الإثنين , يناير 12 2026

مامۆستا؛ ڕاسپێری ئاسمان لەسەر زەوی

عەبدوڵڵا عەلیپوور
لە مێژوودا، وشەی مامۆستا “معلم” لەناو بیر و هزری تاک و چین و توێژەکانی کۆمەڵگە واتایەکی دانسقە و، جێگە و پێگەیەکی شکۆداری بووە؛ وشەیەک کە تەنیا بۆ پیشە و تێچووی ژیان کەڵکی لێوەرنەگیراوە، بەڵکو بنچینە و پێکهێنەری ژیان و دەسپێکی وەرچەرخانێکی کاریگەر و ڕچەشکێن و ڕێبەری کۆمەڵگە بوون، لەئاست هەڵکشان و داکشانی زانست و کلتوور و داب و نەریتی کۆمەڵگەدا.
بێگومان سەرکەوتن و بیردۆزی و بەختەوەری هەر وڵات و ناوچەیەک لەحاند پەروەردەی تاک و خێزان و کۆمەڵگە، و ڕۆڵی پێگەیاندنی قوتابیان لە حوجرە و قوتابخانە و زانکۆ، بابەتێکی هەستیارە کە: مێژووی ئێمە قەرزداری شەونەخونی و ئەمەگناسی ئەوانە و  پێوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ بوونی مامۆستا هەیە. حاشا لەوە ناکرێ ئاخاوتن و هەڵسووکەوتی مامۆستا کاریگەری زۆری هەیە لەسەر پەروەردەی مەعنەوی و ڕوحی قوتابی، واتە: مامۆستا ڕۆڵی گڵۆپ یان خود چرایەکی تیشکدەر دەگێڕێ بۆ دەربازبوونی فێرخواز لە لاڕێی و نغرۆ و گیرۆدەبوون بە دۆخی تاریکی. بە دەربڕینێکی تر دەکرێ ئەوە بڵێین کە، مامۆستا بە نووری زانست دەتوانێ نەمامی ڕاستی ڕەها، ئامرازی پێشکەوتن، وەک: هەڵگری میراتی پێغەمبەران نوورێک لەناو شەوەزەنگی ژیان بدرەوشێنێتەوە کە هیچ ڕەشەبا و باوبۆرانێ توانایی کپکردن و دامرکاندی ئەم ڕووناکاییەی نەبێت و، دڵەکان بەرەو لوتکەی ئارامی ڕاکێشێ. مامۆستا لەم چەن خاڵەی خوارەوە دەکرێ کاریگەری ئەرێنی هەبێت:
یەکەم: ڕاستگۆیی و پشوودرێژی بەشێوەی کردەیی لەگەڵ فێرخواز.
دووەم: ڕاستگۆیی و دادپەروەری لە کاتی هەڵسووکەوت و هەڵسەنگاندنی قوتابی.
سێهەم: کاریگەری ڕەوشتی مامۆستا لە شوێنی چالاکی.
چوارەم: پەروەردەکردنی قوتابی بە ڕەوشت و ئاکاری جوانی خۆی بەشێوەی کردەیی، ئاخاوتن و هەڵسووکەوت و موحەببەتی لەگەڵ دەورووبەر.
چون چراغی، خویش را سوزیدە ساز
تا بسوزد تار شب را با گداز
مولانا
بەڵێ، مامۆستا خۆی وەک مۆم دادەگیرسێ بەڵکوو ڕێنشاندەر و ڕووناکایی بخاتە ڕێڕەوی ژیانی فێرخواز.
مامۆستا؛ ڕاسپێرێ کە بنەما و سەرچاوەی وەک نەمامێک لە ئاسمان و لق و پۆی و ڕیشەی لەناو پانتایی ئەرزدا بڵاوبۆتەوە، بە حیکمەت و سەبر، هیوا و ئومێد لە دڵی خاکدا ئەڕوێنێ. لەڕاستیدا وشە لەئاست شکۆ و گەورەیی مامۆستا کز و لاوازە و ناتوانێ وەک خۆی پێناسەی بکات.
مەخابن! ئەمڕۆ بوونی تۆڕەکۆمەلایەتییەکان ڕۆڵی مامۆستا لەناو قوتابخانە و پەروەردەدا تووشی کێشە و گرفت کردووە، زۆر جار دەبینی لەلایەن دەسەڵات و یان فێرخواز تووشی بێرێزی دەبێت، ئەم دۆخە کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر ئاستی پەروەردە و فێرکردن، ئەم حاڵەتە لەناو ژیانی ئێمە بەشێوەیەکی بەرچاو دەبینرێت و ئەگەر بەدواداچوونی لەسەر نەکرێت ڕەنگە لە داهاتوودا ببێت بە هۆکاری تێکچوونی بنەمای فێرکردن و پەروەردە؛ لەگەڵ ئەوەشدا هێندێک لایەن ڕەوشت و شێوازی هەڵسوکەوتی مامۆستا لەگەڵ قوتابی بە هۆکاری سەرەکی و بنچینەیی ئەم دۆخە دەزانن، ئاخۆ چۆن دەتوانێ بەرپرسانە دۆخەکە بەرەو لوتکەی ئارامی ڕاکێشێ و، پڕۆسەی ڕاهێنان و پەروەردە تووشی داڕمان نەبێت ئەمە ئەبێ هاوکاری دڵسۆزانەی کۆمەڵگەی لەگەڵ بێت.

شاهد أيضاً

بەر لەوەی ساڵێکی نوێ خۆی بئاخنێتە ژیانمانەوە

خەرمان عبدالکریمباڕووداوە ئازار بەخشەکان نەتکوژن، بەڵکو دەستت بگرن بۆ بەرگەگرتن بۆ ژیانەوە بۆ فێربوون، بۆ …