وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە:
د.بێخاڵ ئەبوبەکر
کریس سمس، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکیی، ئیدارەی جۆ بایدنی تۆمەتبارکرد بەوەی هەڕەشەی ڕاگرتنی هاوکارییەکانی بۆ سیرالیۆن دەکات، مەگەر لەکاتێکدا نەبێت کە پەرلەمانی وڵاتەکەی ڕۆژئاوای ئەفریقا، پڕۆژە یاسایەک بۆ بەیاساییکردنی لەباربردنی منداڵ بە درێژایی نۆ مانگی دووگیانیی، پەسەندبکات.
سمس لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، “تاکتیکە سەرەڕۆییەکانی ئیدارەی بایدن بۆ پشتگیریی لەباربردنی منداڵ و هەوڵەکانی بۆ کۆلۆنیالیزمی ئایدیۆلۆژی قبوڵکراو نییە. لەباربردن هەمیشە کۆتایی بە ژیانی کۆرپەی لەدایکنەبوو دەهێنێت و زیان بە دایکەکە دەگەیەنێت” .
سمس بەردەوامبوو و وتی: “پێویستە وڵاتانی لایەنگری ژیان، بەهۆی پاراستنی دایکان و منداڵانی لەدایکنەبوو، ئاهەنگبگێڕن و ڕێزیان لێ بگیرێت ، نەک لەلایەن ئیدارەی شکستخواردووی بایدنەوە، کە لایەنگری لەباربردنی منداڵە، سزا بدرێن.”
سمس کە سەرۆکی لیژنەی لاوەکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکایە بۆ تەندروستی جیهانی و مافەکانی مرۆڤ، وتی: “با ڕوونتری بکەمەوە، (لەباربردن) چاودێری تەندروستی نییە، هەروەها مافێکی مرۆیی دانپێدانراوی نێودەوڵەتیش نییە.”
لەم دواییانەدا، پڕۆژە یاسای “دایکایەتی سەلامەت و تەندروستی نەوەخستنەوە” لە پەرلەمانی سیرالیۆن پێشکەشکرا، دوای چەندین ساڵ لە هاوکاریی نێوان حکومەتی سیرالیۆن و داکۆکیکارانی لەباربردنی منداڵ لەنێویاندا ڕێکخراوی (ماری ستۆپس سیرالیۆنMSS ) و حکومەتەکانی ئەوروپا کە پشتگیری لە کۆمپانیای زەبەلاحی لەباربردنی منداڵ دەکەن.
لە بەیاننامەیەکدا بۆ پشتگیریکردن لە پڕۆژە یاساکە (ماری ستۆپس سیرالیۆن) لە سەرەتای ئەمساڵدا ڕایگەیاند، ئەوان و ڕێکخراوەکانی دیکەی کۆمەڵگەی مەدەنی لەگەڵ وەزیری تەندروستی و ژنەپەرلەمانتاران بۆ “داڕشتن و پەسەندکردنی ئەم یاسا گرنگە” کاریان کردووە.
هەرچەندە پڕۆژە یاسایەکە بە ناونیشانی “دایکایەتی سەلامەت” ڕەواجیپێدرا، بەڵام بەیاننامەکەی (ماری ستۆپس) باس لە گرنگترین لایەنی پڕۆژەیاساکە دەکات کە بریتییە لە “فراوانکردنی دەستڕاگەیشتن بە لەباربردنی منداڵ، کە ئێستا لە ژینگەی وڵاتەکەدا، سنووردارە”. سەرباری ئەمەش، ئاماژە بەوەدەدات کە بە درێژایی نۆ مانگی دووگیانیی، ڕێگە بە لەباربردنی منداڵ بدرێت. هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە: “پرۆژەیاساکە لە حاڵەتەکانی دەستدرێژیی، نائاساییبوونی کۆرپەلە و بۆ خۆشگوزەرانی گشتی ژنان، بە درێژایی نۆ مانگەکە، ڕێگە بە لەباربردنی منداڵ دەدات، و هەردوو لایەنی تەندروستی جەستەیی و دەروونی ڕەچاودەکات”.
لە ساڵی (٢٠١٥) ەوە، داکۆکیکارانی مافی سێکسیی پشتگیریی بەیاساییکردنی لەباربردنی منداڵ لە سیرالیۆندا دەکەن، کاتێک پڕۆژەیاسای “لەباربردنی سەلامەت” پێشکەشکرا و لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندکرا، بەڵام سەرۆک جولیۆس مادا بیۆ بەهۆی ناڕەزایی گشتییەوە یاساکەی واژۆنەکرد. دواتر، داکۆکیکارانی لەباربردن ئاراستەی کاریان گۆڕی و بڕیاریاندا پڕۆژەیاساکە لەژێرناوی “دایکایەتی سەلامەت” دووپاتبکەنەوە، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی مردنی دایکان لە وڵاتەکەدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پڕۆژە یاساکە بەشێکی دوورودرێژی سەبارەت بە “کۆتاییهێنان بە دووگیانیی” لەخۆگرتووە، لەنێویشیدا بۆ کۆرپەلەی خوار تەمەنی یاسایی.
بۆ گۆڕینی یاساکانی لایەنگری ژیان، وڵاتانی ئەفریقا خۆیان لە ژێر فشاری زیاتردا دەبیننەوە ، لە ڕێگەی فشاری ڕاستەوخۆی وڵاتانی ڕۆژئاوایی هەروەها لە ڕێگەی دەستوەردانی گروپە داکۆکیکارەکان، کە لەلایەن ڕۆژئاواوە پارەیان بۆ دابین دەکرێت.
بۆ نموونە، سەنتەری توێژینەوەی دانیشتوانی ئەفریقا و تەندروستی (APHRC) ، کە لە ئەمریکا تۆمارکراوە لە سیرالیۆن چالاکە، لە ساڵی (٢٠٢٣)دا، ( ٤١ملیۆن دۆلار)ی وەرگرتووە. بەخشەرەکان بریتین لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی و دامەزراوەکانی وەک گەیتس، ڕۆکفێلەر، پاکارد، ماکئارسەر و هیولێت. لە ساڵی (٢٠٢٠)دا، (APHRC) حەوت وڵاتی ئەفریقیی لایەنگری ژیانی کردەئامانج، کە دەستپێشخەرییەکی ٤ ساڵەیان بۆ لێکۆڵینەوە لە “لەباربردنی ناپارێزراو” ڕاگەیاند. (APHRC) “داکۆکیکارانی لەباربردنی سەلامەت”ی ڕاهێنا بۆ لۆبیکردن لە پەرلەمانی سیرالیۆن و کورتەیەک لە سیاسەتەکانی بۆ پشتگیریکردن لە پڕۆژەیاسا نوێیەکە بڵاوکردەوە و داوایکرد کە پڕۆژە یاساکە “خێرا” بەڕێبکرێت.
ئەندامی کۆنگرێس (سمس) وتی، بەنیازە لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ کاربکات “بۆ ئەنجامدانی پێداچوونەوەی ورد بە کارەکانی هەموو ئاژانسەکانی ئەمریکادا” … “بۆ دەستنیشانکردنی ئەوەی کە ئایا یاساکانی ئەمریکا لەلایەن کارمەندانی حکومەتی ئەمریکاوە پێشێلکراون لەڕێگەی هەڵە تەرخانکردن-یان هەڕەشەی هەڵە تەرخانکردن-لە بودجەی ئەمریکا بۆ فشارخستنە سەر وڵاتان بۆ گۆڕینی یاساکانی لایەنگری ژیان؟”.
بەیاننامەکەی سمس لە کۆتاییدا دەڵێت:”سەپاندنی ئەجێندای لایەنگریی لەباربردن و ۆکیزم بەسەر وڵاتانی لاواز لە ڕووی دارایی و سەروەریی و دیموکراسیەوە، زیان بە هەردوو ئەمریکا و هاوپەیمانەکانمان دەگەیەنێت و دیپلۆماسیتێکی خراپە، دەبێت کۆتایی پێبێت”.
لەم هەفتەیەدا، پەرلەمانی سیرالیۆن دانیشتن لەسەر پڕۆژەیاساکە ئەنجام دەدات.
سەرچاوە:
https://c-fam.org/friday_fax/congress-to-investigate-bidens-abortion-blackmail-of-african-country/
20/12/2024