سێشەممە , حوزه‌یران 16 2026

ئافرەت و زەکات

بەیان نوری توفیق

بەشی دووەم

لای هەموان ئاشكرایە كە زەكات یەكێكە لە پێنج پایەكەی ئیسلام، لە زۆربەی ئایەتەكانی قورئان كە باسی زەكات هاتووە لە پاڵ نوێژدایە، بەڵام بە داخەوە لای موسڵمانان ئەوەندە گرنگی پێ نەدراوە، لە دوای سەردەمی خولەفای ڕاشدین، وردە وردە گرنگی پێدانی كەم بۆتەوە تا لە سەردەمی داگیركاری و ئیمپریالیزمدا، لە هەندێك وڵات وەك بەشێك لە سیستمی دارایی وڵات بیر چۆتەوە و تەنها وەك ئەركێكی تاك جێبەجێكراوە.

وەک ئاشکرایە زیممەتى دارایی ئافرەت لە شەریعەتى ئیسلامدا سەربەخۆیە وجیاوازى نیە لە نێوان هه ردوو ڕەگەز لە زۆرینەى حوکمە داراییەکاندا، بەڵام لە هه ندێک حوکمدا جیاوازى دروست دەبێت، لە نێوان ژن و پیاودا لێرەدا دەمانەوێت تیشک بخەینە سەر هه ندێک لە خاڵە لەیەکچووەکان و هه ندێک لە جیاوازییەکان:
-پارەى میرات:
ئەگەر کەسێک پارەی میراتی بۆ مابێتەوە، ئەو پارەیە گەیشتبووە ڕادەى زەکاتدان وساڵى بەسەردا تێپەڕبووبێت، بێ ئەوەی لە ڕادەی زەکاتدانەکە کەمبووبێتەوە، ئەوا زەکاتى دەکەوێت.
-پارەی کرێ:-
ئەگەر کەسێک شوێنێکى هه بوو بە مانگانە کرێى لێوەردەگرت، ئەوا وەکو مووچە هەژمارى بۆ دەکرێ، دواى ساڵێک ئەگەر پارەی کرێکە کۆکرابووەوەو گەیشتبووە ڕادەى زەکات ئەوا زەکاتى لێ دەردەکرێت(موسوعة القضايا الفقهية المعاصرة و الأقتصاد الأسلامي، أ د.علي أحمد سالوس، ص558).
-پارەی سولفە:-
ئەم زاراوەیە ئێستا بەکاردێت بۆ ڕێکەوتنى نێوان چەند کەسێک کە مانگانە بڕێک پارەی دیاریکراو کۆدەکەنەوەو هەر مانگێک جارێک ئەو پارە کۆکراوەیە بۆ کەسێک دەبێت، زانایانى سەردەم ڕایان وایە ئەگەر بڕى پارەکە گەشتبووە ڕادەى زەکات و لە ڕووى کاتیشەوە ئەگەر سولفەکە ساڵێکى خایاندبوو، لە كاتی وەرگرتنی سولفەكە زەكاتی لێ دەردەكرێت. (ملخص أحكام الزكاة حمد فاروق الشيخ ص٨).
بۆ ئەم مەبەستە دەڵێین ئەو کەسانەى کە لە سەرەتادا وەریدەگرن ئەگەر خەرجى بکەن پێش ئەوەى ساڵەکە تێپەڕ ببێت بەسەریدا، ئەوا زەکاتى ناکەوێت، بەڵام ئەگەر گەیشتە کۆتایی سولفەکە و ساڵى بەسەردا چووبوو وە لە ڕادەى زەکاتدا مابووەوە، دەبێت زەکاتى لێ دەربکرێت.
ئەوانەى کۆتایی ئەگەر قەرزیان نەکردبوو بۆ خەرجى خۆیان و ساڵى بەسەردا چوو بوو، وە لە ڕادەى زەکاتیشدا بوو دەبێت زەکاتى لێدەربکرێت.
-پارەى کڕینى یەکەى نیشتەجێبوون:-
ئەگەر پارە کۆکرایەوە بۆ کڕینى خانوو یان شوققە و ئەو کەسە بۆ نیشتەحێبوونى خۆى ویست، تا ماوەی ساڵێک هیچ شوێنێک دیارى نەکرابوو یان مامەڵە نەکرابوو، ئەوا دەبێت زەکاتى لێ دەربکرێت، بەڵام ئەگەر مامەڵە کرابوو بەڵام بە شێوازى قیست پارەکە دەدرا، ئەوەى کە بۆ قیستی یەکساڵ دەبێت بیدات لەو بڕە پارەی دایناوە بۆ کڕینەکە لە پارەکەى دەردەکات، ئەو کاتە سەیرى بڕی ئەو پارەیەی کە ماوەتەوە دەکرێت و بە پێی مەرجى زەکات مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت، واتە ئەگەر گەشتبووە ڕادەی زەکات، لێی دەردەکات.
لەگەڵ تێبینى ئەوەى خاوەنى پارە کۆکراوەکە هەر یەک کەسە یان دوو یان زیاتر، ئەگەر هى یەک کەس بوو ئەوا کە گەیشتە ڕادەى زەکات هەژمارى بۆ دەکرێت، ئەگەر دوو کەس یان زیاتر بوو ئەوا هەرکەس بە جیا چەندى کۆکردۆتەوە هەژمار دەکرێت، ئەو کاتە لەوانەیە هیچیان نەگەنە ڕادەى زەکات و لەوانەشە یەکێکیان یان زیاتر بگات. ئەگەر خاوەنى پارە کۆکراوەکە یەکێکیان یان زیاتر نیەتیان وابێت وەکو دیارى بیدەن بە یەکێکیان و کە خانوەکە کڕڕا ئەوەیان خاوەنى بێت، ئەو کاتە دەبێت هه موو پارەکە بەیەکەوە هەژمار بکرێت.

Check Also

قوربان.. جەژنی تەسلیمبوونی هاجەرە و ئیبراهیم بە ئەمری حەق

ڕۆشنا صالح بامۆكی ئەبێ چی لە ئازاری جێهێشتنی هاوسەر لە سەحراو و بێ كەس و …