چوارشەممە , تەممووز 22 2026

شەوی قەدر ؛ شەوی نوێ نووسینەوەی پەیمان لەگەڵ خودا و خۆمان

هەڵاڵە محەمەد ئەڵماس
لە شەوانی قەدر زۆرجار مزگەوتەکان پڕ دەبن، دەستەکان بەرز دەبن بۆ دعا و چاوەکان فرمێسک دەڕێژن. بەڵام پرسیارێکی گەورە هەمیشە دەبێت لە ناخماندا بێت:
ئایا خودا تەنها چاوەڕێی سوجدەکانمانە؟ یان چاوەڕێی ئەوەیە کە دڵ و مامەڵەکانمان بگۆڕین؟
چەندین جار دەبینین کەسێک شەو تا بەیانی لە مزگەوت دەمێنێتەوە، بەڵام کە دەڕواتەوە ماڵەوە مامەڵەی توندە بەرامبەر بە هاوسەر و منداڵەکانی. کەسێک قورئان دەخوێنێت، بەڵام زمانی توندە بەرامبەر بە خێزانەکەی. جا ئەگەر عیبادەتەکانمان نەبنە هۆی نەرمبوونی دڵ و چاکبوونی مامەڵەکردنمان، ئەوە شەوانی قەدرمان هێشتا شۆڕشی ئەخلاقی تێدا دروست نەکردووین.
شەوی قەدر دەبێت ببێتە شەوی نوێنووسینەوەی پەیمان:
باوکان پەیمان بدەن بەخودا کە زوڵم و توندوتیژی لە ماڵدا نەهێڵن.
دایک پەیمان بدات کە میهرەبانی و ئارامی لە ماڵدا بڵاو بکاتەوە.
کوڕ و کچ پەیمان بدەن کە ڕێزی دایک و باوک بگرن.
هاوسەران پەیمان بدەن کە دادپەروەری و ڕێزگرتن ببێتە هەوێنی ژیانیان.
شەوی قەدر تەنها ئەوە نییە کە هەتا بەیانی لە مزگەوت بمێنینەوە، یان بەردەوام زیکرو قورئان بخوێنین؛ بەڵکو ئەوەیە کە دڵەکانمان بشۆینەوە بە ئاوی ئەخلاق و لەو شەوەوە ژیانێکی نوێ دەست پێبکات.
با ئەم شەوانە بکەینە قوتابخانەی ئەخلاق:
شەوی لێبوردن، شەوی دادپەروەری، شەوی ڕاگرتنی زوڵم لە نەفسی خۆمان و لە خێزانەکانمان.
ئەگەر شەوی قەدر بتوانێت دڵێک بگۆڕێت، خێزانێک دڵخۆش دەبێت، زوڵمێک لە ماڵێک نەمێنێ، ئەوە بە ڕاستی شۆڕشی ئەخلاقی ئەم شەوانەیە.
کەواتە قەدر هەل و فرسەتی تەمەنە بۆ خۆ دروستکردن و خۆ دۆزینەوەو بونیاتنان، کە سەرچاوەی هەر هەموویشی لە ناسینی خودا بەرهەم دێت کە دەبێ لە قەدردا زیاتر خوا بناسین لە عابدەوە ببین بەعالم و بەقدر و ڕوناکبوونی تەمەن جەژنی سەرکەوتن و الله اکبری قەبوڵ بوون تۆمار بکەین، بە پشتیوانی خودا.

Check Also

خەیاڵ ئاسودەیی، دەرگای چاوەڕوانیەکان دادەخات

خەرمان عبدالکریممرۆڤ هەمیشە پڕ لە چاوەڕوانی بۆ ئەو کەسانەی لە ترپەکانی دڵیەوە نزیکن نەک ئەوانەی …