الأحد , نوفمبر 30 2025

یەکەم کتێبی قەبارە گەورە کە خوێندمەوە (چیڕۆکی بەرئاگردان) بوو

ئەشواق ئیحسان
لە زۆر بۆنە ئەوەم بە شانازیەوە گێڕاوەتەوە کە دایکم ئەگەرچی خۆی کەم خوێندەواربوو، کەچی وای ڕاهێنابووین وەختی کارتمان وەردەگرتەوە و دەردەچووین، هەمووجار یاری و بوکەڵە یان جلوبەرگ و ئێکسسوار، لەگەڵ ئەوانەش نامیلکەیەکی منداڵانی بۆ دەکڕین، کە ئەو کات گۆڤاری منداڵان یان نەبوو یان دایکم پێی نەدەزانی، بۆیە زیاتر نامیلکەی کورتە چیڕۆک و کوراسەی وێنەدار و هەقایەتی مەلای مەشهور و ئەوانەبوون بۆی دەسەندین.
باش لەبیرمە ڕێک دوای تەواوکردنی خوێندنی پۆلی چواری سەرەتایی بوو، هاوینەکەی دایکم بێ ئەوەی دەرچووبێ لەماڵ، کۆمەڵێ کتێبی خستە بەردەستمان، کە بۆ من جێی سەرسوڕمان بوو، ئەو هەموو کتێبەمان لەکوێ بوو، بۆ پێشتر پێیمان نەزانیبوو، بۆی ڕوونکردینەوە باسی ئەو کتێبانە دەبێ بە نهێنی بمێنێتەوە و نابێ کەس پێی بزانێت، چونکە یاساغن. چەند ڕۆژێ بە ئاگاییەوە هێشتیەوە، هەرجارە و دانەیەکم سەیر دەکرد و ناونیشان و چەند دێڕێکم لێیان دەخوێندەوە، بەس لە زۆربەیان تێنەدەگەیشتم هەر باسی چی دەکات؛ کە دواتر وەختێ گەورەبووم بۆم دەرکەوت ئەوانە کتێبی خاڵێکم و خزمێکی ترمان بوون کە هەردووکیان پێشمەرگەبوون و ئەوکات لە شاخ بوون، کتێبەکانیش زیاتر بابەتی سیاسی بوون، چەند دانەیەکیش تایبەت بە زمان و ئەدەب و مێژوویی بوون، ئەو کاتەش سەردەمی ڕژێمی سەدام بوو، نەدەبوو ئەو جۆرە کتێبانە لای هیچ کەس ببیندرێت، ئەگین ئەگەری هەبوو تووشی سزای توند بن، کە تا لەسێدارەدانیش دەچوون، بۆیە دایکم لە دواوەی قەنەفەکانمان دەیشاردنەوە و بە بزمار دارەکەی دادەکووتی.
لەنێو ئەو کتێبانە دانەیەک زۆر سەرنجی ڕاکێشابووم، بۆیە بە بێ پرسی دایکم، لای خۆم هەڵمگرت و جار جار بەدزیەوە دەمخوێندەوە، کە بێ شک دایە گیانم پێیزانیوە و دڵنیابووە لە کتێبە یاساغەکان نەبووە؛ بەڵام نازانم بۆ هەرگیز نەیدایەوە لەڕووم و پێم بڵێت ئەو کتێبەت چی لێکرد!
بۆ ساڵی خوێندنم لە پۆلی پێنجی سەرەتایی، خووم بەم کتێبەوە گرتبوو، هەموو ڕۆژ لەگەڵ خۆم دەمبردە قوتابخانە و لەوێ لە کاتی پشووەکان دەمخوێندەوە، تا یەکێ لەهاوڕێکانم زۆر پێداگری کرد کە پێی بدەم ئەویش بیخوێنێتەوە و دواتر بۆم بگەڕێنێتەوە، منیش لەبەر ئەوەی نەکا دایکم پێی بزانێت و نەهێڵێ لام بمێنێت و بیخوێنمەوە، بە هاوڕێکەم دا ماوەیەک لای بێت، کە بەداخەوە ئێستاشی لەگەڵ بێت ئەو کتێبەم بەچاوی خۆم نەدیتەوە، لەترسی ئەوەی نەوەک ئەو هاوڕێیەم لای مامۆستاکان ئاشکرام بکات کە شتێکی یاساغ دەخوێنمەوە، هەر نەوێرام پرسیاری لێبکەم بۆ نایگەڕێنێتەوە.
ئەو کتێبە (چیڕۆکی بەر ئاگردان)ی (برایانی گریم) بوو، لە وەرگێڕانی مامۆستای کۆچکردوو (د. عەزیز گەردی) بوو، هەڵبەت ئەوکات بەو تەمەنە بچوکەمەوە، نەمدەزانی نووسەر و وەرگێڕ هەر مانای چیە، تەنها ناونیشانی کتێبەکەم بیر مابوو، کە چەندین ساڵ دواتر و لەڕێی ئینتەرنێتەوە، زۆر بەدوایدا گەڕام ئینجا زانیم هی کێیە. کە بە منداڵی هێندە چێژم لە زمانەکەی و شێوازی گێڕانەوەی هەقایەتەکان وەرگرتبوو، کە ئەمە وایکرد لەم تەمەنەوە کتێبم خۆشبوێت و بە دونیای خوێندنەوە و ئەدەب و بەتایبەت چیڕۆک ئاشنابم، لەنێو خزمانیش ببووم بە هەقایەتخوان و لەهەر کۆبوونەوەیەکی خێزانی هەرچی مناڵە لەدەورەم کۆدەبوونەوە تا هەقایەتیان بۆ بگێڕمەوە، کە ئیلهامی هەقایەتەکانم لەوانەی چیڕۆکی بەرئاگردان وەرگرتبوو.
تا ئێستایش ئەو حەز و خۆشەویستیەی هەمە بۆ کتێب بەگشتی و ئەدەب بەتایبەتی بۆ ئەو کاتی دەگەڕێنمەوە.
بۆ ئەوەی بە دیداری ئەو پێشەنگە ڕۆحیەم بگەم، کە فەزڵی زۆری هەبوو لەسەرم، چەندینجار هەوڵمداوە بچمە خزمەت مامۆستا (عەزیز گەردی)، بەڵام لای هەر کەس باسم دەکرد، دەیانوت مامۆستا حەزناکات هیچ کەس بیبینێت، بەتایبەت گەر ئەو نەیناسێت.
قەدەری خوا وابوو ئەوێ ساڵێ لە (ڕێکخراوی خوێنەر) کارمان بۆ پرۆژەیەک دەکرد بەناوی (کارا کردنەوەی یاسای پاراستنی مافی خاوەن بەرهەمەکان)، کە بۆ ئەم مەبەستە واژووی نووسەران و وەرگێڕ و خاوەنی کتێبخانە و دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەمان وەردەگرت، تا بیگەیەنین بە پەرلەمان، کاتی یەکێ لەپێشانگە نێودەوڵەتیەکانی کتێب بوو لە هەولێر، لەوێ کە خەریکی واژووکۆکردنەوە بووین، هاوڕێیەکم وتی ئەوە مامۆستا (عەزیز گەردی)ە، خۆ دەیناسیت؟ وتم ئەی چۆن من چەند ساڵە لە دەرفەتێکی وادەگەڕێم بە خزمەتیان بگەم، خێرا چوومە لای و خۆم پێناساند و یەک بینە لەسەری ڕۆیشتم و پێیم وت پرۆژەیەکی وامان هەیە، پێمانخۆشە بەڕێزیشت بەشداربیت، هەر لەگەڵ ئەوەم وت، وەک ئەوەی شتێکی زۆر ناشیاوم کردبێ، پێمدا تەقیەوە، ئەوەندە قسەی پێوتم، من لەجێی خۆم وشکبووم، قوڕگم پڕ گریان بوو، نەمدەزانی چۆن ڕوونی بکەمەوە کە من هیچ نیازێکی خراپم نیە و شتەکە ئارەزوومەندانەیە، ئاساییە بەشداریش نەبێ، بەڵام نوتقم گیرا و هیچم پێنەوترا، هاوڕێکەم ویستی لەبری من ڕوونی بکاتەوە و پێداگری بکات، من بە دەست ئاماژەم پێیدا لێیگەڕێ. ناخۆشترین موقف کە لە ژیانم تووشی بووم ئەو ڕۆژە بوو، نەمدەزانی بۆ ئەو وێنا جوانە بگریم کە لە زووەوە لە مێشکی خۆم بۆ مامۆستا دروستمکردبوو، یان بۆ ئەو دۆخەی بەڕێزیان تێیکەوتبوو کە نەمدەزانی لەبەرچی کەوتبووە ئەو حاڵەی لەهەمووان بەدگومان ببوو!
بەهەرحاڵ چیتر هەوڵی دیدەنیم لە سەری خۆم دەرکرد، تا دوو سێ ڕۆژ بەر لەوەی هەواڵی نەخۆشکەوتنی بڵاوبێتەوە وەک ئەوەی خوا لە دڵی نابم، لای دوو سێ هاوڕێم کە جێی متمانەی مامۆستا بوون، وتم زۆر حەز دەکەم ڕۆژێک بچینە خزمەت مامۆستا، ئەوانیش وتیان بۆنا لە نزیکترین دەرفەت پێکەوە دەچینە لای؛ کەچی ئەوە دووەم کەسایەتیە پلانی سەردانی کردنیان دابنێم، بە ماوەیەکی کەم دوای ئەوە هەواڵی مەرگیان دەبیستم، ئەویتریان خوالێخۆشبوو (ڕۆستەم باجەلان) بوو، کە بەهۆی ڕێکنکەوتنی دیداریان داخی مردنەکەیان بەسوێتر بوو بۆم.
خودا لە هەردووکیان خۆشبێ، حەساوەی ماڵی هەمیشەیی بن.
بەداخەوە بۆ لەدەستدانی ئەو قەڵەمە جوانەی مامۆستا (عەزیز) کە وەک فوارە خزمەتی لێدەڕژا، کە تا دوا ساتەکانی تەمەنی بێ پچڕانەوە ئیشی بۆی کرد و بەرهەمی زۆری لەدوا بەجێما کە بۆ نەوەکانی داهاتوو و بۆهەمیشە مایەی سوودی خوێنەرانی دەبێت. کورد کەڵە پیاوی وای زۆر کەم ماوە، بەو ڕۆحیەتەوە ئیش بکات بۆ خزمەتی زمان و ئەدەبی کوردی، خوزگە لێرە بەدواوە ئاوڕ لەو چەند کەسایەتیە دەدرێتەوە کە تەمەنیان کردووە، خوانەکا ئەگەر لەدەستیان بدەین هیچ کەسێک جێیان ناگرێتەوە بە نموونەی عەزیزی مەلای ڕەش.

شاهد أيضاً

قورئان كۆمه‌ڵگه‌ى ئاگادار كرده‌وه‌ كه‌ ژن سێبه‌ر و پاشكۆ نییە

هه‌ڵاڵه‌ محەمەد ئەڵماسپێگه‌و جێگه‌ى ئافره‌ت له‌به‌ر ڕۆشنایى قورئانى پیرۆزدا پێگه‌یه‌كى به‌رزو بڵندى هه‌یه‌و، قورئانى پیرۆز …