چوارشەممە , شوبات 5 2025

ژیانی هەڕاجکراو لە دونیا ڕوکەشەکەی سۆشیال میدیا

شادان تالب
دونیا مەجازی و ڕوکەشەکەی سۆشیال میدیا تەواو ماندووکارو بێ سەوداو سەربووە، جاران دایکمان کەجلەکانی هەڵدەخست کراسەکەی دەدا بەسەر ئاوەڵکراسەکەدا، ئێستە کراسەکە هەڵدەکەن و دڵێ ئاوەڵکراسەکەم جوانە، یان چ ڕەنگێک بێت جوانە!
جاران گفتوگۆی دەمەو بەیانیانی هاوسەران تەنانەت دور لەچاوی مناڵەکان پڕ چێژوو ئەوین بوو،
ئێستە هەموو ڕۆمانسیەتی دووهاوسەر تەنها ڤیدیۆیەکی نیو خولەکییە بۆ پۆستەکانیانە!
جاران دەرگای ماڵەکان دەمەو ئێوارە دادەخران و، خێزانەکان سەریان دەنا بەیەکەوە خۆشی و ناخۆشیەکان لەنێو ماڵەکان بوو، ئێستە باشترین کات بۆ پەخشکردنی حاڵی ژیانمان لە شاشەکانەوە شەوانە، چونکە زۆرترین بینەری دەبێ!
جاران چاوەڕێی عەلاگەکەی دەستی باوکمان و چێشتە سادەکەی دەستی دایکمان بووین، ئێستە چاوەڕێی دایک یان باوکیانن ئەم ئێوارەیە لە چ خواردنگەیەک یان لەفە فڕۆشێک سپۆنسەری بۆ وەرگرتوون!
جاران یان بابەتی برژاومان نەدەخوارد یان بەهاوبەشی بوو لەگەڵ دراوسێکەمان، ئێستە دووکەڵی برژاوەکان چاومان کوێردەکەن لە شاشەکانمانەوە!
جاران سەردانیەکانمان چێژی بوو، چونکە مەشغوڵی پەخشکردن و نمایشکردنی نەبووین، ئێستە بارودۆخی چیژبەخشی تایبەت مۆدی نەماوە و ئەبێ لەبەر چاوی هەمووان بێت!
جاران خوێندن و زانکۆ پڕ چێژو جدی و عیلم و زانست بوو هەفتەی جلێکمان لەبەر دەکرد، ئێستە ئەگەر موحازەرەیەکیش بفەوتێ ئاساییه تەنها فریای فلۆگی خۆگۆڕین بکەون لەبەردەم شاشە !
جاران بە پێ سەعاتێکمان دەبڕی تا دوو کەلیمە دەرس و عیلم فێربین و، لەگەڵ حیکمەتی مامۆستاکانمان ئاوێزان بین، ئێستە هەرچی هەڵدەستێ کتێبێکمان لە پشت موبایلەکەوە بۆدەخوێنێتەوەو ناوی دەنێت کۆرس، دەیان وسەدان و هەزاران بەشدارن و هەندێکیشیا بە پارەی زۆۆر، کارو فەرمانیشی پێ ناکرێ، چونکە ڕۆحمان ئاوێتەی نابێت و، مامۆستاکەمان حەکیم نیە و نازانین قەولەکانی و عەمەلەکانی وەک یەکن یان نا؟ بۆیە ناگەنە قوڵایی دڵمان و ئێمەش کاری پێناکەین !
جاران لەنزیک ماڵی خەزوور یان باوک بوون و هەرئەوان بەهەبوون و نەبوونیان دەزانی، ئێستە خۆیان وتەنی دوورلەبنەماڵەمان ئەژین با بەهیچمان نەزانن، بەڵام هەموو شەوێ عالەم دەزانێ گوڵی کوپی چاکانیان چ ڕەنگە لەکوێ ئەخۆن چی ئەخۆن کەی بەرگی سەرسیسەمیشیان دەگۆڕن، سەعات چەند دەخەون و کەی هەڵدەستن، کێ لەماڵیانەو لەماڵی کێن، ئەوەی بێ خەبەرە دایک و باوک و خەسوو خەزوورن ئەگەر ئەهلی سۆشیال میدیا نەبن.

ئەوەش بڵێیین

جاران بەسەعات بەپێ ڕێمان ئەبڕی تا لە پەڕەی زەردی کتێبخانەکان زانیارییەک وەربگرین، شوکر بۆخوا ئیستە بەکلیکێک زۆر زانیاری بەدەست دەهێنیین، بەڵام هەر بێ چێژو ڕۆحە
جاران چەند سەعات بەڕێ دەکەوتین بۆ ئەحواڵ پرسییەک یان ئەگەر کەسێکمان لەدوورە وڵات بوایە ڕوخساریمان نەدەبینی تا بەچەند ساڵ جارێک بهاتایەوە، بەڵام ئێستە بە ئۆکەیەک هەموو ڕۆژ بەدیدەنی شاد دەبین، بەڵام هەر بێ چێژو ڕۆحە.

ئێستە پێم دەڵێن کوا شەهامەتمان؟
کوا دونیای پڕ چێژمان!

Check Also

فەوزیە قاجۆ بناسە

بەیان نوریسەبارەت بە فەوزیە قاجۆ، ساڵی 1953 لە شاری ئامودە لە پارێزگای حەسەکە لەدایک بووە، …