وەرگێڕانی: د.بێخاڵ ئەبوبەکر
ڕۆژنامەی گڵۆباڵ تایمزی حکومیی چین ڕایگەیاند: لە یەکی تشرینی دووەمی ئەمساڵەوە، لە ٢٥ پارێزگای وڵاتەکەدا، بڕیارە دەست بە دابەشکردنی “دەرماڵەی دایکایەتیی” بەسەر ژناندا بکرێت. بە واتایەکی تر، دوای ئەوەی چین هەموو ستراتیژییەکی دیکەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی دابەزینی دیمۆگرافی تاقیکردەوە، دەستیکردووە بە پێدانی کۆمەکی دارایی بە ژنان لەبەرامبەر منداڵبووندا.
گڵۆباڵ تایمز ئاماژەی بەوەشکردووە، “لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵەوە، پارێزگاکانی جیانگیشی، ئەنهوی و شانشی، یەک لە دوای یەک، دابەشکردنی ڕاستەوخۆی دەرماڵەی دایکایەتییان لە سەرانسەری پارێزگاکانیاندا دەستپێکردووە”.
جێبەجێکردنی بەرنامە بەرفراوانکراوەکە کە بڕیارە لە یەکەم ڕۆژی تشرینی دووەمەوە دەستپێبکات، “نزیکەی لە ٩٠٪ هەموو ناوچەکانی کۆکردنەوەی بیمەی کۆمەڵایەتی وڵات” دەگرێتەوە، بەڵام چەند ناوچەیەکی دیار کە بریتین لە پەکینی پایتەخت، ناوەندی تەکنەلۆژیای گوانگدۆنگ، و هەرێمی ئۆتۆنۆمی شینجیانگ ئویغور، ناگرێتەوە.
بەڕێوەبەرێتی نیشتمانی ئاسایشی چاودێریی تەندروستی چین (NHSA) ڕایگەیاند، مەبەست لە کۆمەکی ڕاستەوخۆی دایکایەتیی، دابینکردنی “تێچووی ژیانە کە لە کاتی مۆڵەتی منداڵبووندا، بە کارمەندانی ژن، دەدرێت”، بەمەش وڵاتی چین هەنگاوێک لە بوون بە “کۆمەڵگەی دۆستی منداڵبوون” نزیکدەکاتەوە.
پێشتر، چین چەندین بەرنامەی بۆ کەمکردنەوەی تێچووی منداڵبوون و پەروەردەکردنی منداڵ جێبەجێکردووە، بەڵام تا ئێستا ئەو یارمەتییانە بەگشتی بە خاوەنکارەکان دەدرا، نەک ڕاستەوخۆ بەسەر ژنەکارمەندەکاندا دابەشبکرێن.
شارەزایانی دیمۆگرافی بە گڵۆباڵ تایمزیان ڕاگەیاندووە، پێشتر گەیاندنی کۆمەک لە ڕێگەی خاوەنکارەکانەوە کێشەی وەک “لێبڕین، یان دواکەوتن، یاخود خراپ بەکارهێنان”ی لێکەوتۆتەوە، هەروەها لای خۆیانەوە، خاوەنکارەکان بڕیاریانداوە بەشێک لە پارەی یارمەتییەکان بۆ قەرەبووی تێچووی مۆڵەتی منداڵبوون بە مووچەوە، بگێڕنەوە. هەروەها دابەشکردنی یارمەتییەکان لە لایەن خاوەنکارەکانەوە، تێچووی ڕواڵەتیی دامەزراندنی ژنەکارمەندەکانی بەرزکردۆتەوە، و سیستەمی کۆمەکی ناڕاستەوخۆ هیچ سوودێکی بۆ هەندێک پیشەی وەک شۆفێران، کرێکارانی گەیاندنی خۆراک و کاری ئازاد، نەبووە .
لە لایەکی دیکەوە، بەشێک لە کۆمەکی ڕاستەوخۆ، تەنها بۆ ئەو ژنانە بەردەست دەبێت کە لە ڕێگەی لێبڕینی مووچەوە، پارەیان ڕادەستی سیستەمەکە کردووە. لە ڕاستیدا، بەڕێوەبەرێتی نیشتمانی ئاسایشی چاودێریی تەندروستی چین، شانازی بە کەمیی ڕێکارەکان دەکات کە بۆ داواکردنی کۆمەک پێویستە، هەرچەندە “هاوکارییە داراییەکان بە بەراورد لەگەڵ تێچووی منداڵبوون و چاودێریکردنی منداڵان و پەروەردەکردنیان، تاڕادەیەک نزمە.”
خاتوو لویس لوو، بەرپرسی بەشی توێژینەوەی ئاسیا لە ئۆکسفۆرد ئیکۆنۆمیکس، بۆ واشنتۆن پۆست، بە ڕەشبینییەوە، ئاماژەی بەوە دا کە “پێچەوانەکردنەوەی ڕێڕەوی پاشەکشەی دیمۆگرافی، نزیکی مەحاڵە”، تەنانەت بۆ ڕژێمێکی تاکڕەویی وەک چین کە سەرچاوەی دارایی زۆری هەیە.
“سیاسەتی یەکمنداڵیی”ی دڵڕەقانەی چین کە تا ئێستا بۆ کۆنترۆڵکردنی دانیشتووانی پێڕەوکردووە، ڕێژەی ژنانی بەپیتی لە نەوەی داهاتوودا کەمکردەوە، بەو پێیەی هاوسەرەکان زیاتر کوڕیان دەویست تا کچان. کاتێکیش دابەزینی دیمۆگرافی دەرکەوت، ڕژێمی کۆمۆنیستی چین سەری سوڕما لە بێتوانایی ئاراستەکردنی دانیشتووان تا منداڵی زیاتریان ببێت. زۆرێکیش لە بەرنامە پاڵپشتکراوەکان بە بڕەپارەی زەبەلاح بۆ زیادکردنی توانای منداڵبوون لە چین، وەک وڵاتانی دیکە کە لە پاشەکشێدان و هەوڵی جێبەجێکردنی بەرنامەی هاوشێوەیان داوە، لە نموونەی ژاپۆن و کۆریای باشوور، نەیانتوانیوە ئەنجامێکی گونجاو بەدەستبهێنن.
واشنتۆن پۆست ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئێستا حکومەتی چین، بڕەپارەی زۆر بۆ ئەم گرفتە تەرخاندەکات، بەڵام ڕەنگە زۆر درەنگ بێت. مانگی ڕابردوو، پەکین یارمەتییەکی نوێی، بە بڕی نزیکەی ٥٠٠ دۆلار، بۆ سێ ساڵی یەکەمی ژیانی منداڵان ئاشکراکرد . هەندێک لە بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا، ئاماژەیان بەوە کردووە ئەگەر ئەو یارمەتییە، (١٠) هێندە بەرزبکرێتەوە، بیر لە خستنەوەی منداڵی زیاتر دەکەنەوە.”
کەمبوونەوەی ڕێژەی منداڵان، سەرباری درێژیی تەمەن و بەرزبوونەوەی تێچووی بەخێوکردنی خانەنشینان، قەیرانێکی دیمۆگرافی لە نزیکەی هەموو وڵاتانی پیشەسازیدا هێناوەتەکایەوە، بەڵام سەپاندنی سیاسەتی یەکمنداڵیی لە چیندا، گرفتەکەی ئاڵۆزترکردووە. خاتوو لویس لوو ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دەیەی داهاتوودا، ئەگەری هەیە چین بە ڕێژەی لە ٥٠٪، گەشەی داهاتی ناوخۆیی بەهۆی دابەزینی ژمارەی دانیشتووانەوە، لەدەستبدات.
سەرچاوە:
https://www.breitbart.com/asia/2025/10/20/china-begins-paying-women-to-have-babies/