الخميس , فبراير 19 2026

بەکارهێنانی دەرمان لەڕەمەزاندا

 د. ئەحمەد شافیعی.. ئەندامی ئەنجومەنی باڵای فەتوا

–ئەگەر کەسێک بەڕۆژووبێت دەتوانێت دەرزی لە خۆی بدات؟
+بەکارھێنانی هەموو دەرمانەکان (الابرە) لە ڕەمەزاندا دروستە، ئیتر لەڕێگەی دەمارەکان (الورید) بێت یان نا، چونکە ئەو دەرزییە نەخواردنە نە خواردنەوەیە، هەروەها لە ڕێگەی کراوە (منفذ مفتوح) نەچووتە ژوورەوە، مەگەر دەرزییەک بێت لە باتی خواردن و خواردنەوە پێیبدرێت، ئەوە دروست نیە ڕای پەسەند وایە کە ڕۆژوو دەشکێنێت.
– ئایا وەرگرتنی خوێن ڕۆژوو دەشکێنێت؟
+وەرگرتن و دانی خوێن لە ڕەمەزاندا ڕۆژوو ناشکێنێت، بۆ هەر مەبەستێک بێت: بەخشین، شیکاری (تحلیل)، هەر مەبەستێکی تر، کەم بێت یان زۆر.
– ئەگەر کەسێک پێویست بوو بۆ ئازار شاف یان حەب لە ڕێگای پێش یان پاشەوە بەکاربھێنێت، ئایا ڕۆژووەکەی بەتاڵدەبێتەوە؟

  • زانایان لە م بارەیەوە بوون بە دوو بەشەوە:
    بەلای مەزهەبی ئیمامی شافعییەوە ڕۆژوو پێی دەشکێت، بە گوێرەی یاسای (کل شیء دخل من المنافذ المفتوحة مفطر)، واتە: هەر شتێک لە یەکێک لەو چەند بۆشاییەی لاشەوە بچێتە ژوورەوە ڕۆژوو دەشکێنێت.
    بەڵام لای مەزهەبی تر، ڕۆژوو ناشکێنێت، هەروەها بڕیاری (کۆڕبەندی فقهی ئیسلامی) لە سەر ئەوەیە، بۆیە ئێمەش پێمان باشە ئەو جۆرە دەرمانانە لە شەودا بەکاربهێنرێت.
    بەڵام ئەگەر ناچار بوو، ئەوە دەتوانیت لەسەر بڕیاری کۆڕبەندی فقهی ئیسلامی و مەزهەبەکانی تر ئەنجامی بدات و ڕۆژووەکەی پێ ناشکێت.
    تێبینی: هەڵگرتنی شاف و حەب لەشگران ناکات و خۆشۆردنی ناوێت.
    _ئايا بەكارهێنانى كرێم بۆ چەوركردنى لاشە و بەكارهێنانى لەزگه، دروسته له ڕەمەزاندا، كه لەوانەيه لاشه هەندێکى لێهەڵبمژێت؟
  • بڕيارى كۆڕبەندى فيقهى ئيسلامى وايه، ئەو جۆره مەرهەم و كرێمه چەورانه زيانيان نيه بۆ ڕۆژوو، باله ڕێگەی بنى مووەكانيشەوە لاشه هه ندێكى لێهەڵبمژێت، چونكه ئەم شتانه نەخواردنن نه خواردنەوەن، هەروەها له هيچ يەکێك لەوانەى كه كونى كراوەن ناچێته ژوورەوه.
  • ئايا حەبى ژێر زمان ڕۆژوو ده شكێنێت بۆ ئەوانەی نەخوشى دڵيان هەيه؟
  • حەبى ژێر زمان چارەسەرى كاتى هەندێ له نەخۆشى دڵى پێدەكرێت، ئەو حەبه دەخرێته ژێر زمانەوه، ئەو شوێنه ڕاستەوخۆ وەريدەگرێت وهەڵیدەمژێت، پاشان لەڕێگەى خوێنەوه دەڕوات بۆ دڵ، جۆرێك له ئارامى دەبەخشێت به نەخۆشەکەو دڵى هەندێك باشدەبێت.
    دەربارەی شکاندنی ڕۆژوو پێی، بڕیارو ڕاسپاردەی کۆڕبەندی فیقهی ئیسلامی ئەوەیە کە ڕۆژووی پێ ناشکێت، چونکە ناچێتە ناو گەدەوە، بەهۆیەوە هیچ جۆرە هێزو چالاکییەک بۆ لاشە دروست نابێت.
    تێبینی: نابێت قوتی بدات، و ئەگەر شتێک مایەوە لەحەبەکە و نەتوایەوە دەبێت فڕێبدرێت.
    _ئایا پەمپی ڕەبۆو تەنگەنەفەسی ڕۆژوو بەتاڵدەکاتەوە؟
    نەخۆشى ڕەبۆ (تەنگەنەفەسى) یەكێكه له نەخۆشيیه درێژخايەنەكان، چارەسەرى كاتى هەيه، له ڕێگەى ئەو پەمپەوه، ئەگەر ئەو كەسانه بەکارى نەهێنن، زۆر نزيكه بخنكێن و تيابچن.. هەر بۆيه له ڕەمەزاندا دروسته بەكارهێنانى له كاتى پێويستيدا.
    وەك زانايانى سەردەم فتوايان داوه بەوەى كه دروسته بەكارهێنانى پەمپی تەنگەنەفەسی له كاتى پێويستيدا.
    چونكه بريتيیه له گازێكى پاڵپێوەنراو و دەڕوات بۆ بۆرى هەناسه و دەيكاتەوه، نەخۆشەکەش پێویستی پێیەتی، و نه خواردنه و نه خواردنەوەیە، ناچێتە گەدەوە.
    دياره ئەمه بۆ كەسێك كەبەم پەمپە ڕزگارى ببێت، ئەگەر كەسێك بەوه چارەسەرى نەبوو بێجگه له خواردنى دەرمان به بەردەوامی و بێپچڕان، ئەوه مەعزوره و دەتوانێت به ڕۆژوو نەبێت و فیدیەکەی بدات.

شاهد أيضاً

بۆچی پاکەتێک شیرینی دەبێتە تاوان

پارێزەر/ شاجوان شیخ محمد القرداغيزۆر کەس وا دەزانن ئەگەر مامەڵەکەیان تەواو بوو، ئینجا دواي ماوەیەک …