وەرگێڕانی: د. بێخاڵ ئەبوبەکر
بەم زووانە نەتەوە یەکگرتووەکان سییەمین ساڵیادی چوارەمین کۆنفرانسی جیهانی ئافرەتان دەکاتەوە، کە لە ساڵی ١٩٩٥دا لە پەکین بەڕێوەچوو. لەم میانەیەدا، کۆمیسیۆنی پێگەی ئافرەتان (CSW) ، کە ساڵانە لە ڕۆژانی (١١- ٢٢) ی مانگی ئازاردا کۆبونەوەی خۆی گرێدەدات، ئەمەش بۆ سەرۆک ترەمپ، دەبێتە بۆنەیەکی سەرەکی بۆ پەکخستن یاخود تێکدانی ئەجێندای جێندەری نەتەوەیەکگرتووەکان.
لە ئێستاوە دانوستانەکان بۆ ئامادەکردنی ڕاگەیەنراوێکی سیاسیی بەردەوامن تا وڵاتان بە کۆنفرانسی ساڵی١٩٩٥ پابەندبکەنەوە ، و چاوەڕوان دەکرێت لە یەکەم ڕۆژی کۆبونەوەی کۆمسیۆندا پەسەندبکرێت. بە پێی نەریتی دانوستانی سەرۆکی ئەمریکا، ئیدارەی ترەمپ، هەموو بژاردەکان دەخاتەڕوو، لەوانەش داوا لە شاندەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات کە هەموو ئاماژەکانی “جێندەر” لە ڕەشنووسی ڕاگەیەنراوەکەدا بسڕنەوە. پێشبینیشدەکرێت، نوێنەرانی ترەمپ لە ئێستاوە لەگەڵ شاندە نەیارەکانی ئەوروپادا ڕووبەڕووببنەوە.
ئەوروپییەکان دەیانەوێت ڕاگەیەنراوەکە، بەڕوونی، ئاماژە بە (ئایدیۆلۆژیای جێندەر) بدات ، و زاراوەی پەیوەست بە (منداڵ لەباربردن) لەخۆبگرێت، و هەموو ئاماژەکان بۆ سەروەریی نیشتمانیی دەوڵەتان بسڕێتەوە.
شاندی یەکێتی ئەوروپا داوایکردووە لە داڕشتنی ڕاگەیەنراوەکەدا زمانی دانپێدانان بە “ژن بە هەموو چەشنەکانیەوە” و “یەکتربڕیی” لەخۆبگرێت، ئەم دوو زاراوە تەکنیکییە ئاماژەن بۆ ئەو “پیاوانەی کە خۆیان وەک ژن دەناسێنن”. هەروەها ئەوروپییەکان دەیانەوێت ڕاگەیەنراوەکە، ئاماژە بە تەندروستی سێکسیی و وەچەخستنەوە و مافەکانی وەچەخستنەوە بدات، ئەمانە هەموو ئەو بابەتانەن کە پەیوەستن بە سەربەخۆیی سێکسییەوە، لەوانەش مافی لەباربردن و وەرگرتنی چارەسەر و نەشتەرگەرییەکانی ڕەگەزگۆڕین.
هەرچەندە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر، ئیدارەی بایدن لەگەڵ ئەو هەڵوێستانەدا هاوتەریب بوو، بەڵام ئێستا لەلایەن سیاسەتمەدارانی ترەمپەوە، داوا لە دیپلۆماتکارانی ئەمریکا دەکرێت ناڕەزایەتیی بەرامبەر بەم سیاسەتانە دەربڕن.
ئەگەر ترەمپ لە ڕێگریکردن لە ئەجێندای جێندەریی لە نەتەوەیەکگرتووەکاندا سەرکەوتووبێت، ئەگەری دوو سیناریۆ لەبەردەم کۆمسیۆنەکەدا(CSW) هەیە. یەکەمیان، شکستی کۆمیسیۆنی نەتەوەیەکگرتووەکانە لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی تەواو. ئەمەش دەبێتە هۆی لاوازکردنی بزووتنەوەی بەرفراوانی جێندەریی لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا و دەسەڵات بە ترەمپ دەدات بۆ دەستپێکردنی دەستپێشخەرییە دوولایەنەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئەمریکا بۆ بەرژەوەندی ژنان، کە ئایدیۆلۆژیای جێندەر دووردەخەنەوە.
سیناریۆی دووەم بریتییە لە هەموارکردنی ڕێککەوتنی کۆتایی کۆمیسیۆن(CSW) بەجۆرێک کە “جێندەر”، تەنها وەک ئاماژەکردن بە “هەردوو ڕەگەز” پێناسە بکات، و خۆی لە هەر زاراوەیەکی مشتومڕاوی سەبارەت بە تەندروستی سێکسیی و وەچەخستنەوە بەدووربگرێت، و بەڕوونیی ڕێزگرتن لە سەروەریی نیشتمانیی لەخۆبگرێت. ئەم بژاردەیە زیاتر بە ئاراستەی ئەنجامدانی چاکسازیی نەتەوە یەکگرتووەکانە. لەوانەیە ئەوروپییەکان کە سەرسەختانە بە ئایدۆلۆژیای جێندەرییەوە پابەندن، بژاردەی یەکەمیان پێ باشتربێت و هەوڵبدەن ئیدارەی ترەمپ بەبێ گۆڕانکاریی ئەوتۆ لە سیاسەتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، تێپەڕێنن.
ئەوەی لە هەریەک لە سیناریۆکاندا هاتووە، ئەوەیە کە لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپدا، بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی ١٩٩٥ەوە، ئەجێندای جێندەریی ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی بوونی دەبێتەوە.
ئەگەر لە مێژوودا یەک سات هەبێت کە بە هۆکاری بڵاوبوونەوەی ئایدیۆلۆژیای جێندەریی لە سەرانسەری جیهاندا تاوانباربکرێت، ئەوا (کۆنفرانسی پەکین)ە. بۆ یەکەمجار، ڕێککەوتنی سێ سەد لاپەڕەیی کۆنفرانسی پەکین، ئایدۆلۆژیای جێندەری لە سیاسەتی نەتەوەیەکگرتووەکاندا چەسپاند، و زۆرێک لەو بیرۆکە پڕمشتومڕانەی لێکەوتەوە کە ئیدارەی ترەمپ، لە حکومەتی فیدراڵیدا، هەوڵی بنبڕکردنی دەدات. لە ڕاستیدا ئەوە ئەو ڕێککەوتنە بوو کە بایدن و ئۆباما لە سیاسەتە جێبەجێکارەکانیاندا ئاماژەیان پێدەکرد و بانگەشەیان بۆ ئایدۆلۆژیای جێندەر دەکرد.
لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا، لۆبییەکی جیهانیی بۆ جێندەر لە چوارچێوەی کۆنفرانسی پەکیندا، سەریهەڵدا. ئەم لۆبییە جیهانییە بە ڕابەرایەتی ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و پاڵپشتی دارایی حکومەتە بەهێزەکانی ڕۆژئاواوە، پەرۆشانە و هەلپەرستانە، ئایدۆلۆژیای جێندەری لە هەموو شوێنێکدا بڵاوکردەوە. ئەو میکانیزمە بیرۆکراتییانەی کە بۆ جێبەجێکردنی کارنامەی جێندەریی پەکین دامەزرێنران، لەڕووی دەسەڵات و کاریگەرییەوە، بە شێوەیەکی بەرچاو گەشەیانکرد، لەوانە: وەزارەتەکانی جێندەر، بیرۆکراسیی جێندەریی، فەندەکانی توێژینەوەی جێندەر، تەرخانکردنی کورسی خوێندن لە زانکۆکاندا بۆ جێندەر، یارمەتی دەرەکی بۆ جێندەر، بودجەی جێندەریی، تێهەڵکێشکردنی جێندەر، شیکاری جێندەریی، و هەروەها. بۆ بزووتنەوەی فێمینیزم، ڕێککەوتنی پەکین بووەتە مانگای پیرۆز، هەرکەسێک ئایدۆلۆژیای جێندەریی یان مافی لەباربردن بخاتە ژێر پرسیارەوە، بە (نەیاری ژن) دەناسرێت، ئێستا ئیدارەی ترەمپ تەحەدای ئەم بابەتە دەکات.
ئەگەر لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا، ترەمپ بتوانێت کۆمیسیۆنەکە(CSW) لە ڕێڕەوی پێشووی خۆی لابدات، ئەوا دەتوانێت ئەو پەیامە بگەیەنێت کە هەر وڵاتێک بانگەشە بۆ ئایدیۆلۆژیای جێندەر بکات، بۆی هەیە لە وەرگرتنی پارە و پشتیوانی سیاسیی ئەمریکادا، قەدەغەبکرێت.
سەرچاوە:
https://c-fam.org/friday_fax/un-commission-will-test-trumps-resolve-on-gender-ideology/ 28/2/2025
