د.هەتاو حەمە صالح
فەرموودەی ناتەوایی عەقل و دینی ئافرەتان (ناقصات عقل ودين)
لەوانەیە دەگمەن پیاوێک یان ئافرەتێک بدۆزیتەوە کە ئەم دەستەواژەی لەبەرنەبێت: کە دەفەرموێت (ئافرەت لە عەقڵدا ناتەوایی هەیە)، تەنانەت ئەوانەی زۆر دورن لە زانینی حوکمی شەرعیەوە ئەم فەرمودەیە دەڵێنەوە و دەیکەنە سوعبەت بۆ بەکەم زانینی ئافرەت، هەندێکیش ملی دەقەکە دەگرن بۆ هێرشکردنە سەر ئیسلام و تۆمەتباری دەکەن بە چەوساندنەوە و بچووککردنەوەی ڕۆڵی ئافرەتان و، دەڵێن ئیسلام لە عەقڵ و تەنانەت دینی ئافرەتی کەمکردوەتەوە، لێرەوە ڕەخنە لە ئیسلام دەگیرێت و بە چەوساندنەوەی ئافرەت و سووککردنی پێگەی دایدەنێن (بنت سليمان الغنيم ، 2020م، ص: 61)، لەسەر ئەم فەرموودەیە زانایان لە کۆن و نوێدا قسەی زۆریان لەسەر کردووە، هەندێک بۆ ڕەتکردنەوەی ئەم گومانە پەنایان بۆ لێکدانەوە و ڕاڤەکردن بردووە و هەندێکی تریش خۆی تەسلیمی واتای ڕواڵەتی فەرموودەکە کردووە ، بۆیە لێرەدا پێویستە بەچەند خاڵێک ڕاڤەکردن بۆ فەرموودەکە بکەین.
دەقی فەرموودەکە: “أخرج البخاري ومسلم من حديث أبي سعيد الخدري خرج رسول الله -صلى الله عليه وسلم- في أضحى أو فطر إلى المصلي، فمر على النساء، فقال: يا معشر النساء تصدقن فإني رأيتكن أكثر أهل النار فقلن: وبم يا رسول الله؟ قال تكثرن اللعن، وتكفرن العشير، ما رأيت من ناقصات عقل ودين أذهب للب الرجل الحازم من إحداكن!! قلن: وما نقصان ديننا وعقلنا يا رسول الله؟ قال: أليس شهادة المرأة مثل نصف شهادة الرجل قلن: بلى، قال: فذلك نقصان عقلها، أليس إذا حاضت لم تصل ولم تصم؟ قلن: بلى قال: فذلك من نقصان دينها” (صحيح البخاري، رقم الحديث : 1462 ).
لە کتێبی (تحرير المرأة) ئەبو شقە ئاماژە دەدات بەوەی ناچێتە ئەقڵەوە پێغەمبەر (دروودی خوای لێبێت) لەرۆژی جەژندا کە بۆنەیەکی خۆشە خەڵکی دەیانەوێت گەردن ئازادی لە یەکتر بکەن و یەکتر دڵخۆش بکەن، لەو رۆژەدا پێغەمبەری مژدەدەر بەم وتانە ئازاری دڵی توێژێکی دڵناسکی وەک ئافرەتان بدات، پێیان بڵێت ئێوە هەم عەقڵ و ئاوەزتان کەمە هەم دینتان ناتەواوە هەم زۆرترینی ئەهلی دۆزەخ پێکدەهێنن (عبدالحليم أبو شقة، 2011م، ص: 54 ) !!
بۆیە ئەم فەرمودەیە زیاتر وادەبیبنریت پێغەمبەر (دروودی خوای لێبێت) سەرسامی دەربڕیبێت دەربارەی کاریگەریی ئافرەتان لەسەر تەنانەت پیاوە بەهێز و سەنگینەکانیش، نەک ئەوەی فەرموودەکە وەک رێسایەک بۆ دیاریکردنی عەقڵ ئاوەزی ئافرەتان، هەربۆیە ئەبو شقە دەڵێت: ئیمە پیمان وایە و هەرواش دەردەکەویت فەرمودەکە لە کەشوهەوایەکی سوعبەت و شۆخیدا و بەدەم پێکەنینەوە گوترابیت نەک لە قاڵبی جددیەت و گوتاری راستەقینەدا (عبدالحليم أبو شقة ، 2011م ص: 55 ) .
لەم فەرمودەیەدا لە دوو لاوە خەڵک بەگشتی تیایدا کەوتونەتە هەڵەوە، یەکەم تێنەگەیشتن و دووەم دژایەتیکردن، چونکە بەشێوەیەکی حەرفی فەرموودەکەوە خوێندوەتەوە و دەرئەنجامیان لێوەرگرتووە، بریاردان لەسەر کەمی عەقڵی ئافرەت کەمیی دینەکەی ئاسان نییە، تەنانەت لە باسەکەدا رۆدەچن و دەڵێن لە پێکهاتەی عەقڵدا ئافرەت جیاوازە و لە پیاو کەمترە، دەڵێن ئافرەت توانای بیرکردنەوەی کەمترە لە پیاو، بەڵام ئەگەر بەوردی لە فەرموودەکە بڕوانن، بۆیان دەردەکەوێت ئەم تێگەیشتنە دورە لە ڕاستییەوە و دژە لەگەڵ واقیعی فەرمودەکە خۆی دەکات، ئەویش بەم بەڵگانەی خوارەوە:
١/ سەرەتای فەرمودەکەدا بەوە دەستپێدەکات ئافرەتان خاوەنی عەقڵێکی فراوان و دەسەڵاتێکی بەهێزن، کەواتە چۆن دەبێت ئافرەت لەیەک کاتدا خاوەنی عەقڵ و بۆچوونێکی بەهێز بێت و لە عەقڵدا نوقسان بێت!! (حذيفة محمد موسى،2021م، ص: 42 ).
٢/ لەسەرەتادا فەرموودەکە تیشکی خراوەتەسەر ستایشکردنی ئافرەتان و توانایی و کاریگەرییان، بەڵام کاتێک لە دواییدا باسی ناتەواویی دەکات، ئەگەر وابێت کەواتە پیاوان دەبێت زیاتر شایەنی ئەو ناتەواوییە بن، چونکە لە دەقەکەدا دەڵێت پێغەمبەر (دروودی خوای لێبێت) سەرسامی خۆی دەرخستووە لەبەرامبەر کاریگەریی ئافرەت لەسەر پیاو. ئەمە مانای ئەوەیە ئەو کەسەی کۆنترۆڵ دەکات بە پێی لۆژیک دەبێت باشتربێت لە کەسێکی تر کە کۆنترۆڵی لەدەست خۆیدا نەبێت. ئەگەر ئافرەت لە زیرەکیدا ناتەواویی هەبێت چۆن دەتوانێت دڵی پیاوێکی ئیرادەدار ببات، ئایا ئەمە مانای کامڵبوونە یان کەموکورتی؟! ئایا ئەم فەرموودەی پێغەمبەری خوا (دروودی خوای لێبێت) ئاماژەیەک نییە بۆ توانای ئافرەت؟!!
٣/ وەک لەسەرەوە باسمان کرد، ئیسلام ئافرەت و پیاو بە یەکسان دەزانێت لەبەرامبەر پابەندبوونە یاساییەکان، لەڕووی جێبەجێکردن و سزادان، ئەگەر ئافرەتێک لە عەقڵدا کەموکوڕی هەبێت، چۆن ئەدای و سزاکەی لە هەمان ئاستدا بێت لەگەڵ پیاواندا، ئەگەر وابێت ئەوا پێچەوانەی ئەو دادپەروەرییەیە کە ئیسلام خۆی هێناویەتی (نوال العيد، 1427هـ، ص: ٣٤٣).
٤/ ئەم فەرموودەیە لەگەڵ چەندین ئایەتی قورئاندا دژ دەوەستێتەوە کە خوای گەورە دەفەرموێت (لَقَد خَلقنا الإنسانَ في أحْسنِ تَقويم ) (سورة التين ، اية 4)، (وَلقَد كَرَّمنا بَني آدَم) ( سورة الإسراء ، آية : 70 ) ، لەم فەرموودیە وەک پێویست ئەو تەکریمە خواییەی تێدا ڕەچاو نەکراوە بۆ ئافرەتان.
لەلایەکی تر لە ڕووی سەنەدی فەرمودەکەوە دکتۆر عمر عبد العزیز لە کتێبەکەیدا دەڵێت:
١/ فەرموودەکە ئاحادە و فەرموودەی تاکەکەسیش تەنها گومان دەبەخشێت نەک یەقین، بەتایبەت لە پرسی هەڵسەنگاندن و دیاریکردنی ئاست پلەی تویژیکی هەستیاری کۆمەلگە.
٢/ دەقی فەرموودەکە لەرزۆکە چونکە بە چەند شێوازێکی جیاواز لە دارشتندا هاتووە. جگە لەوەش زۆرێک لەزانایانی فەرموودە وەک (البيهقي، الزركشي، ابن كثير) دەڵێن لە کتێبەکانی فەرموودەدا نییە و، دەڵێن شتی وامان بەرچاو نەکەوتووە و فەرموودەی لە جۆرە لە پێغەمبەر (دروودی خوای لێبێت) نەگوتراوە.
٣/ ئەوەی لە هەمووی زیاتر گومان دروستدەکات کە یەکێک لە گێڕەوەکانی ئەم فەرمودەیە (زەیدەی کوڕی ئەسلەم)ە کە گرفتار بووە بە گرفتی لەبیرچونەوە.
