هه‌ینی , ئازار 14 2025

زیانەكانی ڕیكلامە بازرگانییەكان لەسەر ئافرەتان

 (ناجی محمد السعیدی) خاوەنی ماستارنامە لەبواری میدیادا (2012)، لە توێژەر (هاوكنز كونی)وە ئەوە دەگێڕێتەوە كە ریكلامی بازرگانیی وێنەی ئافرەت لەبوارێكی تەسكی ژیاندا قەتیس دەكات، كەدەرخستنی جوانییەكانی جەستەو كاری نێوماڵە.

بۆیە بەردەوام گواستنەوەی ئەم وێنەیەی ئافرەت و چەند بارەكردنەوەی بەدرێژایی ڕۆژانی ساڵ، ئەوە لەهزری ئەو دوای كۆمەڵگەدا دەچەسپێنێت كە ئافرەت تەنها جەستەیەكە بۆ ریكلامكردن وەك لەكتێبی (الإعلان ونهایة العالم) دا هاتووە كە: (ریكلامكاران گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كەئەوان زۆرترین قازانجی ماددییان لەو ریكلامانەدایە كەئافرەت وەك جەستەو جوانیی رووكەش بەكاردەهێنن).

زیانە كۆمەڵاتییەكانی ریكلام لەسەر توێژی ئافرەتان:

1- پیشاندانی ئافرەت وەك كچێكی هەمیشە جوان و خاوەنی هەموو پێوەرەكانی جوانیی بەردەوام.

 2- هەستكردنی ئافرەتانی ئاسایی و تەمەن ناوەراست و گەورەتر بەشەرم و خۆبەكەمزانین بەهۆی خۆبەراودكردن لەگەڵ كچانی هەمیشە جوانی ریكلامەكاندا.

 3- ئالودەكردنی ئافرەتان بەو وێنە دەستكردەی جوانیی، كەتەنها بەكەرەستەو ئامێری جوانكاریی دروست دەكرێت.

  4- سەرفكردنی سەدان دۆلار لەكڕینی كەرەستەی ماكیاژو جوانكاریی بۆ گەیشتن بەئاستی  كچانی هەمیشە جوانی ریكلامەكان.

 5- ئافرەت وای لێدێت كەرووخساری خۆی وەك ماسكێك تەماشا بكات و، خۆی تەنها لەجەستەدا ببینێت و، كەلێنێك لەنێوان روخساری دەرەكیی و خودی راستەقینەی خۆیدا دروست بكات

6- ڕیكلام جەستەی ئافرەت دابەشدەكات بۆ پارچەی بچووك بچووكی وەك چاوو برۆو لێوو قژو سنگ و لاق و دەست ومەچەك و پەنجە و، واشی فێر دەكات كەهەر پارچەیەكی هەمیشە پێویستی بەگۆڕین و چاككردنەوە هەیە بۆ ئەوەی بەردەوام كۆمەڵگە رێزی لێبگرێت.

7- پشتگوێ خستنی تەندروستی ڕاستەقینە لەریكلامەكانداو، بایەخدان بەخواردنی خێراو ئامادەكراوو خواردنەوە گازییەكان و جگەرە، كەزیانی گەورە بەتەندروستی دەگەیەنن.

8- هاندانی كچانی هەرزەكار بۆ پێشبڕكێی بەردەوام  لەگەڵ هاوتەمەنەكانیاندا و، ترساندنیان لەئایندەو لەپیریی و لە لەدەستدانی جوانیی جەستەیان.

9- قەتیسكردنی ئافرەت لەچێشتخانەو قسەكردن لەبارەی ئامادەكردنی خواردن و خواردنەوەی نوێ و بەكارهێنانی تایدو سابوون و شامپۆی قاپشۆردنی نوێ.

10- كۆكردنەوەی ئەركی زۆر لەسەر شانی ئافرەت وەك ئەوەی كەسایەتێكی سەركەوتوو بێت، هەمیشە رازاوە بێت، چێشتلێنەرێكی كارامە بێت، مناڵ بەخێو بكات و پاك ڕایان بگرێت و جل و بەرگیان بشوات، دڵی منالەكانی و مێردەكەی و هاورێكانی و كۆمەڵگە لەخۆی رازیی بكات.

ئەركەكانی دەزگاكانی راگەیاندن لەبەرامبەر ئافرەتان:

لەسەر دەزگاكانی ڕاگەیاندن و پەخشكردنی بەرهەمەكانی ریكلام پێویستە كە:

1- ڕەچاوكردنی ناسنامەی مرۆڤبوونی ئافرەت، نەك تەماشاكردنی تەنها وەك جەستە.

2- دانانی پێوەرو ستانداری زانستیی گونجاو بۆ كۆمپانیا بەهەمهێنەرەكانی ریكلام، بەمەبەستی رێزگرتن لەپێگەی ئافرەتان.

3- نەسپاردنی ریكلامكردن بۆ خواردنەوە كحوولییەكان و جگەرە بەئافرەتی ریكلامكار.

4- دوورخستنەوەی ئافرەتی ریكلامكار لە بینینی رۆڵی ورووژێنەرو قسەو جووڵەی نەشیاو.

5- پابەندكردنی كۆمپانیاكانی ڕیكلام بەوەی كەناوەڕۆكی ڕیكلامەكانیان ملكەچ بن بۆ پێوەرو رێساكانی راگەیاندن.

راسپاردەكان:

1- كاركردنی رێكخراوەكانی ئافرەتان و ژنان و خوشكان و ئەنجومەنی باڵای خانمانی كوردستان لەسەر گێڕانەوەی پێگەی بەرزی كۆمەڵایەتی ئافرەتان.

2- بەدواچوونی لیژنەی ئافرەتان لەپەرلەمان بۆ یاسای ژمارە(8)ی ساڵی(2011)ی تایبەت بەتوندوتیژیی خێزانیی و، هەوڵدان بۆ ئەژماركردنی بازرگانیكردن بەوێنەی ئافرەتەوە لەریكلامدا، وەك جۆرێكی توندوتیژیی دژ بەئافرەتان. 

3- كاركردنی رێكخراوەكانی ئافرەتان و ژنان وخوشكان لەسەر دۆسیەی ئافرەت لەریكلامە بازرگانییەكاندا و، كردنەوەی خولی هۆشیاریی بۆ ئافرەتان لەبارەی زیانەكانی ئەم دیاردەیەوە.

4- بەدواداچوونی وەزارەتی رۆشنبیریی بۆ پابەندبوونی كەناڵەكان بەڕێنمایی پەیوەست بەم دۆزە.

5- بەدواداچوونی سەندیكای رۆژنامەنووسان بۆ كاری گۆڤارو رۆژنامەكان لەبواری ئافرەت لەریكلامە بازرگانییەكاندا.

سەرچاوەو ژێدەرەكان:

1- المرأة وتحولات عصر جدید، وقائع ندوة‌ دار الفكر، دار الفكر, الطبعة الاولی, دمشق,2002 م. ص55

2- د. طاهر محسن الغالبي والدكتور احمد شاكر العسكري, الاعلان مدخل تطبیقي، دار وائل للنشر، الطبعة الاولی، الاردن،2003م. ص188

3- د. علی القائمي، دنیا الفتیات المراهقات، ترجمة : سالم كریم، دار النبلا‌‌ء، الطبعة الاولی لبنان، 1998م.

4- المرأهة والاعلام، المنتدی الرابع لمؤتمر قمة المرأة‌ العربیة‌، ابوظبی، الامارات العربیة‌ المتحدة‌، 2002م.

5- د. محمد إبراهیم عایش: الإعلام العربي في عصر المعلومات – رؤیة‌ تحلیلیة– نوفمبر 2000م، ص 51

6- المرأة‌ والثقافة‌– تجربة‌ الإمارات، منشورات دائرة‌ الثقافة‌ والإعلام 97، گ 1

7- د. ساره‌ بنت عبد المحسن، المرأة‌ المسلمة‌ والظلم الاجتماعي المعاصر، ص 30

عەبدولڕەحمان سدیق

Check Also

پۆشینی جلوبەرگی کوردی بۆتە نەریت لای گەنجان

دیمانە.خەرمان عبدالکریمئایندەسازی: خاتوو ئەڤین کێیە؟من ناوم ئەڤین سەڵاح محمد امین،کاری بزنس لەبواری ریکلام دەکەم، خێزاندارم …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *