سێشەممە , حوزه‌یران 16 2026

گۆشەی (چاکسازی خود) ژیانی تۆ ئێستایە

شادان عوسمان
لە ئێستادا بژی ژیان کردن لە ئان و سات، واتە تێگەیشتن لەوەی کە ژیان تەنها بریتییە لە ئێستا.
زۆربەی مروڤەکان لە دوو حاڵەتدا دەژین:
بە حەسرەت و داخ بۆ رابردوو. بەردەوام لە ناخیاندا خەمێکی قووڵ هەڵدەگرن، بەڵام رابردوو تێپەڕیوە؛ ناتوانرێت بە هیچ شێوەیەک بگۆڕدرێت و هیچ کات ناگەڕێتەوە. بە ترس و پەژارە بۆ داهاتووی نادیار.
بە بیرکردنەوەی شتانێک کە هێشتا ڕوویان نەداوە، خۆیان تووشی خەم و تەنگەژە دەکەن.
بەم شێوەیە، مروڤەکان لە ئان و سات ناژین و ناتوانن جێژ لە ژیان وەرگرن.
هەندێ جار چاوەڕوانی شتێک دەبن بە ماوەی چەند ڕۆژ یان مانگ، کاتێکیش ڕوودەدات جێژی لێ وەرناگرن،
چونکە ڕووداوەکان بە هەمان یاسا ڕێژی برینەکانی رابردوو دەبینن.
ئەگەر مافی تەواوەتی بدەین بە خۆمان بۆ ژیانکردن لە ئان و سات.
ئەوا دەگەین بەو تێگەیشتنەی کە ژیانمان بەستراوە بەو کاتەی کە خودا بۆمانی دیاری کردووە.
نە رابردوو، نە داهاتوو… بەڵکو ئێستا.
لەو کاتەدا دەتوانین هاوڕا بین لەگەڵ قەدەری خودا، لە خوشی و ناخۆشیدا ئامادەبین.
هەندێ مروڤ تەنها بە جەستە ئامادەیی هەیە،
بەڵام هۆش و هەستی لە شوێنێکی ترە.
بۆیە پێویستە کاتێک:
ـ لەگەڵ خێزانەکەت کۆدەبیتەوە، بە دڵ و گیان لەگەڵیان بە.

  • لەگەڵ منداڵەکانت یاری دەکەیت، بە هەموو کیانت لەگەڵیان بە.
    ـ کتێب دەخوێنیتەوە، وشە بە وشە ئاویتەی ببە و، بە دڵ ئاوێتەی دێڕەکان و وشە بەوشەی ببە.
    هەر کارێک ئەنجام دەدەیت،بە باشترین شێوە ئەنجامی بدە.ئەمەیە واتای( إتقان).
    سەرورمان( ﷺ) دەفەرموێت:
    “إن الله يحب إذا عمل أحدكم عملاً أن يتقنه”
    واتە: خودا حەز دەکات کاتێک یەکێک لە ئێوە کارێک دەکات، بە جوانترین شێوە ئەنجامی بدات.
    هەروەها هاتووە لە فەرموودەدا:
    ئەگەر قیامەتیش هات و نەمامێک لە دەستی یەکێکتاندا بوو، ئەگەر دەتوانێت پێش قیامەت بچێنێت، با بچێنێت.
    مەبەست ئەوەیە کە بەردەوام کاری باش بکە، هەرچەندە کات کەم بێت. ئەم ڕەهەندە هەستێکت دەدات کە تۆ لەو ساتەدا دەژیت.
    بۆیە جێژ وەرگرە لەو کاتەی تێیدایت.
    بە هەموو هەست و هزرتەوە تیادا بژی.
    لە ئاینی ئیسلامدا فێردەبین کە سەرپەرشتی کات و ساتەکانمان بکەین، چونکە زۆربەی پەرستشەکان پەیوەستن بە کاتەوە :
  • نوێژ کاتێکی دیاری کراوی هەیە.
    -ڕۆژو، حەج و زۆرێک لەپەرستشەکان پەیوەستن بە کاتەوە.
    ئەوەش فێرمان دەکات کە کات و بوونی حزور تیایدا بەهایەکی گەورەی هەیە.
    کەواتە…ژیانکردن لە ئان و سات چارەسەری زۆربەی کێشەکانە،دڵت ئارام دەکات و کاتت پڕ لە تام و جێژ دەکات.
    بۆیە هەوڵ بدە ڕۆژانە خۆت ڕابێنیتەوە بۆ ئەوەی بگەڕێیتەوە بۆ حزور.
    لە ئان و ساتدا بژی،نە بیرت لە رابردوو بێت،
    نە دڵت بە داهاتووەوە یەکی نادیار گرێدابێت.

Check Also

قوربان.. جەژنی تەسلیمبوونی هاجەرە و ئیبراهیم بە ئەمری حەق

ڕۆشنا صالح بامۆكی ئەبێ چی لە ئازاری جێهێشتنی هاوسەر لە سەحراو و بێ كەس و …