السبت , فبراير 7 2026

نیقابی خانمان دابونەریتە یان داواکاری شەریعەت

شادان تالب


خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی (ئایا نیقابی ئافرەتان دابونەریتە یان داواکاری شەریعەت).
ئەم کتێبە لەنوسینی خاتوونی نووسەر (هەڵاڵە محمد ئەڵماس)ە و، توێژینەوەیەکی زانستی قەبارە مامناوەندە، بەرهەمی پڕۆژەی (هزری ژن)ی کاروباری خوشکانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە. زانای بەڕێز د.ئەیوب علی زەڵمی پێشەکی بۆ نوسیووە و توێژینەوەکەی پشت ڕاست کردۆتەوە و پەسەندی کردووە.
نوسەر لەسەرەتادا باس لەوە دەکات کە خۆداپۆشین دابونەریتێکی زۆرێک لە کۆمەڵگەکانی پێش هاتنی ئیسلام بووە و ، ئاینی ئیسلام یەکەم شەریعەت نیە کە خۆداپۆشینی واجبکردبێت.
لەبارەی نیقابەوە ئاماژە بەوە دەدات لە هەریەک لە ئاینەکانی یەهوودی و مەسیحی و زەردەشتی بوونی هەبووە کە هەریەکەیان بە هۆکارێکی جیاواز کردویانە. لەم بارەیەوە بەڵگەی هەیە کە ئەم نەریتە لای یەهوودییەکان هەبووە و دواتر کە تێکەڵبوون لەگەڵ هۆزە عەرەبەکان بۆ ئەوان گواستراوەتەوە، هەر بۆیە کاتێک ئاینی ئیسلام هات ئەم نەریتەی نە قەدەغەکرد نەسەپاندویەتی، بەڵکو ئەوەی گرنگە بەلایەوە خۆداپۆشین بووە بەمەرجەکانی (تەنک و تەسک و کورت نەبێت و ڕەگەزی بەرامبەر نەوروژێنێت)، هەروەها چاوداخستن کە پارێزگاری ڕاستەقینەن بۆ پاکیزەیی کۆمەڵگە.
لە ناوەڕۆکی کتێبەکەدا نوسەر ئەو بەڵگانەی کە واجبونەبونی نیقاب دەسەلمێنێ دەخاتە ڕوو،
لەساڵی ( ٥)کۆچی، ئایەتی واجبوونی باڵاپۆشی دابەزی و لەم بارەوە هیچ گفتوگۆیەک هەڵناگرێ و باڵاپۆشی فەرمان و فەرزێکی خواییە بۆ خانمان، ئەوەی هەیە بابەتی نیقابە و بە چوار خاڵ لە بەڵگەی قورئانی ئەم واجب نەبوونە دەسەلمێنێت لە سورەتەکانی (نور ئایەتی ٣٠ و ٣١ و الاحزاب ٥٢) هەروەها لە فەرموودەشدا لە (٢٠ )شوێندا بەڵگەی واجب نەبوونی نیقابی دەسەلمێنێت، لە بەڵگەی تەفسیری هاوەڵان و شوێنکەوتوان (٥) بەڵگە دەهێنێتەوە، لە بۆچونی زانایان و پێشەوایانی تەفسیری قورئان بە (٩)بەڵگە دەیسەلمێنێت، هەروەها بە بۆچونی هەر چوار مەزهەبە کە دەیسەلمێنێت کە واجب نیە،  هەروەها بۆ پاڵپشتی لەم بۆچونە ڕای زانایانی فکری سەلەفی هێناوە، لەوانە (ابن کثير ابن تەیمە) کەدەفەرمون ئایەتی (والا يبديهن زينتهن الا ماظهر منها)  بەمانای دەست و دەم و چاوو موستیلەیە، هەروەها (ئیبن عسمین) لەم وەڵامی پرسیاری واجببوونی نیقاب دەفەرمووێت: (لەم سات و وەختەدا فتوا بە دروستی نادەین، بەڵکو بەنەپۆشینی دەدەین …..هتد) فتواکە.
نوسەر لە ناوەڕۆکی توێژینەوەکە بەچەند خاڵێک ئاماژە بە تەکلیفی و داواکاری شەرع بۆ مرۆڤایەتی دەکات و، تێدا لە خاڵە گرنگەکان لەمبارەیەوە ئەوەیە هیچ داواکاری یان حەرامکراوێک نیە جگە لەوەی دەقێکی ڕاشکاو نەبێت. هەروەها نەریتەکان جیاوازبوون و، کاری پێغەمبەری خودا کە مەعسومە بەڵگە نیە لەسەر واجبون، بەڵکو بەڵگەیە لەسەر دروستی، خاڵێکی گرنگتر بنەمای پێویستی  ناسینی کەسایەتیەکانە لەمامەڵەی ڕۆژانەو مامەڵە یاساییەکاندا، کە بێگومان بە نیقابەوە ناتوانرێت هیچ ڕێکارێکی یاسایی لەگەڵ هیچ کەس بگیرێتە بەر.
نوسەر بەتەنها بەڵگەکانی واجبنەبوونی نەخستۆتە ڕوو، بەڵکو تێدا ئاماژ بەو بەڵگانە دەدات کە لایان وایە پۆشینی نیقاب واجبە..نوسەر لای وایە ئەو بەڵگانەی هەیە بەڵگەی سەریح و سەحیح و ساغ نین، فەرموودەکەی خاتوو عائیشە دەکەنە بەڵگە کە دەفەرموێت:
(كان الرُّكبانُ يَمُرُّون بنا ونحن مع رسولِ اللهِ صلَّى اللهُ عليهِ وسلَّم مُحْرِماتٌ فإذا حاذُوا بنا أَسدَلَتْ إحدانا جِلْبابَها من رأسِها على وجهِها)
نوسەر پێی وایە ئەم فەرموودەیە لاوازە، هەروەها کاری دایکی ئیمانداران بووە، بەڵگە نابێت لەسەر واجبون. ناکرێ لە کاتی نوێژ و ئیحرامدا پێویستە دەست و دەم و چاو بەدەرەوەبێت بەڵام بۆکاتر نا! هەروەها بەڵگەی ئەو فەرموودەیە کە مانای حیجاب بەتەنها پارچە قوماشێک بێت، بەڵکو دەکرێ دیوارێک یان دەرگایەک، یان پۆشاکێک نەک پۆشاکێکی دیاریکراو..نوسەر بۆ پاڵپشتی بۆچونە پەسەندکراوەکانی خۆی ئاماژە بە توێژینەوەی زانای دیاری ئیسلامی( د.عبدالحليم ابو شوقە) دەدات کە دکتۆر بەڕوونی بەڵگەی قورئان دەهێنێتەوە سەبارەت بە واجبنەبوون و بە وردی باس لە بابەتەکانی ڕوخسار لە قورئان و ڕوخساری ئاماژەکانی مرۆڤ و حیکمەتی پۆشاک لە قورئاندا و، بابەتی ئافرەت لە قورئاندا ..ئەمانە دەکاتە بەڵگە بۆ واجب نەبوونی نیقاب.
لە کۆتاییدا نوسەر خاتوو هەڵاڵە محەمەد ئەڵماس بەم جۆرە کۆتایی بە بابەتی توێژینەوەکەی دەهێنێت. ئه‌مرۆ له‌ هه‌ركات وساتێك زیاتر ئافره‌تان وژنان پێویستیان به‌جل و بەرگى باڵاپۆشی و جێبه‌جێكردنى فه‌رمانه‌كانى خوای گەورەیە، كۆمه‌ڵگه‌ پێویستى زۆرى به‌باڵاپۆشییە به‌هه‌موو جۆره‌كانیه‌وە، بۆ پاكڕاگرتن وداپۆشینى هه‌ڵه‌ پاكیزه‌كردنى به‌هاى مرۆیى یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ى بۆته‌ واجبێكى حه‌متى وپارێزگارى له‌شكۆى ئافره‌ت به‌تایبه‌تى و،كۆمه‌ڵگه‌ به‌گشتى. باڵاپۆشى ئافرەتانه‌و بۆتە پێویستى، چونکە پارێزگاری ئافرەتانە لە ئاریشەو گرفت و ناسۆرییەکان.

شاهد أيضاً

شەوی بەرات لە نیوان شەرع و نەریتدا

سومەیە مەحمودشەوی بەرات یەکێکە لەشەوە پیرۆزەکانی ساڵ، وشەی بەرات لە البراءةەوە هاتووە، واتە دوور بوون …