الجمعة , يناير 16 2026

باشترین دەستکەوتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٢٥ دا

نوسینی: ستیفانو جیتارینو (دکتۆرا لەیاسادا)
وەرگێڕانی: شەهلا عومەر حسین
ئیدارەی ترەمپ سەرەتایەکی ئومێدبەخشی بۆ پشتیوانیی و سەرخستنی دۆزی لایەنگریی ژیان (دژە لەباربردن) و (خێزان) لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەستپێکردووە. لایەنگرانی ژیان بە وزەیەکی زۆرەوە چوونە ساڵی نوێوە و بڕیاریانداوە بۆ داکۆکیکردن لە ژیان و خێزان، سوود لەم دەرفەتە سیاسییە لەبارە وەربگرن. لە گرنگترین دەستکەوتەکانی ساڵی ڕابردوو:
١. نەتەوە لایەنگرەکانی (خێزان) لە دەنگدانی تایبەت بە هاوڕەگەزخوازییدا، شکستیان بە ئەوروپا هێنا:
لە سەرکەوتنێکی مێژووییدا بۆ نەتەوە لایەنگرەکانی خێزان، کۆمەڵەی گشتی بۆ یەکەمجار دەنگیدا بە لابردنی “ئاراستەی سێکسیی و شوناسی جێندەریی” لە بڕیارنامەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکاندا. پێشتر هەموارکردنی هاوشێوە پێشنیارکرابوون، بەڵام هەمیشە شکستیان دەهێنا. نوێنەرە ناڕازییەکانی ئەوروپا بە “هەمواری ترەمپ” ناوزەدیدەکەن، وەک ئاماژەیەک بۆ کاریگەریی ئیدارەی ترەمپ لەسەر دەنگدانەکە. لە ڕاستیدا، هەموارەکە لەلایەن میسرەوە بە نوێنەرایەتی “ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامیی” پێشنیار کرابوو و لەلایەن وڵاتانەوە، جگە لە ئەوروپا، پشتیوانییەکی بەرفراوانی لێکرا. ئەمە بۆ جارێکی تریش سەلماندی کە هیچ “نۆرم” و یاسایەکی نوێ لەسەر هاوڕەگەزخوازیی و ڕەگەزگۆڕین لە یاسای نێودەوڵەتیدا بوونی نییە.
٢. لە دەنگدان دژ بە یاساییکردنی “پێدۆفیلیا”، ترەمپ شکستی بە ئەوروپا هێنا:
چەندین ساڵە ئەوروپیەکان لە هەوڵدان هەندێک جۆری پێدۆفیلیا بەیاسایی بکەن، لەوانە پۆڕنۆگرافیای خەیاڵیی منداڵان، ڕۆبۆتە سێکسییەکان و ئەو کەرەستانەی تر کە منداڵی ڕاستەقینەیان تێدا نییە. لەدەنگدانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دژی ئەو هەوڵە ئەوروپیانە، ئەمریکا سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوەی بەدەستهێنا. لەم سۆنگەیەوە، شەستوهەشت وڵات پشتگیری هەڵوێستی ئەمریکایان لە دژی ئەوروپیەکان کرد، و سورن لەسەر ڕێگریکردن لە هەموو جۆرەکانی بابەتی بەدڕەوشتی سێکسی منداڵان، لەوانەش بابەتە گریمانەییەکانی سێکسی منداڵان و گۆڕینەوەی نامەی سێکسیی (sexting)، ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی ببنەوە. جێگەی نیگەرانییە کە حکومەتگەلێکی وەک هەنگاریا کە گوایە لایەنگری خێزانن، دەنگیان بە ڕێگەدان بە پۆرنۆگرافیای خەیاڵیی منداڵان داوە.

٣. ماركۆ رۆبيۆ ئاژانسی ئەمریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی، (USAID)، داخست:
دوای ئەوەی باسی لە دەستوەردانی ئاژانسەکە کرد لە سیاسەتە ناوخۆییەکانی وڵاتانی بیانی بۆ پەرەپێدانی پرسەکانی (فرەچەشنی، یەکسانیی و گشتگیریی – DEI) و جێندەر، هەروەها ڕەتکردنەوەی چاکسازیی، لەلایەن ئاژانسەکەوە، ماركۆ رۆبيۆ ئاژانسی ئەمریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵتی (USAID)ی داخست. هەروەها بەرنامەڕێژیی بۆ گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە چۆنیەتی مامەڵەکردنی حکومەتی فیدراڵی لەگەڵ هاوکارییە دەرەکییەکاندا دەکات. ڕوبیۆ لە ڕاگەیەندراوەکەیدا وتی: “ئەگەر پێشتر لۆگۆی ڕەنگاوڕەنگی نەناسراو، لەسەر هاوکارییە فریاگوزارییەکان بووبێت، ئێستا تەنها یەک هێمای ناسراو دەبێت کە ئەویش ئاڵای ئەمریکایە”.
٤- بەهۆی ئایدیۆلۆژیای جێندەرەوە، ترەمپ ڕێگریی لە (ڕێکەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان) دەکات:
حکومەتی ئەمریکا ڕێگریی لە پەسەندکردنی ڕێککەوتنی کۆتایی لیژنەی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، بەهۆی نیگەرانییەکانی پەیوەست بە لایەنگریی ژیان و خێزان. سپێنسەر کریتیان، بەرپرسێکی ئیدارەی ترەمپ لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی ئەمریکا ئایدیۆلۆژیای جێندەر و مافی منداڵ لەباربردن، ڕەتدەکاتەوە. وتیشی ئەمریکا پابەندە بەو “بابەتانەی لە دۆزی دانیشتوواندا یەکماندەخەن، نەک ئەوانەی کە پەرتماندەکەن”، لەوانەش باشترکردنی تەندروستی دایکان و پشتگیریکردنی خێزانەکانە.
٥- حکومەتی ئەمریکا پلانی ستراتیژی “یونیسێف” ڕەتدەکاتەوە:
لە هەنگاوێکی بێپێشینەدا، ئەمریکا ڕەتیکردەوە پشتگیری لە پلانی ستراتیژی ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان (یونیسێف) بکات. جۆناسان شرایەر، نوێنەری ئەمریکا بە ئەنجومەنی کارگێڕیی ئاژانسەکەی ڕاگەیاند: “ویلایەتە یەکگرتووەکان بە توندیی دژ بە تیهەڵکێشکردنی ئایدیۆلۆژیای زیانبەخشی جێندەرە، لەوانە پەروەردەی سێکسیی گشتگیر، چونکە بڕوامان وایە ئەمە زیان بە دەروندروستیی و گەشەکردنی منداڵان دەگەیەنێت.” هەرچەندە ئەمریکا لە دەنگدانەکەدا سەرکەوتو نەبوو ، بەڵام پەیامێکی بەهێزی ڕەوانەکرد کە ئەمریکا لە پرسی چاکسازی لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا جیدییە.
٦. ڕۆبێرت کەنەدی چوارچێوەیەکی بەدیل بۆ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) بونیاددەنێت:
حکومەتی ئەمریکا خەریکی دروستکردنی جێگرەوەی (WHO)یە بۆ هاوکارییە تەندروستییەکانی نێوان وڵاتان. ئەمەش بۆ داکۆکیکاران لە مافی ژیان هەواڵێکی زۆر دڵخۆشکەرە، چونکە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بەشێوازێکی توندڕەوانەی ئەوتۆ لایەنگری لەباربردنی منداڵە، کە چاکسازی تێدا ناکرێت. هەربۆیە ڕاگەیاندنی پشتگیریی سەرۆکی ئەرجەنتین، خافییر میلی، بۆ حکومەتی ئەمریکا بۆ بونیادنانی بەدیلێک بۆ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، هەواڵێکی ئومێدبەخشە.
سەرچاوە: https://c-fam.org/friday_fax/the-best-of-the-un-in-2025 /

شاهد أيضاً

چۆن لەسەردەمی سۆشیاڵ میدیادا نهێنیەکانت دەپارێزیت

ئەڤین تەهالە جیهانێکدا کە هەموو کەسێک وردەکاریی ژیانی ڕۆژانەی بڵاودەکاتەوە، پاراستنی تایبەتمەندییەکان دەبێتە نیشانەی بەهێزیی …