السبت , فبراير 7 2026

باڵاپۆشی، ڕەهەند و کاریگەرییەکانی

بەهار عبدالرحمن محمد
لێکۆڵینەوە لە چەمکی باڵاپۆشی تەنها کورت نابێتەوە لە چوارچێوەی پارچە قوماشێک یان پۆشاکێکی سادەدا، بەڵکو بابەتێکی فرە ڕەهەندە کە لایەنی مەعریفی، ئایینی، دەروونی، پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی لەخۆ دەگرێت، هەروەک گوزارشتە لە سیستمێکی فکری و ڕەفتاری گشتگیر کە ئامانجی پاراستنی کەسایەتی ئافرەت و ڕێکخستنی پەیوەندییەکانیەتی لە کۆمەڵگەدا لە ڕەهەندە قوڵەکانیییەوە.
یەکەم: ڕەهەندی ئایینی و مەعریفی
لە ڕوانگەی ناوە پیرۆزەکانی خوای گەورە (خالق، علیم، حکیم،…) ئایین سیستەمێکی پێکەوەیی تەواوکارە لە پرەنسیپ و ئەخلاق و هزر و ڕەفتار و گوفتار و، هەموو ئەو شتانەی کە پەیوەندی بە مرۆڤەوە هەیە و لە بەرژەوەندی ئەودایە لە دونیا و قیامەتدا، وەک سیستەمێکی ته‌واوکاری، تەنها لە ڕێوڕەسمی پەرستشدا کورت نەبۆتەوە، بەڵکو هەموو کایەکانی ژیان ڕێکدەخات، باڵاپۆشی لەم ڕوانگەیەوە بریتییە لە:
١-جێبەجێکردنی فەرمانی خوای گەورە
پابەندبوون بە باڵاپۆشی وەک هەر عیبادەتێکی دیکە (نوێژ و ڕۆژوو…)، نیشانەی تەسلیمبوونە بە ویستی پەروەردگار
خوای گەورە دەفەرموێت (وَمَا كَانَ لِمُؤْمِنٍ وَلَا مُؤْمِنَةٍ إِذَا قَضَى اللَّهُ وَرَسُولُهُ أَمْرًا أَنْ يَكُونَ لَهُمُ الْخِيَرَةُ مِنْ أَمْرِهِم)
٣-پاراستن و ناسنامە
ئایەتە قورئانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە باڵاپۆشی هۆکارێکە بۆ ناسینەوەی ئافره‌تی باوەڕدار و پاراستنی لە ئازار و بێزارکردن
خوای گەوەرە دەفەرموێت (يَا أَيُّهَا النَّبِيُّ قُل لِّأَزْوَاجِكَ وَبَنَاتِكَ وَنِسَاءِ الْمُؤْمِنِينَ يُدْنِينَ عَلَيْهِنَّ مِن جَلَابِيبِهِنَّ ۚ ذَٰلِكَ أَدْنَىٰ أَن يُعْرَفْنَ فَلَا يُؤْذَيْنَ )
٣-پێوەری شارستانییەت
مێژوو پێمان دەڵێت کە پۆشاک هێمای پێشکەوتن و شارستانییەت بووە، مرۆڤە سەرەتاییەکان یان ئەوانەی دوورن لە شارستانییەت (وەک هۆزە کێوییەکان) ڕوتن، بۆیە باڵاپۆشی ئاستێکی بەرزی ڕۆشنبیری و بەهاداری مرۆڤ نیشان دەدات، یەکەم پێویستی مرۆڤ لە سەر زەویدا پۆشاک بووە، خوای گەورە دەفەرمویت
فَلَمَّا ذَاقَا الشَّجَرَةَ بَدَتْ لَهُمَا سَوْآتُهُمَا وَطَفِقَا يَخْصِفَانِ عَلَيْهِمَا مِن وَرَقِ الْجَنَّةِ… «…کاتێک تامی (بەری) دارەکەیان چیشت، عەورەتیان بۆ دەرکەوت و دەستیان کرد بە لکاندنی گەڵای دارەکانی بەهەشت بە خۆیاندا بۆ داپۆشینی.
دووەم: ڕەهەندی دەروونی
لە ڕەهەندی دەروونییەوە، باڵاپۆشی کاریگەری قووڵی هەیە لەسەر بونیادی کەسایەتی و، دەبێتە بەشێک لە هۆشیاری و متمانە و ئارامی لە ڕووی:-
١-یاسای (الظاهر والباطن): هاوسەنگییەک لە نێوان دیوی ناوەوە و دەرەوە دروست دەکات، کاتێک ڕواڵەت هاوسەنگ دەبێت لەگەڵ ناخێکی باوەردار، کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر ئارامی دەروون.
٢-متمانە بەخۆبوون: پۆشینی جلوبەرگێک کە مرۆڤ تێیدا هەست بە شکۆ بکات، وێنەی خۆی لای خۆی بەرز دەکاتەوە و دەبیتە ئاماژە بۆ متمانە بەخۆبوون.
٣-دەرکەوتنی کەسایەتی وەک مرۆڤ: باڵاپۆشی وا دەکات کۆمەڵگە لە ئافره‌ت وەک “مرۆڤ” و “خاوەن فکر و ئیرادە” بڕوانێت، نەک وەک کاڵایەکی سێكسی یان جەستەیەکی ڕووت.
٤-بەرزکردنەوەی ئاستی طموح: کاتێک سەرنجەکان لەسەر جەستە لادەچن، تەرکیزی تاک بۆ داهێنان و کار و بەرهەمهێنان زیاتر دەبێت.
سێیەم: سیستەمی تەواوکاری (ڕەفتار و ئەتەکێت)
باڵاپۆشی تەنها پۆشاک نییە، بەڵکو زنجیرەیەک ڕەفتاری تەواوکارە کە بەیەکەوە مانا دەبەخشن، هەمووی پێکەوە وەک سیستمێکی تەواوکاری دەبیتە پۆشاکی خۆپاریزی لە:-
١-پاراستنی چاو : یَغْضُضْنَ مِنْ أَبْصَارِهِنَّ
٢-پاراستنی دەنگ: واغْضُضْ مِنْ صَوْتِكَ
٣-شێوازی ڕۆیشتن : دوورکەوتنەوە لە خۆنواندن لەکاتی ڕێکردندا
قورئانی پیرۆز ئاماژەی پێداوە پۆشاکی دەرەوە بێ پۆشاکی تەقواو ناخ و ناوەوە تەواو نابێت (ولباس التَّقْوَىٰ ذَٰلِكَ خَيْرٌ)
چوارەم: ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و کلتووری
باڵاپۆشی لەم ڕەهەندەوە پاریزەر و هاوکارە بۆ:-
١-ناسنامەی نەتەوەیی: باڵاپۆشی بەشێکی گرنگە لە ناسنامەی کلتووری کۆمەڵگەی کوردی کە هەڵقوڵاوی ئیسلامە و پارێزگاری لە ڕەسەنایەتی خێزان دەکات.
٢-ئاسایشی کۆمەڵایەتی: دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی دیاردەی بێزارکردن (تحرش) و کەمکردنەوەی کێشە خێزانییەکان، چونکە سنوورێکی ڕێزدار لە نێوان ڕەگەزەکاندا دادەنێت.
٣-تێکەڵبوونی کلتووری: پۆشاکی شیاو دەتوانێت پردی تێگەیشتن بێت لە نێوان نەتەوەکان و پاراستنی هاوسەنگی لە گۆڕانکارییە خێراکاندا.
ڕەهەندەکانی باڵاپؤشی ئەو ڕاستییەمان پێ دەڵێت کە باڵاپۆشی تەنها هەڵبژاردنی شێوازی پۆشاک نییە، بەڵکو ئامرازێکی کاریگەرە بۆ بەرزکردنەوەی پیگەی ئافرەت، هەروەها گەیشتن بە لوتکەی ئارامی ڕۆحی و دەروونی.
کاتێک ئافرەت بە قەناعەتەوە ئەم ڕێگەیە هەڵدەبژێرێت، جۆرێک لە ئاسوودەیی لە ناخیدا چەکەرە دەکات کە ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی لەسەر تەواوی ژیانی دەبێت، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ڕەهەندی مرۆیی لە کەسایەتی ژندا و جەخت لەسەر عەقڵ و بەهاکانی دەکاتەوە، بەمەش کەسایەتییەکەی دەپارێزێت لەوەی وەک ڕواڵەتێکی ماددی سەیر بکرێت.
واتە باڵا پۆشی وێڕای ئەرکێکی ئاینی، ستایلێکی ژیانە کە شکۆی کۆمەڵایەتی، دەروون دروستی، پاراستنی کەسایەتی و ناسنامە و پارێزگاریکردنە لە جەوهەری مرۆڤبوونی ژن لە بەرامبەر بە کاڵاکردنی.

شاهد أيضاً

شەوی بەرات لە نیوان شەرع و نەریتدا

سومەیە مەحمودشەوی بەرات یەکێکە لەشەوە پیرۆزەکانی ساڵ، وشەی بەرات لە البراءةەوە هاتووە، واتە دوور بوون …