ئەسما جەلالەدین
ئەم پێشکەوتنە خێرایەی دونیا و سۆشیاڵ میدیا وای کردوە زۆرێک لە دایکان و باوکان هەست بەوە بکەن کە منداڵی ئەم سەردەمە زۆر جیاوازن لە منداڵانی پێشترو، ناکرێت بەڕێگەو شێوازی جاران پەروەدە بکرێن، منداڵی ئێستا سۆشیاڵ میدیایەکی لەبەردەستە کە هەموو شتێکی تێدایە، هەزاران شت ئەبینێت و ئەبیستێت، ئازاد و سەربەخۆن، ناکرێت بەلێدان پەروەردە بکرێن، چونکە هەزار رێخۆشکەرو پاڵنەر ئامادەیە تا وایان لێ بکەن کەسانێکی خراپ وسەرلێشێواو و لاوازیان لێ دەربچێت.
ئەم بیرکردنەوەو تێگەیشتنەی دایک و باوکان لەوەی کە شێوازی پەروەردەکەی جاران سوودی نەماوە ، بەڵکو پێویستی بە ڕێگاو شێوازو تەکنیکی ترە تاکو منداڵەکانیانی پێ پەروەدە بکەن، وایکردوە ئێستا زۆرێک لە دایک و باوکان هوشیارو پەرۆش بن بۆ درووست پەروەردەکردنی منداڵەکانیان زۆر تینوی زانیاری بن، بە تامەزرۆییەوە زۆر بە جددی هەوڵ دەدەن تا زۆرترین زانیاری دروست و زانستیی بەدەست بهێنن تاکو لە ئەنجامی پەروەردەی منداڵەکانیان دڵئاسوودەو مورتاح بن.
لەلایەکی تریشەوە سۆشیاڵ میدیا لە هەموو جیهاندا بووە بە ڕێگایەک بۆ بەدەست هێنانی پارەیەکی خەیاڵی، بۆ ئەم مەبەستەش چەندەها کەس دەستیان کردوە بە بڵاوکردنەوەی زانیاری و ڤیدیۆو پۆستی جۆراوجۆر، بێگومان هەر ڤیدیۆیەکیش زانیاری هەڵە، یاخود جیاواز، یاخود زانیاریەک کە ئیسراحەتی دایکەکانی زۆرتر تێدا بێت، زیاتر ئەکتیڤ ئەبێت بازاڕی گەرمتر دەبێت و خاوەنەکانیان پارەی زۆرتری پێ وەرئەگرن. بەداخەوە زۆرێک لە ئەکاونت و پەیجەکانی ئەم هەرێمەی خۆشمان هەڵدەستن بە وەرگێڕانی ئەو جۆرە بابەت و ڤیدیۆیانە، ئیتر بە بێ ئەوەی بچن بەدوایدا بزانن ناوەرۆکی بابەتەکە تا چەندە ڕاست و دروستە و مایەی سوودە؟ یان ئایا زانیاریەکان مایەی چەواشەکاریی و سەرلێشێواندنن ؟
لەم نێوەندەدا دایکێک یاخود باوکێک کە تینووی زانیاریە و زانیاری لەهەموو کەس وەرئەگرێت، شتانێکی ناراست و هەڵە وەرئەگرێت و، بەمەش لەبری سوود گەیاندن بەمناڵەکەی، زیانی پێ ئەگەیەنێت و پەروەردەیەکی هەڵەی ئەکات.
بێ شک ئەمە کارێکی زۆر بەجێ و باشە کە کەسێک کاتێک سوود لە بابەتێک وەردەگرێت و دڵنیاشە بابەتەکە جێگای متمانەیەو زانیاریەکانی ڕاست و درووست و تەواون، هەوڵبدات بەشی بکات لەگەڵ کەسانی تردا لەسۆشیاڵ میدیا. بەڵام پێویستە دڵنیا بێتەوە کەئەم بابەتە زیان لەهیچ لایەنێکی تری دەرونی منداڵێک نەگەیەنێت نەک تەنها دیوێکی بابەتەکان ببینێت.
بۆیە پێویستە دایکان و باوکان وشیار بن لە هەموو سەرچاوەیەک زانیاری پەروەردەیی وەرنەگرن و بەتەنها پۆستێک، باوەڕ بە زانیاریەکان نەکەن، بەڵکو بەدوای بابەتەکاندا بچن و پرسیار بکەن، تا لێی دڵنیا دەبن.