پارێزەر/شاجوان شێخ محەمەد
مارەیی پاشەکی، بەو زمانە سادەییەی کە لەناو خەڵکدا ناسراوە بە (١٩) مسقاڵ و نیوەکە. لە ڕووی شەرع و یاساوە خاوەن تایبەتمەندییەکی “ناوازە”یە، مارەیی تەنها بڕە پارەیەک یان سامانێک نییە کە لە کاتی مارەبڕیندا دیاری دەکرێت، بەڵکو لە ڕوانگەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و یاساکانی باری کەسییەوە، مافێکی بنەڕەتی و جێگیری ژنە وەک ڕێزگرتن و گەرەنتییەکی دارایی بۆی دەستنیشان کراوە. ئەم مافە دابەش دەبێت بۆ دوو جۆری سەرەکی: مارەیی پێشەکی (المعجل) کە لە کاتی گرێبەستەکەدا دەدرێت، و مارەیی پاشەکی (المؤخر) کە وەک قەرزێکی هەڵپەسێردراو لەسەر شانی پیاو دەمێنێتەوە، چونکە ئەم قەرزە بە تێپەڕبوونی کات کۆن نابێت و بە مردنی یەکێک لە هاوسەرەکانیش نافەوتێت و (سقوط ناکات). بەڵکو وەک پابەندییەکی دارایی دەمێنێتەوە، تا ئەو کاتەی پیاوەکە دەیدات، یان بەهۆی جیابوونەوە (تەڵاق) کاتی دانەوەی دێت، یاخود بە مردنی یەکێکیان دەبێتە قەرزێک لەسەر میرات.
لەگەڵم بن ڕوونی دەکەمەوە چۆن ؟
١. ئەگەر پیاوەکە پێش ژنەکە بمرێت لەو کاتەدا مارەیی پاشەکی دەبێتە قەرز لەسەر میراتی (تەریکە)ی پیاوەکە، پێش ئەوەی میرات بەسەر واریسەکاندا دابەش بکرێت، دەبێت سەرەتا تێچووی کفن و دفن دەربکرێت، پاشان مارەیی پاشەکی ژنەکە بدریتەوە (چونکە قەرزە). دوای ئەوە ئەوەی دەمێنێتەوە وەک میرات دابەشدەکرێت.
٢. ئەگەر ژنەکە پێش پیاوەکە بمرێت مارەییەکە نافەوتێت، بەڵکو دەبێتە مافی واریسەکانی ژنەکە. لەو کاتەدا پیاوەکە دەبێت مارەییەکە بخاتە سەر میراتی ژنە کۆچکردووەکەی و، بەسەر واریسەکانیدا (دایک، باوک، منداڵ، و تەنانەت پشکی پیاوەکە خۆشی) دەبێت دابەشبکرێت.
- گرنگترین تێبینی ئەوەیە ئەگەر ژنەکە لە ژیانی هاوسەریدا گەردنی پیاوەکەی ئازاد کردبێت ئایا لێرەدا ئەم مارەییە حوکمەکەی چی لێدێت؟ ئەگەر ژنەکە لە کاتی ژیانی هاوسەریدا و بە ویستی خۆی بەبێ زۆر لێکردنی پیاوەکەی گەردنی ئازاد کردبێت لە (مارەیی پاشەکی)، ئەوا لەم بارودۆخەدا مارەییەکە سقوط دەبێت و نامێنێت نەلە ژیان و نە لە دوای مردنیش.