د.مصطفی محمود
و. خەرمان عبدالکریم
ئێمە هەندێک جار وا دەزانین کە ڕێگای بەرەو خودا لە خۆمانەوە دەست پێدەکات، لە فرمێسکەکانمانەوە، لە شەونخونی و شەو بێداریمانەوە، لە پاڕانەوەکانمانەوە، لە هەوڵ و تێکۆشانمان لەم شەوە پیرۆزانەدا…
بەڵام ڕاستییە هەرە جوانەکە ئەوەیە…
خودایە یەکەمجار بە ڕەحمی خۆی بەسەرمانەوە دەست پێدەکات، دەرگاکەمان بۆ دەکاتەوە پێش ئەوەی لێیبدەین، و دڵەکانمان بەئاگا دەهێنێتەوە پێش ئەوەی بیر لە گەڕانەوە بکەینەوە
وا تێگەیشتبووم کە بەندە یەکەمجار خودای خۆش دەوێت…تا ئەو کاتەی ئەم ئایەتەم خوێندەوە:
﴿فَسَوْفَ يَأْتِي اللَّهُ بِقَوْمٍ يُحِبُّهُمْ وَيُحِبُّونَهُ﴾
(واتە خودا گەلێک دەهێنێت کە خۆشی دەوێن و ئەوانیش خۆشیان دەوێت).
لێرەدا تێگەیشتم کە سەرەتاکە لە تۆوە نییە، بەڵکو لەو زاتە پاکەیە، ئەوە کە یەکەمجار تۆی خۆش دەوێت، پاشان خۆشەویستیی خۆی لە دڵتدا دەچێنێت، پاشان دەرگای شەوق و تاسەت بۆ دەکاتەوە، پاشان وات لێ دەکات لە نیوەشەودا هەستیت، دەستەکانت لە دە شەوی کۆتاییدا بەرز بکەیتەوە، و بگریت کاتێک لێی دەپاڕێیتەوە، وەک ئەوەی دڵت لە نوێوە لەدایک بووبێتەوە.
وا تێگەیشتبووم کە بەندە یەکەمجار تۆبە دەکات، تا ئەم ئایەتەم خوێندەوە:(ثُمَّ تَابَ عَلَيْهِمْ لِيَتُوبُوا)
(پاشان تۆبەی لێ وەرگرتن (تۆبەی بەسەردا باراندن) بۆ ئەوەی تەوبە بکەن).
زانیم کە تەوبە خۆی لە خۆیدا دیارییەکە لە لایەن خوداوە، ئەو هەستی پەشیمانییەی لەم شەوانەدا هەتە، ئارەزووت بۆ وازهێنان لە گوناه، خەفەتخواردنت لەسەر کەموکورتیەکانت، هیوای ئەوەی بە دڵێکی پاکەوە بگەیت بە شەوی قەدر.
هەموو ئەمانە نیشانەی ئەوەن کە خودا خێری بۆ تۆ ویستووە، ڕێگەی بە دڵت داوە کە بگەڕێتەوە بۆ لای ئەو، وا تێگەیشتبووم کەبەندە یەکەمجار خودا ڕازی دەکات. تا ئەم ئایەتەم خوێندەوە:
﴿رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُمْ وَرَضُوا عَنْهُ﴾
(خودا لێیان ڕازی بوو، ئەوانیش لێی ڕازی بوون).
زانیم کە ڕەزامەندیی خودا پێش ڕەزامەندیی تۆ دەکەوێت.
تۆ تامی سوجدە، چێژی قورئان، ئارامیی دوعات بۆ نەدەدۆزرایەوە.
مەگەر تیشکێک لە ڕەزامەندیی ئەو بەسەر دڵتدا تێپەڕ بووبێت، لە غەفڵەت بەئاگای هێنابیتەوە. بۆ لای نوور و ڕووناکی گەڕاندبێتیتەوە.
لە دە شەوی کۆتاییدا بە تایبەتی… بە باشی بیر لەمە بکەرەوە:
ئەگەر هەستت بە ئارەزووی شەونخونی کرد، ئەمە فەزڵ و بەخششی ئەوە.
ئەگەر لە ناخی خۆتدا شەوقی دوعات بینی، ئەمە فەزڵ و بەخششی ئەوە.
ئەگەر دوای ماوەیەکی زۆر دابڕان قورئانت کردەوە، ئەمە فەزڵ و بەخششی ئەوە.
ئەگەر ڕقت لە گوناهێک بووەوە کە پێشتر ڕاهاتبووی لەسەری، ئەمە فەزڵ و بەخششی ئەوە.
ئەگەر بە ڕاستگۆیی هیوای شەوی قەدرت خواست، ئەمە فەزڵ و بەخششی ئەوە.
کەواتە مەڵێ:
من بووم کە دەستم پێ کرد.
بەڵکو بڵێ:
خودایە، تۆ بوویت بانگت کردم بۆ لای خۆت، بەئاگات هێنامەوە بۆ خۆت، و دەرگات بۆ کردمەوە، تکایە لەسەرم مەیبەستە.
خودا چەند میهرەبانە، خۆشی دەوێیت، پاشان وات لێ دەکات خۆشت بووێت، تۆبەت بەسەردا دەبارێنێت، پاشان وات لێ دەکات تۆبە بکەیت.
لێت ڕازی دەبێت، پاشان دڵت پڕ دەکات لە ڕازیبوون بەو، لەناو ئەم شەو و ڕۆژە پیرۆزانەدا.
تەنها سەرقاڵی ژمارەی ڕکاتەکان مەبە،
نەک هەر سەرقاڵی ژمارەی خەتمەکان،
بەڵکو سەرنج بدە لەم مانا مەزنە:
هەر ئەوەی کە لەسەر دەرگای ئەو وەستاویت لەم دە شەوەدا، نیشانەی ئەوەیە کە دەری نەکردوویت، خودایە لە دە شەوی کۆتایی ڕەمەزاندا بمانکەیتە یەکێک لەوانەی خۆشت ویستوون و ئەوانیش خۆشیان ویستوویت، تۆبەت بەسەردا باراندوون و ئەوانیش گەڕاونەتەوە بۆ لات، لێیان ڕازی بوویت و ئەوانیش بە تۆ ڕازی بوون، لێیان خۆش بوویت و دڵەکانیان بە نووری تۆ درەوشایەوە، خودایە بێبەشمان مەکە لە چێژی نزیکبوونەوە لە خۆت، نە لە فرمێسکی تۆبەکاران، نە لە نووری شەوی قەدر، نە لە فراوانیی لێبوردەیی و ڕەزامەندیی خۆت.