یەکشەممە , حوزه‌یران 21 2026

پێغەمبەرەکەی ناخت مەیلی کۆچی هەیە


شانۆ عارف
(ئادەم) (علیە السلام) ماڵئاوایی لە خۆشگوزەرانی کرد چووە ناو جیهانی بەرپرسیارێتی… (نوح ) (علیە السلام ) خۆی خستە دڵی دەریا تا زەوی پاک ببێتەوە و ڕەچەڵەکێکی پیرۆز شوێنی بگرێتەوە. (ئیبراهیم) (علیە السلام) ماڵئاوایی لە بت و هۆگری بە خانەوادەکەی کردو چووە ناو جیهانی ئازادی.
(موسا)، (علیە السلام) ماڵئاوایی لە ترس و کۆیلایەتیەوە کرد بۆ ئازادی ناوەکی. (یوسف)، (علیە السلام)، ماڵئاوایی لە ژینگەیەکی بچوکەوە کرد بۆ جیهانێکی فراوان تا جێگای باڵی هزری تیادا بشەکێتەوە. (یونس)، (علیە السلام) ماڵئاوایی لە نائارامی کردو چووە ناو جیهانی سەبرو بەخۆدا چونەوە، (محمد) (درودی خوای لێبێت) ماڵئاوایی کرد، لە قوربانی بوونەوە بۆ جیهانی ئاگایی و بوێری.
هەموو لە دایکبونێک ئازاری هەیە، لە دایکبوونی منی نوێ، پێویستی بە دابڕان هەیە، وەک چۆن کۆرپە لە جیهانی زانینی خودادا تەمەنی تەواو دەکات و پاشان دێتە تاریکی رەحمی دایکی، پاشان لەدایکدەبێت.ئەو گەشت و هجرەتانەی پێغەمبەرانیش ماوەیەک پێش لەدایکبوونی نوسخە تازەکەیان لەناو تاریکی و دابران و تەنهاییدا ماونەتەوە. (ئادەم) لە تاریکی دابڕانی لە حەوا… (نوح) لە ناو کەشتی… (ئیبراهیم) لە ناو دڵی ئاگرو تاریکی دۆزینەوەو سەرلێشێوانی خودای تەنها… (یوسف) تاریکی بیرو تاریکی زیندان… (یونس) تاریکی ناو سکی حوت. (موسا) غەریبی و ماوەی دوری لە مەدیەن.. پێغەمبەر (محمد) ماوەی ئەشکەوت و ١٣ ساڵی پێش کۆچ، ماوەی قوربانی بوون.

لەم قۆناغەدا مرۆڤ لەناو چاڵە گەورەکانی دەروونی خۆیدا نقوم دەبێت و، هەموو بوونی پێیدەڵێت (شتێک لە شوێنی خۆی نیە، شتێک دەبێت بگۆڕێت، ئاوا ژیان هیچ واتای نیە) بۆ پەیامبەران هەندێکیان گۆڕانەکە لە ناخی خۆیاندا ڕوویداوە، بەڵام بۆ هەندێکی تریان پێویست بوو جوگرافیاو کلتورەکە جێبهێڵن.
ساتی ناو گۆڕ: (فریشتەکان بە مرۆڤەکان دەڵێن چیتان دەکرد؟ ئەوانیش دەڵێن: ئێمە لاواز بووین، ئەوانیش لەوەڵامدا دەڵێن؛ مەگەر زەوی خوا فراوان نەبوو، بۆ کۆچتان نەکرد؟). نساء ٩٧
کەواتە هەموومان پێغەمبەرێک لەناخماندایەو داوای هجرەت دەکات. لە ترسەوە بۆ متمانە..لە ڕقەوە بۆ دڵنیایی. لە قوربانی بوونەوە بۆ بەرپرسیارێتی. لە منی بریندارەوە بۆ منی نوێ. لە هۆگریەوە بۆ ئازادی.
تەواوی دین و فەلسەفەی دنیا کۆکن لەسەر ئەوەی کە دەبێت مرۆڤ ئاشت بێت لەگەڵ تەنهایی خۆی، ئاشت بوون لەگەڵ تەنهایی بەدی نایەت تا ئەو هەستە تەنهایەت کەهەتە داینەنێیت و ڕووبەڕووی نەبیتەوە. کاتێک تۆ لەناو کۆمەڵێک خەڵکدا بیت و هێشتا هەست بەغەریبی دەکەیت، کاتێک مانا نادۆزیتەوە لەم ژیانە دووبارەیە، کاتێک هەست دەکەیت شتێک لەناوتا شکاوە، دەتەوێت بیگۆڕیت، ناوتە، ڕابردوتە، مرۆڤەکانی دەورتە، تا شتە شکاوەکە نەدۆزیتەوە دەیان میل ببڕیت ئەو پارچە شکاوە لەگەڵ خۆتدا دەبەیت و بە جەستەتا دەچەقێت و بریندارت دەکات.

گۆڕانی ناوەکی پێویستی بەکۆچ و هجرەتە، پێویستی بە جێهێشتنە، دەست بەرداربوونە، ئەو ساتەیە کە خۆت دەدەیتە دەست قەدەر وەک چۆن موسا خۆی دایە بەر سنگی دەریا.
نیچە دەڵێت؛ بیرۆکەی گەورە پێویستی بە:

  • تەنهایی
  • دابڕان لە کۆمەڵگە
  • ڕوبەڕوو بونەوەی ناخ هەیە..
    مرۆڤ دوای کۆچ خۆی دەدۆزێتەوە، بەڵام هێشتا لە ماندوبون پشوو نادات، ئەوە مرۆڤە مەزنەکانن دەتوانن بڕیاری کۆچ بدەن، ئەوان ؛
  • بەرپرسیارێتیان قورستر دەبێت.
  • ئەو مرۆڤانە چیتر ناترسن، گەرچی ترس هەر هەیە، بەڵام چیتر ترس جڵەویان ناکات.
  • مرۆڤ دوای کۆچ ئارامی ناوەکی دەدۆزێتەوە.
  • چیتر پێویستی بە سەلماندن نیە بۆ خەلکی.
  • هەندێک مرۆڤ لێت دوور دەکەونەوە، ئەوانە لەگەڵ تۆ کۆنەکەدا گونجاو بوون ، بەڵام لەگەڵ تۆی نوێدا دەڕۆن و ناگونجێن.
  • مرۆڤە کۆچکردووەکان لە قۆناغی قوربانی بوون و لۆمەکردنەوە دەچنە ناو ئاگایی و بەرپرسیارێتی، ئەمەش ئەوپەری قبوڵ بوونە…تۆ… بەڵێ تۆ هێشتا بڕیارت نەداوە کۆچەکەت بکەیت؟!.

Check Also

پەند و وانەکان لە کۆچی ئافرەتاندا

گۆنا تۆفیقکۆچ تەنها ڕووداوێکی مێژوویی نییە بەڵکو. خوێندنگایەکی ڕۆحی پڕ وانەیە بۆ هەرکەسێک بیەوێت هەنگاو …