(سۆزی توشبویەکی نەخۆشی شێرپەنجە)
کەژاڵ عبداللە
ساڵێک و چەند مانگێکە من لە ناو جەنگێکی سەختدام لەگەڵ نەخۆشی «شێرپەنجە». ئەم تاقیکردنەوەیە کەوتە کاتێک، کە هێشتا جەرگم بە کۆچی دوایی خوشکە ئازیز و شیرینەکەم سوتا بوو، کە بە هەمان نەخۆشی ماڵئاوایی لێ کردبوین. لەو ساتەوە تەواوی ژیانم گۆڕا و ڕووبەڕووی قورسترین ڕێگای تەمەنم بوومەوە.
من هێشتا بەردەوامم لە بەگژداچوونەوەی ئەم نەخۆشییە و کۆڵ نادەم، لەم ڕێگایەشدا دڵم پڕە لە سوپاسگوزاری.
پێش هەموو شتێک، سوپاسی بێپایان بۆ خوای گەورە کە لە هەموو هەنگاوێکدا ئارامی و هێزی بەخشیوە بە ڕۆحم و، لە تەنیایی ڕزگاری کردووم.
سوپاسی تایبەت بۆ نەخۆشخانەی هیوا سەرجەم پزیشکان، پەرستاران و کارمەندە دڵسۆزەکانی کە بە میهرەبانییەوە خزمەتمان دەکەن، بەتایبەتی دکتۆر (ڕێباز)ی بەڕێز کە پاڵپشت و یاوەری بەردەوامم بووە لەم ڕێگایەدا و، دکتۆرە (سەناریا شوان)ی خەمخۆرو، دکتۆر (هەڵوان عبدالرحمان چاوەش) ی لێهاتوو.
سوپاس بۆ خێزان و دڵسۆزان لە خزم و هاوڕێ ئازیزەکانم، کە بە دوعا و وەستانیان لە پشتم، ئومێدم پێ دەبەخشن.
ئەم تاقیکردنەوەیە هێشتا کۆتایی نەهاتووە بەڵام زۆر شتی گەورەی فێر کردم، بەهای خێزانێکی میهرەبان و دڵسۆز، خەمخۆریی کچەکەم و هاوسەرەکەی، کەلە بەهێزترین کاتەکانی نەخۆشی و، ئازاردا دەرگای دڵ و ماڵەکەیان واڵاکردو، بەبێ درێغی بوونە قەڵایەکی قایم ودەستیان گرتم، هێزوهیوایان پێ بەخشیم، شانبەشانی سۆزی کوڕەکەم و خێزانەکەی، جوانترین بەخششی یەزدانە.
نرخی ڕاستەقینەی تەندروستی و ئاسودەیی دەروون لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە، تاوەکو زۆرێک لە ڕاستییەکانی ژیان و دڵسۆزانی دەوروبەرم ئاشکرا بناسم.
بڕیار بدەم لەمەودوا ڕێگە نەدەم هیچ شتێک یان هیچ کەسێک ئاسودەیی و ئارامیی ناخم تێکبدات.
بە توانا و بەزەیی خودا، بە ورەیەکی بەرزەوە لەسەر ئەم جەنگە بەردەوام دەبم تا سەرکەوتن، لە دڵمەوە دوعا دەکەم خوای گەورە شیفای تەواو بە من و هەموو نەخۆشێک ببەخشێت و، ڕۆحی خوشکە نازدارەکەشم بە بەهەشت شاد بکات.