سەعید عبدالرحیم
ماوەیەکە ئەم بابەتانە زۆر ئەبینم کە نامۆن بە ئاین و کلتوری نەتەوەکەمان، لەوانە:
٭ نزیکەکان زیاتر ئازارمان ئەدەن تا دوورەکان.
٭ ئەوەی بە تەمای خاڵ و مام بێت، بێ شیو سەرئەنێتەوە.
٭ بە خۆڕایی هیچ شتێك مەبەخشن.
٭ ئەگەر کەسێك ویستی لە ژیانت بچێتە دەرەوە، گشت دەرگاکانی بۆ واڵاکە.
٭ پشت بەهیچ کەسێك مەبەستە، تەنانەت سێبەرەکەشت لە تاریکیدا بەجێت دێڵێت.
٭ خۆت ئامادەکە بۆ هێرشی ئەو کەسانەی کە زۆرترین چاکەت لەگەڵدا کردوون.
٭ زۆربەی خەڵكی کە ڕێزیان لێدەگریت دواتر بە چاوی سوكەوە لێت دەڕوانن.
٭ وەفا نەماوەو پیاوەتی باریکردووە.
٭ دەستی کوێر مەگرەو دەست بە کڵاوەکەی خۆتەوە بگرە.
٭ متمانە بە هیچ کەسێك مەکە.
٭ تەنهایی ژەهریش بێ لە هەنگوینی تێکەڵبوون شیرینترە ……. ئیتر لەم بابەتانە.
ــــــــــــــــــ
ئەم جۆرە قسانە، زادەی ژینگەی نەخۆش و کەسانی بیمارن، دروست نییە و بگرە تاوانە کۆپییان بکەین و ڕەواجیان پێ بدەین، یان بازاڕیان بۆ خۆشبکەین و فەیسبوك و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان پێ پڕبکەین.
نازانم ئەم برادەرانە بەنیازن بەرەو کوێمان بەرن، یان ئەیانەوێ چیمان لێبکەن، بۆچی پەڕو باڵمان ئەکەن، ئەیانەوێ بمانکەن بە تەیرە مەعقولەکەی مەلای مەشهور!.
ئەزیزم ئەگەر بە تەنیاییمان ئەسپێرن، مەگەر نازانن ئینگلیزەکان چۆن لە تاو بەرزبوونەی ڕێژەی خەمۆکی و هەستکردن بە تەنیایی هاواریان لێ هەستاوە، کە لە نوێترین لێکۆڵینەوەدا لە سەدا شەستی دانیشتوانی تێپەڕاندووەو هەر ئەوەش هۆکاری سەرەکی زیادبوونی ڕێژەی خۆکوشتنە.
عەزیزم، بە نیازی چین، ئەتانەوێ گیانی شەهامەت و پیاوەتیمان تێدا بکوژن، مەگەر بێئاگان لەوەی کە چینییەکان زەنگی ترسناکی نمرە جیمیان لێداوەو وەزارەتی پەروەردەو چەند دەزگایەکی تریان ڕاسپاردووە بۆ کارکردن لەسەر گێڕانەوەی گیانی پیاوەتی بۆ کۆمەڵگەی چینی!.
یان بێئاگان لەوەی کە هۆکاری مانەوەی کۆمەڵگەی کوردستانی وێڕای گشت قەیران و نەهامەتییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕەوشت و بەها جوان و مرۆڤدۆستانەی کە باڵانسی باری کەسی و کۆمەڵایەتی گەلەکەمانی ڕاگرتووە!.
ئەزیزم، ئێستا یابانییەکان کار لەسەر دروستکردنی خێزان دەکەن و هانی لاوان دەدەن بۆ پرۆسەی هاوسەرگیری، گیانی دایکایەتی لە کچان و ژناندا گەشدکەنەوە، تۆش بەنیازیت تاجی ڕەبەندی لەسەر کوڕو کچەکانمان بکەیت.
ئەزیزان، خوێندن بەم ئاوازە نەنگ و شازە تا بڵێی بە سروشتی مرۆڤی تەندروست نەسازە، ساز نییە لەگەڵ فیترەتی مرۆڤ کە خوا بە کەسێکی کۆمەڵایەتی خوڵقاندوێتی، کەسێك کە ئەرکی سەرشانی هێندە گەورە و سەنگینە، دەخوازێت نەك هەر لەگەڵ خوشك و برا مرۆڤەکانی بەڵکو لەگەڵ تەوای گەردوون و گشت دروستکراوەکانی تر تەباو پشتیوان و هەماهەنگ بێت.
کەسی من، ئێمە گەلێکی موسڵمانین و ئاینەکەمان هانماندەدات بۆ چاکەی بێ بەرامبەر، بۆ سیلەی ڕەحم و بەستنەوەی پردە پچڕاوەکان، بۆ چاکە و پیاوەتی و مەردایەتی، هانماندەدات بۆ هاوکاری و بەدەمەوچونی دیگەران، چاکەکردنی لەگەڵ مەردم بە چاکەکردن لەگەڵ خودا گوزارشت لێکردووە، بەخشینی بە قەرزێك وێناکردووە کە بە خوا درابێت و خوایش بە چەند بەرامبەر ئەیداتەوە.
وەسیەتی پێشینانمان بۆ ئێمە ئەوەیە کە چاکە بکەین و بیدەین بە ئاوا، یان فەرموویانە، لەبری ئەوەی گلەیی لەتاریکی بکەن هەستن مۆمێكی بۆ داگیرسێنن، یان وتویانە، گلەیی دەکەین لە زەمانە و عەیب لە خودی خۆمانە.
بۆیە بەهیوام بە دڵ و چاوی پڕ لە گەشبینییەوە سەیری دنیا بکەین و هەرکەسەو لای خۆمانەوە بنیاتنەر بین نەك ڕوخێنەر، لەوانە نەبین کە پێغەمبەری ئازیز لەبارەیانەوە فەرموویەتی هەر کەسێك بڵێت خەڵکی تییاچوون، ئەوە خۆی هۆکاری تیاچونیانە، یان خۆی تیاچووە!.