سێشەممە , حوزه‌یران 16 2026

بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دیجیتاڵی دژی ژنانی ڕۆژنامەنوس

و.گۆنا تۆفیق
توندوتیژیی دیجیتاڵی دژی ژنانی ڕۆژنامەنوس وەک یەکێک لە مەترسیدارترین ئەو تەحەدییانە دەردەکەوێت کەنەک هەر تەنها هەڕەشە لە سەلامەتیی ژنان ناکات، بەڵکو هەڕەشەیە بۆ سەر جەوهەری ئازادیی میدیاش. لەگەڵ فراوانبوونی پانتایی دیجیتاڵیدا، ئیتر هەڕەشەکان تەنها لە مەیدانی کارکردندا نەماونەتەوە، بەڵکو گواستراونەتەوە بۆ سەر شاشە و پلاتفۆرمەکان، کە تێیدا ژنانی ڕۆژنامەنووس ڕوبەڕوی جۆرەها هێرشی ئەلیکترۆنی دەبنەوە.
مەبەست لە توندوتیژیی دیجیتاڵی دژی ژنانی ڕۆژنامەنووس چییە؟توندوتیژیی دیجیتاڵی بریتییە لە هەر ڕەفتارێک کە لە ڕێگەی ئینتەرنێت یان ئامرازە تەکنەلۆژییەکانەوە ئەنجام بدرێت و ژنانی ڕۆژنامەنووس بکاتە ئامانج بە مەبەستی ترساندن یان بێدەنگکردن، ناوزڕاندن یان لەکەدارکردنی پیشەیی، یاخود هەڕەشەی توندوتیژی، ئەم توندوتیژییانە ئەمانە دەگرێتەوە:
کەمپینە ڕێکخراوەکان، هەراسانکردنی سێکسیی ئەلیکترۆنی، بڵاوکردنەوەی زانیارییە کەسییەکان، هاککردن و بەزاندنی سنوری تایبەتی.
+ئامارە نیگەرانبەخشەکان:
ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی یونسکۆ ئاماژە بەوە دەدەن کە: نزیکەی ٣ لە هەر ٤ ژنە ڕۆژنامەنووسێک ڕووبەڕووی جۆرێک لە توندوتیژیی دیجیتاڵی بوونەتەوە.کە زۆربەیان ناچار بوون ئەکاونتەکانیان بسڕنەوە یان چالاکییە میدیاییەکانیان کەم بکەنەوە. هەروەها لێژنەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان جەخت دەکاتەوە کە توندوتیژیی دیجیتاڵی زۆرجار دەگۆڕێت بۆ هەڕەشەی ڕاستەوخۆ، هەروەها ژنە ڕۆژنامەنووسان زیاتر لە هاوکارە پیاوەکانیان ڕووبەڕووی هێرشی سێکسی دەبنەوە.
١. یاسا ناوخۆییەکان (لە هەرێمی کوردستان و عێراق)
ئەم یاسایانە بەکاردێن بۆ سزادانی ئەنجامدەرانی تاوانە دیجیتاڵییەکان:

  • یاسای ژمارە (٦)ی ساڵی ٢٠٠٨ (یاسای ڕێگری لە خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لە هەرێمی کوردستان): ئەمە باوترین یاسایە کە بەکاردێت. ماددەی (٢)ی ئەم یاسایە سزای بەندکردن و غەرامە دیاری دەکات بۆ هەر کەسێک کە هەڕەشە، تۆمەت، سووکایەتی، یان بڵاوکردنەوەی هەواڵی هەڵە لە ڕێگەی تەلەفۆن، ئینتەرنێت یان هەر ئامێرێکی تری پەیوەندی ئەنجام بدات.
  • یاسای سزادانی عێراقی (ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩): هەرچەندە یاسایەکی کۆنە، بەڵام ماددەکانی پەیوەست بە “تەشهیر” (ناوزڕاندن) و “هەڕەشە” (ماددەکانی ٤٠٢، ٤٣٠، ٤٣١) هێشتا وەک بنەمای یاسایی بەکاردێن بۆ ئەو تاوانانەی لە کایەی دیجیتاڵیدا ڕوودەدەن.
  • یاسای ڕۆژنامەگەری لە کوردستان (یاسای ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧): ئەم یاسایە پارێزبەندی دەدات بە ڕۆژنامەنووس لە کاتی کارەکەیدا، بەڵام کێشەکە لێرەدایە کە زۆرجار توندوتیژییە دیجیتاڵییەکان لە دەرەوەی چوارچێوەی “کاری پیشەیی” و وەک هێرشی شەخسی ئەنجام دەدرێن، کە پێویستی بە تێکەڵکردنی ئەم یاسایە هەیە لەگەڵ یاساکانی تری سزادان.
    سەرەڕای هەبوونی تا ڕادەیەک ئازادیی لە بواری میدیا، بەڵام نەبوونی میکانیزمێکی ڕون بۆ بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی دیجیتاڵی، دەبێتە هۆی سنووردارکردنی بەشداریی ژنان لە کایەی ڕۆژنامەگەریدا.
  • بۆچی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دیجیتاڵی گرنگە؟لەبەر ئەوەی: ئازادیی ڕادەربڕین دەپارێزێت، بەشداریی ژنان لە ژیانی گشتیدا بەهێز دەکات، پشتیوانی لە میدیایەکی هاوسەنگ و دادپەروەر دەکات، ڕێگری دەکات لە “دیاردەی بێدەنگکردنی ژنان”
    +چارەسەر و پێشنیازە کردەییەکان:
    ١-لەسەر ئاستی حکومەتەکان:
    دەرکردنی یاسایەک کە بە ڕوونی توندوتیژیی دیجیتاڵی دەستنیشان بکات و تۆمەتباریان بکات، دامەزراندنی یەکەی تایبەت بە تاوانە ئەلیکترۆنییەکان دژی ژنە ڕۆژنامەنووسان، دەستەبەرکردنی بە دادپەروەری.
    ٢. لەسەر ئاستی دامەزراوە میدیاییەکان: دابینکردنی مەشق و ڕاهێنانی تایبەتی دیجیتاڵی، دروستکردنی سیستەمی پاڵپشتی دەروونی و یاسایی، پەیڕەوکردنی سیاسەتی “سفر لێبوردەیی” بەرامبەر بە هەراسانکردن.
    ٣. لەسەر ئاستی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان:
    باشترکردنی سیاسەتەکانی ڕاپۆرتکردن (بلاغ) و وەڵامدانەوە، سڕینەوەی خێرای ئەو ناوەڕۆکانەی سوکایەتییان تێدایە.
    ٤. لەسەر ئاستی کۆمەڵگە:
    بڵاوکردنەوەی هۆشیاری دەربارەی مەترسییەکانی توندوتیژیی دیجیتاڵی، پشتیوانیکردنی ئەو ژنە ڕۆژنامەنووسانەی دەکرێنە ئامانج، لەبری لۆمەکردنیان. لەکۆتاییدا دەڵێین پاراستنی ژنانی ڕۆژنامەنوس لە توندوتیژیی دیجیتاڵی، کۆڵەکەیەکی سەرەکییە بۆ دەستەبەرکردنی میدیایەکی ئازاد و سەربەخۆ. بەبێ ژینگەیەکی ئارام بۆ ژنان لە جیهانی دیجیتاڵیدا، ئازادیی ڕۆژنامەگەری بە ناتەواوی دەمێنێتەوە و دەنگی نیوەی کۆمەڵگە هەمیشە لەژێر هەڕەشەی پەراوێزخستندا دەبێت. بنیاتنانی میدیایەکی دیموکراسیی ڕاستەقینە، لە پاراستنی ئەو کەسانەوە دەست پێدەکات کە ڕاستییەکان دەگوازنەوە، لە پێشەنگیشیاندا ژنە ڕۆژنامەنووسانن.

و.گۆنا تۆفیق

Check Also

قوربان.. جەژنی تەسلیمبوونی هاجەرە و ئیبراهیم بە ئەمری حەق

ڕۆشنا صالح بامۆكی ئەبێ چی لە ئازاری جێهێشتنی هاوسەر لە سەحراو و بێ كەس و …