سۆزه ساماڵ خه‌فاف
خۆت سه‌ر پشکبه‌و گوێم بۆ ڕابگره، هه‌موو به‌شێکی نووسینه‌که باسکردنی چیرۆکی دیوی یه‌که‌می حاڵه‌ته‌که‌یه و، له دوای وشەی به‌ڵامە‌که چیرۆکی/ دیوی دووه‌می حاڵه‌ته‌که‌یه.
هه‌موومان ئه‌یزانین و، هه‌زاره‌ها جار خوێندوومانه‌ته‌وه که خالق هه‌ر خۆی بەڵێنی داوه و فه‌رموویه‌تی {فَإِنَّ مَعَ الْعُسْرِ يُسْراً، إِنَّ مَعَ الْعُسْرِ يُسْراً} له‌گه‌ڵ هه‌موو ته‌نگانه‌یەکدا، چەند خۆشی و ئاسانکاریه‌ک دێت له‌گه‌ڵیدا نه‌ک له دوای، دووجار ئایەتێک دووبارە ئەبێته‌وه له‌یەک سوره‌تدا و دوا به‌دوای یەکتر وه‌کو ئاگادارکردنه‌وه و به ڵێنێک بۆ ئێمە، خالق خۆی ئەزانێت ئێمە‌ی مرۆڤ ئه‌گه‌ر زوو به ئاگا نه‌بین له ته‌نگانه‌دا و، له کاته قورس و به ئازاره‌کاندا به‌ئاسانی دیوه باش و خێرە‌که‌ی نابینین، هه‌رچه‌نده به‌ده‌م ئەڵێن و ئایه‌ته‌کامان له‌به‌ره و له شوێنی خۆیدا ئەیڵێینەوە به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه هه‌ڵوێستی دڵ و ده‌روونمان چۆنه؟ وچۆن ڕەفتار ئه‌که‌ین و چ دیوێکی چیرۆکەکه ئه‌بینین؟
پێنج ساڵ له‌مه‌وپێش من به نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ی مه‌مک ده‌ستنیشان کرام و، جۆرێکی خێرا و تا ڕاده‌یه‌ک توند، به‌ڵام زۆر سوپاس بۆ خواگیان که به شێوه‌یه‌کی موعجیزه ئاسا و به شێوه‌یه‌ک ئاشکرا بوو بۆم، بێ ئه‌وه‌ی بۆی گه‌ڕابم یان به خەیاڵیش بیرم لێکردبێتە‌وه.
پڕۆسه‌یه‌کی قورس و چاوه‌ڕوان نه‌کراو بۆ چاره‌سه‌رکردنم دیاری کرا، له مانگێکدا دووهه‌فته له‌سه‌ر یه‌ک و هه‌فته‌یه‌ک پشوو دیسان هه‌فته‌ی چواردەم به چوار جۆر کیمیایی و چوار جۆر ده‌رمانی پرۆتینی / بایۆلۆژی .. چاره‌سه‌رم وه‌رئەگرت. به‌ڵام زۆر دڵم به‌وه خۆشه که ئەویش به شێوه‌یه‌ک خۆم معجیزه ئاسا چاره‌سه‌رم به کیمیایی قبوڵ کرد، له کاتێکدا من حه‌پی پاراسیتامۆڵیشم به‌کار نه‌ئەهێنا. له‌و کاته‌دا به ڕه‌زامه‌ندی خۆم ئه‌و چاره‌سه‌ره قورس و به ئازارەم به‌کار ئه‌هێنا و زۆر زۆریش سوپاسگوزاربووم.
ئازارێکی بێ شومار و بێ‌سنوور، سه‌روو خەیاڵی که‌سێک که بتوانێت خەیاڵی لێ بکاتەوه، ئازاری ماسولکه‌کانم به تایبه‌تی هی قاچه‌کانم و ناوسكم. دڵم جاری وا هه‌بوو ئه‌وه‌نده خێرا لێیدەدا خه‌ریک بوو له سینه‌م ئه‌هاته ده‌رێ و جاری وا هه‌بوو ئه‌وه‌نده خاو ئه‌بوو ئه‌مووت ئەمەیە که پێی ئه‌وترێت دڵ وه‌ستان، دڵ تێک هه‌ڵهاتن، نه‌فس نه‌چوونم بۆ لای هیچ خواردنێک ئه‌وه خۆی له خۆیدا چیرۆکێکی تایبه‌ت و جیاوازه، به‌ڵام له هه‌مانکاتدا من داڵغه‌ی ته‌واوم لای چۆنیه‌تی شێوازی دروستکردنی جه‌سته‌مانه له لایه‌ن خالقەوه و، چۆن جه‌سته‌یەکی ئاوا به‌و قه‌بارەیه هه‌ر هه‌مووی به‌ردەوامی کامل و بێ‌وچان که‌وتۆتە خۆی بۆ له‌ناوبردنی خانه‌یه‌ک که له (2سم) تێناپه‌رێت. هه‌موو ئۆرگانێکی جه‌سته‌م، ئێسقان و پێست و ماسولکه‌کانم به ئازارێکی زۆردا تێپه‌ڕ ئه‌بوون به‌بێ ئه‌وه‌ی بۆ یه‌ک چرکه یەکێکیان بڵێ: به من چی؟ یان ئۆرگانێ بڵێت ئەوە ئیش و ئه‌رکی من نیه، ئه‌م شێوازی سه‌یرکردنه‌م بۆ نه‌خۆشیه‌که هێز و توانا و تێگه‌یشتن و به‌ئاگایی بۆ ئه‌هێنام و، زیاتر نزیکبوونه‌وه له چۆنیه‌تی خه‌لق بوونمان و خالقی گه‌وره و میهره‌بانمان.
ئینجا زۆر زوو هه‌موو قژم له‌ده‌ستدا، برۆ و برژانه‌کانیشم له دوای چه‌ند مانگێک ئه‌وانیش هیچ هیچیان پێوە نه‌ما، به‌ڵام ئه‌و کاته هه‌ستم ئەکرد که هه‌موو شته کۆن و پڕاوپڕ له خه‌م و خه‌فه‌تی زه‌مانه له ڕه‌گه‌وه نامێنێت و تازه ئه‌بێته‌وه و سه‌ر له نو‌ێ له دایک ئه‌بنه‌وه.
جار جار دڵم زۆر ته‌نگ ئه‌بوو، زوو زوو دڵیشم پڕ ئه‌بوو له گریان و ئه‌گریام، هه‌سته‌م ئه‌کرد دڵم ناسک بۆته‌وه، به‌ڵام بۆم ده‌رکەوت که خۆی له خۆیدا ئازایه‌تییه که بتوانی هه‌ست به چی بکەیت لەو کاته‌دا ده‌ری ببڕیت به‌ته‌واوی و نه‌یخه‌ینه‌وه دڵی خۆمان و، ئیتر هیچ هه‌ستێکم نه‌خه‌مه ژێر فشار و په‌ستانه‌وه. چونکه گریان و دڵته‌نگی و بینتاقه‌تیش هه‌ستن و ئێمه‌ش مرۆڤین و ئاساییه ئه‌و هه‌ستانه‌مان هه‌بێت.
له‌سه‌ر ئاستی ده‌روون و لایه‌نی ڕۆحی هه‌ستم ئه‌کرد زۆرتر به‌هێزم و، ئه‌و ئازارانه هه‌ر هه‌مووی نیەتم لێ هێنابوو به ئاگاوه که ئه‌بێته سڕینه‌وه و پاک کردنەوه‌ی ناخم و سه‌ره‌تایه‌ک بۆ قوناغێکی تازه‌ی پڕ خێر و به‌ره‌که‌ت و سوپاسگوزاری.
که‌واته تا ڕاده‌یه‌ک ژیانێکی وه‌ستاو و بێ هێز و پڕ ئازار و ژان و هاتووچۆی خه‌سته‌خانه و لای دکتۆر و مانه‌وه‌ی ناو جێگا و ته‌نانه‌ت نه‌م ئەتوانی له ناو جێگه‌که‌شدا له‌به‌ر ئازاری هه‌ردوو لام بجو‌ڵێم و، ئه‌م دیوو ئه‌ودیوو بکەم، پشتم و شان و ملم ده‌قیان گرتبوو به جێگا و سه‌رینه‌که‌مه‌وه، به‌ڵام بۆ من که له سیانزه ساڵیمه‌وه به هه‌موو هێزێکم به هه‌موو لایه‌کدا ڕاکه راکم بوو، زۆر جار وه‌کو مریشکی سه‌ربڕاو، خوا خوای چرکه ساتێکم بوو ئیسراحەتێک بکه‌م، هه‌میشه ئه‌مووت من کاتێک نه‌خۆش ئه‌که‌وم ئه‌بێت شته‌کان هه‌مووی بکه‌م ئینجا بۆی بکه‌وم، به‌ڵام ئه‌و کاته بەویستی خۆم نه‌بوو ئەبوایە له جێگادا بکه‌وم و ئیسراحەت بکه‌م و به‌ده‌م ئازاره‌وه تێڕامان و نزا و هانا بۆ خالقی گه‌ردوون ببەم.
ئیستا هه‌ردوو چیرۆکەکەت خویێده‌وه و سوێند ئه‌خۆم به خوای گه‌وره بەڕاستی وابوو، زۆر کەم و کورتم کردۆته‌وه، به‌لام زیادەی پێوه نیه. من خۆم له یه‌که‌م چرکه ساته‌وه له چیروکی دووه‌مدا ئه‌ژیام به هه‌موو خانه‌یه‌کی جه‌سته‌م و له قوڵایی دڵ و ڕۆحمه‌وه و به‌و و پەڕی ڕه‌زامه‌ندیه‌وە، زۆر باش ئەمزانی و هه‌ستم پیئه‌کرد که چیرۆکی یه‌که‌می هه‌ر واقعی حاڵم بوو، من به ویستی خۆم له واقیعی حاڵی چیرۆکی دووه‌م سه‌رتاپا و له هه‌موو چرکه ساتێکدا ئه‌ژیام.
ویستم ئه‌وه بڵێم که هه‌موو حاله‌تێک و شوێنێک وڕووداوێک هه‌میشه دوو دیووی هه‌یه، ئه‌وه خۆمانین کام دیووه سه‌یر ئه‌که‌ین و، له کام لایه‌نه‌دا زۆرتر کات به‌سه‌ر ئه‌به‌ین و کام چیرۆکه زیاتر ئەڵێینه‌وه و بڕوای ته‌واوی پێ ئه‌که‌ین.
بۆ ئێستا ئه‌مه به‌سه، به‌ڵام تکایه تۆش هه‌وڵبده بۆ هه‌موو شت هه‌موو شتێکی ژیانت هه‌ردوو لایه‌نی چیرۆکه‌که بەڕاستی بخه پێش چاوی خۆت و، ئینجا خۆت سه‌رپشک و سه‌ربه‌ست بکه بڕوا به کام چیرۆک ئه‌که‌یت و له‌وه‌ش گرنگتر له کام چیرۆکه‌دا ئه‌ژیت. له‌مانه‌ش هه‌مووی گرنگتر یه‌قینی ته‌واوت هەبێت و گومانت نه‌بێت که خالق هه‌ر تاقیکردنەوەیەکمان بۆ ئه‌نێرێت پڕ مانا و وانەیه، ئاسانترین ڕێگاش قبوڵکردن و فێربوونه له وانەکان و بینینی لایه‌نی باش و خێری چیرۆکه‌که‌یه.