و: گۆنا توفیق
ن: د. مشاعڵ ئال عائیش
عائیشە و ئوم سەلەمە سەلامی خوادایان لەسەر بیت و ژنانی دیکە لە سەردەمی پێغەمبەری خوا ﷺ لە نوێژەکانی خۆرگیراندا بەشداربوون، وەک لە حدیسی صەحیحدا هاتووە.
ئەسمایی کچی ئەبوبەکر ڕەزای خودایان لەسەربێت فەرمووی: “بەڕاستی پێغەمبەر ﷺ لەکاتی خۆرگیراندا فەرمانی بە ئازادکردنی کۆیلەکاندا”،هەر بۆیە ژنان پێشبڕکێیان دەکرد بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە خێرە و کۆیلەکانیان ئازاد دەکرد .
لە دوو کتێبی سەحیحەوە (بۆخاری و موسلیم) لە حدیسی عائیشەی ڕەزای خودای لەسەربێت : “لە سەردەمی پێغەمبەری خوا ﷺ خۆر گیرا، پێغەمبەر ﷺ هەستان و نوێژی بۆ خەڵک کرد…” عائیشە ووتی: “پێغەمبەر ﷺم بینی کاتێک لە نوێژەکە هاتە دەرەوە، سوپاسی خوایی کرد و ستایشی کرد، پاشان ووتی: بەڕاستی خۆر و مانگ دوو نیشانەن لە نیشانەکانی خودای گەورە ، کە بە مردنی کەسێک یان ژیانیەوەی کەسێک ناگیرێن، بۆیە کاتێک ئەوەتان بینی دوعا بکەن ، تکبیر بڵێن، نوێژ بکەن، و خێرکاری بکەن.”
ژنان ئەم ڕێنماییەیان جێبەجێ دەکرد، لە ماڵەکاندا کۆدەبوونەوە بۆ زیکر و دوعا، یان دەچوونە دەرەوە بۆ مزگەوت لە دوای پێغەمبەر ﷺ.
ترسیان زۆر بوو، باسی لە هەندێک ژنی سەلف کراوە کە زۆر دەگریان لەکاتێک خۆرگیرانیان دەبینی و لە خوا دەپاڕانەوە لە سزاکەی بیانپارێزێت .
مێژوونووسان باسیان کردووە کە ژنانی بەسرە و کوفە و مەدینە لە سەردەمی تابعینەکاندا دەچوونە دەرەوە لەگەڵ پیاواندا بۆ نوێژی خۆرگیران، هەروەک بۆ نوێژی جەژن دەچوونە دەرەوە.
سەعید کوڕی موسەیب (یەکێک لە گەورەکانی تابعین) ووتی: “کاتێک خۆر دەگیرێت، بەپەلە بچن بۆ مزگەوت، پیاوانتان و ژنانتان.” [ئیبن قودامە لە المغنییەوە هێناویەتی]
ئیبن ئەبی شەیبە لە مصنفەکەیدا باسی کردووە کە هەندێک لە ژنانی تابعینەکان کاتێک خۆرگیرانیان دەبینی بەکوڵ دەگریان و دەیان گووت : “ئەمە ترسێنەرە لە لایەن خواوە، بەپەلە بچن بۆ استیغفار (داوای لێبوردن).”
هاوسەرەکانی تابعینەکان وەک هاوسەری سەعید کوڕی موسەیب و هاوسەری حەسەنی بەسری ژنانەکانیان هان دەدا بۆ تەوبە و خێرکاری لە کاتی خۆرگیراندا.
هەندێک لە ژنان زیاتر حەزیان لە مانەوە لە ماڵەکاندا بوو، نوێژی خۆرگیریان دەکرد بە تاکەتاکی یان بە کۆمەڵێکی بچووک.
عەتائ کوڕی ئەبی ڕەباح (یەکێک لە تابعینەکان) ووتی: “ژنان وەک پیاون لە نوێژی خۆرگیراندا، ئەگەر بیانەوێت دەتوانن بچن بۆ مزگەوت، یان بیانوێت لە ماڵەکانیان نوێژ بکەن ئازادن “
لە مەککە و مەدینەدا ژنان زۆر کاری خێرو چاکەیان ئەنجامدەدا لە کاتی خۆرگیراندا، شوێنی ئەوەیان دەکەوت کە لە ئەسمایی کچی ئەبوبەکری ڕازی ئەللاھ عەنھا باسی لێوە کراوە.
ئیبن رەجب لە فەتح البارییەدا باسی کردووە کە هەندێک لە ژنانی تابعینەکان خۆرگیرانیان وەک دەرفەتێک دەزانی بۆ بەخشینی پارە زیادەکانیان لە کاری خێردا.
ئەی خوای گەورە، لێمان ببورە، تەوبەمان لەقەبول بکە، حاڵمان چاکتر بکە، و عاقبەتەمان پڕ خێربکە.