یادگار اسماعیل
چارەسەركاری دەرونی
سادەترین پێناسەی خۆكوشتن بریتیە لە كردارێكی دەستكردانەی مرۆڤ بەرانبەر بە خودی خۆیی بەهۆی بیرێك، یان هەستێك، یان بارودۆخێك كە دروست دەبێت و زۆرجار پەیوەست دەكرێت بەهۆی سەرنەكەوتن و بێ ئومیدی و كێشە كۆمەلایەتی و دەرونی و ئابوریەكان.
بەداخەوە ڕۆژ بە ڕۆژ لە هەرێمی كوردستان ئامارەكانی كوشتن و خۆ كوشتن بەرەو هەڵكشان دەڕۆن وپلانێكی زانستی نیەو حكومەت تەماشاكارە و تەنیا لە هەشت مانگی یەكەمی ئەمساڵ ٨٩ حاڵەتی خۆكوشتن هەبووە، خەریكە خوێنی مرۆڤ بێ بەها دەكرێت
چۆن كەسێك بناسینەوە كە بیری خۆكوژی هەیە؟
نزیكەی %80 ی حالەتەكان دەناسرێنەوەو پێش وەختە بە راستەوخۆو ناراستەوخۆ دەردەكەوێت، هەندێك جار زارەكیە وەك ئەوەی كەسەكە دەڵێت ( ژیان خۆشی تیا نەماوە، مردن خۆشترە ….هتد )، یان بەنازارەكی وەك ئەوەی كەل و پەلی بڕەرو چەك و دەرمانی ناپێویست كۆدەكاتەوە، كە ئەمانە دەبێت بەهەند وەربگیرت و بەزوترین كات پلانی بۆ دابنرێت
بۆچی مرۆڤ بیری خۆكوژی بۆ دروست دەبێت؟هۆكاری خۆكوشتن چیە؟
وەك لە پێشەكیەكەش بە كورتی ئاماژەمان پێداوە هۆكارەكان جیاوازن، هەندێك جار نەخۆشیە دەرونیەكان هۆكارن بۆ نمونە ئەوانەی توشی خەمۆكی دەبن بیری خۆكوژیان زیاترە، یان هۆكاری كۆمەلایەتی و كێشەو دەرهاویشتەكانی، كە رەنگە لە كۆمەڵگەی كوردی زیاتر بێت بەهۆی عەیبە و لەكەی كۆمەلایەتی ، یان هەندێك جار هۆكاری ئابوری بێت لە بیكار و نەبونی جگە لە سۆشیال میدیا و هەندێك جاریش لە بێهیوای و سەرنەكەوتن و نەبونی ئومید و دروست بونی ئەو هەست و بیرو بارودۆخانەی كە بەو هۆكارانەوە پەیوەندیدارن.
چارەسەر چیە ؟ چی بكەین لەو حالەتانە ؟
پێویستە هەر حالەتێكی لەو چەشنە بە جدی كاری لەسەر بكرێت و، پلانی سەلامەتی بۆدابنرێت، ئەو كەسەی كەبیری خۆكوژی هەیە هیچ عەیبەو شەرم نیە بەزوترین كات سەردانی كەسی پسپۆر و پزیشكی دەرونی بكات، یان لای كەسێكی متمانە پێكراو گفتوگۆبكات دەربارەی كیشەكان، پێویستە خێزان و هاورێی و دەوروبەریش بەجدی گوێ لەم حالەتانە بگرن، هاوکار بن و، چاودیری بكرێن و بەزوترین كات كەل و پەلە مەترسیدارەكانی لێ دوربخرێتەوە، جگە لە هەندێگ پلان و ڕاهێنان كە ناكرێت لیرە ئاماژەی پێ بكرێت و كات و شوێنی تایبەتی خۆیی دەوێت.
هەولی خۆكوشتن لە رەگەزی مێ، سێ هیندەی ڕەگەزی نێرە، بەلام خۆكوشتنی تەواوەتی لای رەگەزی نیر زیاترە، بەپێی تەمەنەكانیش لە زۆربەی قۆناغەكان هەیە، بەڵام لە قۆناغی هەرزەكاری و نەوجەوانان زیاترە.
جێگەی ئاماژەیە لە سالی 2003وە رۆژی 10ی ئەیلول وەك رۆژی جیهانی رێگریكردن لە خۆكوشتن دیاری كراوە، بەپێی ئامارێكی رێكخراوی تەندروستی جیهانی ساڵانە یەك ملیۆن كەس كۆتایی بە ژبانی خۆیان دەهێنن، لەكوردستانیش ئامارەكان لەبەرزی ماوەتەوە و پلانی جدیی پێویستە لەسەر ئاستی كۆی دامەزراوە پەیوەندیدارەكان.