بێخاڵ ئه‌بوبه‌كر: (تێگه‌یشتم وه‌ك چۆن نوێژ واجبه، باڵاپۆشیش واجبه له‌سه‌ر ئافره‌تى موسڵمان)
ئا: نوسه‌یبه هه‌رده‌وان
پرۆفایل
-بێخاڵ ئه‌بوبه‌كر حسه‌ین
- ساڵى 1970 له سلێمانى له‌دایك بووه.
- ساڵى 1986 بڕیارى باڵاپۆشى داوه.
- ساڵى 1989-1990 بكالۆریۆسى به پله‌ى یه‌كه‌م له به‌شى زمانى ئینگلیزى كۆلێژى ئادابى زانكۆى سه‌لاحه‌دین به‌ده‌ستهێناوه.
- ساڵی 1990- 2003 مامۆستا بووه له قوتابخانه ناوه‌ندی و دواناوه‌ندییه‌كان.
- ساڵى 2006 بڕوانامه‌ى ماسته‌رى له زمانى ئینگلیزى له زانكۆى سلێمانى به‌ده‌ستهێناوه
- 1999-2001سه‌رنوسه‌رى ڕۆژنامه‌ى ئاینده بووه.
- 1994- 2005 چه‌ندین پۆستی ڕێكخراوه‌یی له لقی سلێمانی و سكرتاریه‌تی یه‌كگرتووى خوشكاندا به‌رێوه‌بردووه.
- 2005-2012 سكرتێره‌ى ڕێكخراوى یه‌كگرتووى خوشكان بووه.
- ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامه‌نوسانى كوردستانه.
- ئێستا مامۆستایه له‌زانكۆى سلێمانى.
خانمێك، له بزه‌و ڕێزوو هه‌سته‌ناسكه‌كانى هه‌میشه شه‌رم ئه‌كه‌ى، خانمێك پڕه له‌هه‌ستى جوان‌و به‌رپرسیارى‌و خه‌مخۆرى، ئه‌و به‌ربه‌سته‌كانى ژیانى هه‌نگاو هه‌نگاو به‌سه‌لیقه‌یی‌و ڕۆشنبیریی خۆیه‌وه سه‌رده‌كه‌وێت‌و په‌یژه‌كانى ژیانیشى به ئه‌سپایی سه‌رئه‌خات، خانمێك له ئاستى به‌رپرسیارێتى هێنده ساده‌و هێنده خاكى ئامێزى بۆهه‌موو لایه‌ك ده‌كرده‌وه، تاسه‌ى ماندوێتیت ده‌شكێت به بینینێكى، بینینى ئه‌وه‌نده ئارامیه كه تاسه‌ى بینینه‌وه‌ى ده‌كه‌ى.
ئیترله‌وه زیاتر ڕه‌نگه نه‌توانم ماف بده‌مه ئه‌و خانمه لێره‌وه با خۆى پێمان بڵێ چى كردووه‌و چۆن گوزه‌راوه‌و چۆن گه‌وره بووه، چۆن پێگه‌یشت.
ئاینده‌سازى: سه‌ره‌تا باسێكى مناڵى خۆتمان بۆ بكه، ژیانى مناڵیت چۆن بوو؟ خه‌ون‌و خولیات چى بوو؟
بێخاڵ ئه‌بوبه‌كر: هه‌ر له‌مناڵیمه‌وه خولیاى خوێندنه‌وه‌م هه‌بوو، حه‌زم له خوێندنه‌وه‌و شاره‌زابوون له‌زمانى تر ده‌كرد به‌تایبه‌ت زمانى عه‌ره‌بى، سوپاس بۆخوا هه‌موو قۆناغه‌كانى خوێندنیشم هه‌ر به‌یه‌كه‌مى ده‌بڕى، ئه‌وكات به‌خشین (معفو) هه‌بوو له ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه‌كان، بۆیه ئیمتیحانم نه‌ئه‌دا ته‌نها ئه‌و پۆلانه نه‌بێ كه به‌كه‌لۆرى بوون، له شه‌شى ئاماده‌یش یه‌كه‌مى سلێمانى بووم ئه‌و ساڵه، كه ئاماده‌یم ته‌واو كرد زمانى عه‌ره‌بیم باش ئه‌زانى، بۆیه حه‌زم كرد زمانێكى تر بخوێنم، خۆشویستنم بۆ زمانى ئینگلیزى له‌ڕێى مامۆستایه‌كی به‌رێزم كه ناوى (مامۆستا شوكریه) بوو له پێنجى ئاماده‌یى وانه‌كه‌ى زۆر له‌لا خۆشه‌ویست كردبووم، هه‌رچه‌نده خۆشم حه‌زم لێ‌بوو، به‌ڵام مامۆستاش ڕۆڵى هه‌یه كه ده‌رسێك له‌لاى قوتابی خۆشه‌ویست بكات یا به‌پێچه‌وانه‌وه، بۆیه یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنم زمانى ئینگلیزى بوو هه‌ر ئه‌وه‌شم بۆ هاته‌وه، چونكه نمره‌كه‌م به‌رز بوو هه‌ر له‌وێش هه‌موو ساڵێك یه‌كه‌مى به‌شه‌كه‌ى خۆم بووم، خولیاى ماسته‌ریشم هه‌بوو، ساڵێ1990 ته‌خه‌روجم كرد، ئه‌وكاته زروفى سیاسى كوردستان له‌بارنه‌بوو، شه‌رى كوێت‌و په‌لاماردانى عێراق و ئه‌و سیاسه‌ته چه‌وتانه‌ى ڕ‌ژێمى به‌عس پیاده‌ى ده‌كرد، بۆیه بۆم نه‌گونجا هه‌تا ساڵى 2003 له خوێندنی ماسته‌ر، وه‌رگیرام.
وه‌كو خولیا، خولیاى خوێندنه‌وه‌م زۆر بوو به‌تایبه‌تى كتێبه ئاینیه‌كان.
ئاینده‌سازى: ئه‌م خولیای خوێندن‌و حه‌زى سه‌ركه‌وتن‌و زیره‌كیه چۆن په‌یدابوو خۆت بووى یا كه‌سێك هه‌بوو ڕێنیشانده‌رت بێ؟
بێخاڵ ئه‌بوبه‌كر: بێگومان هه‌موو كه‌سێك تواناى شاراوه‌ى تیایه، ئه‌م توانا شاراوه‌یه پێویستى به گه‌شه‌پێدان‌و ده‌رهێنان هه‌یه، منیش باوكى به‌ڕێزم زۆر ڕۆڵى بینیوه له‌ژیانم، له‌به‌رئه‌وه‌ى خۆى كه‌سێكى زۆر ڕۆشنبیر‌و زمانزان‌و ڕوناكبیره، زۆر زۆر هانى ئه‌داین بۆ خوێندنه‌وه‌و فێربوونى زمانى تر، ئه‌توانم بڵێم به‌شێكى زۆرى ئه‌و كه‌سێتیه‌ى ئێمه هه‌مانه دواى فه‌زڵى خواى گه‌وره ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ باوكم، هه‌ر له‌مناڵیه‌وه چه‌ندین كتێب‌و گۆڤارى مناڵانه‌و چیرۆك‌و شیعر‌و نامیلكه‌و هه‌موو جۆره شتێكى بۆ فه‌راهه‌م ئه‌كردین، كه‌سێكه كه دیالۆگى له‌گه‌ڵدا ده‌كردین هه‌میشه حه‌زى ده‌كرد خاوه‌نى ڕاو بڕیارى خۆمان بین.
ئاینده‌سازى: بڕیارى باڵاپۆشیت چۆن بوو له‌چیه‌وه سه‌رچاوه‌ى گرت؟
بێخاڵ ئه‌بوبه‌كر: ئه‌و سه‌رده‌مه‌ى ئێمه باڵاپۆشى كه‌م بوو یا ده‌گمه‌ن بوو به‌تایبه‌تى له ناوه‌ندى‌و ئاماده‌یى له‌ناو شاردا زۆر ده‌گمه‌ن بوو، ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ى ئێمه‌ش كه له سه‌رچنار بووین مه‌سه‌له‌ى باڵاپۆشى به‌هیچ شێوه‌یه‌ك تێیدا نه‌بوو، خه‌ڵك پێى ئاشنا نه‌بوون وه‌كو باسم كرد خۆشم زۆر كتێبم ئه‌خوێنده‌وه‌و قورئانم ئه‌خوێنده‌وه‌و له‌به‌رم ئه‌كرد، به‌بێ ئه‌وه‌ى كه‌س پێم بڵێ خۆم جزئى (عم)م له‌به‌ر كرد له شه‌شى سه‌ره‌تایى بووم. ئێمه له‌پشوه‌كاندا سه‌ردانى هه‌ڵه‌بجه‌ى شه‌هیدمان ئه‌كرد كه‌س‌و كارمان له‌وێ بوو، له‌وێش زیاتر دیارده‌ى باڵاپۆشى هه‌بوو هه‌تا ئه‌وكاته‌ى بڕیارمدا نه‌مده‌زانى باڵاپۆشى واجبه، له‌به‌رئه‌وه‌ى كه‌سێك پێى نه‌وتبووین كه‌ئه‌مه ئه‌ركێكه له‌سه‌رئافره‌ت، هه‌تا ساڵى 1986كه خزمێكمان ته‌فسیرى سوره‌تى نورى بۆكردین پێشتریش خۆم هه‌ر حه‌زم لێ‌بوو به‌ڕاستى قه‌ناعه‌تى ته‌واوم له‌لا دروست بووبوو، هه‌روه‌ها كتێبی (بۆ هه‌موو كیژێكى خاوه‌ن باوه‌ڕ)ی مامۆستا (عمر نیزامی)م خوێنده‌وه. به‌ڕاستى كاریگه‌رى هه‌بوو له‌سه‌رم له‌وێوه بڕیارمدا باڵاپۆشی بكه‌م، هه‌رچه‌نده ده‌وروبه‌ر سه‌ره‌تا پێیان خۆش نه‌بوو، به‌ڵام ڕێگریش نه‌بوون له‌به‌رده‌م ئه‌و باڵاپۆشیه‌دا، سوپاس بۆ خوا به‌قه‌ناعه‌تى ته‌واوى خۆمه‌وه كردم، چونكه تێگه‌یشتم وه‌ك چۆن نوێژ واجبه، باڵاپۆشیش واجبه له‌سه‌ر ئافره‌تى موسڵمان.
ئاینده‌سازى: ئه‌وكتێبانه‌ى كه كاریگه‌رى هه‌بوو له‌سه‌رت كامانه بوون؟
بێخاڵ ئه‌بوبه‌كر: كتێبى (بۆ هه‌موو كیژێكى خاوه‌ن باوه‌ڕ- م. عمر نیزامى)، كتێبه‌كانى (م. حه‌سه‌ن پێنجوێنى و مامۆستا مه‌لاسالح شاره‌زوورى)، كتێبى (تعریف عام بدین الاسلام ى عه‌لی ته‌نتاوى، (پوخته‌یه‌ك ده‌رباره‌ى ئیسلام، ئیسلام‌و رێچكان- مامۆستا عه‌لی باپیر)، هه‌ریه‌كه‌یان به‌جۆرێ كاریگه‌رى هه‌بوو له‌سه‌رم.
ئاینده‌سازى: ماوه‌یه‌ك له‌بوارى ڕاگه‌یاندندا كارت كردووه سه‌رنوسه‌رى ڕۆژنامه‌ى ئاینده بوویت، ئێستاش ئه‌نووسیت، پێت وایه به‌هره‌یه‌كت هه‌بووه كارت له‌سه‌ر نه‌كردووه؟
بێخاڵ ئه‌بوبه‌كر: دیاره له‌سه‌ره‌تاى ڕێكخراوی خوشكانه‌وه ساڵى 1994 سوپاس بۆ خوداى گه‌وره له‌چه‌ند بوارێكدا كارمان كردووه، كه ڕۆژنامه‌ى ئاینده ده‌رچوو، له‌وێوه هه‌وڵمدا زیاتر بنوسم، ژماره‌ى نوسه‌ره‌كان كه‌م بوون، ئه‌وكاته‌ش كه‌هاتمه سكرتاریه‌تى خوشكان به‌شى ڕاگه‌یاندنم لابوو له‌ساڵى 1997 وه، پۆستى ڕاگه‌یاندن و سه‌رنوسه‌رى ئاینده‌م له ئه‌ستۆدا بوو، له‌گه‌ڵ خوشكانى هاوكارم، بێگومان هیچ شتێك به‌ته‌نها ناكرێت ڕۆژنامه‌یه‌كى ئاوا به‌بێ هیچ پشت و په‌نایه‌كى مادى ئه‌وتۆ. خۆی له خۆیدا نوسه‌رى پیشه نیه. نوسین په‌یوه‌سته به‌سه‌راپاى هه‌موو ژیانمانه‌وه پێویستمان به‌وه‌یه كه بنوسین، نه‌مان له‌سه‌رنوسه‌رى، وازهێنان نه‌بووه، به‌ڵكو حه‌زم كردووه كه‌سى تریش بێته پێشه‌وه. ئاینده قوتابخانه‌یه‌ك بوو بۆ گه‌شه‌كردنى خاوه‌ن به‌هره‌كان‌و قه‌ڵه‌مه نوێكان. گۆڕانكاریش له‌پۆستدا شتێكى باشه، ڕه‌نگه من نه‌متوانى بێت زۆرشت بكه‌م خوشكانى دواى من بێگومان هه‌نگاوى گه‌وره‌تریان ناوه، دواتریش ئه‌ركی ترمان پێسپێردراوه، به‌ڵام خولیاى نوسین هه‌رله‌لامه، جاربه‌جار ئه‌نوسین و ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامه‌نوسانی كوردستانین.
ئاینده‌سازى: سكرتێره‌یه‌تى ڕێكخراوى یه‌كگرتووى خوشكان چى پێ به‌خشیووى و چیت پێبه‌خشى؟
بێخاڵ ئه‌بوبه‌كر: ئه‌وكاته‌ی هه‌ڵبژێردرام هیچ به‌نیازى ئه‌وه نه‌بووم و خۆم بۆ ئاماده نه‌كردبوو، به‌شێوه‌ى خۆپاڵاوتنیش نه‌بوو، به‌ڵكو كۆنگره چه‌ند كه‌سێكیان هه‌ڵئه‌بژارد، كێ زۆرینه‌ى ده‌نگه‌كانى بهێنایه ئه‌وه پۆستی سكرتێره‌یی ده‌خرایه ئه‌ستۆ، منیش به‌و شێوه‌یه بوو كه خوشكانیش ڕوویان لێنام‌و به خوشكه گه‌وره قبوڵیان كردم، شانمدایه ژێربارى ئیشه‌كه.
له خزمه‌ت خوشكاندا بوون زیاتر دڵفراوانى و خه‌مخۆری و خۆشی كارى هه‌ره‌وه‌زی و زۆر شتی تر‌ى پێ به‌خشیم. فێریكردم زیاتر له‌خه‌مى خوشكه‌كانمدا بم كه‌پێكه‌وه ئیشمان ده‌كرد، هه‌روه‌ها ئاسۆیه‌كى فراوانتری لا واڵاكردم كه‌ته‌نها له‌سه‌ر ئاستی كوردستان بیرنه‌كه‌مه‌وه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ى نوێنه‌رایه‌تى ڕێكخراوه‌كه له‌كۆبوونه‌وه‌و سیمناره‌كان له‌ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه هه‌مووى كۆمه‌ڵێك فه‌زڵه، ڕه‌نگه منیش شتم پێ به‌خشى بێت، به‌ڵام خوشكانى هاوكارم ئه‌وانه‌ى له‌ده‌ورم بوون زۆرشتیان به‌من به‌خشى هه‌میشه هاوكارى یه‌ك بووین ڕێز‌و خۆشه‌ویستى كه له‌نێوانماندا هه‌بووه‌و هه‌یه، كاره‌كانى ئێمه‌ش هه‌مووى كارى خۆبه‌خشیه، كارێكه كه ئاره‌زوومه‌ندانه كۆمه‌ڵێ خوشك كۆبوونه‌ته‌وه‌و له‌خزمه‌ت ئافره‌تان‌و به‌تایبه‌تى ئیشه ڕێكخراوه‌ییه‌كان به‌رفراوانه له‌ڕێگه‌ى هه‌شت به‌ش‌و هه‌ڤده لقه‌وه، كارێكى ئاسان نیه سه‌رپه‌رشتى ئه‌و هه‌موو پانتاییه بكه‌ى له ئیش‌و كار‌و متابه‌عه‌ى ئه‌ندامان له‌هه‌موو ئه‌وشوێنانه ئه‌ركێكى گران بوو، به‌ڵام سوپاس بۆخوا، به‌پشتیوانى خوا‌و خۆشه‌ویستى نێوانمان توانیمان خزمه‌ت به‌ڕێكخراوه‌كه بكه‌ین تاڕاده‌یه‌ك، بێگومان ناڵێم له ئیشه‌كانى خۆم ڕازیم، ئه‌وه‌نده‌ى كه توانیبێتم له‌خزمه‌تیابووم نه‌ك به‌وشێوه‌ى كه پێویست بووبێ، بێگومان هیچ كارێكیش بێ كه‌م‌و كورتى نیه.
ئاینده‌سازى: به‌ڕێزت ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستانیت، تاچه‌ن توانیووته په‌یامه‌كانت بگه‌یه‌نێ؟
بێخاڵ ئه‌بوبه‌كر: بێگومان ئێمه كارى حیزبیمان له‌پاڵ كارى ڕێكخراوه‌یدا هه‌بووه، كه سكرتێر بووم ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تیش بووم، له‌ڕێى كۆڕ‌و كۆبوونه‌وه‌كانه‌وه شانبه‌شانى برایان، خوشكانى سه‌ركردایه‌تیش به‌شدارن له‌گه‌یاندنى ڕا‌وبۆچوونى خۆیان له‌گفتوگۆكان و له‌دروستكردنى بڕیارداو له هه‌موو دانیشتنه‌كاندا به‌شدارن، بێگومان كه بوون و ئاماده‌یی هه‌بێ، له‌وێدا ده‌نگ‌و په‌یامیش ده‌بێت و ده‌گه‌یه‌نرێت، هه‌ركارو پۆستێكیشمان لابێت، به‌شه تایبه‌ته‌كه‌ى خۆمان له‌بیرناكه‌ین، چونكه ئێمه بچینه هه‌رشوێنێك هه‌ر خوشكین، هه‌ر ئافره‌تین ئه‌وه‌مان له‌بیره كه‌خوشكانه بیربكه‌ینه‌وه.
ئاینده‌سازى: وه‌ك ئافره‌تێك توانیووته كار بۆ مافه‌كانى ئافره‌ت بكه‌یت؟
بێخاڵ ئه‌بوبه‌كر: به‌پێى تواناى خۆمان هه‌وڵمانداوه چ وه‌ك پۆسته‌كانم له ڕێكخراوه‌ى خوشكاندا، له‌سه‌رجه‌م ئه‌و ناوه‌ندو كاره هاوبه‌شانه‌ى كه نوێنه‌رى خوشكانی تیا به‌شداربووبێت، ڕا‌وبۆچوونى ئێمه‌شى پێ بووه، هه‌روه‌ها له كۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌ى ژنانی په‌رله‌مان یان له‌هه‌ر شوێنێك بانگكرابین، په‌یامى خۆمان گه‌یاندووه. له‌و كۆڕ‌و سیمینارانه‌ى له ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم به‌شداریمان كردووه، توانیومانه په‌یامى خۆمان بگه‌یه‌نین ئه‌وه‌نده‌ى خرابێته بوارى جێبه‌جێ كردنه‌وه. دواى ئه‌وه‌ش ئێمه پڕۆژه‌مان زۆر پێشنیار كردووه بۆ داكۆكیكردن له مافه‌كانى ژنان چ به‌ڕاسته‌وخۆیى وه‌كو ڕێكخراوى خۆمان یا له‌ڕێى فراكسیۆنى یه‌كگرتووه‌وه بیرۆكه‌ى زۆر پڕۆژه یاسامان پێشكه‌ش كردووه.
+ئاینده‌سازى: هاوسه‌رت تاچه‌ند هاوكار‌و یارمه‌تیده‌رت بووه له‌و كارانه‌ت؟
- بێخاڵ ئه‌بوبه‌كر: بێگومان هه‌ل‌ومه‌رجى كۆمه‌ڵایه‌تى كاریگه‌رى زۆرى له‌سه‌ر كاره‌كانی ده‌ره‌وه هه‌یه، وه‌كو خۆم لێره‌وه زۆر ڕێز‌و سوپاسم بۆ هاوسه‌رى ئازیز‌و به‌رێزم هه‌یه، به‌ڕاستى زۆر هاوكار‌و پشتیوانى منه، زۆر باش له‌ڕۆڵى مرۆییانه‌ى ئافره‌ت تێگه‌یشتووه، هه‌رله‌سه‌ره‌تاى ژیانى هاوسه‌ریمانه‌وه هه‌تا ئێستاش پشتیوانێكى گه‌وره بووه بۆم.
+ئاینده‌سازى: به‌ڕێزت مامۆستاى زمانى ئینگلیزیت، به عه‌ره‌بیه‌كى پارا‌و قسه ئه‌كه‌یت چۆن فێرى بوویت؟ حه‌زت بۆ فێربوونى چۆن بوو؟
-بێخاڵ ئه‌بوبه‌كر: وه‌ك ئاماژه‌م پێدا، له‌مناڵیه‌وه باوكم زۆر گرنگى پێ ئه‌داین، له‌ڕێی خوێندنه‌وه‌وه، ئاشنای كردین به زمانى عه‌ره‌بی. فێرى كردبووین چۆن فه‌رهه‌نگى عه‌ره‌بى به‌كاربهێنین ته‌نانه‌ت هانى ئه‌داین هاوواتا بزانین، خۆى زمانه‌كانی عه‌ره‌بى‌و ئینگلیزى‌و فارسی به‌پاراوى ده‌زانێت. خۆشه‌ویستیمان بۆ زمانى عه‌ره‌بى ئه‌وه‌ش بوو كه زمانى قورئانى پیرۆزه و زانینی زمانی عه‌ره‌بی و زانستی ته‌جوید كاریگه‌رى له‌سه‌ر تێگه‌یشتنی ئایه‌ته پیرۆزه‌كانی هه‌یه. ئه‌توانم بڵێم ئه‌وانه هه‌مووى هۆكار بوون.
+ئاینده‌سازى: به‌شدارى كۆنگره‌ى جیهانى‌و نێوده‌وڵه‌تیت كردووه بۆچى بوون؟ له‌كوێ بوون؟
-بێخاڵ ئه‌بوبه‌كر: به‌شدارى چه‌ندین كۆنفرانس‌و كۆنگره‌م كردووه له ده‌ره‌وه، له‌وانه ساڵى 2005 له ئوردن كۆنگره‌ى ژنانى سه‌ركرده‌ى عێراق 150 ئافره‌ت بووین له عێراقه‌وه به‌شداریمان كرد، سێ خوشك بووین له‌وێ، له ته‌وه‌ره‌و باسه‌كاندا به‌شداریمان كرد. وه‌ك ئاماده‌بوون له میصر‌و جه‌زائیر‌و توركیا به‌شدارى كۆنگره‌كانى مونته‌داى ئیسلامى بۆ ئافره‌ت‌و مناڵ به‌شداریمان كردووه و توانیومانه ده‌نگی مه‌زڵومیه‌تى میلله‌تى كورد، بگه‌یه‌نین. وه‌ك توێژینه‌وه له دوو كۆنگره به‌شداریم كردووه یه‌كێكیان ساڵى 2003 بوو له سه‌ر‌و به‌ندى ئه‌وه‌یا بووكه ئه‌مریكا له عێراق بدات، نه‌متوانى بچم به‌ڵام باسه‌كه‌م نارد، به‌یه‌كێك له ئه‌وراقه سه‌ركه‌وتووه‌كان ئه‌ژمار كرا، له كۆنگره‌ى قاهیره كه به‌بۆنه‌ى 100 ساڵ تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر وه‌فاتى (عبدالحلیم ابو شوقه)، سازكرابوو به ناونیشانی (سه‌رهه‌ڵدانى بزوتنه‌وه‌ى ژنان له ڕۆژهه‌ڵاتدا)، دواى ئه‌ویش به باسێك سه‌باره‌ت به (ئافره‌ت و كارى سیاسیی) كه له كۆنگره‌ى (هه‌ل‌ومه‌رجى ئافره‌تان له كۆمه‌ڵگه‌كانى ئه‌مڕۆدا) ساڵى 2007 له مالیزیا سازكرا، به‌شداریمان كرد. توانیمان ئێمه شانبه‌شانى میلله‌تانى تر‌و مامۆستایان‌و ئه‌كادیمان ته‌وه‌ره‌یه‌كمان هه‌بێت و گفتوگۆشى له باره‌وه بكه‌ین.
Endless games, endless fun—start your adventure now! Hawkplay