سێشەممە , حوزه‌یران 16 2026

ئەوچارەسەرە پزیشکیانەی ڕۆژوو دەشکێنن، یان ڕۆژوو ناشکێنن

م.سومەییە مەحمود/ خاوەنی بڕوانامەی زانستی شەرعی

یەکەم: ئەوانەی کە ڕۆژوو دەشکێنن :

ئەو دەرمانانەی کە دەگەنە ناو گەدە (معدە) یان کاری خواردن وخواردنەوە ئەکەن، ئەوە ڕۆژوو دەشکێنن. وەک:

حەب وشروب و هاوشێوەکانیان :

هەر دەرمانێک  کە لە ڕێگای دەمەوە بخورێت ڕۆژو بەتاڵ دەکاتەوە.

قەترەی لووت:

ئەگەر بگاتە گەدە (معدە)، ڕۆژوو دەشکێنێت، بۆیە باشترە لە کاتی ڕۆژودا دوور کەوینەوە لێی.
.
ئاوی خۆراکی ( المغذي ) لە ڕێگای دەمارەوە:
ئەو بتڵە ئاوانەی کە لە ڕێگەی دەمارەوە بەکار دەهێنرێن و خۆراکیان تێدایە.

ئەگەر مرۆڤ لە کاتی بە ڕۆژووبوندا ئەم عیلاجانە بەکاربهێنێت، ئەوە ڕۆژوەکەی دەشکێت و دەبێت دواتر قەزای بکاتەوە.

دووەم: هەندێ لەوچارەسەرانەی کە ڕۆژوو ناشکێنن  : –

هەندێ دەرمان عیلاج هەیە کە ڕۆژوو ناشکێنن لەوانە :

دەرزییە چارەسەرییەکان:

دەرزی ماسولكە
دەرزى دەمار
دەرزی ژێر پێست
دەرزی جومگەکان
ئەگەر خۆراکی (مغذي) نەبن و مادەی خۆراکی یان تیا نەبێت.

(کەڵەشاخ )یش یەکێکە لەوچارە سەرانەی کەڕۆژو بەتاڵ ناکاتەوە.

قەترەی چاو و گوێ:
ڕۆژو ناشکێنن، چونکە وەک ڕێگای خواردن و خواردنەوە ناژمێردرێن.

کرێم و مەرهەم و لاصقەکان، بەهەمانشێوە ڕۆژو بەتاڵ ناکەنەوە، چونکە تەنها لە ڕێگەی پێست و جەستەوە بەکاردەهێنرێت.

سپرای ژێر زمان:
بۆ چارەسەری ئازاری دڵ، بە مەرجێ نەگاتە قورگ.

بیهۆشکردن یان سڕکردنی هەموو لەش یان بەشێک لەجەستە  (البنج العام او الموضوعي):

ئەگەر سڕکردنەکە مادەی خۆراکی (مغذي) تیانەبێت ڕۆژوو بەتاڵ ناکاتەوە وەک :
بەنجی موضوعي، سڕکردنی جەستە یان بەشێک لە جەستە
سڕکردنی ددان ….هتد

شووشتنی دەم یان  (سیواک کردن لەگەڵ دەم وددان شۆرین):

پاک ڕاگرتنی دەم و ددان ڕێگە پێدراوە بە مەرجێک هیچ شتێک نەگاتە قوڕگ.

(ئەم فەتوایانە بە گشتی لەلایەن زانایانی فیقهەوە ڕۆژوو ناشکێنن، چونکە وەک خواردن و خواردنەوە ناگەنە (گەدە).
ئەگەر ڕۆژوو بۆ نەخۆشێک زیانبەخش بێت یان  نەخۆشییەکەی زیاد بکات، ئاینی ئیسلام بەپێویستی دەزانێت کەلەوحاڵەتەدا مرۆڤ ڕۆژوکەی بشکێنێت و دواتر قەزای بکاتەوە.

ئەگەر کەسێک ئەوەندە نەخۆش بێت پێویستی بەو چارەسەرانە هەبێت، واباشترە ئەو ڕوخسەیەی کەخوای گەورە دایناوە وەریبگرێت وبەڕۆژوو نەبێت و دواتر بیگرێتەوە.
قال اللە تعالی: (ومن کان مريضا أوعلى سفر فعدة من أيام أخر ) سورة البقرة آية ١٨٥.

تێبینی : –

ئەبێ ئەوەش بزانین کەبەکارهێنانی ئەم چارەسەرانە هەرچەنە ڕۆژوو بەتاڵ ناکەنەوە، بەڵام حوکمی (مەکروە) یان هەیە واتە بەکارهێنانیان باش نیەو کەراهەتی هەیە  بۆ کەسێک کەبەڕۆژووە.
باشتر وایە ئەم چارەسەرانە لەحاڵەتی زۆر پێویستدا یان لەشەودا کەکەسەکە بەڕۆژو نیە بەکار بهێنرێت.

سەرچاوەکان :

  • القرآن الکریم
  • فقە السنة السيدسابق
  • فقه الميسر

Check Also

قوربان.. جەژنی تەسلیمبوونی هاجەرە و ئیبراهیم بە ئەمری حەق

ڕۆشنا صالح بامۆكی ئەبێ چی لە ئازاری جێهێشتنی هاوسەر لە سەحراو و بێ كەس و …