پێنجشەممە , ئەیلوول 10 2026

ڕێگری لە خۆکوژی: ڕزگارکردنی ژیان و بنیاتنانی ئومێد

ڕاوێژکاری یاسایی: دڵخواز عبداللە
ڕۆژی ۱۰ی سێپتێمبەری هەموو ساڵێک، وەک “ڕۆژی جیهانیی ڕێگری لە خۆکوژی” دەستنیشانکراوە بۆ بەئاگاهێنانەوەی کۆمەڵگە و کەمکردنەوەی ئازارە دەروونییەکان.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) ئاماژە بەوە دەکات کە ساڵانە سەدان هەزار کەس بەهۆی خۆکوژییەوە گیان لەدەستدەدەن، بە دەیان کەسیتر هەوڵی بۆ دەدەن یان لە ئازارێکی قووڵی دەروونیدا دەژین.

ئامارەکان لە هەرێمی کوردستان
ئامارەکانی خۆکوژی لە هەرێمی کوردستان لەلایەن چەند دامەزراوەیەکی فەرمی و نافەرمییەوە دەستنیشان و تۆمار دەکرێن، لەوانە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و خێزان؛ پۆلیسی هەرێمی کوردستان. 

ڕێژەی سالانە: ساڵانە بە تێکڕا لە نێوان ۷۰ بۆ ۱۲۰ حاڵەتی خۆکوژی فەرمی تۆمارکراو، لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (سلێمانی، هەولێر، دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکان) تۆمار دەکرێت. جگە لەمەش دەیان هەوڵی تۆمارنەکراو لە نەخۆشخانەکاندا بوونیان هەیە. 

  • دابەشبوونی ڕەگەزی: 
  • پیاوان: ڕێژەی خۆکوژی لە ناو پیاواندا بەراورد بە ئافرەتان بەرەو زیادبوون چووە، کە زۆربەیان لە توێژی گەنجانن. شێوازی توند (وەک بەکارهێنانی چەک یان خۆهەڵواسین) زۆرترین ئاماری ناو پیاوان پێکدەهێنێت. 
  • ئافرەتان: ئامارەکانی تایبەت بە ئافرەتان جۆرەها حاڵەتی خۆکوژی و خۆسووتاندن دەگرێتەوە. لە ساڵانی دواییدا، بەکارهێنانی دەرمان و ڕێگەکانی تر جێگەی خۆسووتاندنیان لە زۆربەی ناوچەکاندا گرتووەتەوە. 
  • تەمەنی تووشبووان: زۆرترین ڕێژەی تۆمارکراو لە نێوان تەمەنی ۱٨ بۆ ۳٥ ساڵییە، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ فشاری زۆری قۆناغی گەنجێتی و ناڕوونی ئایندە. 
    +هۆکارەکان
    هۆکارە سەرەکییەکانی دیاردەکە لە هەرێمی کوردستان
    ١. فشاری ئابووری و بێکاری: نەبوونی دەرفەتی کاری گونجاو بۆ گەنجان و دەرچووانی زانکۆ، تێکچوونی دۆخی دارایی خێزانەکان، و فشاری بژێوی.

٢. کێشە و توندوتیژییە خێزانییەکان: بوونی ناکۆکی قووڵی خێزانی، جیاکاری ڕەگەزی و، نەبوونی چوارچێوەیەکی بەهێزی پاراستنی دەروونی لە ناو خێزاندا.

٣. مەترسییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان : بڵاوبوونەوەی وێنە، ڤیدیۆ یان زانیاری تایبەتی کەسایەتییەکان، یان هەڕەشەکردن و بڵاوکردنەوەی ناوزڕاندن، کە گوشارێکی دەروونی دروست دەکات.
٤. شەرمنی کۆمەڵایەتی بەرامبەر تەندروستی دەروونی: ترسی سەردانکردنی پزیشکی دەروونی یان راوێژکار، بەهۆی ئەوەی کۆمەڵگە وەک ناتەواوی” سەیری دەکات، کە وا دەکات نەخۆشییەکانی وەک خەمۆکی قووڵ بێ چارەسەر بمێننەوە.
٥. ئاسانی دەستگەیشتن بە هۆکارەکان: بوونی چەکی بێمۆڵەت لە زۆربەی ماڵەکاندا و، بەئاسانی دەستگەیشتن بە دەرمانی مەترسیدار.

چوارچێوە و ڕەهەندە یاساییەکان لە هەرێمی کوردستان

  • یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی (ژمارە ٨ی ساڵی ۲۰۱۱): پاراستنی ئافرەتان و ئەندامانی خێزان لە توندوتیژی جەستەیی و دەروونی.
  • سزادانی هاندەران و هاوکاران (ماددەی ٤٠٨ی یاسای سزادانی عێراقی): سزادانی زیندانیکردن بۆ هەر کەسێک کە هانی کەسێکی تر بدات یان هاوکاری بکات بۆ خۆکوژی.
  • ڕێگری لە تاوانە ئەلیکترۆنییەکان (یاسای ژمارە ٦ی ساڵی ۲۰۰٨): سزادانی توندی ئەو کەسانەی هۆکارن بۆ هەڕەشەکردن و ناوزڕاندن.
  • کۆنتڕۆڵکردنی چەک (یاسای ژمارە ۲ی ساڵی ۲۰۲۰): جێبەجێکردنی یاسا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چەکی بێ مۆڵەت لە ماڵاندا.
    چارەسەرکردن و ڕێگری لە دیاردەی خۆکوژی پێویستی بە ستراتیژییەکی فرەڕەهەند و بەردەوام هەیە، کە تەواوی ئاستەکانی کۆمەڵگە، حکومەت و بنەما کۆمەڵایەتییەکان دەگرێتەوە.

١. کەرتی تەندروستی و پشتیوانی دەروونی

  • ڕەخساندنی خزمەتگوزاری بێبەرامبەر:
    بوونی بنکەی ڕاوێژکاری دەروونی لە نەخۆشخانە گشتییەکان و بە خۆڕاییکردنی دەرمانی خەمۆکی و سەردانی پزیشکی دەروونی.

٢- بەهێزکردنی کەرتی پەروەردە: تەرخانکردنی توێژەری دەروونی و، کۆمەڵایەتی لە تەواوی قوتابخانە و زانکۆکاندا، بۆ ناسینەوەی پێشوەختەی نیشانەکانی خەمۆکی و زەبری دەروونی لە ناو گەنجاندا.

٣. هۆشیاری کۆمەڵایەتی و ڕاگەیاندن

  • بڕینی سزای کۆمەڵایەتی : ڕێکخستنی کەمپینی بەردەوام بۆ ئاساییکردنەوەی قسەکردن دەربارەی تەندروستی دەروونی، تا چوون بۆ لای پزیشکی دەروونی وەک کەمتەرخەمی یان “تێکچوون” سەیر نەکرێت.
  • پابەندکردنی میدیاکان بە ئیتیكی ڕۆژنامەوانی: قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی وردەکاریی شێوازی خۆکوژییەکان و، وێنەی قوربانییان، بۆ ڕێگریکردن لە کاریگەری ناڕاستەوخۆی هاندانی کەسانی تر .

٣. ڕەهەندی یاسایی، کۆمەڵایەتی و ئایینی

  • سزادانی توندی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان:
    جێبەجێکردنی توندی یاساکانی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی دیجیتاڵی، سایبەر-هەڕەشەکردن، تا کەسانی لێقەوماو هەست بە پارێزراوی یاسایی بکەن.
  • توندکردنەوەی کۆنتڕۆڵی چەک و دەرمان: کۆکردنەوەی چەکی بێمۆڵەت و ڕێگری لە فرۆشتنی بەربڵاوی دەرمانی هێورکەرەوە و، خەو لە دەرمانخانەکاندا بەبێ ڕەچەتەی پزیشک.
  • تێگەیشتنی دروستی ئایینی: وتارخوێنان جەخت لەسەر ئەوە بکەنەوە کە نەخۆشی دەروونی ئازارێکە پێویستی بە هاوسۆزی و چارەسەری پزیشکییە، نەک حوکمدان بە گوناهبارکردنی ئازارچشتووان.
    ٤. پشتیوانی ئابووری و خێزانی:
  • کەمکردنەوەی گوشاری ئابووری: ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ گەنجان کە هۆکارێکی سەرەکیی داڕمانی دەروونییە.
    ٥- پەرەپێدانی سەنتەرەکانی ئاشتبوونەوەی خێزانی: پاڵپشتیکردنی یاسایی و دەروونی لەو خێزانانەی تووشی ئاڵۆزی و توندوتیژی دەبنەوە، تا ڕێگە لە داڕمانی باری دەروونی ئەندامەکانیان بگیرێت.

لە کۆتاییدا، ڕێگری لە خۆکوژی پرۆسەیەکی بەردەوامە و پێویستی بە سەرنج، هاوسۆزی و کارلێکی هاوبەشی تەواوی دامەزراوەکان و تاکەکانی کۆمەڵگە هەیە.

Check Also

لەڕۆژی جیهانی کاری خێرخوازی؛ کاری خێرخوازی نابێت جێگرەوەی دادپەروەری و مافی هاوڵاتی بێت!

هەڵاڵە ئەڵماسلە سەردەمێکدا دەژین کە خەڵک زۆر جار پێویستیان بەوەیە کە کەسێک گوێیان لێبگرێ و …