الإثنين , يناير 26 2026

ڕۆڵی كاری خۆبەخشی لە گەشەپێدانی كەسایەتییدا

شیرین سالح
كاری خۆبەخشی مێژووییەكی دێرینی هەیە‌و لەسەرەتای بوونی مرۆڤەوە هەبووە، بەڵام زیاتر بەكاری خێری دەناسرا‌و مەبەست لێی یارمەتیدانی ماددی كەسانی تربوو، لەڕۆژگاری ئەمڕۆماندا گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، كاری خۆبەخشی بووەتە یەكێك لەو كارانەی پێگەیەكی دیاری هەیەو لەلایەن كۆمەڵگەوە پشتیوانی لێدەكرێت، تەنیا لایەنی ماددیش ناگرێتەوە، بەڵكو كۆی بوارەكانی تری ژیان دەگرێتەوە، بە نموونە بەخشینی كات بەكەسانێك كە پێویستیان بە كەسێكە گوێیان لێبگرێت تا بتوانن كێشەو گرفتەكانیانی بۆ باس بكەن، یاخود بەخشینی ئەزموون‌و لێهاتوویی بۆ كەسانی تر تا سوود لەو ئەزموونانە وەربگرن، تەنانەت دەكرێت بەخشینی زەردەخەنەیەك یان ووتەیەكی جوان بەرامبەر كەسانی تر بەكاری خۆبەخشی لێكبدرێتەوە، ئەگەرچی ڕەنگە لای زۆرێك لە خەڵكی ئەم كارە بە كارێكی سادەو شتێكی ئاسایی دابنرێت، بەڵام بۆ ئەو كەسانەی پێویستییانە كاریگەرییەكی گەورە لەسەر دەروون‌و ژیانیان جێدەهێڵێت، پێغەمبەریش (د.خ) دەفەرموێت (تبسمك في وجه أخیك الصدقة) كەواتە لە ئایینی ئیسلامیشدا تەنیا زەردەخەنەیەك بەڕووی كەسانی تردا بەكارێكی خێر دادەنرێت، (كاری خێر لەئیسلامدا هەمان مەغزاو مەبەستی كاری خۆبەخشی هەیە).
لەبەرئەوە لە ئێستادا كاری خۆبەخشی بە یەكێك لە گرنگترین دیاردە نوێكانی كۆمەڵگە دادەنرێت‌و جێگەیەكی دیاری لە هزری كۆمەڵایەتیدا هەیە،ٍ ئاماژەیەكی گرنگە بۆ زیندوویەتی مرۆڤەكان‌و باشی بیركردنەوەیان، بۆیە دەتوانین تێبینی ئەوە بكەین بەشێوەیەكی گشتی لە جیهاندا كاری خۆبەخشی بەرەو فراوان بوون دەچێت، كۆمەڵگە و حكومەت ‌و ڕێكخراوەكان گرنگی زیاتری پێدەدەن.
دەتوانین كاری خۆبەخشی بە كۆڵەكەیەكی گرنگی بونیادی كۆمەڵگە دابنێین، كە بەهایەكی مرۆیی گەورەی هەیە، بە ڕەفتارێكی شارستانی دادەنرێت‌و ئامانج لێی پڕكردنەوەی پێداویستی تاكەكان‌و بڵاوكردنەوەی گیانی هاوكاری‌و كارلێكی كۆمەلایەتیی و هاوسۆزبوونە لەنێوان تاكەكانی كۆمەڵگەو كۆمەڵ‌و دامەزراوەكاندا، بەم مانایە كاری خۆبەخشی بە چالاكییەكی كۆمەڵایەتی دادەنرێت كە تاك یان كۆمەڵَێك تاك بەخواستی خۆیان‌و بەبێ‌ ئەوەی ناچاركرابن، بە شێوەیەكی تاكی یان كۆمەڵی لەڕێگەی ڕێكخراوەكان یان دامەزراوە ئەهلییەكانەوە بەبێ‌ چاوەڕوانبوونی دەستكەوتێكی ماددی‌و بەئامانجی پڕكردنەوەی پێویستییەكانی ئەوانی تر ئەنجامی دەدەن.
لێرەوە بۆمان دەردەكەوێت كاری خۆبەخشی لە چەندین بواردا گرنگی هەیە، لەبواری ماددیدا هۆكارێكە بۆ بەشداریكردنی زیاتری تاكەكان لەدابین كردنی بڕی پێویستی تێچووی كارێك، كە سودی گشتی تێدابێت، لەهەمان كاتدا ڕۆڵێكی دیارو بەرچاوی هەیە لە چاندنی گیانی بەخشین ‌و پابەندبوون(إنتما) لە دەروونی تاكە خۆبەخشەكاندا بۆ كارەكانیان ‌و بەرزكردنەوەی ئاستی هەستكردن بە بەرپرسیارێتیان‌و بەكارهێنانی كۆی توانا‌و لێهاتووییەكانیان بۆ گەیشتن بە ئەنجامی كارەكان، هەروەها لەبواری ئەزمونیدا هاوكارێكی باشی گەنجانە بۆ گەشەپێدانی توانا‌و لێهاتووییەكانیان‌و وەرگرتنی ئەزموونی سەركەوتوو لەبوارە جیاوازەكانی كاركردندا، لەلایەكی ترەوە ڕویەكی ئایینیشی هەیە، كە هۆكارە بۆ تێگەیشتنێكی قووڵ لە مانا‌و كاری خێری، كە لەزۆربەی دینەكاندا ئاماژەی پێكراوە‌و هۆكارێكی كاریگەرە لە بەهێزبوونی پەیوەندی نێوان تاكەكاندا.
لێرەوە دەگەینە ئەوەی كە ئەنجامدانی كاری خۆبەخشی چەندین كاریگەری هەیە لەسەر ژیانی تاكەكەسەكان‌و كۆمەڵگەش، بە نموونە جیا لەوەی تاك ئەجرو پاداشتێكی دواڕۆژی بەدەست دەهێنت لەلایەن پەروەردگارەوە‌و هۆكارە بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی پەروەردگار (كە لە دواڕۆژدا لەسەر ئەو كارانەی پاداشت وەردەگرێت)، هەروەها هەست بەئاسودەیی‌و ڕازبوونی دەروونی دەكات بەهۆی ئەو یارمەتی‌و هاوكارییەی پێشكەشی كەسانی تری كردەوەو بۆتە هۆكارێك بۆ كەمكردنەوەی ئازارو كێشەكانیان، لەگەڵ ئەوەشدا تاك هەست بە گرنگی پەیوەندیە كۆمەڵایەتییەكان دەكات لە كۆمەڵگەداو هۆكارە بۆ دروست بوونی تۆڕێكی پەیوەندی كۆمەڵایەتی نوێ‌، لە هەمان كاتدا تاكەكەس دەگاتە ئەو بڕوایەی ئەوەی پێشكەشی دەكات خزمەتێكی نەتەوەیی‌و مرۆییە بۆ تاكەكەسەكانی كۆمەڵگەكەی، جیا لەمانەش كاریگەرییەكی باشی هەیە لە پڕكردنەوەی كاتی بێكاری تاكەكەسەكان لەشتی گرنگ‌و سوود بەخشدا‌و هۆكارێكی باشە بۆ زیاتر هەست كردنی تاك بە خودی خۆی‌و گرنگی بوونی لە كۆمەڵگەدا، هەر لەڕێگەی كاری خۆبەخشییەوە تاك دەتوانێت چەندین لێهاتوویی‌و ئەزموونی نوێ‌ وەربگرێت، لەهەمان كاتدا تاك دەتوانێت بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر ئەندامانی خێزان‌و هاوڕێیانی تا ئەوانیش بەشداربن لەو كارە خۆبەخشیانەدا.
بەم مانایە ئەنجامدانی كاری خۆبەخشی كاریگەرییەكی دیارو بەرچاوی هەیە لە گەشەپێدانی كەسێتی تاكەكاندا، چونكە گشت ئەو لایەنانەی كە هۆكارن بۆ بوون‌و گەشەكردنی كەسێتی تاك، وەك: (ئارامی دەروونی‌و بەهێزبوونی متمانە بەخود،‌و هەست كردنی تاكەكەس بە گرنگی بوونی لەكۆمەڵگەداو فراوانبوونی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی بەشێوەیەكی باش ‌و بوونی ئەزموون‌و لێهاتوویی نوێ و گەشەسەندوو) لەكاری خۆبەخشیدا بەدی دەكرێت.

شاهد أيضاً

ئەم یەکگرتوویی یە بەکەم مەبینن

شادان تالبمیژوی خەباتی کوردان هەزاران ساڵە هەیە و بەردەوامە، هیچ کات ناڵێین بێ ئەنجام بووە، …