الأحد , نوفمبر 30 2025

تەنگەژەی هەواڵەکراو (هیستریا)

ئا: ژیان حەمە مستەفا، توێژەری دەرونی و راهێنەری متمانە پێکراوی سە نتەری جیهانی کەنەدی

وشەی هیستریا لە (hysteria) یۆنانیەوە وەرگیراوە، كە بەمانای منداڵدانی ئافرەت دێت، چونکە لە کۆندا لە سەردەمی ناوەڕاست تاوەکو کۆتایی سەدەی ١٨ و سەرەتای سەدەی ١٩ لەو بڕوایەدابوون ئەم نەخۆشیە تەنها ئافرەتان توشیدەبن و بە هاوسەرگیری کردن چارەسەر دەبێت، بەڵام ئەمە بۆچونێکی هەڵەبوو.
هیستریا چییە: بوونی کێشمە کێشمێکی دەروونیە یان فشارێکی دەروونیە کە هەواڵە دەکرێت یان دەگوازرێتەوە بۆ لەدەستدانی توانای جەستەیی و ئاماژەبەخش دەبێت بە نەخۆشی دەماری.
ئەم نەخۆشیە بە ڕێژەی ١٠٪ ی سەرجەم نەخۆشیە ژیری و دەرونییەکانی دیکەیە.
نیشانەکانی:
١-نیشانە جەستەییەکان: ئەمانە خۆیان لە کۆمەڵێک گۆڕانکاری هەستی و جووڵەییدا دەبیننەوە، لەوانە:
-هەستەوەرەکان: وەک: سڕبوونی هەستە دەمارەکان، نابینایی، نابیستی، لەدەستدانی هەستی بۆنکردن و تام و چێژ، بەبێ ئەوەی هۆکارێکی مادی و فە سلەجی هەبێت.
-کۆئەندامی جووڵە: لە شێوەی ئیفلیجی و پەککەوتنی جووڵەی هەندێک لە ئەندامەکان دەردەکەوێت. لەوانە: پەنجە، دەست، چاو، دەنگە ژێیەکان، قوتنەدانی خواردن، جووڵەی نا ئاسایی لەکاتی ڕۆشتن و وەستان یاخود یاریکردن بەبێ هیچ هۆکارێکی مادی و فەسلەجی.
٢-نیشانەکانی ناولەش: دڵتێکچوون، ترپەترپی دڵ، کۆکە، شۆری (ڕەوان)، قەبزی، سکئێشە.
٣-نیشانە ژیری و دەرونیەکان: تێکچوونی یادکردنەوە، بیرچوونەوەی کاتی یان بەردەوام گێژی، لێکترازانی هۆش، فرە کەسایەتی یان جووتە کەسایەتی، خەوڕۆ، بورانەوە و لە هۆش خۆچوون، گەڕانەوە بۆ قۆنا‌غەکانی پێشووتر.
هۆکاری توشبوونی نەخۆشی
١-تیۆری فرۆید: لەو باوەڕەدایە کە هیستریا هێماو ڕەنگدانەوەی ململانێی دەروونیە، باشترین چارەسەریش ڕزگاربوونە لەو ململانێی دەروونییە.
٢-تیۆری ایحا‌‌و: هەندێک کەس کەسایەتییان لاوازە و خۆش باوەڕن و ساویلکەن، بە ئاسانی قسەوقسەڵۆک کاریان تێدەکات هەر دەبێت بە (ایحا‌‌و)یش چارەسەر بکرێن.
٣- تیۆری ئیرادەی نەخۆشی: بەپێی ئەمە ئەو کەسانەی کەسایەتی نائاساییان هەیە و لەتوانا و لێهاتووی و شێوەی ژیانی ئاسایی تایبەتی خۆیان ڕازی نین، بۆچوون و ‌حەزەکانیان لە لێهاتوویەکانیان زیاترە، هەرچەند ئەو تواناو لێهاتوویەی نیە، بەڵام ئەو ئیرادە نەخۆش بەرەو جیهانێکی خەیاڵاوی دەبات کە دوورە لە ڕاستی.
بەگشتی ئەوکەسانەی توشی هیستریا دەبن خاوەنی سیفاتەکانی (خۆپەرستی، نێرگزیەت، حەزکردن بە خۆدەرخستن، خۆشباوەڕی، پشتبەستن بە کەسانی دیکە بە مەبەستی خۆڕزگارکردن لەو بارودۆخە ترسناکەی کە تێیکەوتووە، وەک ئافرەتی بەزۆرشودراوی خاوەن گرفت).
بەگشتی هۆکارەکانی دەروونیەو بەهۆی فشاری دەروونیەوە ڕوودەدات.
ڕێژەی نەخۆشیەکە
١-زیاتر لە مێینەدا ڕوودەدات، بەڵام لە نێرینەشدا دەبینێت.
٢-هەموو تەمەنەکان ئەگەری تووشبونیان هەیە بەتایبەتی تەمەنی هەرزەکاری.
٣-زیاتر لە چینە هەژارەکاندا هەیە.
چارەسەر
١-دەستکەوتی سەرەتایی: فشارە ناوخۆیەکە دوردەخرێتەوە لە هەست.
٢-دەستکەوتی دووەمی(لاوەکی): ئەو پاڵپشتە کۆمەڵایەتییەی دەستی دەکەوێت بەهۆی نەخۆشییەکەوە.
دوای ئەمانە:
١-چارەسەری دەروونی: هەرنەخۆشیەکی دیکەی هەبوو بۆی چارەسەر دەکرێت کە بەهۆی ئەمەوە توشیبووە وەک (خەمۆکی-دڵەڕاوکێ)، ئەگەر گرفتی کۆمەڵایەتی هەبوو بۆ ئەمە ڕۆڵی توێژەری کۆمەڵایەتی زۆر گرنگە لەسەر هەڵنەدانەوەی نەخۆشیەکە.
٢-زۆر گرنگە سروشتی نەخۆشییەکە بۆ کەسوکاری نەخۆشەکە ڕوونبکرێتەوە بە شێوازی زانستی.
٣-هاندان و پاڵپشتی نەخۆش لەڕێی ایحا‌‌و زۆرگرنگە لە چارەسەرکردنی پرۆسەکەدا.
٤-دەشێت ئەگەری نەخۆشی لە مێشکدا هەبێت، زۆر گرنگە پشکنینی پێویستی بۆ بکرێت بۆ دڵنیابوون لەوەی جەستەی نییە.
٥-بەکارهێنانی دەرمانی هێمنکەرەوە و خەمڕەوێن لەژێر چاودێری پزیشکی دەروونیدا.
٦-نابێت بهێڵدرێت کە سوودی بەردەوام لەو نەخۆشیە وەربگیرێت، چونکە زۆر بە زەحمەت چاکدەبێتەوە
ئایندەی نەخۆش
ئایندەی باش لەم کەسانەدا بەدیدەکرێت كە:
١-پێشتر باری کۆمەڵایەتی و پیشەیی جێگیربوبێت.
٢-نەخۆشیەکە لە ماوەیەکی کورتدا ڕووبدات.
٣-هۆکارێکی (فشارێکی دیار) هەبێت بۆ ڕوودانی حاڵەتەکە.
٤-کە سوکاری نەخۆش پەیڕەوی ڕێنمایەکانی پزیشک بکەن.
تێبینی/هەندێک پزیشک و کارمەند مامەڵەی نەشیاو لەگەڵ ئەم حەڵەتەدا دەکەن و ئازاریان دەدەن و دەرمانی نەشیاویان دەدەنێ.
سەرچاوەی سوودلێوەرگیراو:
-د.کەریم قەرەچەتانی: نەخۆشی و گرفتە دەروونی و کۆمەڵایەتیەکان.
-د.ئەفرام محمد: دەروازەیەک بۆ نەخۆشیە دەروونی و هۆشمەندیەکان.

شاهد أيضاً

مانگی ئۆکتۆبەری پەمەیی.. مانگی هۆشیاری شێرپەنجەی مەمک

د.گوڵاڵە طاهرڕێکخراوی تەندروستی جیهانی مانگی دە (ئۆکتوبەر) ی، هەموو ساڵێکی دەست نیشان کردووە بۆ بڵاوکردنەوەی …