ئایا مەترسیدارە بۆ مرۆڤ
د. نسرین محی الدین عبدالرحمن، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بواری سامانی ماسی، زانکۆیسلێمانی/ کۆلیجی زانستە کشتوکالییەکان/ بەشی زانستی ئاژەل
ماسی یەكێكە لەو خۆراكانە كە لە جیهانی زانستدا لە ریزی خۆراكی تەندروستی دادەنرێت، بەڵام ماسی وەك هەر ئاژەڵێكی تر توشی نەخۆشی دەبێت، بەڵام بەهۆی فسیۆلۆژی و تایبەتمەندی ژیانی ماسی كە زۆر جیاوازە لە ئاژەڵەكانی تردا ئەویش بوون و ژیانی لە ناو ئاودا، ئەمەش ئەبێتە هۆی تایبەتمەندی زیاتر بۆ ماسی. ئەمانەش دەبنە هۆكار بۆ جیاوازی سروشتی هۆكارەكانی دروستبوونی نەخۆشی وەك بەكتریا و كەڕوو و ڤایرۆس و مشەخۆرەكان بە گشت جۆرەكانی. گواستنەوەی نەخۆشی بە هەر هۆكارێك بێت لە ماسییەوە بۆ مرۆڤ سنووردراوە واتە ئەگەر ماسییەكە بە خاوی ( بە باشی نەبرژێت یان سوور نەبێتەوە یان نەكوڵێندرێت)ئەگەری هەیە كە نەخۆشییەكەی بگوازرێتەوە بۆ مرڤ لە حاڵەتێكدا كە توانای بەرگری مرۆڤكە بۆ نەخۆشی لاواز بێت، ئەگەر هات و مرۆڤەكە تەندروستی و بەرگری لەشی بەهێز بوو ئەوە دوور دەبن لە مەترسی تووشبوونی بە نەخۆشی كە لە ماسیدا هەبێت.
یەكێك لە كێشەكانی تەندروستی ماسی بوونی چەندەها جۆری كرم لە ناو لەشی ماسیدا یان هەندێ حاڵەت ئەگەری بوونی كیسەی كرمەكان لە ناو گۆشتی ماسیدا. ئەگەر ماسییەكە بە شێوازێكی تەندروست وباش ببرژێت یان سووربكرێتەوە بە پلەیەكی گەرمی نزم تا گەرماكە بگاتە گشت پارچەكانی گۆشتی ماسییەكە ئەوە ئەو كیسانەی هەندی جۆری كرم لە ناو دەبرێت وە هیچ زەرەر و زیانێكی نابێت بۆ مرۆڤ. هەندێ جۆری كرم وەك كرمە شریتییەكان لەناو سكی ماسێكەدا ئەمێنێتەوە لە ناو بۆشایی ناوسكی ماسی لە نێوان پارچەكانی ریخۆڵەی ماسی ، ئەم بەشانە هەر لە كاتی پاكردنی ماسیدا لادەبرێت و دوورئەخرێتەوە بۆیە بەهیچ شێوەیەك نابێتە هۆكار بۆ گواستنەوەی ئەك جۆرە كرمانە بۆ مرۆڤ، وە بە هیچ شێوەیەك ناچێتە ناو گۆشتی ماسی بۆیە مەترسیدار نییە بۆ مرۆڤ.