خەرمان عبدالکریم
لەنێو کۆمەڵگەی کوردیدا لەسەردەمانی کۆن و جیلی باب و باپیرانمانەوە وا ڕاهاتبوون دەبێت هەمیشە بەرگمان پۆشتەو پەرداخ بێت و، زمانمان زمانی ڕەسەنی کوردی و ئاداب و ئاکارمان گفتوگۆو دەرچونمان یارییەکانمان هەمووی مۆرکی کوردەواری پێوەبێت، بەڵام بەداخەوە ئێستا منداڵ ئەوەندەی بەکلتورە ڕۆژئاواییەکە گۆشدەکرێت ئەوەندە بەکلتورو ئامڕازی کوردەواری ناخرێتە کۆمەڵگەوە سەر لەبەریان منداڵیان لی وەرگیراوە، هەندێک بەهۆی نەزانینی دایک و باوک و سەرقاڵی خۆیان هەر منداڵێک لە ماڵەکەیان ئامێرێکی ئەلەکترۆنی پێ دراوەو کەس نازانێت کەی دەخەوێت کەی هەڵدەستێت زمانی چۆن پژاوە، بەشێکی تریان سەرقاڵ کراون بە خوێندنی ئەهلی و پڕۆگرامسازی خۆرئاواوەو شانازی دەکەن بەمنداڵەکانیان کە زۆرترین ڕێژەی بەکارهێنانی زمانیان بیانییە، هەموو سیستەمی ئەوروپیانە پەیڕەو دەکەن ئەگەرچی کۆمەڵگەکەمان پێویستی بەمنداڵی کارێزماو ژینگە دۆست و قسەڕەسەنە، بەڵام بەداخەوە هەمیشە بەناوی باشترینم ئەوێت بۆ منداڵەکەم منداڵ بێ بەش دەبێت لەمنداڵی خۆی بۆیە سیستەمی خەوی دەبێت ڕێک بێت و دەقەیەکی لێ نەڕوات، گفتوگۆکردن دەبێت لەگەڵی بە ئینگلیزی بێت بۆ ئەوەی دەوروبەر لێیان تێ نەگات، بەراوردکاری دروست دەکات و، لێرەوە چینایەتی دروست دەبێت و، ڕەگێک لە کرۆکی زەوی و ئەوی تریان لە سەر ڕۆخی زەوی بەرهەم دێت و، دواجار بەهۆی پڕکردنی منداڵ لەلایەن دەوروبەرو خزم و کەسە نزیکەکان و هەمیشە وا دەکات بەراورد لەنێوان خۆی و کچ و کوڕەکانی بنەماڵەکەی بکرێت، بەردەوام سەرکۆنەو سەرزەنشت دەست پێ دەکات لەنێوان دایباب و منداڵەکاندا یەک لایی نابنەوە بۆچی ئەسڵەن منداڵیان هێناوەتەو بوون کە نەتوانن خۆیان بێ هیچ فشارێکی دەرەکی کەسایەتیەکی تۆکمەی بەپێی ئاداب و کلتوری کۆمەڵگەکەی خۆیان پەروەردە بکەن، بەڵام بەداخەوە نەوە دوای نەوە زیاتر دەکەونە ژێر کاریگەری کلتورو داب و نەریتە ئەوروپییەکانەوە، خەریکە منداڵەکانیشمان وەک دەم و چاوە فەیکەکانی گەورەکان ئەوانیش ئەبنە یەک شێوەو یەک ڕەنگ و یەک ئاست لە هەڵسەنگاندنی ناوەکی و دەرەکی.
