عەدنان مەنمی
غەم وەک باران وایە ، دێت و دەڕوات، ترس وەک سێبەرێک وایە، بە دوای منەوەیە، بەڵام کاتێک ڕووی تێدەکەم، دەبینم لە خۆم کورتترە.
ترس هەستێکە بە فیترەت له مرۆڤدا هەیە، هیچ کاتێکیش ترس دابڕاو نابێت لە مرۆڤ، مرۆڤ و ترس دووانەی لێک دانەبڕاون، خودی مرۆڤ ژینگەی ترسە، بە واتایەکی تر سەنتەری ژینگەی ترس مرۆڤە.ئیتر ترس له داهاتوو، لە دەورووبەر، له ژینگە، کەش و هەوا، ترسی مرۆڤ لە خودی مرۆڤ، ترس له ژیانی دواڕۆژ و زیندوبوونەوە، لە مردن، لە هەژاری ..هتد.
غەمیش هەمان هەستی ناوەکی مرۆڤە بۆ ڕابردوو، بۆ داهاتوویش، مرۆڤ خەم دەخوات بۆ ئەوشتانەی لە دەستیداوە، بۆ داهاتوویش هەر خەم دەخوات، چونکە نازانێت چارەنووسی بەرەو کوێی دەبات .
بۆیه هەستی ترس و خەم، هەستێکی ناوەکیە و ڕەنگدانەوەی لەسەر ڕەفتار و هەڵسوکەوتی دەرەکی دەبێت و، زۆرجار مرۆڤ تێک دەشکێنێت و هەرەسی پێدەهێێت.
بەڵام مرۆڤ وەک درووستکراوێکی بەرجەستە زۆرجار بەهەرهۆکارێک بێت جەوهەری خۆی لە دەستدەدات، یان بیری دەچێتەوە ئەویش حەقیقەتی بوونی دەسەڵاتی ڕەهایی خودایە، خودا وەک سوڵتانی گەردوون کە هەموو مەخلوقات لە نێوان پەنجەکانیدایە، ئەوەی ویستی لەسەر شتێک نەبێت هەرگیز ڕوونادات و، هیچ کارێکیش بێ زاتی خالقمان ئاسان نیە ( اللهم لا سهل الا ما جعلتە..) بەو مەعریفەیەی جەوهەری مرۆڤ باوەڕە بە خودا، باوەڕ بەوەی خودا خۆی ئەم گەردوونە و بوونەوەران بەڕێوەدەبات له هەواو، هەناسە و ڕۆزی و و بژیویەوە تا هەموو شتەکانی تر، کەواتە مرۆڤ نابێت بترسێت و خەم بخوات بۆ ئەو شتانەی کەلە دەستی خالقدایە، ئەوانەشی لە دەستی مرۆڤدایه ئەوا خۆمان لێی بەرپرسین. کاتێ ئێمە ئەو یەقینەمان له هزردا چەسپی و بوو بە کردارمان کە ڕزق وڕۆزی و ژیانمان لە لایەن خالقمانەوە دەستەبەرکراوە، ئەوا ئیتر خەم و ترس کۆتاییان دێت و، تەنیا کۆشش لەسەر ئێمەیە، هەموو بوونەوەرەکان خودا بژێویی بۆ دابینکردوون.
بەڵام خەم و ترسەکان و ئامانجێک ئەوە بابەتێکی تره و، جۆر و چۆنێی ترسەکە جیاوازە، بە هەموو ماناکانەوە دەبێت پشت بەستن و هیوا بە خوا ببێتە یەقین و بیروباوەڕێکی نەگۆڕ تا بەدیهێنانی ئامانجەکە.
ئێمەی مرۆڤ هەمیشە لە سەر خوانی ئاسوودەیی و خۆشبەختیدا دانانشین و بەردەوام نابیین، دەکرێت خۆشبەختی و دڵخۆشی و ئاسایشمان گۆڕانی بەسەردا بێت، جا بە ویستی خودا بێت یان خۆمان هۆکار بیین بۆ گۆڕانی ژیانی خۆشبەختیمان، خودا مرۆڤی وا خوڵقاندووە کە بوونەوەرێکی بەهێز بێت و بتوانێت لەگەڵ دۆخەکاندا خۆی بگونجێنێت و ژیان بەڕێبکات. بەڵام کاتێ ئێمەی مرۆڤ دەکەوینە ناو قەیران و کێشەی جۆراوجۆری ژیانەوە، ئەوا ژیانکردن کەمێ سەخت و دژوار دەبێت و دووچاری خەمۆکی و بێزاری دەبین و ترس و غەم ژیانمان دەتەنێت، زۆرجار ناتوانین هاوسەنگی ڕابگرین و دووچاری کێشەی جۆراوجۆر دەبینەوە، لە ڕووی دەروونیەوە تێکدەشکێت و هێزی بەرگری ناوەکی له دەست دەدەین. بەڵام لە هەمانکاتدا مرۆڤ بێ ئاگا لەوەی کە هەموو قەیران و کێشەکانی ژیان کاتین و وەک وەرزەکانی ساڵ و کەش و هەوا شایانی گۆڕان و تێپەڕاندنن ، وەک خودا له قورئاندا لەبارەی ناڕەحەتیەکان لە سورەتی شەرحدا دەفەرمووێت: (فان مع العسر یسرا ، ان مع العسر یسرا) خودا بەڵێنی داوە لەگەڵ ناڕەحەتی و ناخۆشیدا خۆشی و ئاسوودەیی دێت .
ئێمەی باوەڕدار پێویستە لەسەر فەرمایشت و بەڵێنەکانی خوا ڕاوەستین و، بە یەقینەوە و بێ دوو دووڵی هیوابەخش و گەشبین بین، چونکە بەڵێنی خودا بە جێیه و بەدی دێت. هەمووان لە ژیانماندا بە وێستگەکانی ناخۆشی و ناڕەحەتی و ترس و خەمۆکی تێپەڕیووین، بەڵام دواجار له کۆتایی وێستگەکە بە ڕووی خۆشبەختی و بەختەوەری و ئاسوودەیی و ناڕەحەتیەکان شاد دەبینەوە بەفەزڵی خوا.
مرۆڤ تا سەر نە لە خۆشی و ناخۆشی نامێنێتەوە، بەڵام گرنگ ئەوەیه مرۆڤ هێزی خۆی له دست نەدات و بەهێز بێت، چونکە ژیان تەنیا ماڵباتێک نیه بۆ خۆشیەکان و چێژە کاتیەکان، بەڵکو کێڵگەیەکە هەندێ ساڵ بەرهەمت زۆر دەبێت و هەندێ ساڵیش بەرهەمت نابێت، بەڵام گرنگ بەردەوامی و کۆڵنەدانە و پشت بەستنە بەخوا و تواناکانی خودا کە بە مرۆڤی بەخشیوە، خودا بەڵێنی بە پێغەمبەران حەزرەتی (ئیبراهیم، لوط، مووسا، موحەمەد سڵاوی خوایان لەسەربێت) دا کە نەترسن و خەفەت نەخۆن ناڕەحەتیەکان تێدەپەڕێنن و، سەردەکەون و دەگەنە کەناری ئارامی، له کۆتاییدا گەیشتن.
باروخ سپینۆزای بیرمەند دەڵێت (خەم وەک کەمبوونەوەی هێز و توانا بۆ کارکردن پێناسه دەکات)، هەروەها دەڵێت خەم هێزی چالاکبوون کەم دەکاتەوە، دەبێت بەهۆی عەقڵەوە بگۆڕدرێ بۆ هێز.
یان هەر دەربارەی ترس (جان پۆڵ سارتەر): پێیوایە ئێمە لە داهاتووی خۆمان دەترسین، چونکە هیچ گەرەنتییەک نییە کە سبەی چ بڕیارێک دەدەین).
بێگومان خودا بە سروشت وا مرۆڤی ئەفراندووە کە ترس و غەم لە بوونیدا هەبێت، تەنانەت پێغەمبەران و پیاوە گەورەکانی مێژوو ڕووبەڕووی ترس و خەم بوونەتەوە، بەڵام له ڕووی چۆنێتی ترس و خەمەکان جیاواز بوونە وەک خودا بە پێغەمبەری فەرموو (وَلَقَدْ نَعْلَمُ أَنَّكَ يَضِيقُ صَدْرُكَ بِمَا يَقُولُونَ» واتا بێگومان دەزانین کە بەهۆی قسەکانیانەوە سنگت توند دەبێت و دڵتەنگ دەبیت .
ترس و خەمی پێغەمبەر لەوە سەرچاوەی گرتبوو کە قەومەکەی باوەڕنەهێن و نەتوانێت پەیامەکەی بگەیەنێت. بەڵام دواجار خودا سەریخست.
خودا لە قورئاندا بە دایکی مووسا دەفەرمووێت ( لا تخافی ولا تحزنی) القصص، 7 ئەوە بوو خودا مووسایی پاراست و فرعەونیش له ناوچوو.
پەیامەکانی خودا بۆ پێغەمبەران بۆ ئێمەشە کە پێویسته لەکاتی ترس و خەم و دڵەڕاوکێ پشت بە خوا ببەستین، بۆ ڕزگاری و تێپەڕاندنی ناڕەحەتیەکان ئارام بگرین (ان الله مع الصابرین). بێگومان ئارامگرتن بەرهەمەکەی شیرین و بەچێژە.
ئیمامی شافیعی دەڵێت:«الأَيَّامَ تَفْعَلُ مَا تَشَاءُ، وَطِبْ نَفْساً إِذَا حَكَمَ القَضَاءُوَلا تَجْزَعْ لِحَادِثَةِ اللَّيَالِي فَمَا لِحَوَادِثِ الدُّنْيَا بَقَاءُ»
واتا: لێگەڕێ با ڕۆژگار هەرچی دەوێت بیکات و دڵت خۆش و ئارام بێت، کاتێک بڕیاری خودا (قەزا) دێتەدی .
بۆ ڕووداوەکانی شەو و ڕۆژ مەترسە و دڵتەنگ مەبە، چونکە هەمیشەیی نین و کۆتاییان دێت.
بڕوابوون بە خوا و پەیامەکانی هەر بۆ ملکەچی نین، بەڵکو بۆ ژیانکردن و ڕێکخستنی ژیان و، وە لە هەمانکاتدا هێزیشە بۆ بەرگەگرتنی ژیان لەناو قەیرانەکاندا.
ساڵانێکە هەرێمی کوردستان بە قەیرانی ئابووری و سیاسیەوە گرفتارییان کردووین، کە قەیرانەکان دەستکردن و بە ئامانج دروستکراون و، ژیانی هاووڵاتیان سەخت و دژوارکردووە، بەم هۆیەوە خەڵک له ناو ترس و دڵەڕاوکێدا دەژین و تا ڕادەیەک ئایندەش ناڕوون و لێڵە .
نەخشەڕێگەیەکیش لەلایەن حکومەت و دەسەڵاتەوە نیه و، بەدی ناکرێت تا خەڵک هیوای پێ بێت، دەتوانین بڵێین خەڵک لە حکومەت بێ هیوا بووە، بەڵام ئێمە له گۆشەیەکی ئەم سەرزەمینە دەژین کە لانکەی شارستانتێتی ئیسلام و خودا پەرستیەوە و، خاوەن چەندین پێغەمبەری سەرمەشقین کە ئەندێشە و بیروباوەڕمان بە خودا هێزی مانەوەمان و، خۆڕاگریمان پێ دەبەخشێت تا هێزی ناوەکی خۆمان بەهێزتر بکەین بۆ سەرکەوتن بەسەر کێشە و ناڕەحەتیەکان، چونکە خودا له ڕێگەی پێغەمبەرانەوە پێمان دەڵێت نەترسین و پشت بە خوای خۆتان ببەستن کە سوڵتانی عەرشە.
پەندێکی ئینگلیزی هەیە دەڵێت: (ترس له دەرگایدا، ئیمان وەڵامی دایەوە) کەواتە باوەڕ هێزێکی زۆر کاریگەرترە لە ترس و ترس لەبەرامبەر ئیماندا هیچ سەنگێکی نیه.
قەیران و کێشەی مووچە لە کوردستان :
بێگوومان بەر له هەر شتێک هۆکاری ئەم چەقبەستویه له مەڕ مووچە، گەندەڵی و نا دادوەریە لە پاڵ کێشە سیاسیەکان و ململانێی حزبیەکان و، دزینی داهاتەکانە، بەڵام هۆکارێکی زۆر جەوهەری له دیدگایی ئێمەوە دروستبونی درزە له نێوان خودا و ئێمە، و کاتێ کە ئێمه دەست بە بەهاکانی ئیسلام ناگرین و باوەڕمان لاوازە بەوەی کە خودا سەرچاوەی هێز و ڕزق و ڕۆزیه و ئیلهامان له بەهاکانی ئیسلام و ئیمان وەرگرت ئەوا خوداش خۆی گەندەڵکاران دەخات و، بەخشین و نیعەتەکانی خۆی دەڕژێنێ بەسەرماندا و دڵەڕاوکێش نامێنێت، ئێمە لەناو گێژاوی سەرمایەداری خۆمان و خوای خۆمان تا ڕادەیەک بیرچۆتەوە، بۆیه پێویستە بەر لەهەر شتێک نێوانی خۆمان و خودا باشتر بکەین و خوداش دەرگای بەخشندەی خۆی دەکاتەوە.
ئێمه کاتێک بە قووڵی له قورئان تێڕاماین، ئیتر هێزێکی کاریگەر بەدەست دەهێنین بۆ نەمانی ترس و خەم و دڵەڕاوکێ.