پێنجشەممە , ئەیلوول 10 2026

ئیسلام له نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئــــــاوا

خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی بیرمەند (عەلی عیزەت بێگۆڤیچ)

عدنــان مەنمی


(عەلی عیزەت بێگۆڤیچ) بیرمەندی ناسراوی ئیسلامی و سەرۆکی پیشووی بۆسنە، خاوەنی چەندین کتێبە، بەناوبانگترینیان (ئیسلام له نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا)، بۆ شارستانێتی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات خاوەن تێڕوانینی قوڵە، دەتوانین بڵێین ئاڕاستەی سێیەمە، لەبەر گرنگیەکەی پێم باشبوو کورتەیەکی بخەمە ڕوو . ئەم بیرمەندە هەوڵیداوە پرۆژەیەکی تێروتەسەل له بارەی مرۆڤ و ژیان و وجوودەوە خوێندنەوەی ئیسلامیانە بکات، نەک تەنیا وەک ئایدیۆلۆژیایەک، بەڵکو وەک چارەسەر بۆ ئەو بۆشاییانەی له نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا هەیە. بۆیە کتێبەکە لەسەر بنەمای ڕەخنە گرتن لە هەردوو شارستانیەتەکە نووسراوە.

+بیرۆکەی سەرەکی کتێبەکە
بێگۆڤیج له پرسیارێکی بنەڕەتیەوە دەست پێدەکات:
ئایا مرۆڤ تەنها جەستە و ماددەیە؟ یان تەنها ڕووحە؟ یان هەردووکیانە . پێیوایە کێشەی شارستانیەتی هاوچەرخ لە دابەشبوونی مرۆڤ له نێوان لایەنی ماددیگەریی و ڕوحیی سەرچاوەی گرتووە، شارستانیەتی ڕۆژئاوای هاوچەرخ بەئاڕاستەی ماددی و عەقڵانی لە ڕۆژهەڵاتیش، لە هەندێ نوێنەرایەتیدا بەرەو ڕووحیانی و زاهیدی و دابڕان لە دونیا ڕۆیشتوون.
نوسەر پێوایە له ئیسلام مرۆڤ دەتوانێت ڕووح و ماددەش بێت، مرۆڤ نە فریشتەیە و نە ئاژەڵ، بەڵکو بونەوەرێکە لە هەردوو حاڵەتەکە .
بۆیە تیشکی خستۆتە سەر ئەم تەوەرانە:

١-ئیسلام نەڕۆژهەڵاتیە و نە ڕۆژئاوایی
ناوونیشــانی ئەم کتێبەکە مەغزای فەلسەفی هەیه. نایەوێت ئیسلام بخاتە هیچ کام لەو دوو بەرەیە. بڕوای وایە ئیسلام دەتوانێت ئەو دوو ئاڕاستەیە تێپەڕێنێت و بۆشایی نێوانیان پڕ بکاتەوە . لەڕۆژهەڵات بەرەو ڕووحی و ڕزگاربوونی تاک ڕۆیشتوون، بەڵام لە ڕۆژئاوای هاوچەرخدا بەرەو ماددە و زانست و زاڵبوون بەسەر سروشتدا .

۲-ڕەخنەگرتن لە ماددیگەری ڕۆژئـــاوایی .
بێگۆڤیچ ڕەخنە ئاڕاستەی ڕۆژئاوا دەکات بەوەی مرۆڤیان بچوککردۆتەوە لە (جەستە، ئارەزووەکان، بەرهەمهێنانی ئابووری، پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان، پێداویستیە ماددییەکان). ئەگەر مرۆڤ تەنیا بێت ئەوا شرۆڤەکردنی چەمکەکانی وەکو ( ئازادی، شکۆمەندی، ڕەوشت، قوربانیدان، خۆشەویستی) قورس دەبن و تێگەیشتن لێیان ئاڵۆزدەبێت.

۳-ڕەخنە له ڕوحیانەتی جیاکراو له ژیان.

بێگۆڤیچ بە تەنها ڕەخنە له ڕۆژئاوا ناگرێت، بەڵکو ڕەخنە لەو ئەندێشە ڕۆحانییانەی ڕۆژهەڵاتییش دەگرێت کەبۆ ڕزگاربوون و دورکەوتنەوە لە جیهان و له کۆمەڵگە دادەبڕێن و له ژیانکردن دوور دەکەونەوە. بە تێگەیشتنی نوسەر ئیسـلام داوا لە مرۆڤ ناکات دەستبەرداری دنیا بێت و واز لە ژیان بهێنێت، بەڵکو دەبێت لەگەڵ دونیاهەڵبکات، بەڵام نابێت ببێتە کۆیلەی دونیا. بۆیە ڕێوڕەسمە ئاینیەکانی وەک ڕۆژوگرتن و زەکات و حەج، ئامانج نین، بەڵکو ئامرازن بۆ ڕێکخستی پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵ خودا و لەگەڵ خودی خۆی و کۆمەڵگە و ماددە بەگشتی.

٤.مرۆڤ میحوەر (سەنتەر) له ئیسلامدا.
یەکێک له بیرۆکە گرنگەکان ئەوەیە کە ئاماژە بەوە دەکات ئیسلام بە گرنگییەوە لە مرۆڤ دەڕوانێت وەک بونەوەرێکی ئازاد و بەرپرسیار، پێیوایە مرۆڤ لە ئیسلامدا لەبەرامبەر جەستە و ڕوح و ژیری و ئارەزوەکان و بەرپرسیارێتی هەیە. ئا لێرەوە ئازادی دەبێتە مەسەلەیەکی مەرکەزی. مرۆڤ نابێتە کائینێکی تەواو ئەگەر ببێتە ئامێرێک بەدەست دەوڵەت و ئابوری و گرووپەکانەوە.

٥.ئاین و زانست
بێگۆڤیچ پێیوانیە ململانێ لە نێوان زانست ئایندا هەبێت، بەڵکو هەریەکەیان وەزیفە و تایبەتمەندی خۆیان هەیە . (زانست) وەڵامی پرسیارەکانی وەک ئەو شتە چۆن ڕویدا دەداتەوە، بەڵام (ئاین و فەلسەفە) وەڵامی پرسیارەکانی بۆچی ئێمە لێرەین لەم گەردوونە دەداتەوە؟ چەندان پرسیاری تری فەلسەفی لە سەر بوونی مرۆڤ لەم جیهانە دەخاتەڕوو. نوسەر بەرپەرچی ئەوە دەداتەوە کە زانست وەک ئایدیۆلۆژیەکی گشتگیر تەماشا بکرێت کە وەڵامی هەموو پرسیارەکان بداتەوە، پێیوایە هەم زانست و هەم ئاین وەزیفەیان جیاوازە بەڵام دژ نین.
.
٦.ئیـــــــــسلام و کۆمەڵگە
لای بێگۆڤیچ ئیسلام تەنها ئەزمونێکی ڕووحی تاکەکەسی نیە، بەڵکو هەڵگری ئەندێشەی کۆمەڵایەتی و ڕەوشتییە.چونکە ئیسلام تێڕوانینی بۆ هەمووکایەکانی ژیانی مرۆڤایەتی هەیە. هەر بۆیە بە قوڵی باسی چەمکەکانی وەک (دادپەروەری، یەکسانی، ئازادی، موڵکداری ….) کردووە.
نووسەر ئەوە بسەلمێنێت کە ئیسلام دەتوانێت سیستەمێکی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی هاوسەنک پێشکەش بە مرۆڤایەتی بکات دوور له چاوچنۆکی.

Check Also

ڕۆڵى مرۆیی ئافره‌ت له‌ په‌یامى پێغه‌مبه‌رى سه‌روه‌ردا ﷺ

د. بێخاڵ ئەبوبەكر حسین بەشی یەکەم. پێشه‌كى:هه‌ڵاتنى خۆرى ئایینى پیرۆزى ئیسلام، مرۆڤایه‌تى بۆ قۆناغێكى نوێ …