سێشەممە , حوزه‌یران 24 2025

لەڕۆژی جیهانی مناڵاندا.. تکایە ئاگاداری دەروونی مناڵەکان بن

د.گوڵاڵە طاهر
کاتێک بڕیارتاندا هاوسەرگیری بکەن و خێزان پێکبێنن، خوای گەرورە نیعمەتی منداڵی پێ بەخشین ، ئیتر بەرپرسیارێتی پاراستنی خێزان و پەروەردەو بەخێوکردنی منداڵ دەبێتە ئەرکێکی پیرۆز بۆ هاوسەران .
منداڵ لەناو خێزاندا لەڕووی جەستەیی، دەرونی ، عەقڵی وکۆمەڵایتییەوە گەشەدەکات و دەبێتە تاکێکی کاراو کاریگەر بۆ داهاتووی وڵات، ئەگەر بە شێوەیەکی تەندروست هاوسەنگ لە هەموو لایەنەکانەوە گرنگی پێدراو پێداویستییە جەستەیی و دەروونیەکانی بۆ دەستەبەرکرا.
زۆرێک لە دایکان و باوکان ئەوەندەی لە خەمی بەخێوکردن وگەورەکردنی منداڵدان (واتەگرنگیدان بە لایەنی جەستەیی و پێداویستییە ماددییەکان )، ئەوەندە لە خەمی پێداویستییە دەروونییەکاندا نین .
زانا دەروونناسەکان و پزیشکانی بواری دەروون دروستی جەخت لە سەر ئەم ڕاستیانە دەکەنەوە کە :
١-پێنج ساڵی یەکەمی تەمەنی مندال زۆر گرنگە وکاریگەری راستەوخۆی هەیە لە سەر رەفتارو کەسێتی مرۆڤ لە داهاتوودا.
٢-منداڵان بە هەمان شیوەی گەورەکان و بگرە زیاتریش توشی گرفت و تەنگژە دەرونیەکان دەبن.
٣-منداڵان ئەوەندە زیرەکن پەستانە دەروونیەکان خێرا دەکەنە دەروە و، زۆر جار جەستەیان یەکەم هۆکاری دەربڕینەو نیشانەکان لەسەر جەستە دەردەکەون، وەک گەورەکان نایپێچنە دڵ وناخی خۆیان .
٤- منداڵەکان شتیان بیر ناچێت، بەڵکو بێ دەنگ دەبن، چاودێری ڕوداوو و هەڵوێستەکان دەکەن ، ئازار دەچێژن و برینی قوڵ لە دەروونیاندا دروست دەبێت، کاتێک گەورە دەبن لە کەسێتی و کاردانەوەکانیان و، تێڕوانینان بۆ ژیاندا ڕەنگدەداتەوە.
گرنگترین هۆکارەکانی دروستبوونی پەستانە دەرونییەکان لە منداڵدا:
١-هۆکارە جینیەکان و بۆماوەییەکان : لە باوانەوە دەگوازرێتەوە.
٢- هۆکارە ژینگەییەکان : واتە ئەو ژینگەیەی منداڵەکەی تێدا گەورە دەبێت.
لێرەدا ڕۆڵی دایک وباوک دەردەکەوێت لە دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو دوور لە توندوتیژی.
کاتێک منداڵ ڕووبەڕووی هەر جۆرێک لە توندوتیژی ببێتەوە یاخود بێبەش بێت لە پێداویستیە دەروونییەکانی، بە دڵنیاییەوە تووشی پەستان و تەنگژەو شڵەژانی دەروونی دەبێت.
توندوتیژی ڕاستەوخۆ بێت وەک : ( لێدان، دەربڕینی وشەی زبر و نەشیاو، گاڵتەپێکردن ، سەرزەنشتی زۆر، لۆمەکردنی بەردەوام و بەرواوردکردنی بە کەسانی تر) ، یان توندوتیژی ناڕاستەوخۆ وەک : (ناکۆکی و ئاژاوەی نێوان دایک و باوک، جیابونەوەی دایک و باوک، یاخود پاشەکشەکردنی یەکێکیان لە پەروەردەی مناڵەکاندا).
نیشانەکانی بوونی پەستانی دەروونی لە منداڵدا
زۆر جار وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا نیشانەکان لەسەر جەستە دەردەکەون لەگەڵ هەندێک نیشانەی دەرونی و مەزاجی کە پێشتر بوونیان نەبووە لە منداڵەکەدا.
نیشانە جەستەییەکان وەک :
١-تێکچوونی خواردن : منداڵەکە خواردن ناخوات وتوشی بەدخۆراکی دەبێت و، کێشی کەم دەکات یان خوو دەداتە خواردن وبەردەوام داوای خواردن دەکات و کێشی زیاد دەکات
٢- تێکچوونی خەو : کەم خەوی و درەنگ خەو لێکەوتن و بینینی خەوی ناخۆش، یان زۆر خەوتن.
٣- مناڵەکە توانای میز ڕاگرتن لەدەست دەدات وشەوان خۆی تەڕ دەکات.
٤- نینۆک خواردن.
٥-دانەجیڕێ.
٦-هەناسە توندی و دڵەکوتێ.
٧-هەستیاری پێست.
٨-سک ئێشەو تێکچوونی هەرس.
٩- هەندێک جوڵەی ناسروشتی جەستە وەک دەست لەرزین وقاچ لەرزین.
هەندێک نیشانەی دەروونی و مەزاجی لەگەڵدایە وەک:
1- هەستکردن بە ترس یان دڵتەنگی.
2- بە ئاسانی هەڵدەچێت و توڕەدەبێت.
3- گۆشگیری.
4- شەڕەنگێزی.
5- توانای فێربوونی لاواز دەبێت و لە قوتابخانە نمرەکانی کەم دەبنەوە.
6- فرەجوڵە دەبێت.
7- تەرکیزی کەم دەبێتەوە.
دایک وباوکی بەڕێز هەر کاتێک هەستت بەم گۆڕانکاریانە کرد و، هیچ نەخۆشییەکی جەستەیی هۆکار نەبوو بۆ دەرکەوتنی ئەم نیشانانە، ئەوا بزانە کە هۆکارەکەی پەستانی دەروونییە و پێویستە زوو چارەسەری بکەیت پێش ئەوەی برینی قوڵی دەروونی بۆ منداڵەکە دروست بکات.

Check Also

ڕۆژی جیهانی شیزۆفرینیا ڕۆڵی خيزان لە چارەسەرو چاودێری نەخۆشەکەدا

د. گوڵاڵە تاهیر شیزۆفرینیا نەخۆشییەکی عقڵی یە، کەسی توشبوو توانا مەعریفی و کردەییەکانی بەرەو دواوە …