سێشەممە , حوزه‌یران 16 2026

زەکاتدان لەماڵی ئافرەت

بەیان نوری توفیق

لای هەموان ئاشكرایە كە زەكات یەكێكە لە پێنج پایەكەی ئیسلام، لە زۆربەی ئایەتەكانی قورئان كە باسی زەكات هاتووە لە پاڵ نوێژدایە، بەڵام بە داخەوە لای موسڵمانان ئەوەندە گرنگی پێ نەدراوە، لە دوای سەردەمی خولەفای ڕاشدین، وردە وردە گرنگی پێدانی كەم بۆتەوە تا لە سەردەمی داگیركاری و ئیمپریالیزمدا، لە هەندێك وڵات وەك بەشێك لە سیستمی دارایی وڵات بیر چۆتەوە و تەنها وەك ئەركێكی تاك جێبەجێكراوە.

زیممەتى دارایی ئافرەت لە شەریعەتى ئیسلامدا سەربەخۆیە وجیاوازى نیە لە نێوان هه ردوو ڕەگەز لە زۆرینەى حوکمە داراییەکاندا، بەڵام لە هه ندێک حوکمدا جیاوازى دروست دەبێت، لە نێوان ژن و پیاودا، لێرەدا دەمانەوێت تیشک بخەینە سەر هەندێک لە خاڵە لەیەکچووەکان و هەندێک لە جیاوازییەکان:-

-لە کاتى بوونى پارەى دانراودا کە گەیشتبێتە ڕادەى زەکات، هه ردوولا وەک یەک زەکاتیان لەسەر واجبە، هەژمارکردن بەم شێوەیەى خوارەوە دەبێت:-

١ مووچەی فەرمانبەر:-

هه رچەندە مووچەى فەرمانبەرى کەرتى گشتى لە ئێستاى کوردستاندا ئەوەندە نادرێت کە مووچەخۆر بەشى خۆى بکات، بەڵام فەرمانبەرى کەرتى تایبەت زۆرینەى لە کاتى خۆیدا مووچە وەردەگرێت، جا ئەگەر مووچەكە لە پێداویستی ئەو كەسە زیاتر بوو، ئەو كاتە زەكاتی لێدەكەوێت.

كاتێك مووچە مانگانەیە چۆن هەژمار دەكرێت؟

ئەگەر کەسێک بتوانێت خشتەیەك دابنێت كە لە مانگی یەكەوە تا دوانزە هەر مانگەی زیادەی مووچەکەی چەندە، دایدەنێت و کۆی دەکاتەوە تا دەگاتە ئەو ڕادەیەی كە زەكاتی لێدەكەوێت ئینجا كاتی بۆ دیاری دەكات، لە ساڵی ئاییندە لەو مانگەدا چەند پارەی دانراوی لە زیادەی موچەکەی هەیە بە پێی ڕێژەی 2.5% زەكاتی لێدەردەكات.

بەڵام زۆرینەی زانایانی سەردەم لەسەر ئەوە كۆكن كە مووچەخۆر بۆ ئەوەی تووشی ئەو هەژماركردنە سەختە نەبێتەوە بۆی هەیە یەكجار لە ساڵەكەدا كە سەرەتای یەكەم مانگە كە پارەكەی گەیشتۆتە ڕادەی زەكات زەكاتی هەموو پارە دانراوەكەی دەربكات، چونكە پێشخستنی زەكات ڕێگە پێدراوە، نەك بوترێت زۆرێك لە پارەكە هێشتا ساڵی بەسەردا تێپەڕ نەبووە.

بە نموونە ئەگەر کەسێک لەمساڵدا (٢٠٢٦) کە بڕى نیسابى زەکات دانراوە بە ٣ ملێۆن دینار، لە مانگى ٩دا بڕى کۆکراوەى مووچەکەى کە پێویستى نەبووە خەرجى بکات، گەیشتبێتە ٣ ملێۆن دینار، تا مانگى ٩ى ٢٠٢٧ ئەو پارەیە لێی خەرج نەکردبوو بەڵکو زیادیشى کردبوو، ئینجا زەکاتى ٣ ملیۆنەکە دەردەکات کە دەکاتە ٧٥ هه زار دینار. بەڵام ئەگەر لێی خەرج کردبوو و کەم بوبوویەوە (واتە لە ٣ ملیۆن کەمتر بوو) ئەوا زەکاتى ناکەوێت.

بێگومان ساڵانە نیسابى زەکات دەگۆڕێت بە پێی نرخى ئاڵتون و زیو.

٢- پارەی كۆتایی خزمەت:-

هەر كەسێك دوای خزمەتكردن خانەنشین بوو، بە پێی یاسا بڕێك پارە بە ناوی ئیكرامیە وەردەگرێت، زانایان بۆ دەركردنی ئەو بڕە پارەیە دوو ڕایان هەیە، هەندێكیان دەڵێن ئەو پارەیە كە وەرگیرا دەبێت هەر لە سەرەتاوە زەكاتی لێدەربكرێت، هەندێكیشیان دەڵێن دەبێت ساڵی بەسەردا بڕوات، ئەگەر لێی خەرج نەكرابوو، هێشتا لە ڕادەی زەكاتداندا بوو ئینجا زەكاتەكەی لێ دەردەكرێت بە ڕێژەی 2.5%.

زانایانی ڕای یەكەم دەڵێن ئەو كەسە خاوەنی پارەكە بووە و لای خۆی نەبووە بۆیە مامەڵەی قەرزێكی لەگەڵدا دەكرێت.

كۆمەڵەی دووەم دەڵێن ئەو پارەیە ئەو كەسە پێش ئەو كاتەی كە وەریدەگرێت خاوەنی نەبووە ومافی بەكارهێنانی نەبووە، بۆیە كاتێك وەریدەگرێت ئینجا دەبێتە خاوەنی راستەقینەی ئەو پارەیە.

٣- دەستكەوتی پیشەییەكان:

كاری پیشەیی 3 جۆرە كە بریتین لە:-

1- پیشەكانی كە دەست و بازوو و دەزگای تیا بەكاردێت (حرفی)، وەك بەرگدروو، ئامادەکارى خواردن یان شیرینى… هتد.

2- پیشەكانی كە بەهۆی خوێندنەوە پسپۆرییەك بەدەستهاتووە (مهني)، وەك پزیشك، پارێزەر، ئەندازیار، ژمێریار،….. هتد، ئەو پیشانەی كە زانیاری و پسپۆری تیا بەكاردێت، بەڵام هێز و بازووی زۆر ناوێت.

3-ئەوانەی كە كاردەكەن بە هێز و بازوو بێت یان تەنها پسپۆری، بەڵام كارەكەیان بۆ كەسانی ترە نەك ڕاستەوخۆ بۆ خۆیان واتە فەرمانبەر یان کرێکارن .

بۆ هەر 3 جۆر پیشەكە ڕای جیاواز هەیە بۆ دەركردنی زەكات :-

1- هەر پارەیەكیان دەستكەوت تا كۆتایی ساڵ بێ دەركردنی هیچ خەرجیەكی خێزانی و قەرز ئەگەر هەبێت، هەموو پارەكە هەژمار دەكرێت و ئەگەر گەیشتبووە ڕادەی زەكات (85)گم ئاڵتون ،%2.5 ی لێ دەردەكرێت بۆ زەكات.

2- هەر پارەیەكیان دەستکەوت تا كۆتایی ساڵ هیچ خەرجییەكی خێزانی و قەرزی لێ دەرناكرێت، هەموو پارەكە هەژمار دەكرێت وئەگەر گەیشتبوە ڕادەی نرخی 625 كیلۆ گەنم، %5 ی لێ دەردەكرێت بۆ زەكات.

3- هەر پارەیەكیان دەستكەوت تا كۆتایی ساڵ دوای دەركردنی هەموو خەرجییەكان و قەرز ئەگەر هەبوو، هەموو پارەكە هەژمار دەكرێت وئەگەر گەیشتبووە ڕادەی زەكات(85)گم ئاڵتون ئینجا %2.5 ی لێ دەردەكرێت بۆ زەكات.

ئەم ڕایەی سێهەم لە لایەن دەزگای شەرعی زەكاتی جیهانییەوە پەسەند كراوەو كاری پێدەكرێت.

Check Also

قوربان.. جەژنی تەسلیمبوونی هاجەرە و ئیبراهیم بە ئەمری حەق

ڕۆشنا صالح بامۆكی ئەبێ چی لە ئازاری جێهێشتنی هاوسەر لە سەحراو و بێ كەس و …