هەڵاڵە محمد الماس
دایبابی بەڕێز کوڕو کچەکەت منداڵە جوان و جگەر گۆشەگەت ئەمانەت و خەڵاتی پەروەردگارن ، پێویستە ئاگاداری ئەو ئەمانەت و خەڵاتە بەنرخەی خودابن.
بزانە چۆن پەروەردەی دەکەیت و دەیپارێزی لەسەرما و گەرمای بەرجەستە و مەعنەوی، ئەوی جگەر گۆشەت پێویستی بەچی تۆیە تا ببێتە کەسێکی کاراو کاریگەر ؟ دەبێ تۆ چی خۆت ببەخشی تا ئەو لەسەر پێی خۆی راوەستێ و جێگەداری تۆ بێت دوای تۆ ، بگرە دوای نەمانیشت بۆ چاکەکانی تۆ هەمیشە حساب بانکیت کراوە بێت و خەڵکی ڕەحمەتبوونت بۆ بنێرن .
بۆیە ئەرکی گرنگ و سەرەتایی پەروەردەو ڕاهێنانە لەسەر مرۆڤبوون و چاکبوون و پابەندبوون بەبەها مرۆیی و کلتوری و ئیسلامیەکان و گرێدانی بە بردنەوەی شاخەڵاتی نەبڕاوەی پەروەردگار بۆیە چاک بزانە کوڕ و کچەکەت لە ڕۆژی قیامەتدا گلەیی لەبەردەم خودا ناکات، کە تۆ بۆ پشوو نەتبردوون بۆ دەرەوە، یان ئامێری ئەلیکترۆنیتان ( ئایپاد و پلەستەیشن و…)بۆ دابین نەکردوون، یان ناویانت تۆمار نەکردووە لە یانە وەرزشییەکان، یان جلوبەرگی دیزاینەریان لەبەر نەکردووە هی بڕاندە جیهانیەکان نەبوون!، یان ڕێگەیان پێبدەن سەیری ئەو ڕووتی و بێ ئەخلاقیی و بێ بەهاییەی میدیا بکەن کە لە تەلەفزیۆن یان ئینتەرنێتدا نمایش دەکرێن، کە ئەوەندە زۆرن! یا ژیانیان بێ لێپرسینەوە و بەئارەزووی خۆیان
بەڵکو بزانە لەوێ لەدەست گرنگی نەدان و هەوڵنەدان بۆ چاککردن وڕێنمایی نە کردنیان بۆ خێرو پابەندبوون سکاڵاکانیان دەخەنە بەردەم خودا:
کە بۆچی فێری ئەوەت نەکردم کە چۆن خودا بپەرستم ولێوەی نزیک بم ، یان قورئانتان فێرم نەکردم و نەتانناردم کە فێری ببم و ببێت بەچرا بۆ خۆم و ئێوەش، یان بۆ نوێژی بەیانی لە خەو هەڵسێنمەوە و تووشی ئەو خێرە گەورە ببم، یان بۆ ئەرک و فەرزەکانم پشتگوێ خست؟ یا دەستم بگرن و دوورم بخەن لەگوناه و تاوان بە قسەی جوان و شیرین ؟
بۆیە دایبابی بەڕێز و خەمخۆر ، خەمی خۆت بخۆ پێش خەمی منداڵەکەت بۆ ئەوەی ئەو قرة عینەت لەوێ سکاڵات لەسەر تۆمار نەکات چونکە وەڵامی ئەم پرسیارانە و ئەو سکاڵانە زۆر قورس و سەختە و سزای لەسەرە چونکە دادگا دادگای خودای عادلە و لەبەردەم خودای گەورەدا دەوەستین.