زمانی ستانداردمان هەیە كە كوردیی ناوەندییە و پڕۆگرامی خوێندنی پێ دەخوێنرێت و لە دامودەزگاكانی حكومەت كاری پێ دەكرێت و نووسراوی پێ دەنووسرێت. بەگشتی بنەماكانی زمانی ستاندارد لە كوردیی ناوەندیدا خۆی دەبینێتەوە، بەڵام ئەوەی هەیە پێویستە یەكدەست بین لە نووسینی، كە ئەمەشمان دیسان هەیە و ئەكادیمیای كوردیمان هەبووە قسەی لەسەر ئەم بابەتە كردووە.

Check Also

بەکارهێنانی حەب بۆ دواخستنی سوڕی مانگانەی ئافرەتان لە مانگی ڕەمەزاندا

چاوپێکەوتن: د. گوڵاڵە تاهیر ئایا لەڕووی شەرعەوە ڕێگە دراوە بە بەکارهێنانی حەب بۆ دواخستنی سوڕی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *